لە میانی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و لە لێواری هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا، ناتانیاهۆ جەخت لەوەدەکاتەوە، تەنها هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران بەس نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکییان روخاندنی دەسەڵاتەکەیەتی.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرایکرد، رێنمایی بە سوپا و دەزگای مۆساد داوە کە تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی تاران، روخاندنی دەسەڵاتی ئێرانە، چونکە مانەوەی ئەم رژێمە دەرفەتی پێدەداتەوە تواناکانی پێشووی بەدەستبهێنێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا، کە 90٪ـی ئەرکەکان لە ئێران ئەنجام دراون و جەختیکردەوە، کاتێک زانیویانە ئێران مەترسیی لەناوچبردنی ئیسرائیلی هەیە، بڕیاریان داوە بە تەنهایی هەنگاو بنێن، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی "گڵۆپی سەوز"ی ئەمریکا بن؛ چونکە بە وتەی خۆی "بوونی ئیسرائیل بابەتێک نییە بۆ گفتوگۆ و مامەڵەکردن".
لە بەشێکی تری لێدوانەکانیدا، ناتانیاهۆ ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێگری لە هێرشێکی بەرفراوانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کردبێت و راگەیاند: "تەنها ترەمپ لە هەنگاوەکانمان ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام بۆ هێرشکردنەسەر ئێران هەرگیز داوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی لێ ناکەین".
دوای هێرشی حوسییەكان بۆ سەر فرۆكەخانەی دەمام و كێڵگە نەوتییەكان، ئەمریكا فەرمان بەكشانەوەی بەشێك لە دیپلۆماتكار و خێزانەكانیان لە سعودیە دەكات.
تۆمی پیجوت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتۆن فەرمانی كردووە بە كشانەوەی كارمەندە نا سەرەكییەكان و خێزانی دیپلۆماتكارانی ئەمریكی لە سعودیە
وتیشی: ئەمریكا پلانی هەیە خێزانی كارمەندەكانی لەچەند باڵیۆزخانەیەكی تری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بكشێنێتەوە.
ئەو هەنگاوەی ئەمریكا دوای ئەوەدێت لەئەنجامی دوو هێرش حوسییەكان بۆ سەر فڕۆكەخانەی دەمام و كێڵگەیەكی نەوتی، چوار كەس كوژران و 10 كەسیش برینداربوون.
دەسەڵاتی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە سعودیە رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی هێرش و دەستدرێژییەکە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پادشا فەهد لە شاری دەممام بۆ دوو گیانلەدەستدان بەرز بووەوە، ئەوەش دوای پشتڕاستکردنەوەی گیانلەدەستدانی بریندارێکی تر.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دوو گیانلەدەستداوەکە بریتیین لە هاووڵاتییەکی سعودی و نیشتەجێیەکی خەڵکی وڵاتی هیندستان.
دەسەڵاتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەی بریندارەکان لە هەشت کەسدا جێگیر بووە، کە پێکهاتوون لە هاووڵاتییەکی سعودی، لەگەڵ دوو نیشتەجێی هیندی، دوو یەمەنی، دوو بەنگلادیشی و نیشتەجێیەکی نیپاڵی.
بەپیی راگەیاندراوەکە برینی بریندارەکان لە نێوان سووک و قورسدایە و لە ئێستادا لە چەند نەخۆشخانەیەکدا چاودێریی پزیشکیی پێویستیان پێ دەدرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە: بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، بەردەوامن لە هەڵسەنگاندنی زیانەکان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی گەشتیاران و کارمەندان، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاساییبوونەوەی جووڵەی فڕۆکەخانەکە.
سوپای پاسداران سووتانی چوار كەشتیی نەوهەڵگری لە كەنداوی فارس و سێ كەشتیی تری لە گەروی هورمز بەهۆی مینەوە راگەیاند.
