ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، ئەمرۆ دووشەممە، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند، تیمی دانوستانکاری ئێران دوای هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، گۆڕینەوەی نامەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە راگرتووە.

سەرچاوەکان بەپێی ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە: تیمی مفاوەزاتی ئێران بڕیاریداوە گفتوگۆکان و گۆڕینەوەی دەقەکان لە رێگەی نێوەندگیرەوە رابگرێت، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، و وەک جەختکردنەوەیەک لەسەر ئەوەی ئەم پەرەسەندنە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربرستە لەسەر سەرجەم بەرەکان.

بەپێی سەرچاوەکان، بەرپرسان و دانوستانکارانی ئێران جەختیان کردووەتەوە کە: مەرجی دەستپێکردنەوەی هەر جۆرە دیالۆگێک، گرێدراوە بە راگرتنی دەستبەجێی ئۆپەراسیۆنە دەستدرێژکارانە و دڕندانەکان لە غەززە و لوبنان، وێڕای کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنان، و دووپاتیان کردووەتەوە کە هەر لێکتێگەیشتنێک بەندە بە جێبەجێکردنی بڕیاردەرانەی ئەم داواکارییانەوە.

سەرچاوەکان ئاشکراشیان کردووە کە: ئێران و بەرەی بەرگری، کۆمەڵێک هەنگاوی پەرەپێدانی گرژییەکانیان خستووەتە سەر کارنامەی خۆیان بە مەبەستی سزادانی زایۆنیستەکان و لایەنگرانیان، کە خۆی لە بەهێزیی نیاز بۆ داخرانی تەواوەتی گەروی هورمز و چالاککردنی بەرەکانی دیکە لە نێویاندا گەروی باب المەندەب دەبینێتەوە.