هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە زنجیرەیەک لێدواندا سەبارەت بە گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە رایگەیاند، سوریا ئەمڕۆ بووەتە فاکتەرێکی بەشدار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. 

فیدان ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و جوغرافیییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق کرد و رایگەیاند، کەس ناتوانێت رێڕەوی تورکیا و سوریا لە یەکتر جیا بکانەوە.

ئاشکراشی کرد کە وڵاتەکەی کار بۆ بونیادنانی پەیوەندیی ئابووریی بەهێزتر دەکات لە رێگەی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ سوریا و باشترکردنی رەوشی ناوچە سنوورییەکان.

وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشارەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر بکەن تاوەکو کۆتایی بە پێشێلکارییەکانی بهێنێت.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، فیدان رەخنەی توندی لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند کە ناوبراو داوای ئاشتی ناکات و سیاسەتەکانی کابینەکەی لە فەلەستین و لوبنان تەواو نەرێنین.

سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی و پەیوەندییەکانی ناوچەکەش، جەختی کردەوە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.