قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی دێڵفی رایگەیاند: هەرێمی کوردستان لە روی ئابوریەوە گەشەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستادا سلێمانی بووەتە ناوەندێکی داهێنانی تەکنەلۆجیا لە هەمو عیراق.
قوباد تاڵەبانی لە کۆڕبەندەکەدا ئاماژەی بەوەدا: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و دەمانەوێت شانبەشانی هاوبەشەکانمان لە ئەمریکا و ئەوروپا کاربکەین بۆ ئەوەی لەم رێگەیە بەردەوامبین، هاوکات وابکەین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستان بەدوای دەرفەتدا بگەڕێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە لە کوردستان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتومان بەڕێکرد، کە تیایدا ٪70ـی هاووڵاتیان بەشداربوون، ئەمەش مانای ئەوە دەگەیەنێت، خەڵکی کوردستان باوەڕیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە.
لە دیدارەکەدا قوباد تاڵەبانی باسی لە روئیایەکی نوێ بۆ حکومڕانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، دەبێت حکومەت حکومڕانی بکات نەک دەسەڵاتداران، بۆیە ئێمە لەوبڕوایەداین کە دەبێت کاری لە پێشینەی هەموو حکومەتێک باشترکردنی حکومڕانی بێت.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت رایگەیاند: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاسان نییە و نزیکین لەوەی بگەینە رێککەوتن لەسەر ڕەشنوسێکی نوێ.
لە کۆتایدا قوباد تاڵەبانی پێوەند بە پەیوەندییەکانی یۆنان و کوردستانەوە وتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یۆنان زۆر باشن و دڵخۆشم کە دەتوانین سود لەو پێشکەوتنانە ببینین کە لێرە دەیبینین.
روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد؛ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کاروانێکی دیکەی هاوکارییە سەربازیی و لۆجستییەکانی گەیاندوەتە رۆژئاوای کوردستان. کاروانەکە کە لە 32 بارهەڵگر پێکهاتووە، لە رێگەی دەروازەی ئەلوەلیدەوە هاتووەتە ناو ناوچەکە.
بەپێی راپۆرتەکە، کاروانە سەربازییەکەی هاوپەیمانان بریتی بووە لە تەنکەر، زرێپۆش، چەک و مووەلیدەی کارەبا، سەرباری کۆمەڵێک هاوکاریی لۆجستی دیکە. هەموو هاوکارییەکان گەیەنراونەتە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە پارێزگای رمێلان.
روانگەی سوری لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمە تەنها دووەم کاروانی هاوکاریی سەربازییە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراوە. ناوەندەکە رونی کردووەتەوە کە هاوپەیمانییەکە لە 8ـی ئەم مانگە، 20 بارهەڵگری دیکەی سەربازیی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کردووە کە لە دەورووبەری حەسەکە جێگیر کراون.
ئەم هاوکارییە سەربازییانە لە کاتێکدا دەگەنە ناوچەکە کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی خانە نووستووەکانی داعش و هەوڵدان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
ئەنکەرە گرنگی بە چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حەلەب و بەنداوی تشرین دەدات و کۆبوونەوەی تەکنیکی لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام داوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، کە یەکەمین کۆبونەوەی تەکنیکی نێوان نوێنەرانی سەربازیی تورکیا و ئیسرائیل لە ئازەربایجان بەڕێوە چوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی دورکەوتنەوە لە روبەروبوونەوەی نێوان هێزەکانی هەردو وڵات لە سوریا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچو، زەکی ئەکتورک، وتەبێژی نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، جەختی لەسەر پێویستیی راگرتنی دەستبەجێی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پابەندبونی وڵاتەکەی دوپات کردەوە بۆ پشتیوانیی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا و سەقامگیریی ئەو وڵاتە، هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامیی هاوکارییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی بەرگریی و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر کرد.
ناوبراو رونیشی کردەوە کە "هەموو کارەکانی تورکیا بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنە دووقۆڵییەکان دەکرێن، بەبێ ئەوەی زیان بە لایەنی سێیەم بگەیەنرێت."
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ئیسرائیل چەند بنکەیەکی سەربازیی لە ناو خاکی سوریادا جێگیر کردووە، ئەمەش وەک پەیامێک بەرامبەر هەوڵەکانی تورکیا بۆ دامەزراندنی بنکەی سەربازیی لە سوریا.
فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە لە هیچ وڵات و لایەنێک قبووڵ ناکات پشتیوانیی لە ڕێکخراوی تیرۆرستیی وەک حووسییەکان بکات.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوەدا کە لە لێدانی شوێن و پێگەی حوسییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند بەکارهێنانی بەندەرەکانی حوسییەکان بۆ هەر کارێک، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
شەوی رابردو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک پێگەی حوسییەکان لە یەمەن. بەپێی راگەیاندنی حوسییەکان، لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر پارێزگای حودەیدە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 11کەس و چەندین کەسی دیکەش بریندار بون.
کەناڵی مەسیرەی سەر بە حوسییەکان بڵاوی کردەوە کە ئەمریکا شاری نیشتەجێبوونی ئەیمن موقبەلی لە پارێزگای حودەیدە بۆمباران کردوە. پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لە نزیک شوێنی روداوەکە دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێزی یەک لە دوای یەک بیستراوە.
ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن، لە 15ـی ئادار ەوە بەمەبەستی ناچارکردنی حوسیەکان بە وازهێنانی لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان رۆژانە بۆمباران دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکانی یەمەن رایگەیاند، لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا، پەلاماری پێگە سەربازییەکانی ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکایان لە ئیسرائیل و دەریای سوور داوە.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، رەنگە وڵاتەکەی دان بە دەوڵەتی فەلەستین بنێت لە مانگی حوزەیرانی داهاتوودا. دەشڵێت، "ئەو بڕیارە بە مەبەستی دڵخۆشکردنی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نابێت، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە دادپەروەرانەیە".
ئیمانوێل ماکرۆن، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی فڕەنسا 5ڕایگەیاند، "دەبێت بەرەو دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا هەنگاو بنێین و لە چەند مانگی داهاتوودا ئەو کارە دەکەین کە رەنگە مانگی حوزەیران بێت".
سەرۆکی فڕەنسا لە لێدوانەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵدەدات فڕەنسا بەشێک بێت لەو "داینامیکییە" کە پشتگیری لەم دانپێدانانە دەکەن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی، "ئامانجمان ئەوەیە لە مانگی حوزەیراندا لەگەڵ سعودیە هاوسەرۆکایەتی ئەو کۆنفرانسە بکەین، کە دەتوانین هەنگاوی دانپێدانانی یەکتر (دەوڵەتی فەلەستین) لەگەڵ چەند لایەنێکدا تەواو بکەین".
شایەنی باسە، لەم هەفتەیەدا ماکرۆن بەشداری لوتکەیەکی سێ قۆڵی لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر و عەبدوڵڵای دوەم، شای ئوردن لە قاهیرە کرد. لە لوتکەکەدا تیشک خرایە سەر وەستاندنی شەڕی غەززە و پشتگیریکردن لە پلانی عەرەبی بۆ کەرتی غەززە لە بەرامبەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و کردنەوەی دەروازەکان بۆ ئەوەی رێگە بدرێت بە یارمەتییەکان بچنە ناو ناوچەی گەمارۆدراو.
لە هەنگاوێکی نوێدا و تەنها دوو رۆژ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەربڕی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پێنج دامەزراوە و کەسایەتی سزا دا کە پەیوەندییان بە پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران هەیە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە واشنتۆن رایگەیاند: "ئەو هەوڵە مەترسیدارانەی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا و جیهان بەگشتی."
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، ئەو کەس و لایەنانەی راستەوخۆ لەگەڵ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران و کۆمپانیای تەکنۆلۆجیای سەنتەرفیوجی ئێران کاریان کردووە سزا دراون، کە رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا دەبینن.
بێسێنت جەختی کردەوە: "ئەمەریکا هەموو ئامراز و توانایەکی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە هەوڵەکانی ئێران بگرێت بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و جێبەجێکردنی سیاسەتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا."
شایەنی باسە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لێ نەکەوتۆتەوە، وڵاتانی رۆژئاوا پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دەزانن.
سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی خۆیدا لە ساڵی 2017، ئەمەریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 کە لەنێوان ئێران و شەش زلهێزی جیهانیدا ئیمزا کرابوو، کشاندەوە.
