لە پەراوێزی رێوڕەسمی عاشوورادا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە تاران لەسەر رێبازی ئایەتەڵڵا خامنەیی بەردەوام دەبێت و وەڵامی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەداتەوە.
عراقچی جەختیکردەوە کە وڵاتەکەی لە بەرانبەر سەرجەم گوشارەکاندا بە سەربەرزی دەمێنێتەوە و بە وەفاداری بۆ رێبازی بەرەنگاربوونەوە دەمێنێتەوە، جەختیشی کردەوە کە تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی گەلەکەیان لەبیر ناکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد: مۆحەڕەم و عاشوورای ئەمساڵ لە ئێران رەنگ و تامێکی جیاوازی هەیە، چونکە نیشتمانەکەمان رووبەڕووی دەستدرێژییەکی زۆردارانەی ئەمریکا وئیسرائیل بووەتەوە و لە پێناو ئازادی و کەرامەتدا شەهیدی بەخشیوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: گەلی ئێران لە قوتابخانەی سەیدوشوهەدائەوە فێر بووە کە مردن بە کەرامەتەوە زۆر شەرەفمەندانەترە لە ژیان بە ژێردەستەیی و زەلیلی.
هەروەها وتیشی: ئێمە لەسەر پەیمانی خۆمان لەگەڵ رابەری مەزن شەهید ئایەتەڵڵا خامنەیی بەردەوامین، نە تاوانەکانی دوژمن لەبیر دەکەین و نە چاوپۆشی لەو خوێنە دەکەین کە بە ناحەق رێژراوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ئاسایشی کۆمپانیای 'ئارامکۆ'ی سعودیە، توانییان ئاگرێک لە یەکێک لە بەشەکانی پاڵاوگەی جازان کۆنتڕۆڵ بکەن، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانیی لێ بکەوێتەوە.
وەزارەتی وزەی سعودیە رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە: ئاگرێک لە یەکێک لە دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە ناوچەی جازان لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکە کەوتووەتەوە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بێ هیچ زیانێکی گیانی کۆنتڕۆڵ کراوە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارە پێویستەکانن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ روداوەکە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بکات.
ئەم روداوە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە بانگەشەی گرووپی حوسییەکان سەبارەت بە ئامانجگرتنی دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە جازان و یەنبەع بە مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە کاتێکدا ئاڵۆزییە دەریاییەکان لە دەریای سور و کەنداوی عەدەن روویان لە زیادبوون کردووە.
توركیا رێككەوتنە سێقۆڵییەكەی لەگەڵ پاكستان و سعودیە بە بەندێكی ناتۆ دەچوێنێت و بە دووریشی نازانێت میسریش بچێتە رێككەوتنەكەوە، جەختیش دەكاتەوە ئامانجیان نیە لە ئێران بدەن.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، رێككەوتنی بەرگریی سێقۆڵیی نێوان توركیا و پاكستان و سعودیە لەڕووی تەكنیكییەوە هاوشێوەی مادەی پێنجەمی پەیمانیی باكوری ئەتڵەسی - ناتۆیە بۆ بەرگریی هاوبەش، بە هیچ شێوەیەكیش ئێران ناكاتە ئامانج.
وتیشی لیژنەیەكی وزاری و سكرتاریەتێك لە سعودیە پێكدەهێنرێت، دووریش نییە میسریش دوای چارەسەركردنی پرسە تەكنیكییەكان بەشداری تێدا بكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی، ئەنكەرە و ئیسلامئاباد و ریاز رێككەوتێكی سێقۆڵێ بەرگرییان بە ناوی مەككە ئیمزاكرد.
خەواجە ئاسیف، وەزیری بەرگریی پاکستان لە لێدوانێکیدا بۆ یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆسەر تەواوی جیهانی ئیسلامی و داوای دروستکردنی بەرەیەکی سەربازیی یەکگرتوو دەکات لە دژی.
ئاسیف لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، قەوارەی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆسەر هەموو وڵاتانی ناوچەکە و بە مێژووی دروستبوونیشی وەک دەوڵەتێکی نایاسایی و بەرهەمی 'راگەیەندراوی بەلفۆری' ساڵی 1917 ناو برد.
وەزیری بەرگریی پاکستان جەختیشی کردەوە، گۆڕینی سەرکردەکان لە ئیسرائیل و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت و بیرکردنەوەی ئەوان بەرانبەر بە فەڵەستینییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ئاسیف وتیشی، ئیسرائیل بەردەوامە لە هاندانی وڵاتانی ئیسلامی لەدژی یەکتر، بۆیە تا کێشەی فەڵەستین بە تەواوی چارەسەر نەکرێت، دەبێت جیهانی ئیسلامی وەک دەستەیەک لە دژیان بوەستێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەم لێدوانانەی وەزیری بەرگریی پاکستان تەنها رۆژێک دوای ئیمزاکردنی رێککەوتننامەیەکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی سعودیە و تورکیا دێت، کە تێیدا جەختی لە پێویستیی یەکگرتوویی وڵاتە ئیسلامییەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند کە قۆناغی ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتن، چونکە یەکڕیزی و بەهێزی لە ناوخۆی وڵاتدا هەیە و دەکرێت ئەم بارودۆخە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆوە.
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات فشارەکان لەسەر گەلەکەی کەم بکاتەوە و رایگەیاند: لە سایەی دۆخی "نە جەنگ و نە ئاشتی"دا، رەوشی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرووی تەواوی نیگەرانییەکانمەوەن.
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد: کێشەکان تەنها بە جەنگ چارەسەر نابن و تاران بەپێی یاداشتی لێکگەیشتنەکان بەرەو ئاشتی هەنگاو دەنێت، بە مەرجێک لایەنی بەرانبەر ددان بە مافەکانی گەلی ئێراندا بنێت و جێبەجێیان بکات، جەختیشی کردەوە: بەپێی پێشڕەوییەکانی لایەنی بەرانبەر لە دانوستانەکان دەچینە پێشەوە، ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک پێشان نەدەن، داواکارییەکانیان قبوڵ ناکەین.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی و عومان لێکگەیشتنیان لەسەر رێڕەوێکی نوێی دەریایی هەیە، بەڵام سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە، کە رەزامەندیی ئەمریکا بۆ مەرجەکانی تاران، کۆتا بڕیار لەسەر کردنەوەی گەروی هورمز دەدات.
ئەمڕۆ شەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران و عومان نزیکن لە رێککەوتن لەسەر رێڕەوێکی نوێی دەریایی لە رێگەی گەروی هورمزەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی ئامانجەکە بەندە بە چەند مەرجێکەوە، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە. وتیشی: "هەردوو وڵات سەرقاڵی تاوتوێکردنی رێڕەوێکی کاتین بۆ جوڵەی دەریاوانی تا چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکی و یاساییەکان."
لە بەرانبەردا، لێپرسراوێکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، بەرەوپێشچوون لەنێوان ئێران و عوماندا هاتووەتە ئاراوە و رەنگە بەم نزیکانە ببێتە هۆی دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز، جەختیشی کردەوە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی سەر ئێران هەڵدەگرێت، بەڵام سەپاندنی هەر مەرج و سنووردارکردنێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر جوڵەی دەریاوانی رەتدەکاتەوە.
"هەڵوێستی سوپای پاسداران"
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران رایگەیاند: "دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز پەیوەندی بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومانەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە قبووڵکردنی مەرجەکانی تاران لەلایەن ئەمریکاوە."
هاوکات ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ـی ئێران لە زاری وتەبێژی سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، جارێکی دیکە کردنەوەی گەروی هورمز بەپێی رێکار و مەرجە تایبەتەکانی ئێران دەبێت."
شارەزایان پێیان وایە رێککەوتنی نێوان ئێران و عومان لەسەر گەروی هورمز بە بەشێکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان دەکرێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی فراوانتر.
دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند کە کەشتییەک لە بەرانبەر شاری خەسەب لە عومان هێرشی کراوەتە سەر.
دەستەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە کەشتییەکە بە تەقەمەنییەکی نەناسراو پێکراوە، بەو هۆیەوە ئاگر لە ناو کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە و پاشان کوژێنراوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە روداوێک لە دووری 18 میلی دەریایی لە رۆژهەڵاتی شاری خەسەب لە عومان.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ عومان بۆ دیاریکردنی رێڕەوێکی کاتیی دەریاوانی لە گەروی هورمز لە قۆناغی کۆتایی نزیک دەبنەوە، بەڵام ئەمە بە مانای دووبارە کردنەوەی گەروەکە نایەت.
عراقچی لە پەراوێزی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز بەندە بە مەرجی ترەوە و قەرەبووکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لە یاداشتی لێکگەیشتنەکەدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران رێگە بە پێشێلکردنی تێگەیشتنەکان و بەزاندنی ئیدارەدانی گەروی هورمز لەلایەن تارانەوە نادات.
سوپای پاسداران دووبارەکردنەوەی گەروی هورمز بە قبووڵکردنی مەرجەکانی لەلایەن واشنتۆنەوە دەبەستێتەوە.
سەردار محەبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز بەندە بەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات و دەستبەرداری دەستوەردان بێت لە بەڕێوەچوونی دانوستانە هەرێمییەکاندا.
بەپێی ئاژانسی «تەسنیم»، محەبی ئاماژەی بەوەش کردووە: ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات، بێگومان گەروی هورمز دەکرێتەوە.
ناوبراو رونیشی کردەوە: دووبارە کردنەوەی گەروەکە پێویستی بە میکانیزم و مەرجی تایبەت بە تاران هەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە دانوستانەکانی نێوان ئێران و عومانەوە نییە.
سەردار محەبی جەختیشی کردەوە: گەروی هورمز بۆ ئێران تەنها رێڕەوێکی ئاوی و ئابووری نییە، بەڵکو یەکێکە لە توخمەکانی هێزی جوگرافی و ستراتیژیی وڵاتەکە.
کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئەبوزەبی (ئەدنۆک)، کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی وزەیە لە جیهاندا، رایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانەوە تا ئێستا، 15کەشتیی سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی پەڕینەوەیان لە گەروی هورمز تووشی هێرشی ناڕەوا بوونەتەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، کۆمپانیاکە پشتڕاستی کردەوە کە لە سەعاتە سەرەتاییەکانی بەیانیی ئەمڕۆ شەممەدا، کەشتییەکی تری سەر بە کۆمپانیاکەیان لە کاتی پەڕینەوەی لە گەروی هورمز کراوەتە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی، بەڵام روداوەکە هیچ برینداربوونێکی لێنەکەوتووەتەوە و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ئێران بە پشتبەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بڵاویانکردەوە کە ئاگر لە ناو کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە رێڕەوی باشوری گەروی هورمز کەوتووەتەوە.
لەم بارەیەشەوە، ئاژانسی رەسمیی ئێران بەعەرەبی ئاشکرای کرد کە کەشتییەکە دوای ئەوەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوەتە ئامانج گڕی گرتووە، ئەوەش بەهۆی پابەندنەبوونی بە رێنماییەکانی تێپەڕبوون لە گەروەکەدا.
ئەمە پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئامارە نوێیەکان ئاماژە بە دابەزینی دیاری جووڵەی دەریاوانی لە گەروی هورمز دەکەن، بە جۆرێک لە نێوان رۆژانی دووشەممە تا پێنجشەممەی ڕابردوو تەنها 33 کەشتی بە گەروەکەدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی هەفتەی پێشوتردا 50 کەشتی بووە.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی لە پەیامێکیدا رایگەیاند، وڵاتانی ناوچەکە توانای دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بە بەهێزکردنی هاوکارییەکانیان هەیە و دەبێت وڵاتە زلهێزەکان، کە هۆکاری ناسەقامگیرین ناوچەکە جێبهێڵن.
عەلی ئەکبەر ویلایەتی، لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس، پەیامێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ هێزە بیانییەکان هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرین و وڵاتانی ناوچەکە دەتوانن سەقامگیری خۆیان بپارێزن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو باوەڕەی بەهێزتر کردووە، کە هێزە بیانییەکان هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرین و دەبێت ناوچەکە جێبهێڵن.
علەی ئەکبەری دەشڵێت؛ ئاسایشی کەنداوی فارس دەبێ لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دەستەبەر بکرێت و پێویستیان بە وڵاتانی بیانی نییە.
لە قوڵایی دڵگیرییەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان و لە شارۆچکەی خاش چیرۆکی پیاوێک، کە بە بێدەنگی ژیانێکی پڕ لە ئازار و شکۆ بەڕێدەکات بوتە خەمی هەموان.
عەبدولنەسیر نەتوزەیی شاد، گەنجێکی 35 ساڵەیە کە روبەڕووی نەخۆشییەکی دەگمەن و سەخت بووەتەوە بە ناوی "ئەپیدێرمۆدیسپلازی وێرموسیفۆرم" – هەمان ئەو نەخۆشیەی لەناو خەڵکدا بە "نەخۆشیی پیاوی دار" ناسراوە، چونکە زیپکە و ئاوساوی و شێوەی پێستی، وەک توێکڵی دارێکی دێرین دەردەکەون.
عەبدولنەسیر، تەنانەت روخسار و جەستەی، کە ساڵانێکە لەژێر قورسیی ئەم ئازارەدا دەناڵێنن، نەبوونەتە رێگر لە بەردەم کەرامەت و سەربەرزیییەکەیدا.
عەبدولنەسیر، زیاتر لە 20 ساڵە توشبوی ئەم نەخۆشییەوە و پێوەی دەناڵێنێت، بەڵام خۆیپیشان نەداوە و لە گرتە ڤیدیۆییەکدا، کە لە هەژماری ئینستاگرامی گەشتیارێک بڵاوبوەتەوە، بە دەنگێکی پڕ لە حەسرەت و لە هەمان کاتدا سەربەرزانە دەڵێت؛ سوپای خودادەکەم لەسەر ئەم حاڵەتەم.
چیرۆکی تاڵی عەبدولنەسیر لەوەوە دەستی پێکرد، کە ساڵانێک لەمەوبەر، زیپکەی بچوک لەسەر قاچەکانی دروست بون و سەرەڕای سەردانیکردنی پزیشکەکان و ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە ساڵی 2015دا، نەخۆشییەکەی نەک هەر چاک نەبووەوە، بەڵکو رۆژ بە رۆژ زیادی کرد و جەستەی بە تەواوی داگیر کرد.
کاتێک ساڵی رابردوو چیرۆکی ژیانی بەشێوەیەکی بەربڵاو دەنگیدایەوە، تروسکایەکی هیوا روی تێکرد؛ بەخشەرێک بە ناوی برایان ئیعتماد ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ لەئەستۆگرتنی تەواوی خەرجییەکانی چارەسەری عەبدولنەسیر لە ئەمریکا، بەڵام ئەم هیوایە لە پشت دەرگا داخراوەکانی کێشەی پێدانی ڤیزە گیری خوارد وتا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
عەبدولنەسیر بە دڵێکی پڕ لە ئومێد و خەمەوە رایگەیاند کە بەهۆی "کێشەی ڤیزا"وە ناتوانێت گەشت بکات و داوای لە خەڵک کرد تەنها نزای خێریان بۆ بکەن تا دەرگای ئەم دەرفەتەی لەسەر بکرێتەوە.
عەبدولنەسیر شوێنی تەمەن و ئازار بە جەستەیەوە دیارە، بەڵام رۆحی ئەوەندە گەورەیە، کە رێگەی نەداوە دەستەکانی، کە وەک چڵە داریان لێهاتووە، ببنە هۆی شکانی سنوری سەربەرزیی خێزانەکەی.
ئەو هێشتا بە هەناسەیەکی پڕ لە هیواوە هەوڵدەدات بۆ ژیان دەکات، لە نێوان ئەو جەستەیەی رۆژ بە رۆژ دەبێتە دار و تروسکایی هیوای کەمتردەکاتەوە لەگەڵ ئەو دڵە میهرەبانەی کە هەوڵدەدات بەردەوامبێت، بەبێ ئەوەی موحتاجی کەس بێت.
جێ باسە، نەخۆشی Epidermodysplasia Verruciformis - EV))، کە لە زمانی گشتییدا بە (نەخۆشیی پیاوی دار) یان (بوون بە دار) ناسراوە، نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی و لە تەواوی جیهاندا لە ساڵی 1922 تا ئێستا نزیکە 500 توشبوی ئەو نەخۆشییە تۆمار کراون.
لیژنەی داد لە پەرلەمانی توركیا رەشنووسی پرۆژەیاسای بەهێزكردنی پشتیوانی نیشتمانی و یەكگرتنی كۆمەڵایەتی پەسەندكرد و رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد.
دوای گفتوگۆكردن لەسەر رەشنووسی پرۆژەیاسای بەهێزكردنی پشتیوانی نیشتمانی و یەكگرتنی كۆمەڵایەتی بۆ ئاشتی لە توركیا و باكوری كوردستان، لیژنەی داد لە پەرلەمانی توركیا بە زۆرینەی دەنگ رەشنووسەكەی پەسەندكرد و رەوانەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیای كرد بۆئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی داهاتوو و دەنگی لەسەر بدرێت.
بە پەسەندكردنی رەسنووسی پرۆژەیاسای چوارچێوە، گەیشتینە قۆناغێكی نوێ و تاقەتپڕوكێن، ئێستا لە یەكێك لە قۆناغە مێژووییەكاندایین كە پرسی كوردی زیاتر لە سەدەیەك و قۆناغی ململانێی زیاتر لە 40 ساڵ لە زەمینەی توندوتیژییەوە دەگوازێتەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی، كردنەوەی رێگە لەبەردەم بەشداریپێكردنی كورد لە كۆماردا لە سەدەی دووەمی توركیادا، مێژووییە، ئەم مێژوویی بوونە تەنها بە بێدەنگبوونی چەك سنووردار نییە. واتای سەرەكی ئەوەیە توانا و هێزی گواستنەوەی هەیە لە قۆناغی ئاشتی نەرێنییەوە بۆ قۆناغی ئاوەدانكردنەوەی ئەرێنی، پێویستە چوارچێوەیەكی یاسایی گشتگیر و چاكسازییەكانی دیموكراتی پەیڕەو بكرێت و ئەو هۆكارانە لەناو ببات كە ململانێ بەرهەم دەهێنن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ جاری هەشتەم هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێكی دارایی نهێنیی ئاشكرا كرد كە سەدان ملیۆن دۆلاری بە نهێنی بۆ ئێران گواستووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەكە سزای نوێی بەسەر تۆڕێك لە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و كۆمپانیا وەهمییەكانی ئێراندا سەپاندووە كە هاوكاریی ئێرانیان كردووە لە گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار بە نهێنی لە رێگەی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راشیگەیاند، ئەو تۆڕە داراییەی كراوەتە ئامانج هاوكاری ئێرانی كردووە بۆ دەستگەیشتن بە داهاتەكانی نەوت و دەربازبوون لە سزاكانی ئەمریكا لە رێگەی بەكارهێنانی كۆمپانیای وەهمی و ئامرازی دارایی نهێنی بۆ سپیكردنەوەی پارە و گواستنەوەیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، جەختی كردەوە، هەوڵەكانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكاوە دێت بە فشاركردنە سەر ئێران و لاوازكردنی سەرچاوە داراییەكانی ئێران و توانا سەربازییەكانی.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەڵێت؛ رێککەوتنەکەمان لەگەڵ سعودیە و پاکستان هاوکارییە ئەمنی و بەرگرییەکان بەهێزتر دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا رایگەیاند، "رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش" کە لەنێوان سعودیە، تورکیا و پاکستان ئیمزا کراوە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنی و بەرگرییەکانی نێوان هەرسێ وڵات.
جەختیشی کردەوە، تێککەوتنەکە پشتبەستووە بە پرەنسیپی بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ و ئامانجی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو بۆ پاڵپشتیکردنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
ئەردۆغان لە پەیامێکدا لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" بڵاویکردەوە، بە وەڵامدانەوەی بانگهێشتی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی لووتکەدا کردووە لەگەڵ شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، کە ئەنجامەکەی ئیمزاکردنی رێککەوتنامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش بووە.
سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە بەشدار دەبێت لە بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنی و بەرگرییەکانی نێوان هەرسێ وڵات و پەرەپێدانی پڕۆژەی هاوبەش لە بوارەکانی پیشەسازیی بەرگریدا، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بەشێوەیەک ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەپارێزێت.
ئەوەشی خستەڕوو، رێککەوتنەکە پشتبەستووە بە پرەنسیپی بەرپەرچدانەوەی بەکۆمەڵ.
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و تاران ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژتر لەسەر جەنگەکە بەردەوام بێت.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکات جەنگەکە زۆر بەخێرایی کۆتایی پێبێت و وتی، "پێم وانییە ئێران بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئەم رەوشە بەردەوام بێت".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ئاژانسی هەواڵی "سی ئێن ئێن" بڵاویکردووەتەوە، سوپای ئەمریکا بەشێکی زۆری کۆگاکانی موشەکی دوورهاوێژی لەم جەنگەدا بەکارهێناوە کە چووەتە شەشەمین مانگی خۆیەوە.
لەلایەکی دیکەوە و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رەوشی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، ترەمپ جەختیکردەوە، وڵاتەکەی خاوەنی بڕێکی زۆری چەکی بەهێزە و لە ئیستادا سەرقاڵی دروستکردنی کارگەی نوێن بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری موشەک.
لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و رەوشی ناوچەکەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر گەروی هورمز بە باشی بەڕێوەدەچن و خۆی راستەوخۆ بەشدارە لە نەخشەرێگای دانوستانەکاندا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، تاران رایگەیاندووە، ئێران سوورە لەسەر ئەوەی کۆنتڕۆڵی بەشێک لە گەروەکەی لەدەستدا بێت و وەک رێڕەوێکی نێودەوڵەتی کراوەی پێش جەنگەکەی لێنەیەتەوە.
جێی ئاماژەیە، شارەزایانی ئابوری هۆشیاری دەدەن؛ داخرانی گەروی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سوتەمەنی و کەلوپەل لە بازاڕەکانی جیهاندا و فشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابوری جیهانی.