ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی، ئەمرۆ سێشەممە، رایگەیاند کە تاران هێشتا خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دەقەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمریکا و وەڵامی کۆتایی خۆی بۆ واشنتۆن نەناردووە.

ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستانکاری ئێرانەوە گواستوویەتییەوە: دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا هێشتا لە تاران لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت و هیچ وەڵامێک بۆ واشنتۆن نەنێردراوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە: مێژووی واشنتۆن لە پابەندنەبوون و نەبوونی متمانە، پاڵ بە ئێرانەوە دەنێت کە بە ئاستێکی باڵا لە توندوتیژی و وریاییەوە مامەڵە بکات، باسی لەوەش کردووە کە واشنتۆن نیگەرانە لە جەنگ و تارانیش نیگەرانە لە رێککەوتنەکە.

ئاژانسەکە لە کۆتاییدا نووسیویەتی: واشنتۆن خەرجییەکی زۆری لەم جەنگەدا کردووە، بەڵام هیچ سەرکەوتنێکی بەدەست نەهێناوە.