دەستەی پەخشی ئیسرائیل: گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا گەیشتوونەتە بنبەست
هەساو ئەمیر
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥
بەهۆی ناكۆكی لەسەر كشانەوە لە سنورەكانی باشوری سوریا، گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و سوریا گەیشتوونەتە بنبەست و راگیراون.
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، ئیسرائیل بۆ كشانەوە لەو ناوچانەی لەدوای روخانی رژێمی ئەسەدەوە دەستی بەسەرداگرتوون، مەرجی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی ئاشتی لەگەڵ سوریا داناوە لەبری رێككەوتنی ئەمنی.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سوریا بەو مەرجە رازی نییە و دەیەوێت ئیسرائیل لە سەرجەم ئەو ناوچانە بكشێتەوە كە لەدوای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە داگیریكردون و بگەڕێتەوە بۆئەو ناوچانەی بەر لە روخانی ئەسەد لێی بووە.
دوو رۆژ بەر لەئێستاش، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە جەبەل شێخ دەمێنێتەوە كە زنجیرە چیایەكە چوار لوتكەی بەرزی هەیە و دەڕوانێت بەسەر دیمەشق و لوبنان و بەرزاییەكانی جۆلاندا.



