جێگری شارەوانی تاران: ئەرکی بەڕێوەچونی پرسەی عەلی خامنەیی بە سوپای پاسداران دراوە
بڵند
٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دوای نزیکەی 100 رۆژ لە کوژرانی، رابەڕی پێشوی ئێران لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکادا، محەمەد عەلی، جێگری شارەوانی تاران بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەبێ دیاریکردنی شوێنەکەی رایگەیاند، بڕیارە لە کۆتایی مانگی شەشدا پرسەکەی بەرێوە بچێت.
جێگری شارەوانی تاران کاتی دانانی پرسەی عەلی خامنەیی بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرا کردوە و ئاماژەی بەوەکردوە، پرسەکە لەژێر چاودیری سوپای پاسداراندا ئەنجام دەدرێت و بڕیارە سەرەتا لە تارانی پایتەخت ئەنجامبدرێت و دواتر لە شارەکانی تر.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکردوە، بە گوێرەی پلانەکان سێ رۆژ رێوڕەسمی ماتەمینی لە تاران رادەگەیەندرێت لە پایتەخت ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازیکردن لە ئامادەبوونی 15 بۆ 20 ملیۆن کەس لە رێوڕەسمەکەدا.
وتوشیەتی؛ دواتر لەسەر خواستی پارێزگاکانی تریش بڕیارە، پرسەکە لە شارەکانی قوم و مەشهەدیش بەڕێوە دەچێت.
لەبارەی کاتی پرسەکەشەوە، محەمەد عەلی وتویەتی، بەگوێرەی پلانەکە دەکەوێتە کۆتایی ئەم مانگەوە و لە ئێستادا تەواوی پارێزگاکان و هاووڵاتییانی ئێران خۆیان ئامادەدەکەن بۆ بەشداریکردن لە پرسەکەدا.
ئەمە لە کاتێكدایە بەیانی رۆژی 28-2-2026، لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسائیلدا بارەگای رابەری پێشوی ئێران لە تارانی پایتەخت کرایە ئامانج و دوای تەنها چەند سەعاتێک ئیسرائیل کوژرانی عەلی خامنەیی راگەیاند، ئەوکات بەهۆی جەنگەکەوە بەخاکسپاردن و رێوڕەسمی ماتەمینیان بۆ دانەنا.



