رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بەردەوامبوونی هەوڵەکانی نێوەندگیری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران رادەگەیەنێت و ئاشکرای کرد کە رەشنووسی رێککەوتنێکی کورتخایەن لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەبێ ئەوەی لە ئێستادا هیچ دانوستانێکی راستەوخۆ لە ئارادا بێت.

ماجد ئەلئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە لێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند: دەتوانین دووپاتی بکەینەوە کە هەوڵەکان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بەردەوامن.

 ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا سەرنج لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی کورتخایەنە بۆ یارمەتیدانی بووژاندنەوەی دانوستانەکان و گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکراشی کرد کە بەندەکانی پەیوەست بە رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا داڕێژراون و لە ئێستادا رەشنووسی رێککەوتنەکە لە نێوان لایەنەکاندا ئاڵوگۆڕ دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ رێکخستن یان پلانێک بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆکی کۆماری ئێران، رایگەیاند ئەو دەنگۆیانە دورە لە راستییەوە و ئەگەر بیەوێت دەست لەکاربکێشێتەوە، بە رەسمی رایدەگەیەنێت.

مەسعود پزیشکیان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا، ئاماژیە بەوەکردوە، ئەگەر بڕیاری دەستلەکارکێشانەوە بدات، بە رەسمی رایدەگەیەنێت.

ناوبراو جەختیکردەوە بە هیچ شیوەیەک ناکۆکی لە نێوان ئەو  رابەری باڵای ئێراندا نییە و کەسانێک دەیانەوێت ناکۆکی دروست بکەن.

 ئەم ڕەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە کە پێشتر محەممەد باقر خەرازی، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای ئێران، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە مەسعود پزیشکیان 28 جار داوای دەستلەکارکێشانەوە یان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە کردوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محمد کەرەمی، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، لە تەواوی ئامادەباشیدان، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک.

محمد کەرەمی، لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ ناوچە سەربازی و ئۆپراسیۆنییەکانی باکووری رۆژاوای وڵاتەکەی رایگەیاند، کە هێزەکانی سوپا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لە ئامادەباشیی تەواودان.

ناوبراو، هۆشداریشیداوەتە وڵاتانی دوژمن و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیران، کە لێکدانەوەی هەڵە و هەر هەنگاوێک دژی ئێران بەپەلە باجی قورسی دەبێت.

محمەد کەرەمی، لەبارەی هێرشی زەمینیشەوە بۆ سەر ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، کە هێزەکانیان باکووری رۆژاوای ئێران دەکەنە گوڕستان بۆ هەر دەستدرێژکارێک.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران چیتر وەک پێشتر نین، ئاماژەی بەوەشکردو ئەگەر ئێران هێرش بکاتەوە سەر ئیسرائیل، روبەڕوی وەڵامێکی زۆر قورس دەبێتەوە.

ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یەکێک لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەکان، ئاماژەی بە هۆکاری هێرشنەکردنەوەی ئێران کرد بۆ سەر وڵاتەکەی و دەڵێت؛ خۆشیان دەزانن روبەڕوی هێرشی زۆر توند دەبنەوە، ئەگەر دووبارە هێرش بکەن، زەبرێکی زۆر قورسیان بەردەکەوێت و وەڵامێکی ئاسایی نابێت.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەشڵێت؛ ناڵێم ئەوان ناتوانن هێرش بکەن یان ئاستەمە بیکەن، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ هێرشێکیان بە ئاڕاستەی ئێمە ئەنجام نەداوە.

لە کۆتایی گفتوگۆکەشیدا، ناتانیاهۆ باس لەوەدەکات، ئێران لاواز بووە و زەبری زۆر قورسی بەرکەوتووە، بەڵام بێگومان هێشتا هەندێک توانای ماوە و لە ناوچەی کەنداودا دەبینرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، گەروی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادایە و سەرکردایەتیی ئێرانیشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە فێڵباز  و دووڕون.

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛ سەرکردایەتیی داوای کۆبوونەوە و گفتوگۆ دەکەن، بەڵام دواتر دەڵێن؛ هیچ گفتوگۆیەک ئەنجام نادەن، لە هەمان کاتدا درێژە بە هەڕەشەکانیان دەدەن سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گەروی هرمز.

 ترەمپ جەختیکردەوە، گەمارۆ ئێران بەردەوامە و  هیچ شتێک ناگاتە ئێران مەگەر ئەوان بیانەوێت، ئەویش بە رێککەوتن  یاخود بە خۆبەدەستەوەدانی تاران.

