ئەمریکا رایگەیاند توانیویانە بە سەرکەوتویی و بە بێ بونی زیان ژمارەیەک موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە کەنداودا تێکبشکێنن و لە بەرانبەردا دورگەی قیشمیان بۆردومان کردوە. 

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، هێزەکانیان روبەڕووی چەندین موشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوونەتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە تەقێندراون،و جەختیشی کردەوە کە سەرجەم هێرشەکان لە پێکان و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان شکستیان هێناوە.

 سێنتکۆم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە هێزەکانی ئەمریکا، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی تاران لە چەند سەعاتی رابردوودا ئەنجامی دابوون، هێرشیان کردووەتە سەر دورگەی قیشم لە ئێران.

سێنتکۆم ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە ئێران چەندین موشەکی بالیستی بە ئاڕاستەی ژمارەیەک لە وڵاتانی دراوسێ تەقاندووە، بەڵام نەیانتوانیوە هیچ ئامانجێک بپێکن؛ لەوانەش دوو موشەکی ئێرانی بە ئاراستەی کوێت تەقێندراون کە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکەیان کەوتونەتە خوارەوە یان لە ئاسمان تێکشکێندراون، بێ ئەوەی هیچ برینداربوون یان زیانێکی لێ بکەوێتەوە.

سەبارەت بە بەحرەین، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، کە هێزەکانیان بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی بەحرەین، سێ موشەکیان تێکشکاندوە، کە ئامانجەکەیان بەحرەین بووە.

لە بەرانبەردا، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ لێدوانێکیان لەسەر ناوەڕۆکی راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا نەداوە، لە کاتێکدا ئەم پەرەسەندنانە لە سایەی گرژییە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕی هێرشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دێن.