رۆژنامەی ساندی تایمزی بریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوو ڤێلای تایبەتی گرانبەها، لە ناوەڕاستی لەندەن و لە بەرانبەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، کە خاوەنداریەتیەکەی بۆ موجتەبا خامنەیی دەگەڕێتەوە خراونەتە مەزادەوە بۆ فرۆشتن.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو دوو ڤێلایە بە بەهای نزیکەی 36 ملیۆن پاوەند دانراون بۆ فرۆشتن و خاوەنداریەتییەکەی بۆ موجتەبا خامانەی دەگەڕێتەوە و دەکەوێتە نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە لەندەن.
ئەم دوو موڵکە، کە دەکەونە نزیک کۆشکی کەنزینگتۆن، لە ساڵانی 2014 و 2016 لەلایەن بازرگانێکی ئێرانی بەناوی عەلی ئەنساری و بە بڕی 35.7 ملیۆن پاوەند کڕدراون.
عەلی ئەنساری، کە خاوەنی پێشوی "بانکی ئاینزە"ە و لە دوبەی نیشتەجێیە، ناوی سەرەکیی ناو ئەم دۆسیەیەیە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە تەمموزی 2026 و حکومەتی بریتانیا لە تشرینی دووەمی 2025، ناوبراو خراوەتە لیستی سزاکانەوە بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ موجتەبا خامنەیی و لێپرسراوانی باڵای ئێران و سوپای پاسداران، لە رێگەی تۆڕێکی کۆمپانیای دەرەکی لە وڵاتانی جیاواز.
بەپێی راپۆرتەکەی ساندی تایمز، دوای ئەوەی ئەنساری ناوی چوەتە لیستی سزاکانەوە، توشی کێشە بوو لە دانەوەی قەرزەکانی پەیوەست بەو موڵکانە و قەرزدەرە تایبەتەکان بەڕێوەبەری فرۆشتنیان بۆ دیاریکردوە و پرۆسەی فرۆشتنیان بە مۆڵەتی حکومەتی بریتانیا بەڕێوەدەچێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، تەواوی داهاتی دەستکەوتوو لە فرۆشتنیان تا کاتێک ئەنساری لە ژێر سزادا بێت بە بلۆککراوی دەمێنێتەوە.
گەروی هورمز، ئەو كارتی فشارەی ئێران وەك چەقۆیەك كردبوویە سەر قوڕگی دۆسیەی ئابوری و بازرگانی جیهانیی، ئێستا خەریكە دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەك خودی ئێران خۆی لەناو ببات.
توێژەرانی بواری سیاسی و سەربازی باس لەوەدەكەن، تاران لە هەڵسەنگاندنی هێزەكانی خۆی و لێكەوتەكانی داخستنی گەروی هورمزدا توشی هەڵە بووە، چونكە لە كاتێكدا فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ نزیكەی سفر دابەزیوە و زیانی رۆژانەی سەدان ملیۆن دۆلاری لێكەوتووەتەوە، وڵاتانی دراوسێ بەبێ هیچ كۆسپێك بەردەوامن لە هەناردەكردنی نەوتەكەیان.
ئەم دابڕانە ئابورییە، لەگەڵ پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەكان، بووەتە هۆی كورتهێنانی دراوی قورس كە مەبەست لێی دراوی بیانییە لە وڵاتەكەدا و ئەركی پارەداركردنی بازرگانی دەرەكیی و بەهێزكردنیەتی.
هەناردەكردنی نەوتی ئێران كە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا، ئێستا دابەزیوە بۆ چەند سەد هەزار بەرمیلێك و رەنگە هەندێكجار بگاتە سفر، كە زیانەكەی بە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بۆ هەر رۆژێك.
سحری گەروی هورمز ئێستا خەریكە بەسەر ساحیرەكەدا هەڵدەگەڕێتەوە و ئەو گەروەی بە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی جیهان دادەنرا، پەكخستن و سنورداركردنی لەلایەن ئێرانەوە خەریكە خودی ئەو وڵاتە لەناودەبات.