سەرۆکی ئەمریکا جارێکیتر جەخت دەکاتەوە لەوەی، گەروی هورمز لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی ئەمریکادایە و  تارانیش نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە ئێستادا هیچ جۆرە دانوستانێكیان لەگەڵ ئەمریكا نییە و جەختیشی كردەوە كە رێككەوتن تەنها لەگەڵ عومان بەس نییە بۆ كردنەوەی گەروی هورمز.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ عومان لە سەر ئاسایشی كەشتیوانی لە گەروی هورمز بەردەوامن، بەڵام هیچ جۆرە گفتوگۆیەك لە نێوان تاران و واشنتۆندا لە ئارادا نییە.

وتیشی، هیچ گۆڕانكارییەك لە رەوشی گەروی هورمزدا رونادات هەتا ئەو كاتەی ئەمریكا كۆتایی بە دەستدرێژی و گەمارۆ دەریاییەكانی دەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە هەموو ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری ئێران لە ناوخۆی وڵاتدان و تاران لە ئێستادا هیچ نیازێكی نییە بۆ میوانداریكردنی هیچ وەفدێكی بیانی یان سەردانیكردنی هیچ وڵاتێك بە مەبەستی دانوستان، هیچ نێوەندگیرییەكی نوێش لە نێوان واشنتۆن و تاراندا نییە و ئێران تەنها لە سەر بنەمای بەرژەوەندییەكانی خۆی بڕیار لە سەر هەنگاوەكانی داهاتوو دەدات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئاشکرایکرد، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزی رابردووەوە، هێزەکانیان بەردەوامن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا و کۆمەڵێک رێکاری مەیدانییان دژی جووڵەی دەریاوانیی پەیوەندیدار بەو وڵاتەوە گرتووەتەبەر.

سێنتکۆم لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، تا 2ی ئاب، هێزەکانی ئەمریکا رێڕەوی 35 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، جگه لە پەکخستنی دوو کەشتی و پشکنینی دوو کەشتیی دیکە بۆ پێداچوونەوە لە پابەندبوونی تەواویان بە رێکارەکانی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا جەختی کردەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ دیاریکردنی رێڕەوی دیاریکراو بۆ جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمزدا، جەختیشی لەوە کردەوە کە گەرووەکە رێڕەوێکی ئاوی کەشتیوانیی نێودەوڵەتییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری جەنگی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، هێزەکانی ئەمریکا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بۆ دواخستنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئاستی ئامادەیی سەربازیی نەبووە.

پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' نووسیویەتی، وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا بەو ئاستەی لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە نەبینراوە، ئامادەکاریی کردووە و سوپا لە هەموو روویەکەوە ئامادەیە، پێش ئەم لێدوانەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کردبوو، خولێکی نوێی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی ئێران ئەنجام دەدرێت، ئەمەش دوای ئەوە هات کە بە شێوەیەکی کاتی هێرشە نوێیەکانی بۆ سەر ئێران هەڵپەسارد.

دۆناڵد ترەمپ لە کاتی گەڕانەوەی لە نیوجێرسی بۆ واشنتۆن لەناو فڕۆکەکەیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بڕیارە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچن، بە بێ ئەوەی شوێن، ماوە، یان ناوی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە ئاشکرا بکات.

هاوکات سەرۆکی ئەمەریکا دووبارە جەختی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی پلانی بۆ هێرشێکی بەرفراوان و نوێی بۆ سەر ئێران هەبووە، بەڵام لە کۆتا ساتدا و لەسەر داوای بەپەلەی سعودیە، ئیمارات، قەتەر و تەنانەت خودی ئێران، هێرشەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیراندا، ئێران و ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتنێکی چوارچێوەیی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردبوو.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکیدا لە ئێکس، رایگەیاند ئە رێککەوتنەی ئیمزای لەسەر کراوە، لەگەڵ ئەمریکا دەبێتە چەقی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لە داهاتودا.

سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە، بەرهەمی ژیری و بڕیاری بەکۆمەڵی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییە و تەواوی ئەندامان هاوڕا و هاوسۆزن لەسەری.

مەسعود پزیشکیان، ئەوەشیخستوەتەڕوو، باوەڕی وایە ئەم رێککەوتنە  دەبێتە ناوەند و چەقی قورسایی پەیوەندییە دەرەکییەکانیان لە داهاتودا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و  دەبێت هەوڵ بدەن دوژمن ناچاربکەن  پابەند بێت بەوەی ئیمزای کردووە.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا، سەرۆک کۆماری ئێران دەڵێت؛ بەم رێککەوتننامەیە ئاسایشی وڵات، ناوچەکە و هاوپەیمانەکانیان دەپارێزرێت و پەیوەندییەکانیان بەهێز تر دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و بە بۆنەوە دووەم ساڵی کوشتنی ئیسماعیل هەنییە و دەڵێت؛ چەکداماڵینی حەماس، هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت و پێشتر شکستی هێناوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەکردوە، کوشتنی ئیسماعیل هانیە لە تاران تاوانێکی گەورە بوو،  پێشێلکردنی گەورەی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو.

