سەردانی ئیمراڵی ناکۆکی لە نێوان سەرکردە تورکەکان دروستدەکات
راهۆز
١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی باش (İYİ Parti)، وەڵامێکی توندی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی دایەوە سەبارەت بە سەردانیکردنی ئیمراڵی و رایگەیاند، "دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کرد."
سەرۆکی پارتی باش لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمان، رەخنەی توندی لە هەڵوێستی باخچەلی گرت کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی مەهەپەدا پرسیاری لە پەرلەمانتارانی کردبوو "ئایا رێگەم پێدەدەن بچم بۆ ئیمراڵی؟" و ئەوانیش بە چەپڵەڕێزان وەڵامیان دابووەوە.
دەرڤیشئۆغڵو وتی: "سەرەتا وتەبێژی ئیمراڵی دەرکەوت و داوای مافی هیوای کرد، بەڵام سەرینەگرت. وتیان با بێت لە پەرلەمان قسە بکات، ئەوەش سەرینەگرت. هەموو فێڵێکیان کرد و دۆستە گیانی بە گیانییەکەی، نومان کورتوڵموشیشی هێنایە ناو باسەکەوە و ویستی پەرلەمان بەرێت (بۆ ئیمراڵی). بینی ئەوەش سەرناگرێت، چونکە گەلی تورک بەرگری دەکرد. گەلی تورک فریوی نەخوارد و کۆڵی نەدا. لە کۆتاییدا دەرکەوت و وتی ئەگەر پێویست بکات من و هاوڕێکانم دەچین. پرسیاریشی لە چەپڵەلێدەرەکانی کرد و وتی 'رێگەم پێدەدەن بچم؟' و ئەوانیش چەپڵەیان لێدا."
سەرۆکی پارتی باش بە تەنزەوە وتی: "پێویستە لێیان بپرسرێت، تا ئێستا چی کردووە کە داوای مۆڵەتی لێکردوون تا ئێستاش داوا بکات؟ دیارە مۆڵەتی لە سەرۆک کۆمار وەرنەگرتووە، بۆیە داوای لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کردووە. مخابن!"
دەرڤیشئۆغڵو جەختی کردەوە: "بەڕێز باخچەلی بۆ کوێی دەوێت با بچێت، دەیەوێت بۆ قەندیل یان ئیمراڵی، ئاراستەی گەل ناگۆڕێت."
رەخنە لە راوێژکارەکەی ئەردۆغان:
هاوکات دەرڤیشئۆغڵو هێرشی کردە سەر محەمەد ئوچوم، راوێژکاری سەرۆک کۆمار، لەسەر نوسینێکی سەبارەت بە یاسایەکی تایبەت کە دوای شۆڕشەکەی شێخ سەعید دەرچووە و وتی:
"یەکێک لە ماستاوچییەکانی کۆشک کە پۆستی سەرۆکی راوێژکارانی هەیە، وادیارە ئیلهامی لە نومان کورتوڵموش وەرگرتووە و بۆ بەخشینی شەرعیەت بە "تیرۆریستان"، بابەتەکەی گەیاندۆتەوە سەر مستەفا کەمال ئەتاتورک. گەمژەیی، خراپەکاری و ناپاکی، هێندە هێڵی نزیکن لە یەکەوە کە لە خاڵێک بەدواوە جیاکردنەوەیان مەحاڵە."
وتیشی، "ئەم راوێژکارە پسپۆڕەی یاسای کار، دۆزینەوەی ئاماژە لە مستەفا کەمالەوە بۆ لێبوردنی پەکەکە، کارێکی زۆر داهێنەرانەیە. راستە، کۆمار سەرەڕای ئەوەی لە پشتیەوە خەنجەری لێدرا، لێبوردنی دەرکرد، بەڵام سەرۆکی یاخیبووەکانی نەکردە قسەکەر و حوکمەکەی بە گەردنیدا هەڵواسی. واتە کۆمار کاری پێویستی کرد."
باخچەلی چی وتبوو؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاندبوو، "هیچ مانایەک نییە بۆ خۆدزینەوە لە سەردانی ئیمراڵی. ئەگەر هیچ کەسێک ئامادە نەبێت سەردانەکە بکات، ئەوا 3 هاوڕێی خۆم لەگەڵ خۆم دەبەم و لە چوون بۆ ئیمراڵی و لە رووبەڕووبوونەوە لەسەر مێزێک سڵناکەمەوە."



