لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ئەوان داوای پێکهێنانی سیستمێکی جیهانی دادپەروەرانە دەکەن کە لەسەر بنەمای میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
لە دوای کۆبونەوەی لەگەڵ عەباس عراقچی رایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی سەبارەت بە ئاسایشی ناوچەکە بیروڕای ئاڵوگۆڕکردوە و پێێ وایە گرنگە، رەوشی گەروی هورمز بگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگ.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەیەکی بەرهەمداریان ئەنجامداوە و هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران لە پەرەسەندندایە.
وەزیری دەرەوەی روسیا جەختیشیکردەوە، مۆسکۆ پابەندە بە رێککەوتنی هاوکاری ستراتیژی لەگەڵ ئێران و سازش لەسەر پابەندبوونیان بە رێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ تاران ناکەن.
لەبارەی بۆچونی روسیا و ئێران لەسەر پرسی ناوچەکەش، لاڤرۆڤ رایگەیاند بۆچونەکانیان لەسەر پرسە ناوچەییەکان نزیکە، هەردولا جەختیان لەسەر پرسی پتەوکردنی ئاسایش لە لوبنان کردوە و رەوشی غەزەیان تاوتوێکردوە
لای خۆشیەوە عەباس عیراقچی رایگەیاند، نائەمنی لە گەروی هورمز دەرئەنجامی راستەوخۆی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە و لەگەڵ لاڤرۆڤ باسی لە پێشهاتەکانی یەمەن، لوبنان، فەلەستین و ئەفغانستان کردوە.
حسین موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران هۆشداریدا و رایگەیاند، ئەگەر ناوچەکە بۆ ئێران پارێزراو نەبێت، ئەوا هیچ ئاسایشێک لە ناوچەکەدا بونی نابێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی، حسین موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند لە جەنگەکانیاندا لەگەڵ ئەمریکا وئیسرائیل بە وریایەوە چەکەکانیان بەکارهێناوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان بە گوێرەی رەوشەکە چەکەکانیان بەکاردەهێنن و بانگەشيی ئەوەی کردوە لە ئەگەری هێرشی ئەمرکا بۆسەر وڵاتەکەی بە چەکی نوێ روبەڕوی واشنتۆن دەبنەوە و وەڵامیان توندتر دەبێت لە رابردوو.
جەختیشیکردەوە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا، ئەمریکا توشی کێشەیەکی گەورە دەبێت و جیهان بە تەواوەتی روبەڕوی قەیرانی وزە دەبێتەوە.
هەروەها هۆشداریشیداوەتە وڵاتانی ناوچەکە، کە ئاسایشی ئێران پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە و بێبونی ئاسایشی ئێران ناوچەکە پارێزراو نابێت.
دەستەیەک لە فەرمانگە و دامەزراوە ئیدارییەکانی حکوومەتی سعودیە لە ریازی پایتەخت، کارمەندەکانیانیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەمڕۆ دووشەممەوە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە لە ماڵەوە کارەکانیان راپەڕێنن و نەیەنە سەر کارەکانیان، بەپێی سەرچاوەکان کە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی گواستوویەتییەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە کارمەندانی سەنتەری مەملەکە، کە یەکێکە لە دیارترین هێماکانی ریاز، پییان راگەندراوە تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر لە دوورەوە کار بکەن.
هەروەها کارمەندێکی فەرمانگەیەکی حکوومی رایگەیاندووە کە ئێوارەی یەکشەممە رێنمایی پێگەیشتووە کە تا کۆتایی هەفتە لە رێگەی دوورەوە کار بکات.
ئەم رێکارانە چەندین تاوەر و باڵەخانەی حکوومیی لە پایتەخت گرتووەتەوە و کاریگەریی لەسەر هەزاران کارمەندی حکوومی دروستکردووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، دوو سەرچاوەی تر ئاشکرایان کرد کە نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا فەرمانگە حکوومییەکانی ناو تاوەرەکانی گەڕەکی العليا لە ناوەڕاستی ریاز چۆڵکراون، هەروەها ئەو کۆمپانیایانەی کە لە سەنتەری دارایی مەلیک عەبدوڵڵا کاردەکەن(کە لە شوێنی کۆمپانیا گەورەکان و لەوانەش کۆمپانیا ئەمەریکییەکانە) کارمەندەکانیانیان ئاگادارکردووەتەوە کە تا ئاگادارکردنەوەیەکی تر لە دوورەوە کار بکەن.