راگەیاندنی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، چوار كەشتیی نەوهەڵگری لە كاتی گواستنەوەی نەوت لە ناو كەشتی بۆ كەشتیەكی تر لە باكووری كەنداوی فارس كراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سووتاون، ئەمەش لە كاتێكدایە كە شەوی ڕابردوو سێ كەشتیی تریش لە ڕۆژئاوای گەروی هورمز بەهۆی پێكدادان بە مین تووشی رووداو و ئاگركەوتنەوە بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی سوپای پاسداران، ئەم ئۆپەراسیۆنە پاش ئاگادارییە پێشوەختەكان بۆ ئەو كۆمپانیا دەریاییانە هاتووە كە بە وتەی سوپای ئەمریكایان كردووە و لە رێگا نایاساییەكانەوە تێپەڕیوون، هێزی دەریایی سوپا دەشڵێت كە چاودێری و بەدواداچوونی بۆ ئەم ٤چوار كەشتییە كردووە پێش ئەوەی لە باكووری كەنداوی فارس بكرێنە ئامانج.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا، سوپای پاسداران هۆشداری تووندی داوە ئەو كەشتیانە كە بە وتەكانی سوپای ئەمریكا هەڵنەخەڵەتین رێگە نایاساییەكان بەكارنەهێنن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و رایدەگەیەنێت، پێنج کەسایەتی و چوار کۆمپانیای لە وڵاتانی پەنەما، سەنگاپوور و ئیمارات خستووەتە لیستی سزاکانیەوە، بەهۆی بوونی پەیوەندی و کارکردنیان لەگەڵ تاران.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا هاتووه، سزاکان نۆ کەشتیشی گرتووەتەوە کە بەشداربوون لە گواستنەوەی نەوت و پۆڵای ئێراندا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لێکۆڵینەوەی لە بانکێکی یۆنانی دەستپێکردووە، بە گومانی گواستنەوەی پارە بۆ ئێران.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، تاكە چارەسەر بۆ لەناوچوونی هەڕەشەی ئێران بریتییە لە روخانی دەسەڵاتەكەی.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە میانی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری دیمۆنا لە باشوری ئیسرائیل رایگەیاند، ئێران دەیویست لە ناویانببات و بۆمبی ئەتۆمی دروست بكات، بەڵام رایانگرت و سەرەڕای ئەو رەوشەی بەسەر وڵاتەكەدا هاتووە هێشتا پێداگرە لەسەر دروستكردنی بۆمبەكە و تاكە چارەسەریش نەمانی دەسەڵاتەكەیەتی.
دەشڵێت، ئێران هەوڵی دروستكردنی بۆمبی مردن دەدات و رێنمایی بە سوپای ئیسرائیل و مۆساد داوە كار لەسەر نەهشتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بكەن.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز رایگەیاند، ناتانیاهۆ لە ئێستادا هەوڵدەدات هێرشی سەربازی بەرفراوان دژی ئێران دەستپێبكاتەوە و كۆمەڵێك ئامانجی بۆ ئۆپەراسیۆنەكە دیاریكردبوو و دیارترینیان بە ئامانجگرتنی ژێرخانی شارستانی و شوێنە ئەتۆمییەكانە.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاویکردوەتەوە، لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەردا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پلانی هێرشێکی سەربازیی درێژخایەنی هەبوە و دۆناڵد ترەمپ رێگری لێکردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە رۆژی 10ـی10ـی2026، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردوە ئامادەبن بۆ هێرشی فراوان و درێژخایەن بۆ سەر ئێران، بەڵام دوای زانیانی دۆناڵد ترەمپ رێگری لەو هێرشەکردوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان؛ بڕیار بوو لە هێرشەکەدا ژێرخانی مەدەنی، دامەزراوە ئەتۆمییەکان و پێگەکانی رژێمی ئێران بکرێنە ئامانج و قەبارەکەی لە ئۆپراسیۆنی مانگی شوباتی رابردوو گەورەتر بێت.
فاینانشاڵ تایمز ئاماژەی بەوەکردوە، دۆناڵد ترەمپ، دژایەتیی خۆی دەربڕی بۆ سەرهەڵدانەوەی پێکدادانی سەربازی لە ناوچەکەدا پێش بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا و ناتانیاهۆش ناچار بوو ئۆپراسیۆنەکە هەڵوەشێنێتەوە.
ئەمەش لە کاتێكدایە، بنیامین ناتانیاهۆ نایشارێتەوە و بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و رازیکردنی ئەمریکا تا دوبارە بە هاوبەشی هێرش بۆ سەر ئێران دەستپێکبکەنەوە.
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە رۆژانی رابردوو و هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە سنوری ئێران و لە ئاسمانی عیراق و سوریا مەشق و راهێنانیان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راپۆرتێکیدا فۆکس نیوز بڵاویکردوەتەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل دوای رۆژێک لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە سنوری ئێران دەستیان کردوە بە مەشقکردن.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەم راهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل رەنگە ئامادەکاریبێت بۆ دەستپێکردنەویە جەنگ، کە لە ئێستادا لە هەموو کات زیاتر باسی لێوەدەکرێت.
فۆکس نیوز باسی لەوەشکردوە، دیمەشق ئەمجارە لە بارەی گەشتە سیخوڕیەکانی ئیسرائیل لە باشوری ئەو وڵاتە بە وریاییەوە مامەڵەی کردوە و ئاگاداری جموجوڵەکانی ئیسرائیلە.
