ئیسرائیل سووربوونی خۆی لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەمریکا دژی ئێران راگەیاند، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش دەڵێت؛ تا ئەو کاتەی پێویست بێت جەنگەکە بەردەوام دەبێت.

 یسرائيل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ رایگەیاند گورزە ئاسمانییەکان زیانی زۆر کوشندەیان لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران داوە و "ئەم ئۆپەراسیۆنە هیچ سنورێکی کاتیی نییە، رۆژ لە دوای ڕۆژیش، بەردەوام دەبین تا هەموو ئامانجەکانمان دەپێکین."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، "بەردەوامیی ئەم گورزانە هەلێک بۆ گەلی ئێران دەڕەخسێنێت تا ڕاپەڕن بکەن و ئەم ڕژێمە لابدەن، کە لە کۆتاییدا ئەوە پەیوەستە بە بڕیاری خۆیانەوە."

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری لێپرسراوانی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، هێشتا هیچ گەرەنتییەک نییە کە جەنگەکە ببێتە هۆی روخانی حکومەتی تاران، بەتایبەت کە تا ئێستا نیشانەی راپەڕینی جەماوەری دەرنەکەوتووە.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە ،جەنگەکە بەمزووانە کۆتایی دێت، بەڵام هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیل نیشانی دەدەن واشنتۆن هێشتا نزیک نییە لە دەرکردنی فەرمانی راگرتنی شەڕ.

بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی "زە مۆنیتەر"، هەواڵگریی ئیسرائیل هەستی بە بوونی ناکۆکی لە ناو ئیدارەی ترەمپ کردووە سەبارەت بە ئاسۆی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.