سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکانی وڵاتەکەی ئازاد نەکرێن، ئەوا ئاگربەست لەگەڵ غەززە رادەگرن.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئەگەر تاوەکو رۆژی شەممە دیلەکان ئازاد نەکرێن، ئەوا رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە کۆتایی پێ دێت و هێرشەکان بە چڕی دەست پێ دەکەنەوە و هەتا لەناوبردنی حەماس بەردەوام دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس پابەندی بەڵێنەکانی رێککەوتنی نێوانیان نەبووە و هەر بۆیە دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە هەڵدەپەسێردرێت. وتیشی، پێشوازی لە پلانی سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ داهاتووی غەززە.
پێشتریش لە راگەیاندراوێکدا دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ئەوەیان خستبووە روو، دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەیان و بزووتنەوەی حەماس، تا ئەو کاتەی کە ٩ دیلی دەست حەماس ئازاد نەکرێن، دەست پێ ناکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، عیزەدین قەسام وتەبێژی لیواکانی باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە رایگەیاند، خولێکی دیکەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەکەیان و ئیسرائیل کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت، بەهۆی پابەند نەبوونی ئیسرائیل بە ڕێککەوتنەکەوە، دوادەخرێت.
دوێنێش دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو رۆژی شەممە چاوەڕوانی حەماس دەکات بۆ ئازادکردنی دیلەکان، دوای ئەو وادەیە دەرگای دۆزەخ دەکرێتەوە.
ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی باڵی سەربازی حەماس، کەمێک پێش ئێستا (دووشەممە) رایگەیاند، رادەستکردنی ئەو زیندانییە ئیسرائیلیانەی بڕیار بوو شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، بەهۆی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بەرامبەر ئاگربەستەکە دواخرا.
ئەبو عوبەیدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا سەرکردایەتی حەماس، چاودێری پێشێلکارییەکانی دوژمن و پابەندنەبوون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەیان کردووە، لەوانە دواخستنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکووری کەرتی غەززە، بە ئامانجکردنیان بە بۆردومان و تەقەکردن لە ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە، هەروەها نەهێنانی ئەو کەرەستە فریا گوزارییانەی رێککەوتنیان لەسەر کرابوو"
هاوکات وتیشی: بۆیە رادەستکردنی زیندانیانی ئیسرائیلی کە بڕیار بوو رۆژی شەممەی داهاتوو ئازاد بکرێن، تا ئەوکاتەی داگیر کار پابەند دەبێت بە ئاگر بەستەو قەرەبوو کردنەوەی کارەکانی هەفتەی داهاتوو دوادەخرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری نوێی سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە پەخشکرا، ڕایگەیاند، لە پاش روخانی ئەسەد، هەزاران خۆبەخش پەیوەندیان بە سوپای نوێی سوریاوە کردووە.
لە پۆدکاستێکی دەنگیدا لەگەڵ ئەلیستەر کامپبێل، وتەبێژی پێشووی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا و ڕۆری ستیوارت، وەزیری پێشووی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، ئەحمەد شەرع رایگەیاند، بە سەرباز کردنی ناچاریمان نەسەپاندووە، بەڵکو بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هاووڵاتییان خۆیان هەڵیان بژاردووە پەیوەندی بە سوپای نوێی سوریاوە بکەن.
شەرع ڕوونیشیکردەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا و لە دوای ململانێکانی 2011 کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی نیو ملیۆن کەس، لە ترسی سەرباز گیری ناچاری ژمارەیەکی زۆر گەنج لە سوریا هەڵاتوون و ئەمەش گەورەترین نیگەرانی سورییەکان بوو، بەڵام ئێمە ئەمەمان نەهێشتووە.
لە 29ـی 1، کاتی دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع وەک سەرۆکی کاتی، ئیدارەی نوێ زنجیرەیەک بڕیاری دەرکرد کە تیایدا فەرمان درابوو هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم کوتلە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، جگە لە سوپا و خزمەتگوزارە ئەمنییەکان.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند، شاندی ئیسرائیل لە دۆحە گەڕاونەتەوە و سبەی ئەنجومەنی وەزارەت کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی باسی لەوەکرد قەتەر ناڕازییە لە لێدوان و هەڵسوکەتەکانی بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە غەززە و بەرەو پێش چوونەکان.