سێرگی لافڕۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا گەیشتە تاران و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆدەبێتەوە، بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە دووقۆڵییەکان و تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
لەم بارەیەوە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە سەردانەکە لە چوارچێوەی بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوان تاران و موسکۆدایە.
هاوکات کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە روسیا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئاستبەرزەکانی ئەم دواییەی نێوان مەسعود پزیشکیان و فڵادیمێر پوتین کرد و جەختی لەسەر هەماهەنگیی هەردوو وڵات کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی.
جارێکی دیکە دەریای ئیجە دەبێتە گۆڕستانی کۆچبەران و لە دوو کارەساتی جیاوازدا، 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستدا.
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، لە نزیک دوورگەی 'لێسبۆس' بەلەمێکی کۆچبەران و بەلەمێکی پۆلیس بەیەکیانداداوە، بەو هۆیەوە شەش کۆچبەر خنکاون کە لە چوار ژن، پیاوێک و کۆرپەیەک پێکهاتوون.
هاوکات، لە نزیک دوورگەی 'سامۆس'ـی هەمان وڵات، بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران ژێرئاو کەوتووە و لەو روداوەشدا شەش کۆچبەری دیکە گیانیان لەدەستداوە، کە تا ئێستا ناسنامەی هیچ کام لە قوربانییەکان ئاشکرا نەکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، رێگاکانی کۆچ بەرەو ئەوروپا بەردەوام مەترسی لەسەر ژیانی پەنابەران دروست دەکەن، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ(IOM)، تەنها لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەزار و 200 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون یاخود بێسەروشوێن بوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ راكردن لە زیندان ئەمریكا رادەكێشێتە ناو جەنگێكی دیكەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس لە وەڵامی قسەكانی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئیسرائیل هەوڵ دەدات ئەمریكا راپێچی جەنگێكی دیكە بكات، تەنها بۆ ئەوەی خۆی لە زیندانیكردن بپارێزێت، بێ گوێدانە ئەنجامەكانی بۆ ئیسرائیل و سەرۆكی ئەمریكا.
هەروەها هۆشداریدا لە هەر هێرشێكی نوێ بۆ سەر وڵاتەكەی و وتی: ئاگادار بن، ئەوانیش هێشتا هەندێك ئەرك و كاریان هەیە كە ئەنجامیاننەداوە.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات، دوناڵد تڕەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ناتانیاهوو لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ئیسرائیلدا دەربڕی و بە هاوبەشێكی كاریگەر ناوی برد، لە بەرانبەردا ناتانیاهوو سوپاسی تڕەمپی كرد و رایگەیاند كە پێكەوە كارەكە تەواو دەكەن.
باڵیۆزخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لە هاووڵاتییە ئەمەریکییەکان کرد کە خۆیان بەدوور بگرن و زۆرترین هۆشیاری بنوێنن، ئەمەش لە رێگەی ئاگادارییەکی ئەمنییەوە کە ئاماژەی بە هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە کردبوو.
ئاگادارییەکە هۆشداری ئەوەی دا کە کارە دوژمنکارییەکان رەنگە بە خێرایی پەرە بسێنن و سنووری پێکدادانەکانی ئێستا تێپەڕێنن، کە رەنگە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی ئاسمانی ناوچەکە و تێکچوونی جموجوڵی گەشتیاری.
هۆشدارییە ئەمنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم وڵاتانەی خوارەوەی گرتەوە: سعودیە، کوەیت، ئوردن، بەحرەین، عومان، قەتەر، عیراق، لوبنان، یەمەن، ئێران، ئیسرائیل و قودس.
