ئێران هەڕەشەی بەئامانجگرتنی ناوەندە ئابوری و بانکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکات، ئەوەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی شەوی رابردوو کە بانکێکی تاران کراوەتە ئامانج.

بارەگای 'خـ.ـاتـ.ـم الأنبـ.ـياء' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ناوەدنە ئابورییەکان و بانکەکانی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە بە ئامانج دەگرن.

لە راگەیەنراوەکەدا، هۆشدارییەکی بەپەلە ئاڕاستەی دانیشتووانی ناوچەکە کراوە کە لەو دامەزراوە ئابوری و بانکییانە دووربکەونەوە، بە هیچ شێوەیەک لە مەودای کەمتر لە یەک کیلۆمەتر لەو شوێنانەدا ئامادە نەبن، چونکە وەک ئامانجی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەم هەڕەشەیەی تاران دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، بانکێک لە تاران کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەک لە کارمەندانی بانکەکە گیانیان لەدەستداوە.