رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە جەرگەی هەستیارترین رێڕەوی دەریایی جیهاندا، دوورگەیەکی بچووکی ئێران بووەتە ئامانجی راستەوخۆی هێرشە ئاسمانییەکانی پنتاگۆن، دوورگەی لارک کە بە باڵادەستییە جۆگرافییەکەی بەسەر گەروی هورمزدا وەک "چاوی ئێران" دەبینرێت.

دوورگەی "لارک"ی ئێران لە گەروی هورمز، کە کەوتووەتە نزیک بەندەری ستراتیژیی بەندەر عەباس، ناوەندێکی گرنگی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتۆن و تارانە، ئەوەش دوای ئەوەی بووە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئەمریکا دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکیان لە دورگەی لارک بۆردومان کرد، کە ئەوە یەکەم هێرشی ئەمریکایە بۆ سەر ناوخۆی ئێران لە کۆتاییەکانی تەمموزی رابردووەوە. لە بەرانبەردا، ئێران بە ئاڕاستەکردنی هەشت موشەکی بالیستی بۆ سەر ئوردن وەڵامی دایەوە، کە تەواوی موشەکەکان بە لە ئاسماندا تێکشکێنران.

حەشاردگەیەکی سەربازی لە شوێنێکی بەرتەسکدا

لەسەر نەخشە، لارک تەنها دوورگەیەکی بچووکە لە رۆژهەڵاتی دوورگەی قشم و باشوری دوورگەی هورمز لە کەنداو، بەڵام دەکەوێتە هەستیارترین ناوچەی بەرتەسکی گەروی هورمز و زۆر نزیکە لە رێڕەوی کەشتی و نەوتهەڵگرە جیهانییەکان.

ئەم پێگە جۆگرافییە وادەکات لارک ببێتە چاوی چاودێریی ئێران بەسەر گەروەکەدا، چونکە تاران رادار و دامەزراوەی چاودێریی پێشکەوتووی تێدا جێگیرکردووە بۆ بەدواداچوونی جووڵەی کەشتیگەلەکان.

بنکەی سەربازی و تێرمیناڵی نەوت

جگە لە چاودێری، لارک بنکەیەکی سەربازیی گرنگی سوپای پاسدارانی تێدایە و هاوكات بنکەیەکی گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوتیشی تێدایە کە مێژووەکەی بۆ کۆتاییەکانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، سوپای پاسداران بەندەرەکانی ئەم دوورگەیە بەکاردێنێت بۆ سه‌پاندنی مەرجەکانی بەسەر کەشتییەکاندا، لەوانەش وەرگرتنی باج و رسوومات لە بەرانبەر تێپەڕبوونیاندا.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"، ئەم گرنگییە سەربازییەی لارک وایکردووە هەمیشە لە ریزی یەکەمی ئەو ئامانجە سەربازییانەدا بێت کە پنتاگۆن بۆ لێدان لە بنکەکانی ئێران و پاراستنی ئازادیی دەریادەوانی لە گەروی هورمز دیارییان دەکات.

رووبەری دوورگەکە نزیکەی 77 کیلومەتری چوارگۆشەیە، ژمارەیەکی کەم دانیشتووانی کە نزیکەی دوو هەزار کەسن و زۆربەیان بە ماسیگری و کەرتی خزمەتگوزاری سەربازییەوە سەرقاڵن.

پانایی گەروی هورمز لە نزیک دوورگەی لارک نزیکەی 39 کیلومەترە، بەڵام رێڕەوی کەشتیوانیی سەلامەت بۆ کەشتییە زەبەلاحەکان تەنها نزیکەی چوار کیلومەتر پانە، ئەمەش وادەکات لارک باڵادەستیی تەواوی بەسەر ئەم رێڕەوە باریکەدا هەبێت.

 

سەرچاوەکان: ماڵپەڕی ئەکسیۆس، میدیا جیهانییەکان

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات تێکشکاندنی درۆنێکی لە ئاسمانی وڵاتەکەی راگەیاند کە لە ئێرانەوە ئاڕاستە کرابوو.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەرپەرچی درۆنێکیان داوەتەوە کە لە ئێرانەوە ئڕاستەی ئاوە هەرێمییەکانی ئیمارات کرابوو، هاوکات جەختیشی لە ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "هێزە ئاسمانییەکانمان لە ئاسمانی ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەتدا مامەڵەیان لەگەڵ درۆنێکدا کردووە کە لە ئێرانەوە دەهات"، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەسەر جۆری درۆنەکە یان چۆنیەتی بەرپەرچدانەوەی ئاشکرا بکات.

جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەک، و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئاسمانی وڵات بە شێوەی شەوڕۆژ لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و کەناڵەکانی راگەیاندن کردووە زانیارییەکان تەنها لە سەرچاوە رەسمییەکانەوە وەربگرن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆ و زانیاری هەڵە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو مین لە گەروی هورمز بە کەشتییەکی نەوتهەڵگردا تەقییەوە و سوپای پاسدارانیش هۆشداری دەداتە کەشتییەکانی تر.

سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایکرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەروی هورمزدا رووبەڕووی تەقینەوەی دوو مینی دەریایی بووەتەوە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و بە تەواوی پەکی کەوتووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی سوپای پاسداران، کەشتییەکە هەوڵیدابوو بە شێوەیەکی "نایاسایی" لە رێڕەوییە ئاوییەکە تێپەڕێت، تا ئێستا زانیاری لەسەر ناسنامەی کەشتییەکە و چارەنووسی دەستەی کارگێڕییەکەی و ستافی کەشتییەکە رانەگەیەندراوە.

هاوكات سوپای پاسداران هۆشدارییداوە کە هەر کەشتییەکی تر سەرپێچی رێنماییە ئەمنییەکانیان بکات رووبەڕووی هەمان چارەنووس دەبێتەوە، و جەختیشی کردووەتەوە کە پابەندبوون بە رێکارەکانی ئەوان بۆ تێپەڕبوون لە گەروی هورمز ناچارییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشی ئەمریکای بۆ سەر دورگەی لارک بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکەی وەسف کرد، هاوکات بەڵێنی دا بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێ بداتەوە.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: سوپای ئەمریکا بە پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەمان، هێرشی کردە سەر بەشێک لە دورگەی لارک، ئەمەش بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی بەغیرەتی نیشتمان و هاووڵاتییانمان، جگە لە گەیاندنی زەرەر و زیان بە موڵکومالی گشتی و تایبەتی.

لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێزە چەکدارەکانمان لێدانێکی بەرگریکارانەی کەمەرشکێنیان ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئوردن کرد کە ببوونە سەرچاوە و پاڵپشتیکاری دەستدرێژییە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو: بە شێوازێکی گونجاو و بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەکی نوێی سەربازی دەدەینەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت کرایەوە: دیارە بەرپرسیارێتیی تەواوی دەرئەنجامەکانی کردەوە دەستدرێژکارانە نوێیەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی ئابڵۆقەی دەریایی و جەنگی ئابووریی سەر ئێران، دەکەوێتە ئەستۆی ئەمریکا و سەرجەم ئەو لایەنانەی بە هەر شێوەیەک بێت هاوکاری و بەشدارییان لە ئامادەکاری و جێبەجێکردنی کردەوە نەیاسایی و دەستوەردانەکانی ئەمریکادا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ گرژییەکان روویان لە هەڵکشان کرد دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا رایانگەیاند پلاتفۆرمەکانی هەڵدانی مووشەکی ئێرانیان لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، کە ئەوەش یەکەم کردەی سەربازیی ئەمریکایە دژ بە ئێران لە دوای چەند هەفتەیەک.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرانبەر دەستدرێژییەکاندا دەستەوستان ناوەستێت، و ئاماژەی بەوەش کرد کە نەسەقامگیری لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە و ئاڵۆزی بۆ هەمووان دروست دەکات.

پزیشکیان، ئەمڕۆ دووشەممە، رایگەیاند: وڵاتەکەی هەوڵی جەنگ نادات، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەداتەوە کە بکرێتە سەر وڵاتەکەی.

تەلەفزیۆنی ئێران لە پزیشکیانەوە پێش بەڕێکەوتنی لە تارانەوە بۆ قیرغیزستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە "لووتکەی شەنغای" بۆ هاوکاری، بڵاوی کردەوە کە پزیشکیان جەختی کردووەتەوە: هەوڵنەدان بۆ جەنگ پەیامێکی روونە کە تا ئێستا بە جیهانمان راگەیاندووە.

