مارکۆ رۆبیۆ: دانوستان لەگەڵ ئێران وەک دانوستان لەگەڵ سویسرا نییە
بڵند
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هێزی دەریای ئێران بە تەواوەتی لەناوچوە، بەڵام هێشتا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە.
وەزیرەکەی ئەمریکا دەڵێت؛ لە کاتێکدا تاران پێشتر کاری لەسەر بنیاتنانی جبەخانەیەکی موشەکی دەکرد بۆ پاراستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵام ئێستا قەڵغانی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو داڕماوە، هەروەها هیچ کەشتیگەلێکی دەریاییان نەماوە.
رۆبیۆ ئاماژەی بەوەکرد، هێزی دەریایی ئێران بە تەواوەتی لەناوچووە و کەشتییەکانیان لە بنی دەریادان، تەنها ژمارەیەک بەلەمی بچوکیان ماوە.
ئەوەشیخستوەتەڕوو، سیستەمی فەرمانڕەوایی ئێران لە ئێستادا دابەشبوو و پارچەپارچەیە، بە جۆرێک کە چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو وەڵامێکیان لێ وەربگیرێتەوە.
ناوبراو رونیشیکردوەتەوە، کە واشنتۆن لە ئێستادا لە ناوەڕۆکی دانوستاندایە لەگەڵ تاراندا، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە هاوشێوەی دانوستاندن لەگەڵ وڵاتێکی وەک سویسرا نین.
لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست کە بگەنە رێککەوتنێک بۆ دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز و ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە ئێران رازی بووبێت لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی گفتوگۆ بکات، کە پێشتر بە تەواوی ئەمەی رەتدەکردەوە.