لەلایەك فشارە ئابورییەكانی وەستانی بازرگانی و هەناردەنەكردن، لەلایەن لێكەوتەكانی درێژبووەتەوە بۆ راگرتنی بازرگانی لە زۆر رێگەی تریشەوە بۆ ئێران، هەڵاوسانی توند و پەككەوتنی موچەی فەرمانبەرانی زیاتر كردووە، كە ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەهێزی لە شەقامی ئێرانیدا دروست كردووە. هەروەها دابەشبوونی سیاسی لەناوخۆی دەسەڵاتی ئێراندا فشارەكانی زیاتر كردووە.
بەوتەی توێژەران و شارەزایانی سیاسی، جیاواز لە پرسە ئابورییەكە، ئێستا هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەكان گۆڕاون و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش چین و ئەوروپا، هاوڕان لەسەر پاراستنی كراوەیی گەروی هورمز.
باس لەوەشدەكەن، سیاسەتی ئێستای ئەمریكا بەجۆرێكە، هەر جۆرە هەنگاوێك ئێران توشی خۆكوژی سیاسی و ئابوری دەكات، بەجۆرێك تاران ئێستا لەنێوان داڕمانی ناوخۆیی و قبوڵكردنی گەمارۆ توندەكاندا گیری خواردووە و بۆ دەرچەیەك دەگەڕێت جەنگ بباتەوە یان لانیكەم بە دەستكەوتی باشەوە لێی دەرچێت.
محەمەد باقر قاليباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لێدانی بەهێزیان ئاڕاستەی بنکە سەربازییەکان کردووە و هۆشداریشی دا کە هەر هێرشێکی نوێ بکرێتە سەر ئاسایش یان بەرژەوەندییەکانی ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی خێراتر و ئازاربەخشتر دەبێتەوە.
قاليباف لە وتارێکدا کە راستەوخۆ لە رێگەی تەلەفزیۆنی رەسمیی ئێرانەوە پەخشکرا، رایگەیاند: لێدانەکانمان بۆ سەر بنکەکانی دەستدرێژیکاران لە ئۆپراسیۆنەکانی دواییدا تەنیا سەرەتا بوون.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ئەمریکا درکی بەوە کردووە سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوسەنگ کۆتایی هاتوو کە دەبێت بەرپێگرتن لە زووترین کاتدا تێبگات رێساکانی یارییەکە بە تەواوی گۆڕاون.
ئەم لێدوانانەی قاليباف دوای ئەوە دێن کە هێزەکانی ئەمریکا سێ کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان کردە ئامانج، لە بەرانبەریشدا هێرش کرایە سەر چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزدا.
لەکۆتاییدا سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی شکست بە ئەمریکا دەهێنێت لە جەنگی ئابووریشدا، هەروەک چۆن لە مەیدانی سەربازی و دیپلۆماسیدا تووشی شکستی کردوون.
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ سەربەخۆیی سەربازی و بەهێزکردنی پیشەسازیی بەرگریی ناوخۆیی، تورکیا پێشکەوتنی گەورەی لە پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگیی نیشتمانیی "کان" بەدەستهێناوە، تاوەکو وەک جێگرەوەیەک بۆ فڕۆکەی ئێف 35ی ئەمریکی بەکاریبهێنێت.
ئێمرێ یابان، گەورە ئەندازیاری فڕۆكەی جەنگیی كان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: توركیا هەنگاوەكانی خێرا كردووە بۆ پەرەپێدانی فڕۆكەی جەنگیی نیشتمانیی خۆی لە نەوەی پێنجەم بە ناوی كان، بە ئامانجی دەستكەوتنی جێگرەوەیەكی سەربەخۆ بۆ فڕۆكەی ئێف 35ی ئەمریكی.
ئەم هەنگاوەی ئەنقەرە دوای ئەوە هات كە لە بەرنامەی دروستكردنی ئێڤ 35 دوورخرایەوە و یاسای ململانێكردنی نەیارانی ئەمریكا بەسەردا سەپێندرا ناسراو بە كاتسا، ئەوەش دوای كڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400 ی روسی لە ساڵی 2017دا.