سوپای پاسداران دەشڵێت؛ چەکدانانی حەماس هیچ لە رەوشەکە ناگۆڕێت، سەرکەوتنی کۆتایی فەلەستین لەوە نزیکترە، کە دوژمنان خەیاڵی دەکەن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاشتی گەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ داماڵینی چەکداریی تەواوەتی حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەی فەلەستینی لە غەززە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکە  قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت و لەگەڵ پێشکەوتنی پرۆسەی داماڵینی چەکدا، هێزەکانی ئیسرائیل وردە وردە لە غەززە دەکشێنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فاتیمە مهاجیری، وتەبێژی حکومەتی ئێران  بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، وەک حکومەت خۆشمان  لە ئاستی رەوشی ئابوری رازی نیین و لە ساڵی (2025)ـوە هیچ رۆژێکی ئارامیان نەبووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وتەبێژی حکومەتی ئێران بە ئاژانسی ئێسنای وڵاتەکەی راگەیاندوە، تەنها میلەت نییە لە رەوشی ئابوری نارازییە، ئەوانیش وەک حکومەت خۆشیان لەو رەوشەی ئێستا رازی نین.

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە،  ژمارە و ئامارەکان خۆیان راستییەکان دەردەخەن و  خەڵکیش باش لەوە تێدەگەن و دەزانن وڵات لە رەوشێکی جەنگیدایە.

وەک ئاماژەیەکی راشکاو بۆ ئەو ئاستەنگانەی روبەڕووی کابینەکەیان بووەتەوە، وتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاندوە، لە ساڵی 2025 وە هیچ رۆژێکی ئارام بەسەر دەوڵەتدا تێنەپەڕیوە.

ئەو زیاتر جەختی لە شکست و خراپی رەوشی وڵاتەکەی کردوە و دەڵێت؛ ئەگەر سەیری رۆژمێری ساڵی 2025، بکرێت قەیرانێکی زۆر روی لە وڵاتەکەیان کردوە، کە لە روداوەکەی بەندەری رەجایی لە مانگی نیسانەوە  دەست پێدەکات تا دەگاتە جەنگی سێیەم لە 9ی شوباتدا و تا ئێستا بەردەوامە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرباری داواكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكان لەناو خاكی سوریا، ئیسرائیل بەردەوامە لە چونە ناو خاكی ئەو وڵاتەو لە دواین پێشهاتیشدا هێزێكی سەربازیی ئیسرائیلی چووەتە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای دەرعا و قونەیتەرە.

سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكردووە، هێزێكی سەربازی ئیسرائیلی كە پێكهاتووە لە دوو تانك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی، لە دەروازەی تەل ئەبو غیسارەوە بەرەو ناوچەی غورفەت موجەحەم لە ڕۆژئاوای دەرعا پێشڕەویی كردووە، لەكاتی پێشرەوییەكەشدا ئەو هێزە بە چەكی قورسی سەر تانكەكان تەقەی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و ڕێگەی سەیل ئەبو عومەر كردووە، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی زیانی گیانییەوە هەبێت.

هاوكات كاروانێكی سەربازیی ئیسرائیلی پێكهاتوە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی، چووەتە ناو گوندی عەجرەف لە ناوەڕاستی قونەیترە و خاڵێكی پشكنینی كاتیی لە ناو گوندەكەدا داناوە. 
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو هێزە  سەربازییە كامێرای چاودێرییان لەسەر ڕێگەی عەجرەف _ ئوم باتنە و كامێرایەكیان لەناو شارۆچكەی سەمدانیە لە قونەیترە داناوە، هێلیكۆپتەرێكی ئیسرائیلیش بە ئاسمانی پارێزگاكانی دەرعا و قونەیترە دەسورێتەوە.

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی پێشلێكارییە بەردەوامەكانی سوپای ئیسرائیلدایە لەناو خاكی سوریا كە ماوەیەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوری سوریا كە تارادەیەكی زۆر نیگەرانیی سورییەكانی لێكەوتوەتەوە، چونكە لە بەشێك لە ناوچەكان كاری روخان و تێكدان و رێكخستنەوەی زەوییەكان ئەنجام دەدات.

