حکومەتی کۆریای باشور رایگەیاند، کە باڵیۆزی ئێرانیان لە وڵاتەکەیان بانگهێشت کردوە، وەک ناڕەزایەتییەک دژی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی وڵاتەکەی.
کۆرای باشور بۆ لێپرسینەوە لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکیان، باڵیۆزی ئیرانی لە وڵاتەکەی بانگێشتکردوە و داوای رونکردنەوەیان لێکردوە، چونکە پیان وایە بە موشەکی ئێران کەشتییەکیان لە گەروی هورمزدا کراوەتە ئامانج.
ئەم بڕیارەی حکومەتی کۆریا لە کاتێکدایە کە نزیکەی چوار هەفتە لەمەوبەر، کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور لە گەرووی هورمزدا بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە کرایە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیشت.
هەرچەندە بەرپرسانی کۆریای باشوور وردەکاری زیاتریان سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی کەشتیوانی و ئازادی هاتوچۆی دەریایی گرنگییەکی گرنگ و حەیاتی بۆ سێئول هەیە.
دوای هێرشە چڕەکانی ئەمڕۆیان بۆسەر لوبنان، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، بڕیاریانداوە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان چڕتر بکەنەوە و سوپای وڵاتەکەی بە هێزێکی گەورەوە سەرقاڵی ئۆپراسیۆنن و توانیویانە 600 چەکداری حزبوڵا بکوژن.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ناو خاکی لوبناندا سەرقاڵی ئۆپراسیۆنی گەورەیە و پێگە ستراتیژییەکان کۆنترۆڵ دەکات و پشتێنی ئەمنی بەهێز تر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی پێشڕەوی باش بکات لە خاکی لوبناندا و پێگەی زیاتری لە باشوری لوبنان کۆنترۆڵ کردووە، لە ئۆپراسیۆنەکانیاندا 600 چەکداری حزبوڵایان کوشتوە و بەردەوامیش دەبن.
لەبارەی درۆنە خۆکوژەکانی حزبوڵاشەوە، کە بونەتە کێشە و چەکێکی مەترسیدار بۆ سەربازەکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند لە هەوڵدان چارەسەرێک بۆ درۆنە خۆکوژەکانی حزبوڵا بدۆزنەوە.
سوریا دەستنیشانکردنی شوێنی پاشماوەکانی پڕۆگرامی نهێنیی چەکە کیمیایییەکانی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی، بەشار ئەسەدی راگەیاند.
نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیایییەکان لە شاری لاهای، محەمەد قەتوب، رایگەیاند کە دەستنیشانکردنی شوێنەکان ماددەی سەرەتایی و ئەو تەقەمەنییانە دەگرێتەوە کە هاوشێوەی ئەو چەکانەن کە لە هێرشە کوشندەکانی گازی کیمیاییدا لە ماوەی ساڵانی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەدا بەکارهێنراون.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دەسەڵاتدارانی سووریا 18 کەسیان دەستگیرکردووە کە گومانیان لێدەکرێت تێوەگلابێتن لە پڕۆگرامی چەکە کیمیایییەکاندا، کە لە نێوانیاندا بەرپرسی باڵای سەربازی، سیاسی و تەکنیکی هەن.
دەستەی گشتیی ئامار لە عەرەبستانی سعودیە رایگەیاند کە کۆی گشتیی ژمارەی حاجیانی وەرزی حەجی 1447ی کۆچی گەیشتووەتە (1,707,301) حاجی لە ژن و پیاو، کە لەو ژمارەیە (1,546,655) حاجی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە لە رێگەی دەروازە ئاسمانی، وشکانی و دەریایییەکانەوە هاتوون، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی ناوخۆ لە هاووڵاتیان و دانیشتووان گەیشتووەتە (160,646) حاجی.
دەستەکە لە ئەنجامە ئامارییەکانی تایبەت بە وەرزی حەجدا رونکردنەوەی داوە، کە ژمارەی حاجیانی نێر (پیاوان) گەیشتووەتە(893.396) حاجی، لە کاتێکدا ژمارەی حاجیانی مێ (ژنانی) گەیشتووەتە(813.905) لە کۆی گشتیی حاجیانی ناوخۆ و دەرەوە.