لە بەرانبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئێرانی رایگەیاند: "ترەمپ خوازیاری رێککەوتنێکی نوێیە کە مەبەستی سەرەکی کۆتاییهێنانە بە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، هەڵوەشاندنەوەی پرۆگرامی ئەتۆمی و راگرتنی چالاکییە مووشەکییەکانیەتی، ئەمانەش بۆ تاران قبوڵ ناکرێن."
بەرپرسە ئێرانیەکە ئاماژەی بەوەشدا کە هۆشدارییەکانی ترەمپ سەبارەت بە کردەوەی سەربازی کاریگەری نییە و "هەڕەشەکان ئێران ناترسێنێت."
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاگاداری داوەتە هەمو موسڵمانان کە خۆیان بە دور بگرن لەو پرۆپاگەندانەی دەکرێن بە مەبەستی دابینکردنی ڤیزای حەج و جەختی کردەوە کە حەجکردن تەنها لە رێگەی فەرمییەوە بەردەستە.
لە بەیاننامەکەدا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودی رایگەیاندووە کە ڤیزای حەج تەنها لە رێگەی وەفدی فەرمی وڵاتانەوە دابین دەکرێت کە زیاتر لە 80 وڵات دەگرێتەوە، هەروەها لە رێگەی پلاتفۆرمی (نسک) کە ڤیزا بۆ 126 وڵات بەردەست دەکات.
هەروەها وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە موسڵمانانی ئاگادار کردۆتەوە کە باوەڕ بەو ریکلام و بانگەشە نافەرمییانە نەکەن کە لە رێگەی سۆشیال میدیا یاخود کەناڵەکانی دیکەوە بڵاو دەکرێنەوە، و جەخت دەکاتەوە، ئەو جۆرە بانگەشانە نوێنەرایەتی وەزارەت ناکەن و ئەوان لێیان بەرپرسیار نین.
لە کۆتاییدا، وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بە مەبەستی زیاتر رێگەگرتن لەم دیاردەیە، سەنتەری چاودێری میوانانی ماڵی خوای گەورەی دامەزراندووە کە بە شەو و رۆژ بەردەستە و هاووڵاتیان دەتوانن پەیوەندی پێوەبکەن.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستانیش هاووڵاتیانی کوردستانی ئاگادار کردۆتەوە کە هیچ جۆرە حەجێک جگە لە حەجی فەرمی لە کوردستان بەردەست نییە. هاووڵاتیان بۆ هەر پرسیارێک و وەرگرتنی زانیاری دەتوانن پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان بکەن بە ڕێگەی واتساپی ژمارە 009647505953534.
سەرۆک کۆماری ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت و هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە رابەری باڵای ئێران داوای کردووە دانوستان لەگەڵ واشنتن تەنها بە شێوەی ناڕاستەوخۆ بێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رێوڕەسمی رۆژی نیشتمانیی تەکنۆلۆجیای ناوەکی لە تاران گوتی: "وڵاتەکەمان هەرگیز هەوڵی نەداوە بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، نامانەوێت نە ئێستا هەمان بێت نە داهاتوو".
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی "هەمیشە بە دوای ئاشتیدا دەگەڕێت" و لەو چوارچێوەیەشدا ئامادەیە پێشوازیی لە وەبەرهێنەرانی ئەمەریکی و هەموو وڵاتێکی دیکە بکات.
سەبارەت بە دانووستانی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە رۆژی شەممەی داهاتوو، پزیشکیان گوتی: "ئێمە بۆ دانوستان ئامادەین، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ نا، بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ".
پزیشکیان رونی کردەوە کە "وەزیری دەرەوەی ئێران بە پشت بەستن بە ڕێنماییەکانی عەلی خامنەیی، رابەری باڵای وڵاتەکە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا لە عومان ئەنجام دەدات، بەڵام رابەری باڵای وڵاتەکەمان هەرگیز دانوستانی راستەوخۆ قبوڵ ناکات".
سەرۆک کۆماری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە "هەرگیز پیلانگێڕی و سیاسەتی تێکدەرانە و دەستوەردانی دەرەکی لە وڵاتەکەمان قبوڵ ناکەین".