وتیشی: بەڵام ئێمە هەرگیز لە بەرانبەر هیچ دەستدرێژییەکدا دەستەوستان ناوەستین و بە توندی وەڵامی دەستدرێژکاران دەدەینەوە، هاوكات جەختیشی کردەوە کە "نەسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێکدا نییە، چونکە هەمووان رووبەڕووی ئاڵۆزی و ئاستەنگ دەکاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ هێرشی توند دەکاتە سەر یەکێتی ئەوروپا و دەڵێت؛ بۆ تورکیا بێدەنگن نیوەی قوبرسی داگیرکردوە، کە وڵاتێکی ئەوروپایە، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت لە خاکی خۆیدا بیناسازی بکات و بژی، ئەوروپا تووڕە دەبێت و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکردوە، یەکێتی ئەوروپا تەنها لەسەر مافەکانی ئیسرائیل دێنە دەنگ، لە کاتێکدا تورکیا بە ئاشکرا نیوەی قوبرسی داگیر کردوە و هیچ دەنگی لێوەنایەت.

ناوبراو جەختیکردوەتەوە، گەلی جولەکە مافی مێژویی خۆیەتی لە نیشتمانی رەسەنی خۆیدا بژی و خانوو و شاری هەبێت، بەڵام رەخنەکانی ئەوروپا ئەو مافە بە رەوا نابینێت.

نەتانیاهۆ دەڵێت؛ سلۆڤینیا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و مافی خۆیەتی بڕیار بدات و بەکارهێنانی ئەو مافانە "پێشێلکاری یان وروژاندن" نییە، بەڵکو مافێکی رەوایە کە هەندێک کەس هەوڵی زەوتکردنی دەدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە میانی کۆبونەوەی حکومەتەکەیدا، مەسعود پزیشکیان بە بەڕێوەبەری کەناڵی رەسمی ئێران سەدا و سیمای وتوە ئیتر سەیری ئەو کەناڵە ناکات، چونکە کاتێک سەیری دەکات زیاتر دەمارگری دەکات.

مسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا،  رەخنەی توندی لە ئەدای  دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی (صداوسیما) گرت و رایگەیاند ئیتر سەیریان ناکات.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، مەسعود پزیشکیان بە پەیمان جەبلی، سەرۆکی دەزگای سەدا و سیمای وتوە؛ ئیتر بینەری بەرنامەکانیان نییە، چونکە دەبێتە هۆی تێکچونی دەرونی و دەمارگیری دەکات.

سەرۆک کۆماری ئێران جەختی لەوەش کردەوە ،کە ئەگەر کەسێکی وەک ئەو کە تەمەنی بۆ خزمەتی سیستەمەکە داناوە بڕوا و تێڕوانینی بەرانبەر راگەیاندنی رەسمی وڵات بەو جۆرە بێت، ئەوا دەبێت تێبگەن، کە خەڵکی ئاسایی چ هەست و تێڕوانینێکی نەرێنییان بەرانبەر ئەو دامەزراوەیە هەیە.

ئەم قسانەی سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتێکدایە، کە دەزگای پەخشی سەدا و سیما، کە لە تەلەڤیزیۆن و رادیۆ پێکدێت، زمانحاڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و نزیکی سوپای پاسدارانە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان گەیشتووەتە تێگەیشتنێک سەبارەت بە رێکخستنی پەڕینەوەی کەشتییەکان لە گەروی هورمز، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد ئەم رێکخستنانە ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بەجێنەهێنێت.

غەریب ئابادی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: تاران پەلەی نییە لە دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز".

هەروەها ئاماژەی بەوەدا: رێڕەوە ئاوییەکە هێشتا داخراوە و هەر پەڕینەوەیەکی کەشتییەکان لە گەروەکەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێت، وەک ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران پەیامێکی نوێی ئاڕاستەی گەلانی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە کرد و تێیدا هۆشداریان لەبارەی دۆستایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەداتێ و دەڵێت: واشنتۆن و تەلئەبیب دوژمنی دۆستەکانی خۆشیانن.

لە پەیامەکەیدا جەختی لەوەش کردەوە، تاکە رێگە بۆ رووبەرووبوونەوەی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، یەکڕیزیی موسڵمانان، بەپێچەوانەشەوە؛ دووبەرەکی و ناکۆکی لەنێو گەلانی موسڵماندا، دەبێتە هۆی سەرکەوتنی ستراتیژ پلانەکانی واشنتۆن و تەلئەبیب.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی یەکگرتوو بان، گەلی فەڵەستینیش بەو شێوەیە بێپەنا نەدەمان و رووبەرووی ستەم و کۆمەڵکوژی نەدەبوون.