ئەو ئەندازیارە توركیە راشیگەیاند: فڕۆكەكە بە تەواوی لە سەرەتایەوە بە سەرجەم بەشەكانی و سیستەمی كارپێكردنییەوە لە ناوخۆی توركیا دیزاین كراوە، بەوەش توركیا دەبیچتە یەكێك لەو چوار وڵاتەی جیهان كە توانتوویانە فڕۆكەی جەنگی لە نەوەی پێنجەم گەشە پێبدەن شانبەشانی ئێڤ 22 ئەمریكی، سی یو 57 رووسی، و جەی 20ی چینی.
سوپای ئیسرائیل ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی دانیشتوانی شارۆچکەی "عەرەبسالیم" لە باشوری لوبنان کرد و حزبوڵای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگڕبەست، دواتر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر شارۆچکەکە و ناوچەی نەبەتییە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: دوای ئەوەی حزبوڵا بە رەوانەکردنی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەرەو هێزەکانیان رێککەوتنی ئاگڕبەستی پێشێل کردووە، مەشق و چالاکییەکانی ئەو حزبە ناچاریان دەکات بە توندی وەڵام بدەنەوە.
هەروەها رایگەیاند کە مەبەستیان زیانگەیاندن بە هاووڵاتییانی سڤیل نییە و داوای لە دانیشتوانی ئەو بینایانە کرد کە لە نەخشەکەدا دەستنیشانکراون، بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بپکەن و بەلایەنی کەمەوە 300 مەتر لێیان دووربکەونەوە، بەهۆی نزیکییان لە دامەزراوەکانی حزبوڵاوە.
لە راگەیەندراوێکی تردا، سوپای ئیسرائیل روونیکردەوە : بەیانیی ئهمڕۆ یەکشەممە، حزبوڵا دوو درۆنی خۆکوژی بەرەو ناوچەی ئاسایشی لە باشوری لوبنان رەوانە کردووە و هێزەکانیان توانیویانە یەکێکیان بخەنە خوارەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانییان بەرکەوێت، و جەختی کردەوە کە لە وەڵامی ئەم هەوڵانەدا لە هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
لە دوای ئاگادارییەکەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بینا دیاریکراوەکە و دەوروبەری شارۆچکەی عەرەبسالیمیان بۆردومان کرد.
میدیا ناوخۆییەکانیش بڵاویانکردەوە کە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر شارۆچکەی "کەفرڕەمان" لە سنووری قەزای نەبەتییە، بووەتە هۆی وێرانبوونی تەواوەتیی بینایەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی.
گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا فشاری زیاتری خستوەتە سەر ئێران و لێپرسراوانی ئەو وڵاتەش دەڵێن؛ تا پێنج مانگ توانای بەرگەگرتنی گەمارۆکانیان هەیە.
رۆژنامەی ۆوڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ داخستنی گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە ئامانجی نەپێکاوە و زیانی گەورەی بە خۆی گەیاندوە، چونکە گەمارۆی توندی دەریایی ئەمریکا لە مانگی حەوتی رابردووەوە رێگری لە تاران کردووە نەوتەکەی هەناردە بکات.
بەپێی راپۆرتەکە، روبەڕوبونەوەی نێوان واشنتۆن و تاران بووەتە ململانێیەکی درێژخایەن و داخستنی گەروی هورمز نەبووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ بە مەرجەکانی ئێران رازی بێت و ئەمەش کێشەی قوڵی ئابوری بۆ تاران دروست کردوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە بەردەوامیی جەنگەکە لە قازانجی هیچ لایەکیاندا نییە و ئاڵوگۆڕی لێدانە سەربازییەکانیش تا ئێستا بە سنورداری ماونەتەوە، لە روی ناوخۆیی و ئابورییەوە، سەرکردەکانی ئێران پێشبینی دەکەن نزیکەی پێنج مانگی تر بەرگە بگرن.