ئاگادارییەکە بۆ هاووڵاتییە ئەمەریکییانە بوو کە گەشت بۆ ناوچەکە یان لە ناوچەکەوە دەکەن، تاوەکو چاودێریی نوێترین پێشھاتەکانی کارکردنی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بکەن، هەروەها پلانی جێگرەوە پێشوەختە ئامادە بکەن وەک خۆئامادەکارییەک بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.
هەروەها باڵیۆزخانەکان هۆشدارییان دا لە ئەگەری ئەوەی ئێران و ئەو گرووپە لایەنگرانەی پاڵپشتی لێ دەکەن، بەرژەوەندییەکان یان شوێنە پەیوەندیدارەکانی ئەمەریکا و هاووڵاتییەکەی لە سەرتاسەری جیهاندا بکەنە ئامانج، کە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان و دامەزراوەکانی تریش دەگرێتەوە.
ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل رادەگەیەنێت و دەڵێت؛ کەس لە ناتانیاهۆ بۆ ئەو پۆستە باشتر نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیریی تەواو و بێمەرجی خۆی بۆ هاوپەیمانەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ، لە هەڵبژاردنە داهاتووەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل راگەیاند.
ترەمپ لە "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: "با ئەم پەیامە ببێتە شایەتحاڵێک بۆ پشتگیریی تەواو و بێمەرجی من بۆ ناتانیاهۆ لە پێشبڕکێی گەڕانەوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل".
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریشی دا و وتى: "ئەگەر کەسێکی تر جگە لە ناتانیاهۆ سەرکردایەتیی ئیسرائیل بگرێتە دەست، ئەوا ئەمریکا ناچار دەبێت خۆی ئەرکەکەی دژی ئێران تەواو بکات، کە ئەمەش شتێکە من نامەوێت".
سەبارەت بە ئێران سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەگەر ئێران بە خێرایی هەڵسووکەوتەکەی نەگۆڕێت، ئەوا لە نزیکترین کاتدا ئەرکەکە دژی تەواو دەکەن، هەروەها ئێران بە شێوازێکی سیستماتیک لە رووی سەربازی و داراییەوە لێدانی وێرانکەری بەرکەوتووە".
ئەم پشتگیرییەی ترەمپ لە کاتێکدا دێت کە ئیسرائیل لەناو کێبڕکێیەکی توندی سیاسییە بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، لە ناوەڕاستی ناکۆکییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنییەکان و پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی یەکشەممە، مەهرداد ئەخلاقی، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سزادراوە، بە رەسمی وەک وەزیری بەرگریی نوێی ئێران دەستبەکار بوو.
پەڕلەمانی ئێران لە دەنگدانێکدا رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی ئەخلاقی دەربڕی. پێشتر و لە دوای کوژرانی عەزیز نەسیرزادە (وەزیری پێشوو)، عەمید لە سوپای پاسداران مەجید ئبن رەزا کە جێگری وەزیر بوو، بە وەکالەت پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد.
ئەخلاقی لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لەلایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانەوە بۆ ئەو پۆستە کاندید کرابوو. ناوبراو بە یەکێک لە بەرپرسە دێرینەکانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران ئەژمار دەکرێت و ساڵانێکی درێژ لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە پیشەسازیی ئاسمانی و بەرنامەی مووشەکییدا کاری کردووە، پێش ئەوەی رابەرایەتیی ئەم وەزارەتە بگرێتە دەست کە رۆڵێکی جەوهەری لە پەرەپێدانی چەک و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئێراندا دەگێڕێت.
ئەخلاقی ئەزموونی لە وەزارەتی بەرگریدا بۆ نزیکەی ٤۲ ساڵ دەگەڕێتەوە.
لە ناوەڕاستی دەیەی یەکەمی هەزارەی نوێوە ناوی لە بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی مووشەکیی ئێراندا دەرکەوت.
بەپێی بەڵگەنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوبراو لە قۆناغێکدا سەرۆکایەتی کۆمەڵەی پیشەسازیی "شەهید باقری" کردووە، کە سەر بە رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانیی وەزارەتی بەرگرییە و پەیوەستە بە بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیی بە سوتەمەنیی رەق.
