وەزارەتی دەرەوەی سوریا: هاتنی ناتانیاهۆ و وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ ناو خاکی سوریا پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەمانە
بڵند
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
وەزارەتی دەرەوەی سوریا رایگەیاندوە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بۆ ناو خاکی سوریا بە توندی ئیدانە دەکەن، ئەوە پێشلکردنێکی ئاشکرای سەروەری خاکی سوریا و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
دوای ئەوەی، ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە یاوەری وەزیری بەرگری وڵاتەکەی سەردانی هێزەکانیان کرد لە خاکی سوریا، وەزارەتی دەرەوەی سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو سەردانەی کردوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریادا هاتووە؛ سوریا بە توندترین شێوە سەردانە نایاساییەکەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و وەزیرانی بەرگری و کاروباری دەرەوە بۆ باشووری سوریا ئیدانە دەکات.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئەو رێوشوێنانەی ئیسرائیل لە باشووری سوریا گرتوویانەتە بەر پووچەڵن، سوریا ئەمە بە پێشێلکردنی جیددی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی خۆی دەزانێت و پێچەوانەی بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن ئیسرائیل ناچار بکات بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ساڵی 1974 و پێشێلکارییەکانی لە خاکی سوریادا رابگرێت.