بەو پێیەی ئازاری ئابوریی خەڵک کاریگەرییان لەسەر دانانێت و دەسەڵاتی راستەقینەش کەوتووەتە دەست سوپای پاسداران، بەتایبەت لە سایەی نادیاری و نەبونی رابەری باڵادا.
فەرماندەکانی پاسداران بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی سەربازی هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا ئابوریی وڵاتەکە بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت، بەڵام لێپرسراوان توانیویانە ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ کۆنتڕۆڵ بکەن.
سەرۆکی ئەمریکا جەنگی ئێرانی بە ململانێی سەربازی ناوبرد و رایگەیاند بۆ ئەوان هێندە گەورە نییە تا پێی بڵێن جەنگ، ئاماژەی بەوەشکرد رەنگە هێرش بکەنە سەر چیای قوڵنگیان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئێستادا شەڕ ناکەن و گەروی هورمز کۆنترۆڵ کراوە، چونکە هیچ مینێکی تێدا نییە.
سەرۆکی ئەمریکاوتی زۆر کەس ئەو رەوشەی ئێستا بە جەنگ ناو دەبەن، بەڵام لە راستیدا تەنها ململانێی سەربازییە و بۆ ئەمریکا هێندە گەورە نیە تا ناوی بنێن جەنگ.
دۆناڵد ترەمپ دەشڵێت؛ ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکەیدا لە ڤەنزوێلا هیچ سەربازێکی لەدەست نەدا، بەڵام لە ململانێ لەگەڵ ئێران 18 سەربازیان کوژراون.
لە بارەی رەوشی هورزیشەوە، ترەمپ جەختدەکاتەوە گەروەکە کۆنتڕۆڵکراوە و لە ئێستادا بڕێکی زۆر نەوت لە بە گەروەکەدا تێدەپەرێت.
سێ سەرچاوەی باڵا لە تارانەوە ئاشكرایان كردووە، هەڵمەتی ئەمەریكا بۆ پەكخستنی ئابووری ئێران ڕێگە لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی وڵاتەكە بە دراوی بیانی دادەخات، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێكارە نوێیەكان كاریگەریی قورسیان لەسەر كەرتی نەوت و تۆڕەكانی بازرگانی دروستكردووە.
واشنتۆن لە هەفتەكانی ڕابردوودا فشارە ئابوورییەكانی بۆ سەر تاران زیاد كردووە، تاوەكو لە هەر دانوستانێكی ئایندەدا سازشی پێ بكات، ئەمەش لە كاتێكدا جەنگی ڕاستەوخۆ و روبەڕووبوونەوەی سەربازیی شەش مانگی ڕابردوو نەبووەتە هۆی بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی بۆ هیچ لایەكیان.
تاران كە بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، روبەڕووی گەمارۆیەكی توندی ئەمەریكا بووەتەوە بۆ سەر هەناردەی نەوتەكەی.
بەپێی داتاكانی كۆمپانیای كەیپڵەر بۆ شیكاریی داتای كەشتیوانی و بازاڕی وزە، ئاستی رەوانەكردنی نەوتی خاوی ئێران لەم مانگەدا بۆ 260 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو 1.7 ملیۆن بەرمیل بووە.
هاوكات بەهای دراوی ئێرانی دابەزینی مێژوویی تۆماركردووە و گەیشتووەتە 221 هەزار تمەن بەرانبەر بە یەك دۆلار.
هاوكات قەیرانی ئابووری كاریگەری زۆری لەسەر رەوشی ژیان هەیە، داتا رەسمیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێكڕای هەڵاوسان لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 69.9%.
نرخی خۆراك و خواردنەوە و تووتن بە نزیكەی دوو ئەوەندەی ئەو ڕێژەیە بەرزبوونەتەوە، ئەمەش هەڵاوسانی ئابووری بۆ نزیكەی 70% بەرزكردووەتەوە.
سەرچاوەیەك بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەكە تەنها بڕی بەنزینی دوو مانگی لە كۆگاكانیدا ماوە و پێویستی بە هاوردەكردنی بەپەلەیە.
رۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكات، فشارە داراییەكان كاریگەرییان لەسەر هەوڵەكانی تاران دروستكردووە بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان، چونكە ناتوانێت تێچووی بەرزی كۆمپانیا وەهمییەكان و تۆڕەكانی قاچاخچێتی دابین بكات.
هاوكات بڕیارەكەی ئیمارات لە 19ی ئاب بۆ ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی لەگەڵ ئێران، كەناڵێكی سەرەكی بازرگانی تاران خستووەتە مەترسییەوە.
مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، قەبارەی بازرگانی وڵاتەكەی بەڕێژەی 25 بۆ 35% كەمی كردووە.
لەلایەكی دیكەوە، هەڵكشانی ڕێژەی بێكاری بۆ 9.1% و نزمبوونەوەی مووچەی مانگانە بۆ مامناوەندی 125 دۆلار، مەترسی دروستبوونی شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندانی جەماوەری لێكەوتووەتەوە.
لە كاتێكدا واشنتۆن هەوڵدەدات لە ڕێگەی سزاكانەوە بڕیاربەدەستانی ئێران سازش پێ بكات، تاران هۆشیاری داوە لەوەی ڕەنگە بە پەرەپێدانی زیاتری ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی، وەڵامی ئەم هەڵمەتە ئابوورییە بداتەوە، ئەمەش مەترسییەكان لە ناوچەكەدا بەرزتر دەكاتەوە.
ئەو فەرماندەیەی ئێران، وەک ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی بۆدەکات مەترسیدارە و توانایەکی زۆری لەجەنگی ئەلیکترۆنیدا هەیە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت؛ فەرماندەکە ناوی ئەمیر یاریاب و گروپە ئەلیکترۆنییە مەترسیدارەکان ئاڕاستە دەکات کەئەمریکا دەکەنە ئامانج.
ئەمریکا لەرێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"یەوە، پاداشتێکی دارایی 10 ملیۆن دۆلاری راگەیاندوە بۆ هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیرکردن یان ئاشکراکردنی شوێنی ئەو فەرماندەیە.
بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگری و ئاسایشییەکانی ئەمریکا، ئەمیر یاریاب بەڕێوەبەری راستەوخۆی تۆڕێکی ئاڵۆز لە یەکە هێرشبەرەکان و گروپە هاكکەرە مەترسیدارەکانی دەکات.
کە هێرشەکانیان لە سیخوڕیی ئاساییەوە گۆڕاوە بۆ تێکدانی کرداریی ژێرخانە هەستیارەکانی وەک کۆمپانیاکانی وزە، سیستەمی دارایی، فڕۆکەخانەکان، وێستگەکانی ئاو و کارەبا لە ئەمریکا، ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم فەرماندەیە تۆڕەکەی بە شێوازێکی سەربەخۆ و گرنگ رێکخستووە، ئەمەش وایکردوە ئەمریکا هەراسان بکات؛ بەجۆرێک دەتوانێت هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە بەردەوامی ئەنجام بدات، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ئینتەرنێتی ناوخۆیی ئێران بە تەواوەتی پچڕاوە.
سێنتکۆم لێکۆڵینەوەیەی دەستپێکردوە بۆ دیاریکردنی هۆکاری هێرشکردنە سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سنوری پارێزگای هورمزگان، کە پێنج کوژراو و 67 برینداری لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، ئەمریکا لە رێگەی پێداچوونەوە بە تۆماری فڕۆکەبێفڕۆکەوانەکان و رێکارەکانی دەستنیشانکردنی ئامانجەکان لە ئێستادا سەرقاڵی بەدواداچونن بۆ روداوەکە.
ئەکسۆس ئاماژەی بەوەکردوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر دوو ئەگەری سەرەکی دەکرێن؛ کە ئەمریکا بەهەڵە شوێنەکەی کردوەتە ئامانج و دوەمیش، ئەوەیە موشەکی بەرگریی خودی ئێران لە شوێن روداوەکە کەوتبێتە خوارەوە.