لە بەرامبەردا کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، وابڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی حکومەت دا، تاوتووێی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە بکات، ئەم کۆبونەوەیە هاوشانی لێدوانێکی دەیڤید مینسەر، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیلە کە وتی؛ هەتا نەگەین بە ئامانجەکانمان کۆتایی بە شەڕ ناهێنین.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆبوونەوەکە بۆ باسکردنە و دارشتنەوەی هەڵوێستی نوێی ئیسرائیلە پێش دەستپێکردنەوەی یەکجاری گفتوگۆکان بۆ ئاگر بەست.
لای خۆیەوە ڕۆژنامەی ماریڤ بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بیر لە بەردەوامیدان بە ئازادکردنی دیلەکان دەکاتەوە و دەیەوێت پێش هاتنی مانگی رەمەزان دیلەکان ئازادبکرێن.
لە نوێترین وتاریدا لە تاران، سەرۆک کۆماری ئێران تانەی لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی داو رایگەیاند ئێران لە ژێر فشاردا ملکەچی هیچ شتێک نابێت و ئیسرائیلیشی بە هۆکاری ناسەقامگیری رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارێکیدا کە بەبۆنەی یادی 46 ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێرانەوە پێشکەشی کرد، ئاماژەی بە سزاکانی ئەمریکا و دواین لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کرد و وتی:"ئەگەر ترەمپ دەیەوێت رێکبکەوین، بۆچی سزاکانی ئیمزاکرد، ئەو راستگۆ نییە لە ویستی بۆ رێککەوتن".
لەوتارەکەیدا مەسعود پزیشکیان وتی:" ترەمپ پیلان لە دژی وڵاتەکەمان دەگێڕێت و ناتوانین متمانە بە لێدوان و بەڵێنەکانی بکەین".
هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە، تاران ملکەچی گوشارە دەرەکییەکان نابێت، بەڵام بەدوای شەڕیشدا ناگەڕێت.
پزیشکیان تیشکی خستە سەر پشێوی و روداوەکانی ناوچەکەو ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد و بە هۆکاری ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی هێنا، وتی: "ئیسرائیل نەک هۆکاری نائارامی ئێران بەڵکو هی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەمەش بە پشتیوانی ئەمریکا".
ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئێران، هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ترەمپ زیاتر لە چەند جارێک رایگەیاندووە کە پێی باشترە لەگەڵ تاراندا بگەنە "رێککەوتنی ئاشتی ئەتۆمی" و ئەمەش وادەکات رێگە بە تاران بدرێت گەشە بکات.
لە هەمان کاتدا هەفتەی رابردوو یاداشتێکی ئیمزاکرد کە بریتی بوو لە دووبارە سەپاندنەوەی سزای توند بەسەر نەوتی ئێراندا.
پێشتریش وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو سزایانەی بۆ سەر وڵاتەکەی بە "نایاسایی و ناڕەوا ناوبرد"
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، غەززە بووە بە زیندان. دەشڵێت، بەر لە شەڕی غەززە میسڕ رێگای نەداوە وڵاتەکە جێبهێڵن.
بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، فەڵەستینییەکانی دانیشتووی کەرتی غەززە دەیانەوێت غەززە بەجێبھڵن.
باسی لەوەشکردووە، لە رابردووشدا و بەر لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئیرائیل و حەماس، ژمارەیەک داواکارییان لە فەڵەستینییەکان بەدەست گەیشتووە کە دەیانەوێت غەززە بەجێبڵن، "بەڵام میسر رێگای بە فەڵەستینییەکان نەداوە، لەوەی ئارەزومەندانە کەرتی غەززە بەجێبھێڵن".
ناتانیاهۆ وتیشی، "ھەمووان غەززە، بە گەورەترین زیندانی کراوە لە جیھاندا ناو دەبەن، چونکە دانیشتووانەکەی ناتوانن بەجێیبھێڵن و بژاردەی ئەوەیان نییە".
رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بە زیاتر لە پێنج هەزار موشەک هێرشیکردە سەر ئیرسائیل و لەدوای ئەوەشەوە جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستبوو و تاوەکو ئێستا دوای ساڵێک و چوار مانگ، شەڕ بەردەوامە.
