رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندوە، سەرەڕای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، ئامارەکان دەریدەخەن، کە ئێران توانیویەتی کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بکات و ئاستی هەناردەکردنی نەوتەکەی تەنانەت بۆ زیاتر لە قۆناغی پێش جەنگ بەرز بکاتەوە.

رۆژنامکە ئاماژەی بەوەکردوە، لە کاتێکدا وڵاتانی تری کەنداو وەک سعودیە و عیراق بەدەست دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ دەربازبوون لەو گەرووە دەناڵێنن، ئێران بە هاوکاری "کەشتیگەلە سێبەرەکان" و کڕیارە چینییەکان، رۆژانە بە تێکڕا 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.

 ئەمەش وەک هێڵێکی ڕزگارکەری دارایی بۆ تاران دادەنرێت لە کاتێکدا لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند بووەتەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی توندی ئاراستەی هەر کەشتییەک کردووە، کە بیەوێت بەبێ رەزامەنی ئەوان بە گەرووەکەدا تێپەڕێت، ئەمەش بووەتە هۆی ترس لای کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ  زیاتر لە 92 دۆلار، هەرچەندە دواتر نرخەکان کەمێک دابەزین.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، زۆربەی ئەو کەشتییانەی ئێستا بە سەلامەتی بە گەرووەکەدا تێپەڕ دەبن، ئەو کەشتییە چینییانەن کە لە رێگەی بێتەلەوە خۆیان بە "دۆستی ئێران" دەناسێنن یان ئەو تانکەرانەن، کە ئاڵای وڵاتانی تر بەکاردەهێنن بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا.

لە ڕووی سەربازییەوە، فەرماندەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشدارییان داوە کە هەر هەوڵێکی ئەمریکا بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییە بازرگانییەکان، بە توندترین شێوە و لە رێگەی موشەک و درۆنی خۆکوژەوە وەڵام دەدەنەوە و هەر ئەمڕۆش دوو کەشتی کرانە ئامانج و میدیاکانی ئێران وێنەکەیان بڵاوکردەوە.

شارەزایانی کەرتی وزە پێیان وایە تەنها رێککەوتنی ئاگربەست یان دەستێوەردانی سەربازیی راستەوخۆ دەتوانێت دۆخی گەرووەکە بۆ وڵاتانی تری بەرهەمهێنەری نەوت ئاسایی بکاتەوە، چونکە لە ئێستادا تەنها تاران و هاوپەیمانە بازرگانییەکانی سوودمەندی سەرەکین لەم چەقبەستووییە ستراتیژییە.