رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2026ەوە، ئامارەکانی تاوان و کوشتن بەشێوەیەکی مەترسیدار لە پارێزگاکانی سووریا رویان لە زیادبوون کردووە و لە سەرەتای ساڵەوە 222 هاووڵاتی کوژراون.

بە گوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوری، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 201  تاوان و روداوی کوشتن تۆمارکراون، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی 222 کەس، کە 178 یان پیاو بوون و 30 ژن و 14ەشیان منداڵن.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، 46  حاڵەتی شەڕی عەشایەری و خێزانی کە 32 کوژراو و 80برینداری لێکەوتووەتەوە تۆمارکراوە و شارەزایان ئەم تەقینەوە کۆمەڵایەتییە بۆ خراپی بژێوی ژیان، بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێکاری و بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی چەکی بێ مۆڵەت دەگەڕێننەوە، کە وایکردووە کێشە بچووکەکان بە خێرایی ببنە هۆی خوێنڕشتن.

روانگەی سوری دەڵێت؛ لە پاڵ ئەمانەشدا، بەردەوامیی نەریتی کۆنی تۆڵەسەندنەوەی خێڵەکی و پەرەسەندنی گوتاری رق و کینە، پشێوییەکی توندی ئەمنی تری دروستکردووە کە بەهۆیەوە 95 کەس بەهۆی کردەوەی تۆڵەسەندنەوە و لەدەرەوەی یاسا کوژراون.

لە بەرانبەر ئەم رەوشە شڵەژاوەدا، روانگەی سووری داوایەکی بەپەلەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردوە بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا، کۆنترۆڵکردنی چەکی دەستی، چالاککردنی دادگاکان و دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی بۆ قەیرانە ئابووری و دەروونییەکان بە مەبەستی پاراستنی گیانی مەدەنییەکان و گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ کۆمەڵگە.