لەبارەی روداوەکەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وتەبێژی سێنتکۆم جەختیان کردەوە٫، سوپای ئەمریکا بە مەبەست مەدەنییەکان ناکاتە ئامانج و بە تەواوی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە شەش مانگ بەسەر بۆردومانکردنی خوێندنگەی میناب تێپەڕیوە، کە ئەمریکا بۆردومانی کرد و 155 منداڵ تێیدا کوژران و تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کۆتایی نەهاتووە.
وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، لە جەنگی 40 رۆژەدا دورگەی خارگ زیاتر لە 550 جار هێرشی كراوەتەسەر و ئەمەش كاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت و دابەشكردنی سوتەمەنی هەبووە لە وڵاتەكەیدا.
موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، دورگەی خارك ناوچەیەكی بچوكە و لە ماوەی شەڕی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا زیاتر لە 550 جار بۆردومان كراوە و ئەمەش وایكردووە بەرهەمێنانی نەوت و دابەشكردنی سوتەمەنی كەمبێتەوە.
دەشڵێت، سەرەڕای بەردەوامی جەنگ كارمەندانی كەرتی نەوت بەردەوام بوون لە كاركردن و بەرهەمهێنانی نەوت.
دەشڵێت، لە ئەنجامی هێرشەكان یەكە خزمەتگوزارییەكان و پاڵاوگەكانی و كارگەكانی پترۆكیمیایی لە ماهشەهر و عەسەلویە زیانی گەورەیان بەركەوت، بەڵام تیمە هونەرییەكان توانیان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا بەشێك لە بەرهەمهینان بگەڕێننەوە.
حكومەتی سوریا پلانی ئەوەی هەیە ولاتەكەی بكاتە جێگرەوە گەروی هورمز بۆهەناردەكردنی نەوتی وڵاتانی كەنداو.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویكردەوە، حكومەتی سوریا بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیە ئابورییەكانی لەگەڵ عیراق، دەیەوێت دەیەوێتە ولاتەكەی بكاتە جێگرەوەی گەروی هورمز بۆ نەوتی عیراق و ولاتانی كەنداو لە خاكی وڵاتەكەیەوە بۆ جیهان بنێرێت.
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەكە، حكومەتی سوریا هەوڵ دەدات وڵاتەكەی ببێتە رێڕەوێكی وشكانی بۆ ناردنی نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جیهان.
بەپێی راپۆرتەكە، تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لێپرسراوانی عیراقی و سوریای راگەیاندووە کە پڕۆژەكانی بواری وزەی نێوانیان بەتایبەت بۆری نەوتی بەسرە - بانیاس دەبێتە جێگرەوەی گەروی هورمز.
باس لەوەشكراوە، ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی پلانەكەی سوریا دەكات و دەیەوێت پرۆژەكە لەرێی كۆمپانیای شێڤرۆنەوە جێبەجێبكرێت و تێچووی دروستكردنی هێڵی بۆرییەكە بە پێنج ملیار و 700 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.
سوریا لە هەنگاوێکی گرنگدا دوای زیاتر لە دەیەیەک و بۆ یەکەمجار دوای رووخانی بەشار ئەسەد، دەستکرد بە لەناوبردنی بڕێک لە ماددە کیمیاییەکانی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
ئەم راگەیاندنە لەلایەن ئیبراهیم عولەبی، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەنگاوێکدا لە ئۆپراسیۆنی لەناوبردنەکە بە "ساتەوەختێکی مێژویی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەکە لە ژێر چاودێری و رێکارەکانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (OPCW) بەڕێوەدەچێت.