لێپرسراوێکی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرعیش بە رۆژنامەی "ئۆرشەلیم پۆست"ـی راگەیاندوە؛ گەشتە سیخوڕیەکانی ئیسرائیل لە باشوری سوریادا زۆر زیادیان کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، میدیاکانی ئێران بانگەشەی ئەوەیانکردوە، لە هەفتەکانی رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی دوژمن چەندین جار بەسەر ئاسمانی عیراقدا و لە سنوری وڵاتەکەیاندا فڕیون.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری "تایفۆن"ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانە بەشداری دەکەن لە پاڵپشتیکردنی سعودیە دژی هێرشە ئاسمانییەکان.
جەختیشی کردەوە کە فڕۆکەکان رۆڵێکی بەرگری دەگێڕن و هیچ هێرشێکی هێرشبەرانە بۆ سەر حوسییەکان ئەنجام نادەن.
وەزیری بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند کە دەستدرێژییەکانی حوسییەکان بۆ سەر "سعودیەی هاوپەیمانمان کارێکی ناپەسەند و قێزەونە". ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی ریاز لەلایەن حوسییەکانەوە دەریخات کە تا چ رادەیەک بێباکانە سنوورەکانیان بەزاندووە.
وەزیرەکە جەختی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی "تایفۆن"ی سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانە ئەرکی بەرگریکردن جێبەجێ دەکەن بۆ پاراستنی ئاسمانی سعودیە.
ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدا دێت کە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە رووی لە زیادبوون کردووە.
لای خۆشییەوە ئاژانسی بلۆمبێرگ لە سەرچاوەی بەرپرسانی بەریتانییەوە گواستییەوە کە ئەرکی ئەم فڕۆکانە پاراستنی شارەکان و ژێرخانی سەرەکیی سعودیە دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی بلۆمبێرگ، بەریتانیا فڕۆکەیەکی گواستنەوەی سەربازی لە جۆری "ئەتڵەس A400M" دابین دەکات کە توانای هەڵگرتنی بارستایی و کەلوپەلی قورسی هەیە لە ناوخۆی خاکی سعودیەدا. هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لە چوارچێوەی ئەم جێگیرکردنە سەربازییەدا، لۆندۆن شێوێژکاری سەربازیش ڕەوانە دەکات.
سەرەڕای هەوڵی وڵاتانی نێوەندگیر بۆ گەیشتن بە دانوستان و کۆتاییهاتنی جەنگەکە،بەڵام ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆسەریەکتری زیاترە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ لێپرسراوی باڵای باڵای ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتی تاران پێیوایە دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە هێرشە سەربازییەکان دەستپێبکاتەوە بۆ کۆتاییهاتن بەو جەنگە هەشت مانگەی دەستیپێکردوە.
لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هاتووە؛ ئێران خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادە دەکات، نەک بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لێپرسراوانی ئێران نایانەویت ترەمپ سەرکەوتنی سیاسی بەدەستبهێنێت، بەتایبەت پێش هەڵبژاردنەکان و ئامادەکاری تەواویانکردوە بۆ هێرشی واشنتۆن.
ئەو لێپرسراوە باڵایانەی تاران بە رۆیتەرزیان راگەیاندوە، ناتوانن متمانە بە ئەمریکا بکەن بۆ گفتوگۆکردن بە مەبەستی کۆتاییهاتنی جەنگەکە و ئەمریکا دووجار لە کاتی گفتوگۆکاندا هێرشی کردوەتە سەریان.
ئەم زانیاریانەی رۆیتەرز لە کاتێکدایە، لێپرسراوانی ئێران بەردەوام دەڵێن؛ لە یەک کاتدا ئامادەن بۆ دانوستان و جەنگیش، هەر ئەمڕۆش عاسـم مونیر، فەرمانـدەی سوپای پاکستان، بە مەبەستی نێوەندگیری لە نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشـتە تـاران.
دوای داخستنی فڕۆکەخانەی ریاز و هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە نرخی بەکرێدانی فڕۆکەی تایبەت لە سعودیە بە رێژەی زیاتر لە 50% بەرزبوەتەوە.