هۆشداریشی دایە وڵاتانی رۆژاوای ئاسیا و وڵاتانی کەنداو و داواشیان لێدەکات، دوژمنی راستەقینەی خۆیان بناسن و تێبگەن کە ئەمریکا و ئیسرائیل تەنانەت دوژمنی ئەو دەوڵەتانەشن کە هاوکارییان دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران، دەنگۆی تێپەڕبوونی 130 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەروی هورمز رەتدەكاتەوە و دەڵێت زیانەكانی كۆمپانیای جەین ستریت لە گرەوە بازرگانییەكاندا لە كەرتی نەوتدا زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلاری زیان بەركەوتووە: 

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریكا بەدوای ژمارە 130دا دەگەڕێت، با سەیری ڕاپۆرتەكانی ئاژانسەكان بكات كە دەریدەخات تێچووی جەنگ بۆ ئەمریكا زیاتر لە 130 ملیار دۆلار بووە.

وتیشی، زیانەكانی كۆمپانیای جەین ستریت لە گرەوە بازرگانییەكاندا لە كەرتی نەوتدا زیاتر لە 130 ملیۆن دۆلاری زیان بەركەوتووە.

سكۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاندبوو كە هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی 14 ڕۆژی ڕابردوودا ئاسانكارییان بۆ دەرچوونی 130 ملیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هورمز كردووە، لە كاتێكدا ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە تادێت قەیرانی وزە لە ئێراندا قوڵتردەبێتەوە و سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەش دەڵێت، لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە ئەگەر پێویست بكات كارەبا لە دامودەزگا حكومییەكان بكوژێننەوە.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاند، حكومەتی ئێران كار بۆ بەڕێوەبردنی باشتر و كۆنترۆڵكردنی بەكارهێنانی ئاو و كارەبا دەكات، بە تایبەتی لەئێستادا كە وەرزی سەرما نزیكە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە هیچ جۆرێك رێگەنادەن كەرتی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی ئێران پەكیبكەوێت، بۆ ئەو مەبەستەش لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپاردووە ئەگەر پێویست بكات كارەبا لە دامودەزگا حكومییەكان بكوژێننەوە، بەڵام لە دامەزراوە پیشەسازیی و بەرهەمهێنەرەكان نەیكوژێننەوە.

پزیشكیان ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی ئێران بەنیازە چەند رێوشوێنێك بگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە بەهەدەردانی وزە لە وەرزی سەرمادا، لەوانە یەكخستنەوەی چالاكییە حكومییەكان و فراوانی كارەكانی حكومەت، جەختیشی لەوە كردەوە، لەپاڵ گەلی ئێراندا دەوەستنەوە و یەكگرتوویی و یەكڕیزی دوو بنەمای سەرەكین بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانانەی بەرۆكی ئێرانیان گرتووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، درێژەکێشانی گەمارۆکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری گرانبوونی کاڵاکان، بەوپێیەی تێچوی گواستنەوە و هاوردەکردن زیادیکردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموان پێشبینی برسێتیمان دەکرد، بەڵام ئەوان دەزانن لەسەر خەزێنە خەوتون.

مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەوان لەسەر خەزێنە خەوتون و  نابێت هاووڵاتیەکانیان برسیبن.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی گەمارۆکانەوە هاوردە  و هەناردە بە رێژەی ٪25 بۆ ٪35 کەمی کردوە و ئەمەش کاریگەری تەواوی کردوەتە سەر ئابوری وڵاتەکەیان.

 پزشکیان باسی لەوە کرد وڵاتەکەی لەسەر گەنجینەیەکی گەورەیە و نابێت هاووڵاتییەکانیان برسیبن، ئەگەر نەتوانن کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن و سەرقاڵی ململانێی سیاسی بن، ناکرێت وەڵامی خوا بدەنەوە.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری و دابینکردنی پێداویستییەکان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند لەڕێگەی بەشداریپێکردنی خەڵکەوە دەکرێت تا رادەیەکی زۆر کێشەی توێژە کەمدەرامەتەکان و کێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر بکرێت.