ئەوە لەكاتێكدایە ، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاندوە، كار دەكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداری ژمارەیەك دەوڵەت، بەو ئامانجەی رێككەوتنەكە دەرگایەك بێت بۆ ئاشتییەكی گشتگیر لە نێوانیانیاندا كە چیتر مافەكانی سوریا پێشێلنەكرێت بە تایبەت لە بەرزاییەكانی جۆلان.

هەفتەی رابردووش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە میانی سەردانێكیدا بۆ سوریا دوپاتیكردەوە كە بەرزاییەكانی جۆلان خاكی سوریایە و پێشێلكارییەكانی ئیسرائیلیش لەناو خاكی سوریا قبوڵ كراو نییەو دەبێـت تەلئەبیب پابەند بێت بە رێككەوتنەكەی ساڵی 1974وە.

بڕیارە بەم نزیكانە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتێكی ورد لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل لە سوریا دەداتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ  یەكەمجار وردەكاریی چەند سەعاتی دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران لە 28ی شوباتدا ئاشكراكرد و دانی بەوەدا نا  كە دەسەڵات ترسی لە كاردانەوەی شەقام هەبووە.

بەپێی لێدوانەكانی قالیباف لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پەرلەمان، لێپرسراوانی باڵای ئێران نزیكەی سەعاتێك دوای بۆردومانی بارەگای خامنەیی دڵنیابوونەتەوە لە كوژرانی ناوبراو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەعات 8ی ئێوارە بە ئامادەبوونی كەسایەتییە دیارەكان لەوانە عەلی لاریجانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كە دواتر لە بۆردومانێكی ئەمریكادا كوژرا بەڕێوەچوو، بەوتەی قالیباف بڕیار بوو هەواڵەكە سەعات8ی بەیانیی رۆژی دواتر بۆ رایگشتی رابگەیەندرێت تا بتوانن لیژنەیەك پێكبهێن بۆ بەڕیچوەبردنی وڵات بە كاتی.

بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لەلایەن میدیاكانی دەرەوە، پلانەكە پێچەوانەبووەتەوەو ناچاربوون زووتر هەواڵەكە بۆر رایگشتی ئاشكرا بكەن.

قالیباف ئاماژەی بەوەداوە، سەعات 1ی شەو پەیوەندی بە لاریجانییەوە كردووە و دوای هەڵسەنگاندنی دەیان هاوكێشەی ئەمنی، بڕیاریانداوە هەواڵەكە لە كاتی زووتر بڵاوبكەنەوە. 
راشیگەیاندووە، ئەوان بەرپرسیارێتییە كەسییەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی رەنگە پاشان پرسیاریان لێ بكرێت بە چ دەسەڵاتێك ئەو بڕیارەیان داوە.

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە ئاشكرا باسی لەوە كردووە، هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی خامنەیی، هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە، ئەگەر نا ئەگەری ئەوە هەبووە رەوشی شەقام ئاراستەیەكی تری جیاواز بگرێتەبەر.

سیاسەتی شاردنەوەی راستییەكان یەكێكە لەو سیاسەتانەی وڵاتان پەیڕەوی دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتیان و شەقام تا رادەیەك كۆنتڕۆڵ بكەن و لە كولتووری سیاسەتی ئیرانیشدا ئەو سیاسەتە پشكی شێری بەركەوتووە.

لە دوای كوژرانی عەلی خامنەییەوە، تا ئێستا چارەنووسی موجتەبا خامنەیی كوڕیش دیار نییە كە دەوترێت هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی سەر ماڵی باوكیدا پێوەبووەو كوژراوە، بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەكەنەوەو دەڵێن موجتەبا لە ژیاندا ماوەو تەنها بریندار بووە.

لە ساڵی 1989 و كاتی مردنی خومەینی كە دەسەڵات توانی بۆ ماوەیەك مردنەكەی بشارێتەوە، بەڵام ئەمجارە میدیا ئیسرائیلی و ئەمریكییەكان پێش هەموو لایەك بڵاویانكردەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دڵی شاری سێواسی باكووری كوردستان، مزگەوتی گەورەی دێڤریگی و دارولشیفا وەك یەكێك لە ناوازەترین شاكارە تەلارسازییەكانی سەردەمی سەلجووقییەكان دەدرەوشێتەوە.

ئەم شوێنەوارە مێژووییە كە تەمەنی نزیكەی 800 ساڵە، تەنها بە نەخش و نیگارە دەگمەنەكانی سەر بەردەكانی ناناسرێتەوە، بەڵكو بە دیاردەیەكی بینایی سەرسوڕهێنەر ناوبانگی دەركردووە و بەو مزگەوتەی كە سێبەرەكانیشی نوێژ دەكەن دەناسرێتەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوە مێژووییەكان، ئەم مزگەوتە لە ساڵی 1228ی زاینی دروستكراوە و یەكێكە لەو شوێنەوارانەی لە لیستی میراتی جیهانیی یونسكۆدا بە شێوەیەكی رەسمی تۆمار كراوە.
لە مانگەكانی تەممووز و ئابدا، نزیكەی سەعات 7:00ی بەیانی، سێبەرێكی چڕ لەسەر نەخشەكان دروست دەبێت كە شێوەی ژنێكی نوێژكەر نیشان دەدات.