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە نوێنەرانی کۆمپانیا تایبەتمەندەکان لەم کەرتەدا بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی داخستنی فڕۆکەخانەکانەوە خواست لەسەر بە کرێگرتنی فڕۆکە تایبەتەکان زیادی کردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تێچووی گەشتە تایبەتەکان لە سعودیەوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نزیکەی 150 هەزار دۆلارە و بۆ ئیمارات لە نێوان 30 بۆ 50 هەزار دۆلاردایە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی فاینانشیاڵ تایمز، کەمبونەوەی ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی ئامادەی گەشتکردنن بۆ ئەو ناوچانە و نەبونی رکابەری، خواستی زۆر هۆکاری سەرەکیی بەرزبونەوەی نرخەکانە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی سیستمی بەرگریی وڵاتەکەیانەوە توانیویانە درۆنێکی ئەمریکی لە جۆری MQ-9 بخەنە خوارە، ئاماژەی بەوەشکردوە ئەمە 54 هەمین درۆنە لەو جۆرە دەیخەنە خوارەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێكدا خستنە خوارەوەی درۆنێكی ئەمریکی لە گەوری هورمز راگەیاند.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردوە، درۆنەکە لە گەروی هورمزدا و لە رێگەی سیستمی بەرگریی دەسکردی ئێرانەوە تێکیانشکاندوە.
سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەشدەکات، ئەمە 54 هەمین درۆنی لەو جۆرەیە، کە لە سەرەتای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران تێکیدەشکێنن.
مەسعود پزشکیان،سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، قبوڵی ناکەن هیچ وڵاتێک بە هێز و ئامرازەکانی فشار ئیرادەی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت.
ئەمڕۆ دوشەممە، لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ سێرگی لاورۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا، مەسعود پزیشیکان سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، تاران قبوڵی نییە هیچ وڵاتێک بە هێز و ئامرازەکانی فشار بیەوێت خۆی بەسەر تاراندا بسەپێنێت.
پزیشکیان، جەختیی کردەوە ئێران و روسیا خاوەنی دیدگایەکی هاوبەشن لەسەر بنەماکانی رێزگرتن و یەکتر قبوڵکردن لەسەر بنەمای هاوبەش.
سەرۆک کۆماری ئێڕان ئاماژەی بەوەکرد بەرنامە هاوبەشەکان بە شێوازێکی جدی لە پهیوەندیدا لەگەڵ سەرۆکی روسیا بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت و هیواخواست لە سەفەری داهاتووی بۆ مسکۆ، زەمینەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکیی رێککەوتنەکان و بەدیهێنانی ئەنجامی بەرجەستە بڕەخسێت.
پزیشکیان هیواشی خواستوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی رێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا ببێتە هۆی بەهێزکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای چاودێریی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان نرخی رۆژانەی کرێی کەشتییەکان بۆ گواستنەوەی نەوت، لە نێوان 35 بۆ 50 هەزار دۆلاری پێش جەنگەوە، بۆ ئاستێکی پێوانەیی کە 1.4 ملیۆن دۆلارە بەرزبوەتەوە.
ئەمڕۆ دوشەممە، بەپێی داتاکانی کۆمپانیای تانکەر تراکەرز، کە چاودێر جوڵەی دەریای دەکات و رەوشێ ئاڵۆزی و هەستیاری گەروی هورمز نیشاندەدات، کڕێی رۆژانەی یەک کەشتی نەوتهەڵگر لە گەروەکەدا 1.4 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندوە.
کۆمپانیاکە رایگەیاند، کە حکومەتی ئێران 104 کەشتی خستوەتە لیستی رەشەوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەشتیانەی بە گەروەکەدا تێدەپەڕن و جی پێ ئێسەکانیان دەکوژێنەوە نزیکەی چوارهێندەی ئەو ژمارەیە.
تانکەر تراکەرز، ئاماژەی بەوەکردوە، سەرەڕای ئەم بەرزبوونەوە خەیاڵییەی نرخەکان و مەترسییەکانی پێکانی کەشتییەکان، بەڵام هێشتا کۆمپانیا و خاوەنی کەشتیی زۆر ئامادەن نەوت بگوازنەوە و هەموو رۆژێکیش کەشتی نوێ دەدۆزرێتەوە و نەوت لە گەرەکەدا دەگوازنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دەبێت بە یەکجاری و بۆ هەمیشە دەسەڵاتی ئێستای ئێران بڕۆخێنن و ئەو فەرمانەی بە هەمو دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی داوە
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردوەتەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندوە، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ئێران، تەنانەت بەبێ پشتیوانی ئەمریکا.
رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم بڵاویکردوەتەوە، ناتانیاهۆ روخاندنی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دەزانێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکانی ئیسرائیل بۆ روبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی ئێران بەندە بە رەزامەندی واشنتۆن، بەڵام ئەگەر پێویست بکات وڵاتەکە سەربەخۆ مامەڵە دەکات.
رۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئەوەشیخستوەتەڕوو، ناتانیاهۆ ئێرانێکی چەکداری ئەتۆمی وەک گەورەترین هەڕەشەی ئەمنیی بۆسەر وڵاتەکەی دەستنیشان کردوە.