عولەبی ئەوەشی روونکردەوە: هاوکاریی نێوان وڵاتەکەی و رێکخراوەکە ئاماژەیەکی روونە بۆ وەرچەرخانێکی سیاسیی قووڵ لە نێوان سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
لە تەوەرێکی تردا، نوێنەری سوریا ئاماژەی بەوە کرد: پەلامارەکانی ئیسرائیل ئاستەنگی جدییان بۆ پڕۆسەی گەڕان و لەناوبردنی سەرچاوە نووکییەکانی سوریا دروستکردووە و لە هەندێک قۆناغدا بووەتە هۆی وەستاندنی تەواوەتیی گەشتەکان و خستنەمەترسیی ژیانی تیمە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، جەختیشی کردەوە کە ناتوانرێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزرێت لە کاتێکدا ئیسرائیل ئاسایشی سوریا دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی، ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی تەواوی ئێران دەکەنە ئامانج.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، لە حاڵەتی ئەنجامدانی هەر هێرشێکدا بۆ سەر وڵاتەکەی لەلایەن تارانەوە، ئێران دەگەڕێننەوە بۆ "سەردەمی بەردین و تاریکی".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد،، لە بەرانبەر هەر هێرشێکدا ژێرخانی سەربازی و مەدەنیی ئێران دەکەنە ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، تاران بە باشی هۆکاری هێرشنەکردنە سەر ئیسرائیل دەزانێت، ئەمەش دوای ئەو زیانە گەورانەی کە لە ئۆپراسیۆنەکانی پێشوودا بەر بەتوانای سەربازی و ئەمنیی ئەو وڵاتە کەوتوون.
سوپای ئێران لە چوارچێوەی قۆناغی 31ی ئۆپراسیۆنی هەورەبرووسکە "صاعقة"، هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت و ئیمارات راگەیاند، لە بەرانبەریشدا بەرگریی ئاسمانیی کوەیت بەرپەرچدانەوەی ئۆپراسیۆنەکەی ئاشکرا کرد.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانیان سیستەمەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد، کۆگاکانی کەلوپەل و ئامێر و ئاشیانی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئەمریکایان لە بنکەی "ئەحمەد جابڕ" لە کوەیت کردووەتە ئامانج.
بەپێی لایەنە ئێرانییەکان، هێرشەکان بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیان و پێکان لە سیستەمەکانی پەیوەندی و ئاشیانی فڕۆکەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە: لە چوارچێوەی هەمان ئۆپراسیۆندا، بنکە و شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و سیستەمەکانی راداری سوپای ئەمریکا لە بنکەی "منهاد" لە ئیمارات ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوون.
سوپای ئێران جەختیشی کردەوە: بنکەی ئەحمەد جابڕ رۆڵێکی جەوهەری لە ئامادەیی و پشتیوانیکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەروەها دووپاتی کردووەتەوە: وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا "توند و یەکلاکەرەوە دەبێت و تا تێکشکاندنی دەستدرێژیکار بەردەوام دەبێت.
لە بەرانبەردا، دەستەی ئەرکانی سوپای کوەیت لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکای داوەتەوە کە بەهۆی "دەستدرێژیی ئێران"ەوە ئەنجام دراون، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵاتدا.
پێشتریش هێزە وشکانییەکانی سوپای ئێران ئامادەیی و بڵاوبوونەوەی یەکە سەربازییەکانیانی لەسەر سنوورەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەرەشەیەک پشتڕاست کردبووەوە.
دوای ئەو گرژییانەی دوێنێ لە غەززە رویاندا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکانیان لە کەرتی غەززە ناکشێنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی ڤیدیۆییدا لەناو خاکی غەززەوە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە و لە ئێستادا کۆنترۆڵی %60ـی رووبەری کەرتەکەی کردووە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی فراوانتر دەکات.
جەختیشی کردەوە، حکومەتەکەی هەوڵ دەدات کەرتەکە بکاتە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک تا هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئیسرائیل دروست نەکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بە دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی بزووتنەوەی حەماس کرد و وتی: "دوێنێ لێپرسراوی هەواڵگریی حەماسمان دەستگیرکردووە و بێگومان زانیاریی گرنگی لێوەردەگرین".
لەلایەکی ترەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، %70ـی رووبەری کەرتی غەززە وێران بووە و هیچ تونێل و ژێرخانێکی تێدا نەماوە، بە تەواویش لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلدایە.
لە بەرانبەردا، بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێکدا داوای لە نێوەندگیرەکان کردووە زۆرترین فشار بخەنە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی لە غەززە و پابەندکردنی بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست.