وتەبێژێكی هەسەدە رەتیدەكاتەوە هیچ خشتەیەكی كاتیی بۆ تێكەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سوریا دیاریكرابێت و هۆكاری دواكەوتنی پڕۆسەكەش ئاشكرادەكات.

مەحمود حەبیب، وتەبێژی هێزەكانی باكووری هێزەكانی سوریای دیموكرات-هەسەدە- رایگەیاند: تێكەڵكردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سوریا بەپێی قۆناغە دیاریكراوەكان بەڕێوەدەچێت، لە چوارچێوەی پرۆسەی تێكەڵكردنەكەشدا ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازییەكان دەستنیشانكراون.

رونیشیكردەوە، هۆكاری دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆسەی تێكەڵكردنەكە دەگەڕێتەوە بۆ رێكارە كارگێرییەكان، تا ئێستاش هیچ خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو بۆ تەواوكردنی سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكە یەكلا نەكراوەتەوە.

جەختیشیكردەوە، هەر یەك لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا، پێداگرن لەسەر ئەوەی پرۆسەی تێكەڵكردنەكە لە خێراترین كاتدا كۆتایی بێت.