لە لیبیا تەرمی نزیكەی 50 كۆچبەر لە دوو گۆڕی بە كۆمەڵدا دۆزرایەوە كە هەندێكیان شوێنی گوللە بە جەستەیانەوە بووە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی لیبیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوو گۆڕی بە كۆمەڵ لە لە شاری كوفرە لە باشوری رۆژهەڵاتی لیبیا دۆزراونەتەوە كە یەكەمیان رۆژی هەینی هەڵدراوەتەوە و تەرمی 19 كۆچبەری تێدا بووە.
دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكانیش ناوەندێكی بازرگانیكردنیان بە مرۆڤ ئاشكراكردووە، لە هەمان ناوچە گۆڕێكی تری بە كۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە تەرمی 30 كەسی تێدا بووە.
كۆمەڵەی عابرینی خێرخوازیش ئاشكرایكردوە، هەندێك لە تەرمەكان شوێنی گولـلەیان پێوەیە و لە ئێستاشدا لێكۆڵینەوەی زیاتر لەوبارەیەوە دەكرێت.
لە ماوەی دوو مانگی هێرشەكانی توركیا و چەكدارانی بۆ سەر باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان زیاتر لە 80 كەس شەهیدبون.
دەستەی تەندروستیی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا بەهۆی هێرشی درۆن و بۆردومانی فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ، لەگەڵ پەلاماری چەكدارانی سوری هاوپەیمانی ئەو وڵاتە، 82 هاوڵاتیی مەدەنیی شەهید و 250 كەسیش برینداربون.
زۆرینەی قوربانییەكان لە گوندەكانی مەنبج و نزیك لە بەنداوی تشرین و كۆبانێ بون كە لە بۆردومانی درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەهید بون.
دەستەی تەندروستی ئاماژەی بەوە كردوە لە ماوەی یەك مانگی هێرشەكانی توركیا بۆسەر بەنداوی تشرین 24 هاوڵاتیی مەدەنی شەهید بون و 221 كەسی دیكەش بریندرابون.
بە پێی ئامارەكانی دەستەی تەندروستی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لەو دوو مانگەدا لانیكەم 10 منداڵ لە كۆبانێ و سرین و مەنبج بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە شەهید بون.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس، لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران عەلی خامنەیی لە تاران کۆبوونەوە و لە کۆبونەوەکەدا خامنەیی رایگەیاند: پێزانینی خۆی بۆهەوڵەکانی وەفدی دانوستانکاری حەماس دەربڕیوە و رایگەیاندووە: "بەدەستهێنانی ڕێککەوتننامەی ئاگربەست دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام جیهانی ئیسلامی دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی لە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی فریاگوزاری بۆ گەلی فەلەستین هەڵبگرێت".
لە سەرەتای دیدارەکەدا، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، خەلیل حەیا، وتی: "سەرکەوتنی بزوتنەوەی حەماس سەرکەوتنێکی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێرانە".
خامنەیی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ وەفدی حەماس ئاماژەی بەوەکرد: "هێزە داگیرکەرەکان سەرەڕای ئەو شەڕەی کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند، نەیانتوانی هیچ کام لە ئامانجەکانیان بەدیبهێنن، خەباتی فەلەستین، نەک هەر ئیسرائیلی تێکشکاند، بەڵکو ئەمریکاشی تێکشکاند.
بەگوێرەی ئەوەی کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، خامنەیی ئاماژەی بە گرنگی پلاندانان بۆ کاری فەرهەنگی و میدیایی شانبەشانی هەوڵە سەربازییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە "خەباتی فەلەستین ئاستێکی بەرزی لە بواری میدیا و راگەیاندندا پێشکەش کردووە و بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتیی دەبێت بەردەوام بن لەم شێوازە".
خامنەیی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا کردووە بۆ سەر ئابوری ئێران و جەختی کردەوە لەوەی؛ "ئەم جۆرە هەڕەشانە هیچ کاریگەرییەکیان لە سەر بیرکردنەوەی نەتەوەکەمان و شێوازی کارکردنمان نابێت".