ئەم دیاردەیە تەنها رێكەوت نییە، بەڵكو ئەنجامی لێكدانەوەیەكی زانستیی قووڵە بۆ جووڵەی خۆر و گۆشەی كەوتنی تیشكەكان لەسەر تاق و پەنجەرەكان كە لە هیچ شوێنێكی تر هاوشێوەی نییە.

لە لایەكی تر و لەسەر دەرگایەكی تری مزگەوتەكە، دیاردەیەكی تری ئەندازیاری هاوشێوە لەكاتی نوێژی عەسردا دووبارە دەبێتەوە.

لەو كاتەدا سێبەرێك دروست دەبێت كە لە سەرەتادا وا دەردەكەوێت پیاوێك بێت خەریكی خوێندنەوەی قورئان بێت، پاشان سێبەرەكە دەگۆڕێت بۆ شێوەی پیاوێك كە كڕنۆش دەبات و نوێژ دەكات.

ئەم وردكارییانە لە 365 رۆژی ساڵدا تەنها لە كاتە دیاریكراوەكاندا دەردەكەون، ئەمەش فشار دەخاتە سەر مێشكی بینەر بۆ تێگەیشتن لەو ئاستە بەرزەی ئەندازیاری كە چۆن توانیویانە 8 سەدە پێش ئێستا بەبێ تەكنەلۆژیای مۆدێرن كارێكی وەها ورد ئەنجام بدەن.

ئەوەی ئەم مزگەوتە لە مزگەوتەكانی تر جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە هیچ نەخشێكی سەر دەرگاكان هاوشێوەی یەكتر نین و هەریەكەیان چیرۆكێكی تایبەت دەگێڕنەوە.

بەپێی ئامارەكان، ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ بینینی ئەم سێبەرانە سەردانی دەكەن، بەتایبەت لەو وەرزانەی كە سێبەرەكان بە روونی تێیدا دەردەكەون، تا لە نزیكەوە بینەری ئەو ساتە بن كە بەردەكان تێیدا مانا بە رۆحییەت و پەرستن دەبەخشن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریدەدات لە هەر سەركێشییەك لەلایەن ئەمریكاوە و دەڵێت وەڵامی یەكلاكەرەوەیان بۆی دەبێت.

عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران چەند پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ عاسم منیر، فەرماندەی سوپای پاكستان و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە دوپاتیكردەوە كە بێدەنگ نابن بەرانبەر هەر هێرشێك كە بكرێتە سەریان و وەڵامی توندیان بۆ هەر سەركێشییەكی ئەمریكا دەبێت.

هاوكات ئاژانسی نور نیوز سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران بڵاویكردەوە، هەر هێرشێكی ئەمریكا بۆ سەر ژێرخانی وزە لە ئێران، تاران ناچار دەكات هێرش بكاتە سەر  كێڵگە نەوتییەكانی سعودیە و ئیمارات و كێڵگەكانی گاز لە قەتەر و ئیسرائیل.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری هێرشە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ سەر ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و هۆکاری ئەم بڕیارەشی بۆ هەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران گەڕاندووەتەوە.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: لەپێناو بەرژەوەندییەکانی جیهان و بۆ هێشتنەوەی ئێران وەک وڵاتێکی ئاوەدان، قایلبووم بە هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکان، بەو مەرجەی بە خێرایی بگەینە رێککەوتنی کۆتایی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان لێکردووە هێرشەکە رابگرێت، چونکە هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە دیاری کراون. بە وتەی ترەمپ، مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکە بریتین لە: "کردنەوەی دەستبەجێ و تەواوەتیی گەرووی هورمز و کۆتایهێنان بە هەڕەشە ناوکییەکانی ئێران."

ئەکسیۆس ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە دێت، کە تێیدا نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان دەربڕیبوو.

هاوکات وڵاتانی قەتەر، ئیمارات، تورکیا و پاکستان فشارەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە و رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان.

لە بەرانبەریشدا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا و ئیسرائیل کرد و رایگەیاند: هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران، یان هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە لە هێرشێکی لەو شێوەیەدا، بە وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرەوڕوو دەبێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...2526272829...187