ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، داواكارییە نوێیەكانی ئەمریكا ماوەی دانوستانەكان درێژ دەكاتەوە و تا ئێستا هیچ دانوستانێك لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نەكراوە. 

بەقائی لە كۆنفرانسی هەفتانەیدا رایگەیاند، داواكارییە نوێ و دژ بە یەكەكانی ئەمریكا رێڕەوی دانوستانەكان درێژ دەكەنەوە، چونكە كاتێك لایەنی بەرامبەر بەردەوام بێت لە گۆڕینی هەڵوێستەكانی و هێنانە پێشەوەی داواكاری نوێ، پرۆسەكە درێژە دەكێشێت.

وتیشی، تاران لەژێر سایەی بێ متمانەییدا دانوستان دەكات و ئاڵوگۆڕی پەیامەكانیش لە هەمان چوارچێوەدا بەڕێوەدەچن، تا ئێستاش هیچ دانوستانێك لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نەكراوە.

سەبارەت بە رەوشی لوبنانیش، بەقائی نیگەرانی دەربڕی لەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش هیچ هەنگاوێكی كردارییان نەناوە، لەكاتێكدا رەوشەكە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەیە.

 لە بەشێكی تری قسەكانیدا، بەقائی ئیسرائیلی وەك گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی ناوبرد.