ڤاسیپ شاهین، پارێزگاری شارەوانی ئەنقەرە رایگەیاند، تەنیا لە سێ هەفتەی رابردودا لە ئەستەمبوڵ دەست گیراوە بەسەر 86 هەزار و 274 لیتر کحولی ساختە و قاچاخدا و لە ماوەی مانگێکیشدا، 70کەس بە هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخ و باج لەسەر کاڵاکان، مردن بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختە لە تورکیادا بووەتە دیاردە و .ڤاسیپ شاهین، پارێزگاری ئەنقەرەش لەو بارەیەوە رایگەیاند، لەم دواییانەدا 33 کەس لە پایتەخت بەهۆی خواردنەوەی کحولی ساختەوە گیانیان لەدەستداوە و 20 کەسیش لە بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
ڤاسیپ شاهین ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی بەدوادا گەڕان بۆ دەستگرتن بەسەر کحولی ساختەدا، توانراوە 102تۆن مادەی دژە تەندروستی لەناو جۆرە جیاوازەکانی کحولدا تەنیا لە ناوچەیەک بدۆزنەوە.
شاهین باسی لەوەشکرد، 32 لەو کەسانەی کە کحولی ساختەیان بەرهەمهێناوە و فرۆشتوویانە، دەستبەسەرکراون و بەپێی بڕیاری دادگە 11یان زیندانی کراون، مۆڵەتی فرۆشتنیشیان لە 63 فرۆشگەی کحول وەرگرتووەتەوە و دایانخستوون.
داود گول پارێزگاری ئیستەنبوڵیش رایگەیاند، لە نێوان 14ـی 1 بۆ و 6ـی شوبات 70کەس بەهۆی خواردنەوە کحولییە ساختەکانەوە لە شارەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمریكا وەڵامی خامنەیی دەداتەوە و دەڵێت بۆئەوەی سزاكانی سەر ئێران قورستر نەبێت، پێویستە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستانەكان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە وەڵامی وتەكانی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بە ئاشكرا لەگەڵ ئەوەی خوازیاری رێگریكردنە لە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، لە هەمان كاتیشدا پێداگریی لە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەكات.
وتیشی، ئەگەر ئێران نایەوێت دانوستان و گفتوگۆ بكات، روبەڕوی سزای زیاتر و فشاری زۆرتری ئەمریكا دەبێتەوە.
ئەو وەڵامەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت كە خامنەیی لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، ئەمریكا هیچ كاتێك پابەندی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان و بە تایبەتیش رێككەوتنی ئەتۆمیی نەبووە، بۆیە سوود لەم ئەزمونەكان وەردەگرن و دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا ناكەن.
ئەمڕۆ حەماس لە پێنجەمین ئاڵوگۆڕدا سێ بارمتەی دیكەی ئیسرائیلی ئازاد دەكات و ئیسرائیل 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد دەكات.
گروپی قەسام باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس ناوی سێ بارمتە ئیسرائیلییەكەی بڵاوكردەوە كە بڕیارە ئەمڕۆ ئازادیان بكات، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل بڕیاریدا 183 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد بكات كە 18یان سزای هەتاهەتایی و 54یان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ وەفدێكی ئیسرائیل بگاتە دەوحە بۆ دانوستان لەسەر قۆناغی دووەمی رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، بەڵام حەماس نێوەندگرانی ئاگادار كردووەتەوە كە ئیسرائیل پابەند نەبووە بەو پرۆتۆكۆڵە مرۆییانەی لەسەری رێككەوتوون.
لە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستدا كە 20 رۆژی بەسەردا تێپەڕیووە، تائێستا 13 بارمتەی ئیسرائیلی و 737 بەندكراوی فەڵەستینی ئازاد كراون.
وەزیری بەرگری سوریا دەڵێت، كێشەی كورد بە رێگەی دیپلۆماسی چارەسەر دەكەن.
مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیكەی 100 گروپی چەكدار ئامادەییان دەربڕیووە لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدابن، چەند گروپێكیش هێشتا رەزامەندییان نیشان نەداوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بە رێگەی دیپلۆماسی كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە یەكلایكردنەوەی كێشەكان بە رێگەی سەربازی دەبێتە هۆی خوێنڕشتن لە هەردوولا، لەبەرئەوە دەخوازن هەسەدە بچێتە ریزی وەزارەتی بەرگری.
سەبارەت بە پرسی ئامادەیی روسیا لە سوریا، وەزیری بەرگری وتی، سوریا ئامادەیە رێگە بە روسیا بدات بنکە ئاسمانی و دەریاییەکانی بەدرێژایی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست بهێڵێتەوە، بەو مەرجەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە لە بەرژەوەندی سوریادا بێت.