ئامارەکان ئەوەیان خستووەتە روو کە زۆربەی ئەو حاجیانەی لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە هاتوون، لە رێگەی دەروازە ئاسمانییەکانەوە گەیشتوون کە کۆی گشتییان(1.485.729) حاجی بووە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەوانەی لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە هاتوون(54.429) حاجی بووە، و لە رێگەی دەروازە دەریایییەکانیشەوە(6.497) حاجی گەیشتوون.
دەستەی گشتیی ئامار جەختی کردەوە کە بۆ دەرکردنی زانیاری و نیشاندەرەکانی حەجی 1447ی کۆچی، پشتی بە تۆمارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەستووە وەک سەرچاوەی سەرەکیی زانیارییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی مۆدێلێکی ئاماریی یەکگرتوودا کە ئامانجی دابینکردنی زانیاریی ورد و جێی متمانەیە، وەک بەردەوامییەک بۆ ئەو رێبازە ئامارییەی کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا پەیڕەو کراوە.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەوان تاکە سەرچاوە و مەرجەعی رەسمیین بۆ داتا و زانیاریی و ئامارییەکان لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە، و رونیان کردووەتەوە کە دەکرێت لە رێگەی ماڵپەڕی رەسمیەوە سەیری راپۆرتی تەواوی ئامارەکانی حەجی ساڵی 1447ی کۆچی بکرێت.
باخچەلی هۆشداری دەدات و دەڵێت، دوای ئێران نۆرەی توركیایە ببێتە ئامانجی وڵاتە زلهێزەكان و بۆ رێگریكردن لەوەش، پێویستە توركیا بە زووترین کات چارەسەری پرسی كورد بكات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا مەهەپە لە پەیامێكیدا رایگەیاند، ئەو هەڕەشە و هێرشانەی ئەمڕۆ لەلایەن وڵاتانی زلهێزەوە دەكرێتەسەر ئێران، سبەینێ دەكرێنە سەر توركیا.
ئەوەشی خستەڕو، بۆ رێگریكردن لە هێرش و هەڕەشە وڵاتانی زلهێز بۆ سەر توركیا، پێویستە وڵاتەكە لە زووترین كاتدا چارەسەری پرسی كورد بكات.
باخچەلی دەشڵێت، سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی كورد، بنەمای سەرەكییە بۆ دروستكردنی یەكڕیزییەكی بەهێزی ناوخۆیی و پتەوكردنی پێگەی توركیا لەناو هاوكێشە جیهانییەكاندا.
ئێران دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی فڕۆکەخانەی "بەهەشتی" لە ئەسفەهان راگەیەندرا، ئەمەش دوای راگرتنی گەشتەکان بۆ ماوەی 84 رۆژ.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای ئەسفەهان، ئامادەیی تەواوی فڕۆکەخانەکەی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە گەشتیاران پشتڕاستکردەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "بەپێی ئەو مۆڵەتانەی لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئێرانەوە دەرکراون، لە ئێستادا چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە تەنها لە کاتی خۆرهەڵاتن تا خۆرئاوا سنووردارکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە تاران بە توندترین و دژوارترین شێوەی گونجاو وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە کە گەلی ئێران بکاتە ئامانج، هاوکات پابەندبوونی خۆی بە چارەسەرە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە و هۆشداریشی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەنجامدانی هەڵەیەکی ستراتیژی نوێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کارە شەڕەنگێزییەکانی ئەمریکا پێشێلکارییەکی زەقە بۆ ماددەی دووەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، و واشنتۆن بە تەواوی بەرپرسیار دەکات لە کێشە و دەرئەنجامەکانی ئەم رەفتارە دوژمنکارییانە.
بەیاننامەکە زیادیشی کردووە: رێگە نادەین هیچ دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیمان بێ وەڵام تێپەڕێت.
حكومەتی قەتەر رەتیدەكاتەوە بڕی 12 ملیار دۆلاری دابێتە ئێران بە مەبەستی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا.
لێپرسراوێكی باڵای قەتەر ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن وڵاتەكەی بڕی 12 ملیار دۆلاری داوەتە ئێران بە مەبەستی گەرەنتیكردنی گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا.
جەختیشیكردەوە، ئەو راپۆرت و زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.