لە ئاداری ساڵی 2007دا، ناوی ئەخلاقی لە چوارچێوەی بڕیاری 1747ی ئەنجومەنی ئاسایشدا هات. هەروەها لە تشرینی دووەمی 2014دا، لەلایەن حوسێن دەهقان، وەزیری ئەوکاتی بەرگریی ئێرانەوە، بە بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمانی هەڵبژێردرا. جگە لەوەش ناوی لە لیستەکانی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپاشدا تۆمار کراوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، بە ئاراستەکردنی 36 هەزار بۆمب و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەناوبراوە.
یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا لە کاتی جەنگدا 36 هەزار بۆمبیان ئاڕاستەی ئامانجەکانیان لە ئێران کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر"ـەوە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی تێکشکێنراوە.
کاتز ئەوەشی خستەڕوو، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران بە پشتگیریی سەرکردایەتیی ئیسرائیل بڕيارێکی "یەکلاکەرەوە و دراماتیکی" داوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئامانجەکان لە ئێران، لە دوورایی دوو هەزار کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی "هەستانەوەی شێر" تێکشکاندووە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنەکەی تر کە ناوی نا "نەڕەی شێر"، بە هەماهەنگی و هاوکاریی راستەوخۆی ئەمریکا جێبەجێ کراوە.
جەختیشیکردەوە، هەر دوو وڵات هەندێک کڵاوەی موشەکییان بەکارهێناوە کە کێشەکانیان یەک تۆن بووە و بە وردی ئامانجەکانی لە ئێران پێکاوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاتز رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێرانیان کوشتووە.
لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەكانی سوپای یەمەن بەرەو سەنعا و تێكشكاندنی چەندین مووشەك لە ئاسمانی سعودیە، سەرۆكی میسر بە رەسمی بڕیاری ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ناو خاكی سعودیە پەسەند كرد.
هێزەكانی یەمەن لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی فەجری یەمەندا پێشڕەوییەكانیان لە بەرەكانی تەعز، مەئرەب و جەوف بەرەو سەنعای پایتەخت چڕكردووەتەوە تا كۆتایی بە دەسەڵاتی حوسییەكان بهێنن.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسریش بڕیاری رەسمیی ناردنی هێزی سەربازیی بۆ ناو خاكی سعودیە پەسەند كرد، تاوەكو لە چوارچێوەی ئەركێكی بەرگریدا بەشدار بن لە پاراستنی ئاسایشی ئەو وڵاتە.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی میسر پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوەتیی سوپای وڵاتەكەی بۆ شانشینی سعودیە دووپاتكردەوە.
سەرۆكی ئێران لەبارەی یەکگرتنی وڵاتانی موسڵمانەوە وتارێکی پێشکەشکرد و لە وتارەکەشدا وتی: پێویستە مسوڵمانان یەكگرتووبن و ئامادەن بەشداری رێككەوتنی مەككەدا بكەن.
مەسعود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە چاوپێككەوتنێكدا لە بارەی رێككەوتنی مەككە لە نێوان سعودیە و پاكستان و توركیاوە رایگەیاند، ئەمە هەنگاوێكی ئەرێنییەوە و پێویستە مسوڵمانان یەكڕیزبن و ئەوان ئامادەن بەشداری لەو رێككەوتنە بكەن.
وتیشی، ئەوان تائێستا بڕیارییان نەداوە بەشداری بكەن، بەڵام یەكگرتویی مسوڵمانان بە گرنگ دەزانن.
ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە وڵاتانی موسڵمان ناكۆكی نەكەوێتە نێوانیان و ببن بە چەند گروپێكەوە و دژی یەكتر بوەستنەوە، بەڵکو دەبێت لەپشتی یەکدی بن و وەک یەک هێزی کاریگەر مامەڵە بکەن.
کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەروی هورمز بە مینێکی دەریاییدا تەقییەوە کە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ههڵگرتبوو.
