دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لێپرسراوانی ئێران باس لە تێکشکانی سیستمی بەرگریی ئیسرائیل و دروستبوونی دڵەڕاوکێ لە تەلئەبیب دەکەن.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ نایەوێت جیهان ئەو راستییە ببینێت کە چۆن هێزە چەکدارەکانی ئێران سزای ئیسرائیلیان داوە.

عراقچی ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئەو راپۆرتانەی لە مەیدانی جەنگەوە پێیان گەیشتووە، موشەکەکانی ئێران وێرانکارییەکی گشتگیریان ناوەتەوە و هێزەکانی ئیسرائیلیان تووشی شڵەژان و دڵەڕاوکێ کردووە،

جەختیشی لەوەکردەوە کە "ئەمە تەنها سەرەتایە".

لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران وردەکاری نوێی هێرشەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەپۆلی 37ـی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستەقینەی چوار" بۆ ماوەی سێ سەعات بەردەوام بووە. لەو هێرشانەدا بۆ یەکەمجار زۆرترین ژمارەی موشەکی جۆری "خوڕەمشەهەر" کە بە موشەکی زەبەلاح و "قورسی بێوێنە" دادەنرێن، بە شێوەیەکی فرەچین و چڕ ئاڕاستەی بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کراون.

ئەمش لەکاتێکدایە، میدیا جیهانییەکان وەک "فرانس24" ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای ئیسرائیل پەخشی راستەوخۆی ئاسمانی و وێنەگرتنی شوێنی کەوتنی موشەکەکانی لە نزیک بنکە ئەمنییەکان قەدەغە کردووە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ شاردنەوەی قەبارەی ئەو زیانانەی بەر ناوچە هەستیارەکان کەوتوون.