ماجد ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی ناڕاستانەی هەندێك لایەن بڵاویان دەكەنەوە، ئامانجیان تێكدانی هەوڵەكانی رێككەوتن و پەكخستنی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانەیە كە بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و چەسپاندنی سەقامگیریی لە ناوچەكەدا دەدرێن.
وتیشی، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی قەتەر بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەكاندا روون و ئاشكران و ئەو جۆرە چەواشەكارییانەش تەنها هەوڵێكی بێئەنجامە بۆ لەكەداركردنی ناوبانگی قەتەر.
دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، هۆشدارییان لە کەمبوونی توندی ئاو لە چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە بەهۆی دابەزینی رێژەی بارانبارینەوە دا، و داوایان لە هاووڵاتیان کرد کە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن.
ئەحەد فازڵی، سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی کەشوهەوا و قەیرانەکان لە رێکخراوی کەشناسی ئێران، جەختی لەسەر پێویستی دەستپێوەگرتنی بەکارهێنانی ئاو کردەوە بەهۆی بوونی شۆکی ئاوی لە شارە گەورەکانی وەک تاران، کەرەج، مەشهەد و ئەسفەهان، ئەمەش بەپێی ئەوەی ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی گواستوویەتییەوە.
فازڵی رایگەیاند: رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ 225ملیمە لەبەرانبەر تێکڕای درێژخایەنی 217 ملیم، واتە بە رێژەی 4٪ بەرزترە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم زیادبوونە زیاتر لە مانگەکانی کانوونی دووەم و نیساندا چڕبووەتەوە (٢٥٪+)، لە کاتێکدا لە مانگەکانی نیسان و ئایاردا کەمی کردووە.
پارێزگاکانی وەک تاران، قوم، قەزوین، سەمنان، مەرکەزی و گێڵان ڕووبەڕووی کەمییەکی توندی ئاو بوونەتەوە.
بەتایبەتی لە تاران، ڕێژەی بارانبارین لە ١٥٥ ملیم تێپەڕی نەکردووە لەبەرامبەر تێکڕای ٢٥٠ ملیم، واتە بە ڕێژەی ٣٨٪ دابەزیوە، ئەمەش نزمترین ئاستی مێژووییە کە تۆمار کرابێت.
هەواڵی پەیوەندیدار:
پزیشکیان چەندین جار باسی لە قەیرانی ئاو لە ئێران کردووە.
ڕەگەزە شاراوەکان.. قەیرانی ئاو لە ئێران تەنها بەهۆی سروشتەوە نییە.
فازڵی ڕوونکردنەوەی دا کە دابەشبوونی بارانبارین لە نێوان پارێزگاکاندا وەک یەک نییە؛ تاران و ئەلبورز خاوەنی یەک حەوزی ئاون و هەردووکیشیان بەدەست قەیرانێکی توندەوە دەناڵێنن.
سەبارەت بە مەشهەد، ئەو شارە بەدەست "وشکەساڵی مرۆیی"یەوە دەناڵێنێت بەهۆی چڕی دانیشتووان و ڕێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکان کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی ڕژانی ئاو بۆ ناو بەنداوەکان، سەرەڕای بارانبارینی ئاسایی لە خۆراسانی ڕەزەوی. شارەکانی ئەراک و ساوەش ڕووبەڕووی قەیرانێکی هاوشێوە بوونەتەوە.
لە کۆتاییدا ناوبراو داوای لە دانیشتووانی مەشهەد، تاران، ساوە، ئەراک و کەرەج کرد کە دەست بە ئاوەوە بگرن بۆ خۆدوورخستنەوە لە کەمی ئاوی خواردنەوە، و هۆشداریشی دا کە ڕەنگە قەیرانەکە بگاتە کەرتی ناوخۆ (ماڵان) و تەنها لەسەر کەرتی کشتوکاڵ نەوەستێت.
رێبەری باڵای ئێران، موجتەبا خامنەیی، ئەمڕۆ سێشەممە جەختی کردەوە کە هیچ شوێنێکی ئارام بۆ بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت.