ئەو وەزیرە لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ رۆژنامەی ئەمریکی، واشنتۆن پۆست وتی: ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ روسیا سوودی بۆ سوریا هەبێت، ئەوا هیچ ناڕەزایەتییەکیان بەرانبەری نییە.
رابەری باڵای ئێران رایگەیاند، دانوستان لەگەڵ ئەمریكا هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان نییە و نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت .
عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی ئاماژەی بۆ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا كرد و رایگەیاند، لە ساڵانی نەوەدەكاندا نزیكەی دوو ساڵ لەگەڵ ئەمریكا و چەند وڵاتێك دانوستاندنیان كرد، پەیماننامەیەك ئامادەكرا، بەڵام ئەمریكییەكان كاریان لەسەر ئەو پەیماننامەیە نەكرد، لەبەرئەوە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا زیرەكانە و شەرەفمەندانە نییە و هیچ كاریگەرییەكی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی وڵات نییە و هیچ كێشەیەك بە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا چارەسەر نابێت.
وتیشی، مەبەست لەو پەیماننامەیە بۆ هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا بوو لەسەر ئێران، بەڵام سزاكانی ئەمریكا هەڵنەگیرا، سوود لە ئەزموونەكان وەربگرن، نابێت دانوستان لەگەڵ حكومەتێكی لەو جۆرەدا بكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەپاندنی سزاکانی واشنتۆنی بەسەر ئەو کەس و لایەنانەی نەوتی خاوی ئێران دەفرۆشن، بە توندی ئیدانە کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: بڕیارەکەی حکومەتی نوێی ئەمریکا بۆ گوشار خستنە سەر گەلی ئێران بە رێگەگرتن لە بازرگانی یاسایی ئێران لەگەڵ هاوبەشە ئابوورییەکانی نایاسایی و ناڕەوایە و پێشێلکارییە بەرامبەر یاسا و پێچەوانەی رێسا نێودەوڵەتییەکانیشە.
بەقایی لەو راگەیەنراوەدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەم ڕێوشوێنانە رێگری لە ئێران ناکات بۆ بەرەو پێش چوون و هەنگاو نانی زیاتر بۆ پەرەپێدانی توانا ناوخۆییەکانی خۆی.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025 دۆناڵد ترەمپ فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ زیاترکردنی گوشارەکانی لەسەر ئێران واژۆکرد، گەنجینەی ئەمەریکاش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سزاکان "تۆڕێکی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج کە ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوەی ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی ئێران کە بەهای سەدان ملیۆن دۆلارە بۆ چین".
مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا سەردانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاند، یەکەم گەشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای ئەو هێرشانە دێن کە کرانە سەر نوێترین لێدوانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ گواستنەوەی فەلەستینییەکان لە غەززە.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، رۆبیۆ لە 13تا 18ـی مانگ سەردانی ئیسرائیل، سعودیە، ئیمارات و قەتەر دەکات، دواتریش دەچێتە ئەورووپا بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشنیاری ترەمپیان بۆ ئاوارەبوونی هەمیشەیی فەلەستینییەکان لە غەززە لە چوارچێوەی کۆنترۆڵی ئەمریکا بۆ سەر خاکی غەززە رەتکردەوە.
ڕوبیۆ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لەکاتی ئاوەدانکردنەوەی غەززەدا، فەلەستینییەکانی ئەو کەرتە دەبێت "بەشێوەیەکی کاتی" ڕوو لە شوێنێکی دیکە بکەن.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوبیۆ لە میانی گەشتەکەیدا بارودۆخی غەززە و کاردانەوەی ئەو هێرشانەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، تاوتوێ دەکات و بەردەوامیش دەبێت لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای ناوچەکە لەژێر رۆشنایی سیاسەتی ئێستای ئەمریکادا.
ترەمپ لە 25ـی 1ـی ئەمساڵەوە چەندین جار پێشنیاری کردووە کە فەلەستینیەکانی غەززە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە وەک میسر و ئوردن، بەڵام هەرزوو بیرۆکەکەی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە رەتکرایەوە و لەبری ئەوە چارەسەری؛ دوو دەوڵەت بۆ دوو گەلیان پێشنیارکرد.