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست هەر ئەمڕۆ لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە تیمەکەی ستیڤ ویتکۆف کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ئەمەریکا دەکەن بۆ دانووستان لەگەڵ ئێران، لە ڕێگەی عومانەوە پەیامیان بۆ ئێران ناردووە و داوای دانووستانی راستەوخۆیان کردووە.
بەرپرسە ئەمەریکییەکە جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ستیڤ ویتکۆف ئامادەیە سەردانی تاران بکات ئەگەر بانگهێشتنامەیەکی فەرمی پێ بگات، بەڵام "ئەگەر دانووستانەکان بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەبن، رەنگە ویتکۆف بڕیار بدات گەشت بۆ عومان نەکات".
ئەمە هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە.
هێرشێکی ئاسمانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە بەندەری حودەیدەی یەمەن، بووە هۆی کوژرانی ٨ کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی یەمەن، شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی چڕی دانیشتوان لە بەندەری حودەیدە کە دەکەوێتە سەر دەریای سور.
وەزارەتی تەندروستی یەمەن رایگەیاند لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 8 کەس کە چوار منداڵ و دوو ژنیان تێدایە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 16 کەسی دیکەش بە پلەی جیاواز بریندار بوون.
ئاسایشی یەمەن بڵاویکردەوە "زۆربەی قوربانییەکان هاووڵاتی مەدەنین و پەیوەندییان بە هیچ لایەنێکی سەربازییەوە نییە".
جێی باسە، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانی یەمەن بە نزیکەیی رۆژانە دەکرێنە ئامانج، ئەوەش دوای راگەیاندنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەریان لە 15ـی ئازاردا کە ئامانج لێی راگرتنی هێرشی حوسییەکان بوو بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سور.
مورگان ئورتاگوس نوێنەری ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایدەگەیەنێت، سوپای لوبنان دەتوانێت چەك بە حزبوڵا دابنێت.
لە چاوپێكەوتنێكدا، نوێنەری ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی، لوبنان بەپێی بڕیاری نێودەوڵەوتی پابەندە بەوەی حزبوڵا لە تەواوی خاكی وڵاتەكە چەك دابنێت. چەكدانانی حزبوش یەكێكە لە سیاسەتەكانی ئەوپەڕی فشار كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەر ئێران ئەنجامی دەدات.
وتیشی، هیوادارن سەرجەم لایەنەكان پابەندی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بن و چاوەڕێی چاكسازین لە لوبنان، بەڵام خۆڕاگری و ئارامگرتنی ئیدارەكەی ترەمپ سنوری هەیە.
نوێنەری ئەمریكا باسی لەوەشكرد، دەرفەتێكی ئاڵتونی هەیە بۆ ئەوەی لوبنان لەو قەیران و گرفتانەی تێیكەوتووە بێتە دەرەوە، تاكە ڕێگەش ئەوەیە هەموو ڕۆڵێكی ئێران و هاوپەیمانەكانی ڕەتبكاتەوە.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەجی ئەمساڵەوە، کۆتایی ئەم مانگە وەک دوا وادە بۆ مانەوەی عەمرەکاران لە مەککە داناوە و دەشڵێت، بە پێچەوانەوە کۆمپانیاکان بە بڕی 26 هەزار دۆلار سزا دەدرێن.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە رایگەیاندووە، رۆژی 13ی ئەم مانگە کۆتا وادەی چوونە ناوەوەی عەمرەکارانە بۆ مەککە و پێویستە سەرجەم عەمرەکارانیش تاوەکو 29ی ئەم مانگە مەککە جێبهێڵن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی حەج لە مانگی داهاتوودا ئەو رێکارانە جێبەجێ دەکەن و داواش لە سەرجەم کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەکەن بە تەواوی پابەندی رێنماییەکان بن.
دەشڵێت، هەر دواکەوتنێک لە وادەکەی خۆیان بە سەرپێچی هەژمار دەکرێت و سزای ئەو کۆمپانیا و لایەنانە دەدرێت کە بەرپرسن لە هێنانی عەمرەکاران، سزاکەش بڕی 100 هەزار ریاڵی سعودی دەبێت، کە بەرانبەرە بە زیاتر لە 26 هەزار دۆلار.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران rایگەیاند کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە عوممان، دانوستانی ناڕاستەخۆی ئەمریکا و ئێران دەست پێدەکات.
عراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "شەممە 12ی نیسانی 2025 لە ئاستی باڵا دیدار و دانوستانی ناڕاستەخۆی شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا لە عوممان دەست پێدەکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو هەنگاوەی بە دەرفەت و تاقیکردنەوە ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە کە "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکایە."
ئەم لێدوانەی عەباس عراقچی لە کاتێکدایە کە شەوی rابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کاتی پێشوازیی لە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی رایگەیاند کە ئەمریکا "لە سەروبەندی گفتوگۆ و دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران"دایە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە شەممە لە ئاستی باڵا دانیشتنێکی "زۆر گرنگ و کاریگەر" دەبێت و گوتیشی: "هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی رێککەوتن باشترە لە کار و کردەوەی دیکە، ئاشکرایە ئەمە کارێک نییە بمەوێت بەکاری بهێنم، چونکە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی زۆر هەستیار و مەترسیدار."
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە تاران ناتوانێت چەکی ئەتۆم بە دەست بهێنێت و ناتانیاهۆش جەختی کردەوە کە لەگەڵ ترەمپ، لەسەر ئەمە رێککەوتن.
ئەم هەفتەیە دەمپارتی و ئاكەپە كۆدەبنەوە، وتەبێژی ئاكەپەش دەڵێت؛ ئەردۆغان پێشوازیی لە وەفدەكە دەكات و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكات.
عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان - دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاكەپە كۆدەبنەوە.
وتەبێژی ئاكەپە وتیشی، بەو كۆبوونەوە پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد و پڕۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و توركیا دەچێتە قۆناغی نوێوە.
پێشتر دەم پارتی رایگەیاندبوو، بۆ تاوتوێكردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبنەوە و پێویستە ئاكەپە و دەسەڵاتی توركیا هەنگاوەكانیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دەست پێبكەن.
ئیسرائیل، بزوتنەوەی حەماس لەکەرتی غەززە لە هەڵگیرساندنی شەر تۆمەتبار دەکات، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت؛ هیچ داهاتوویەک بۆ کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا نییە.
گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، هیچ داهاتوویەک بۆ کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا نییە و بزووتنەوەکە بەرپرسیارە لە هەڵگیرسانی شەڕ "چونکە رەتیدەکاتەوە بارمتەکان ئازاد بکات و چەک دابنێت".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتیشی: چەک دانانی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەتوانێت دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
گیدیۆن سار پێشنیاری ئیدارەیەکی راگوزەر بۆ کەرتی غەززە دەکات لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و عەرەبیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە نادەین لەدوای شەڕ ".
سەبارەت بە پێشنیاری کۆچی خۆبەخشانەی دانیشتوانی غەززە، رایگەیاند، "کۆچی خۆبەخشانە لە غەززەوە چارەسەرێکی مرۆڤانە و راستەقینەیە لە چوارچێوەی پلانی ترەمپ، هەرکەسێکیش بیەوێت خۆبەخشانە لە غەززەوە کۆچ بکات، ئێمە ئاسانکاری بۆ دەرچوونیان دەکەین".
ئەمریكا و شەڕڤانان مانۆڕی هاوبەشی سەربازییان لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدا و چەكی نوێ و پێشكەوتوویان تاقی كردەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند، هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە لە چوارچێوەی راهێنانی سەربازیدا مانۆڕێكی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیی بە سەرپەرشتیی ئەمریكا ئەنجام دا.
مانۆڕەكە لە بنكەیەكی سەربازیی حەسەكە لە رۆژئاوا بەڕێوەچووە و ئامانجی مانۆڕەكە پاراستنی هێزەكانی هەسەدە و ئەمریكایە لە هێرشی درۆن بە مەبەستی بەهێزكردنی قەڵغانی ئاسمانی.
هاوكات روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، مانۆڕەكە چەكی نوێ و پێشكەوتوی تێدا تاقی كراوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، هاوكات لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕە هاوبەشەكەی حەسەكە، شەڕڤانان مەشقی سەربازییان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان لە بنكەیەكی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجام داوە .