خامنەیی لە پەیامێکدا بۆ حاجیانی ماڵی خودا رایگەیاند: داوا لە وڵاتانی ئیسلامی دەکەم دۆستایەتی و هاوکارییەکانیان بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو بەدیهێنانی پێشکەوتن بۆ ئوممەتی ئیسلامی هەنگاو بنێین، ئاماژەی بەوەش کرد کە: گهلی موسڵمانی ئێران 47 ساڵ لەمەوبەر بە چەکی 'الله أكبر' راپەڕی و رژێمی تاغوتی دیکتاتۆری دۆستی بیانیی رووخاند.
زیاتر وتی: 47 ساڵ لەمەوبەر گەل بە چەکی 'الله أكبر' راپەڕی و دەست و قاچی ئەمریکای چاوچنۆک و خۆبەزلزان لە وڵات بڕی"، روونیشیکردەوە کە "چەکی 'الله أكبر' بەستەرەکانی پەیوەندی نێوان ئوممەتی ئیسلامی و گەنجانی موجاهیدی لە بەرەی خۆڕاگڕیدا (بەرەی مقاوەمە) چەسپاندووە.
رێبەری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئوممەتی ئیسلامی و گەلانی ناوچەکە خاوەنی توانای و بەرژەوەندی هاوبەشن کە سیستمی نوێی ناوچەکە و جیهان دەستنیشان دەکەن.
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) دوای چاودێریکردنی خستووەتە خوارەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە مافی وەڵامدانەوەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئاگربرستان بۆ خۆیان دەپارێزن.
سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا، رایگەیاند: دوێنێ دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیمان لە جۆری (MQ-9) خستە خوارەوە.
زیاتر دەڵێت: تەقەمان لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی جۆری (RQ-4) و فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری (F-35) کردووە کە هێرشیان دەکردە سەر ناوچەکە.
لە کۆتاییدا رایگەیاندووە: مافی وەڵامدانەوەی رەوا و یەکلاکەرەوە بۆ هەر پێشێلکارییەکی ئەمریکا بەرانبەر بە رێککەوتنی ئاگربرستان بۆ خۆمان دەپارێزین.
سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەشداربن لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی، بەڵام بەهۆی کردەوەکانی پێشووی ئیسرائیل بۆسەر غەززە، بەشێک لەو وڵاتانە ئەو داواکاریەی ترەمپیان رەتکردووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی بۆ سعودیە، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر و ئوردن کرد تاکو لە رێککەوتننامەی ئیبراهیمی بەشدارببن، پاکستان رەتیکردەوە بەشداری لەو رێککەوتنەدا بکات.
رۆیتەرز ئەوەشی روونکردووەتەوە، هۆکاری سەرەکی بەشدارنەبوونی راستەوخۆی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو رێککەوتنەدا، بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە بڕوایان بە هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە.
هاوکات، ئیدارەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش تائێستا هیچ وەڵامێکی روون و رەوانیان بۆ داواکارییەکەی ترەمپ و رازیبوونیان بە بەشداریکردنی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە ناوچەکە، نەداوەتەوە.
دوای ئەوەی ماوەی 87 رۆژ بەهۆی جەنگەوە لە ئێران ئینتەرنێت نەما، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە بە رەسمیی فەرمانی بە چالاکردنەوەی ئینتەرنێت لە سەرتاسەری وڵات دا.
ئاژانسی هەواڵی فارس ئاشكرای كرد، مەسعود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، بە رەسمی بڕیاری گەڕاندنەوەی هێڵەكانی ئینتەرنێتی بۆ رەوشی پێش دەستپێكردنی جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا ئیمزاكردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لە ئێستادا بڕیارە گەیشتووەتە وەزارەتی پەیوەندییەكانی ئێران و لە ماوەکانی داهاتوودا ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا کارا دەبێتەوە.
ئەمانەش لەكاتێكدایە، جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل کە زیاتر لە مانگێکی خایاند، بووە هۆکاری روخانی بەشێکی زۆر لە باڵەخانە و پێگە ستراتیژییەکانی ئێران و بڕانی ئینتەرنێتیش یەکێک بوو لە ئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو هێرشە چڕانە.
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" زانیاریی نوێ لەسەر برینداربوونی رێبەری باڵای ئێران بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، موجتەبا خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا تەنها تووشی "برینی روکەش" بووە.