داواشی کرد لەبری تۆمەتبارکردنی یەکتر، کەموکوڕییەکانی یەکتر پڕبکەنەوە، چونکە ناتوانێت بە تەنیا وڵات راستبکاتەوە و دەبێط هەموان پێکەوە هەوڵی تێپەراندنی قەیرانەکە بدەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، رایگەیاند لە روبەڕوبونەوە سەربازییەکاندا موشەکەکانی وڵاتەکەی بە باشی تاقیکردنەوەی خۆیان تێپەڕاندوە و بە شێوازێکی سەرکەوتووانە بەرگرییان لە ئاسایشی وڵات کردووە.

عباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانە شانازی بە توانای موشەکی و پیشەسازیی سەربازیی ناوخۆیی وڵاتەکەیەوە دەکات لە میانی جەنگ و روبەڕوبونەوە سەربازییەکاندا و دەڵێت؛ تاقیکردنەوەکانیان بە باشی تێپەڕاند.

 عراقچی وێرای جەختکردنەوە لە سەرکەوتوی موشەکەکانیان لەجەنگەکەدا دەشڵێت؛   پێشهاتەکانی جەنگەکە راستییەکی گرنگیان سەلماندووە، ئەویش ئەوەیە کە تەواوی ئەو بەرهەم و چەکە سەربازییانەی لە ناوخۆی ئێراندا دروستکراون باشترین کارایی و کاریگەریی مەیدانییان لە کاتی بەکارهێنانیاندا نیشانداوە.

ناوبراو دەشڵێت؛ وڵاتەکەی بە تەواوی جیهانی نیشانداوە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستەپاچەن لە بەرپەرچدانەوەی موشەکەکانی ئێران، کە بە تەکنەلۆژیای خۆماڵی پەرەیان پێدراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکی نوێدا هۆشداری لە لاوازکردنی یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی دەدات و دەڵێت؛ هیچ لێدوانیک مەدەن ورەی هاووڵاتیان داببەزێنێت.

موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە رێگەی پەیامێکی نوێی نووسراوەوە کە ئاژانسی "تەسنیم" بڵاویکردووەتەوە، داوای کردووە رێگری لە هەر رەفتار و لێدوانێک بكرێت کە زیان بە یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ورەی نیشتمانی لە وڵاتدا دەگەیەنێت.

لە پەیامەکەیدا، خامنەیی داوای لە لێپرسراوان کردووە خۆیان لە باسکردنی خاڵە لاوازەکان و راگەیاندنی لێدوانی بێئومێدکەر بەدوور بگرن، چونکە بە وتەی ئەو، دەرخستنی ئەم لایەنانە خزمەت بە دوژمن دەکات.

لە رووی ئابورییەوە، رابەری ئێران جەختی لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە هەڵئاوسان، بێکاری و گرانبوونی نرخەکان کردەوە؛ هاوکات رایگەیاند، پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و پیشەسازیدا دەبێتە تەوەری سەرەکی بەرەنگاربوونەوەی فشارە ئابورییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، سیاسەتی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد،، سیاسەتی پەراوێزخستن و گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەکارهێنانی سزای ئابوری و هەوڵدان بۆ دابڕینی وڵاتێک لە سیستمی دارایی و بازرگانیی نێودەوڵەتی، زیانی راستەوخۆ بە ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە متمانە دروست بکات و دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت.

عراقچی رایگەیاند: پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان متمانە دروست بکات و بە رێزەوە قسە بکات و دان بە مافەکانی ئێراندا بنێت و پابەندی بەڵێنەکانی بێت، هەروەها جەختی کردەوە: گەڕاندنەوەی رێڕەوی دبلۆماسی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی مەحاڵ نییە.

ئاماژەی بەوەش کرد: پێویستە واشنتۆن تێبگات لەوەی کە گوشار هیچ سوودێکی نییە، و روونیشی کردەوە: ئێران تاوتوێکردنی بەرهەمدار و دااهێنەرانەی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ تاران ئەنجامداوە.

جەختیشی کردەوە: وڵاتەکەی پێیوایە گەڕانەوە بۆ رێڕەوی دبلۆماسی ڕێپێدراوە، بە مەرجێک ڕێزی دوولایەنە و پابەندبوون بە بەڵێنەکانەوە هەبێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123456...174