ئەمڕۆ ، میدیاکانی ئێران لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی گهورهی نهوت لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا، بەر مینی دەریایی کەوتووە و تەقیوەتەوە.
سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، کەشتییەکە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەڵگرتبوو، هەوڵیداوە بە "شێوەیەکی نایاسایی و لە رێگەیەکی مۆڵەتپێنەدراو" لەلایەن ئێرانەوە، لەو رێڕەوە ئاوە ستراتیژییە تێپەڕێت.
سوپای پاسداران دەشڵێت، گەروی هورمز داخراوە و لە ژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە، لە ئەنجامی پێشێلكردنی هەر یاسایەكی تێپەڕینیش لە گەروەكەوە، كەشتی سەرپێچیكار دەكرێتە ئامانج.
پێشتر سوپای ئەمەریکا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاندبوو، سوپای پاسدارانی ئێران بە موشەک هێرشی کردووە سەر کەشتییەکی کۆنتێنەر لە گەروی هورمز.
سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی دوایین رەوشی دانوستانیان لەگەڵ ئەمریکادا چەند بابەتێکی جیاوازی بە پوختیی خستەڕوو و هۆشداریشی دایە ئەمریکا لەسەر بەردەوامیدان بە سزاکانیان لەسەر وڵاتەکەی.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، بەردەوامبوونی سزاکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی خراپتربوونی رەوشەکە.
وتیشی، سزاکانی ئەمریکا کێشەی بۆ ئێران و جیهانیش دروستکردووە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا باشترە بە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران مامەڵە بکات، لە جیاتی زمانی هێز.
حوسییەكان كۆشكی سەرۆكایەتیی مەعاشیقیان لە شاری عەدەنی باشووری یەمەن بۆردومان كرد كە بارەگای حكومەت و سەرۆكی یەمەنی لێییەو تا ئێستاش چارەنوسی سەرۆك ئاشكرا نەكراوە.
وتەبێژی حكومەتی یەمەن رایگەیاند، لە هێرشێكدا كە ئەمڕۆ حوسییەكان بۆ سەر كۆشكی سەرۆكایەتی مەعاشیق، بارەگا و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆك كۆماری یەمەن ئەنجامیاندا، دوو پاسەوان كوژراون و چەندین كەسی دیكەش برینداربوون.
هەروەها دڵنیاییدا كە رەشاد علێمی سەرۆكی كاتی یەمەن و سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانی حكومەت سەلامەتن، بەڵام سەرچاوەكان دەڵێن، چارەنوسی سەرۆك هێشتا نادیارە.
حوسییەكان لە راگەیەندراوێكدا بانگەشەی ئەوەیان كردووە كۆشكی مەعاشیقیان كردۆتە ئامانج لە میانی كۆبوونەوەیەكدا كە ئەفسەرانی سعودیەو حكومەتی یەمەن و سەرۆك كۆمار تێیدا بەشداربوون.
هاوكات توركی مالیكی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی ئاشكرای كرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی مووشەكێكی كروزی حوسییەكان لە ئاسمانی مەدینە تێكبشكێنێت، ئەمەش دووەم پەلامارە بۆ سەر ئەو ناوچەیە پاش ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا وێستگەیەكی كارەبا كرایە ئامانج.
وتەبێژێکی نەخۆشخانەیەکی خۆجێیی لە شاری پێشاوەری پاکستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لانیکەم 17 خوێندکار، کە سەرجەمیان تەمەنیان لە خوار 13 ساڵەوەیە، لەگەڵ مامۆستایەک گیانیان لەدەست داوە، ئەوەش بەهۆی رووخانی سەقفی خوێندنگەیەک.
محەمەد عاسم، وتەبێژی نەخۆشخانەکە، روونی کردەوە کە خوێندکارەکان و مامۆستاکە بە گیانلەدەستداوی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی "لێدی رێدینگ"، ئەمە سەرەڕای گەیاندنی ژمارەیەک بریندار بە روداوەکە بۆ هەمان نەخۆشخانە.
تا ئێستاش هۆکاری رووخانەکە بە تەواوی نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە بەردەوامە.