بەپێی زانیارییە رەسمییەکانی تاران کە "سی ئێن ئێن" ئاماژەی پێکردوون، موجتەبا خامنەیی لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکەی 28ـی شوباتی رابردوودا بۆ سەر ئێران، تەنها دەموچاو و سەر و قاچەکانی برینداربوون، بەڵام هیچ کام لە ئەندامانی جەستەی تووشی بڕینەوە نەبوون و برینەکانی هێندە قورس نەبوون پێویستیان بە چارەسەری تایبەت یان نەشتەرگەریی هەبێت و ناوبراو لە چەند سەعاتی سەرەتای رۆژی دواتردا نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم روونکردنەوە رەسمییانەی تاران بۆ کەمکردنەوەی قەبارە و کاریگەریی برینەکانی موجتەبا خامنەییە.
لەلایەکی دیکەشەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکی مانگی رابردوودا زانیاریی جیاوازی بڵاوکردبووەوە و ئاشکرای کردبوو، کە دەموچاوی موجتەبا خامنەی تووشی سووتان بووە و یەکێک لە قاچەکانی سێ نەشتەرگەریی بۆ کراوە.
هاوکات لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، لێپرسراوانی ئێران بەبەردەوامی جەختیان لەوە کردووەتەوە، موجتەبا خامنەیی تەندروستی زۆر باشە و لە ئێستاشدا خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتیی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات، هەروەها دوژمنانی وڵاتەکەیان تۆمەتبار دەکەن بە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و پڕوپاگەندە لەسەر رەوشی تەندروستیی موجتەبا خامنەیی.
ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە، لە زاری سەرچاوەیەکی رەسمیەوە رایگەیاند کە گەورە دانوستانکاری ئێران و سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد باقر قاڵیباف، لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوە، گەیشتوونەتە دەوحە بە مەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ محەمەد بن عەبدوڕەحمان، سەرۆک وەزیرانی قەتەر، سەبارەت بە رێککەوتنێکی چاوەڕوانکراو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.
سەرچاوەکە زیادیشی کرد کە گفتوگۆکانی دەوحە بە پلەی یەکەم تەرکیز دەکەنە سەر هەردوو مەلەفی "گەرووی هورمز و یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی بەرز".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران هاوشانی شاندەکە بەشدارە، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران، وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی کۆتایی ئەگەری لە نێوان واشنتۆن و تاراندا.
سەرەڕای دەنگۆی نزیکبونەوەی ئەمریکا و ئێران لە رێککەوتن، بەڵام میدیاکنی ئێران لە زاری فەرماندەی خاتمولئەنبیاوە رایانگەیاندوە، سوپای وڵاتەکە سیستمی نوێی بەرگریی خستوەتە خزمەتی سەربازییەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دوژمن.
ئەمڕۆ دووشەممە، میدیاکانی ئێران لە زاری عەلی عەبدوڵایی، فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیا بڵاویانکردەوە، کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە خولی داهاتوی جەنگدا، بە بەکارهێنانی سیستمی نوێی بەرگریی ئاسمانی، زیاتر لە جاران روبەڕووی هێرشە ئاسمانییەکانی دوژمن دەبنەوە.
ئەم بانگەشیەی میدیاکنی ئێران لە کاتێکدایە، دوای یەکەمین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەسەربازیەکانی تاران، بەشێک لە سیستمی بەرگریی ئێرانی بە سەختی زیانی پێگەیشت، سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی ئێران لە لەین ئەمریکا وئیسرائیلەوە، بەڵام لە شەڕی ئەم دواییاندا ئێران توانی یەک فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-18ی ئەمریکی بخاتە خوارەوە.
ئاژانسی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسداران لە زاری فەرماندەی بارەگای خاتەمولئەنبیاوە، کە بەرپرسی بەڕێوەبردنی جەنگە ئاماژەی بەوەکردوە، کە دوژمن چەندین جار بانگەشەی لەناوبردنی کەرتی سەربازیی ئێرانی لە بوارەکانی دەریایی، ئاسمانی و موشەکیدا کردووە، بەڵام ئەوان هەمیشە لە مەیداندا نیشانیان داوە کە تواناکانیان ماون و تا کۆتایی شەڕ دەکەن و شکستیان بەسەردا دەسەپێنن.