پڕۆژەیاسایەکی 12 ماددەیی پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا دەکرێت، کە تیایدا لێخۆشبوون لە زیندانیان بەستراوەتەوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی پەکەکە و رادەستکردنی هەموو چەکەکانیان.

ئاژانسی ئەندۆڵ رایگەیاند، ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری رەوانەی پەرلەمان دەکرێت و بڕیارە تا رۆژی یەکشەممە ببێتە یاسا.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەرجی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە ئەوەیە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا پشتڕاستی بکاتەوە کە رێکخراوی پەکەکە و هەموو لقەکانی خۆیان هەڵوەشاندووەتەوە و چەکەکانیان رادەستکردووە.

ئەوەشی روونکردووەتەوە، پڕۆژەیاساکە چەند مەرجێکی قورسی تێدایە، بە جۆرێک تاوانەکانی کوشتنی بە ئەنقەست و ئەو سزایانەی پێش 1/6/2005 بەهۆی تاوانی قورسەوە دراون، ناگرێتەوە؛ بەمەش رێگری لە سوودمەندبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات، بەڵام بۆ زیندانیانی دیکە، سزاکانیان بەم شێوەیە رادەگیرێن:

  • ئەو سزایانەی کەمترن لە 15 ساڵ، بۆ 5 ئەگەر دوای دادگاییکردن و چاودێریی چڕ و ئەنجامنەدانی تاوان، کەمدەبێتەوە.

  • ئەو سزایانەشی لە سەروو 15 ساڵ یان سزای هەتاهەتایین، بۆ ماوەی 10 ساڵ رادەگیرێن.

  • ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسی سوودمەند تاوانی دیکە ئەنجام نەدات، سزا و دۆسیەکەی بە یەکجاری دادەخرێت.

بۆ چاودێری و جێبەجێکردنی یاساکە، "ئەنجومەنی هەڵسەنگاندن و هەماهەنگی" بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆک کۆمار و ئەندامییەتی وەزیرانی داد، دەرەوە، ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت پێکدەهێنرێت. هەروەها لە ناو پەرلەمان لیژنەیەکی چاودێری لە 17 ئەندام پێکدەهێنرێت.

هەر کەسێک بیەوێت لەم یاسایە سوودمەند بێت، دەبێت لە ماوەی 6 مانگدا دوای بڵاوکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە رۆژنامەی فەرمی، داواکاریی نووسراو پێشکەش بکات.