دوای ساڵێک لە روخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد کۆشکی سپی رایگەیاند، ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ رازییە لەوەی تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵی عەرەبییە، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندوە، ترەمپ پابەندە بە پاڵپشتیکردنی سوریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، ئەوان دەیانەوێت سوریا بە ئاشتی لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.
کۆشکی سپی رایگەیاندوە؛ سوریایەکی سەقامگیر و خاوەن سەروەری گرنگییەکی سەرەکی هەیە بۆ ناوچەکە و کاردەکن بۆ ئەوەی حکومەتی سوریا بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
لەبارەی رازیبونی سەرۆکی ئەمریکاشەوە لە حکومەتی سوریای نوێ، رایگەیاندوە؛ ئیدارەی ترەمپ رازییە لەوەی کە تا ئێستا لە سوریا بەدەست هاتووە و هەڵگرتنی سزا توندەکانی سەر سوریا لەلایەن ترەمپەوە، یارمەتی حکومەت دەدات بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەوڵەت.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا، پیرۆزبای لە گەلی سوریا دەکات و دەڵێت؛ بۆ هەر ژن و پیاوێکی سوری، سوننە و عەلەوی، کورد و مەسیحی، دروز، عەرەب، تورکمان، هەموو ئەوانەی ئەم خاکە دێرینە بە ماڵی خۆیان دەزانن، دوای چەندین ساڵ لە ئازار، ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ گەڕانەوەی هیوای هاوبەش.
ئەمڕۆ دوو شەممە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا، بەبۆنەی ساڵیادی روخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵات کردووە.
لە پەیامەکەدا روی لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانی سوریایە و دەڵێت؛ دوای تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان، ئێستا دەرفەت بۆ بنیاتنانی ئاشتی و یەکڕیزی لەو خاکە رەخساوە و ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بۆ گەڕانەوەی هیوای هاوبەش.
تۆم باراک، نوسیویەتی؛ بۆ هەر ژن و پیاوێکی سوری، سوننە و عەلەوی، کورد و مەسیحی، دروز، عەرەب، تورکمان، بۆ هەموو ئەوانەی ئەم خاکە دێرینە بە ماڵی خۆیان دەزانن، دوای چەندن ساڵ لە ئازار و مەینەتی، ئەمڕۆ رۆژی ئاهەنگگێڕان و دڵخۆشییە.
ناوبراو جەختیشدەکاتەوە لەوەی ئەم سەرکەوتنە، دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و خۆشگوزەرانی و ئایندەیەک کە هی هەمووتان بێت.
ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە یەکەم ساڵیادی روخانی رژێمی بەعسدا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق کرد و رایگەیاند، حکومەتی کاتی هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپە چەکدارەکان رزگاری ببێت و خەریکە هەمان سیستمی ناوەندێتیی رابردوو بە دەموچاوێکی نوێوە دروست دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2025 بڵاویکردۆتەوە، مەسەدە دەڵێت: "ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر روخانی رژێم لە 8ی کانونی یەکەمی 2024 تێدەپەڕێت، کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، بەڵام ئەو ناسەقامگیرییە ئەمنییەی ئەمڕۆ وڵاتی گرتۆتەوە، دەرەنجامی ئەو سیاسەتە پەراوێزخەرانەیە کە ئایدیۆلۆژیای شۆڤێنیی بەعس کردبوویە سەرچاوەی شەرعییەت".
مەسەدە رەخنەی توند لە حکومەتی کاتی دەگرێت و دەڵێت: "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".
مەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی قۆناغەکە بەندە بە بەشداریکردنی هەمووان و دامەزراندنی "سیستمێکی لامەرکەزیی دیموکرات" کە دەسەڵات بداتە ناوچەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان.
هەروەها داوا دەکات بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی 2254 و 2799 دەسەڵاتێکی گواستنەوەی شەرعی پێکبهێنرێت و هێزە سەربازییەکان لەچوارچێوەی سیستمێکی نوێی نیشتمانیدا یەکبخرێنەوە.
لە کۆتاییدا مەسەدە هۆشداری دەدات لەوەی نابێت قۆناغی گواستنەوە بکرێتە پرۆسەیەکی رووکەش کە تێیدا ناوەندێتییە کۆنەکە بە دەموچاوی نوێوە دروست بکرێتەوە.
ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر ئەو ساتەی کە سورییەکان چەندین ساڵ خەونیان پێوە دەبینی؛ رۆژی 8ی کانونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد کۆشکی "موهاجیرین"ی جێهێشت و بەرەو روسیا هەڵات، بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی نیو سەدەیی خێزانی ئەسەد هات. بەڵام دوای ساڵێک، ئایا سوریا بووە بە بەهەشت؟ دۆخی کورد لە کوێی هاوکێشەکەدایە و ئایا سوریا هەمان سیناریۆی بەغدادی دوای 2003دوبارە دەکاتەوە؟
دیمەشق؛ لە "مەرگ"ـەوە بۆ ژیان:
ئەگەر ساڵێک لەمەوبەر دیمەشق شارێکی بێدەنگ و پڕ لە ترس بووبێت، ئەمڕۆ دیمەنەکە جیاوازە. لە گۆڕەپانی ئەمەوی، ئاڵای "سەوز و سپی و رەش" دەشەکێتەوە و وێنەکانی بەشار ئەسەد شوێنیان نەماوە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سوریا کە رۆژگارێک سەرکردەی گرووپێکی چەکدار بوو، ئێستا بە قات و بۆینباخەوە لە کۆڕبەندە جیهانییەکان دەردەکەوێت و ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێ دەکەن.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئابوریی سوریا کەمێک هەناسەی داوەتەوە، سزاکانی رۆژئاوا هەڵگیراون (جگە لە یاسای سیزەر کە دۆناڵد ترەمپ سڕی کردووە)، نزیکەی 1.5 ملیۆن پەنابەر گەڕاونەتەوە، کە ئەمەش جوڵەی خستۆتە بازاڕەکان.
"گرێ" گەورەکە؛ کورد چی بەسەر دێت؟
لەکاتێکدا دیمەشق ئاهەنگ دەگێڕێت، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) دۆخەکە تەواو جیاوازە. ئیدارەی خۆسەر بڕیاریدا هیچ ئاهەنگێک بۆ ساڵیادی روخانی ئەسەد نەگێڕدرێت و قەدەغەی کرد.
بەڵام شرۆڤەکاران ئەم بڕیارەی کورد بە پەیامێکی سیاسیی توند دەزانن بۆ ئەحمەد شەرع. کێشەکە لەم خاڵانەدا چڕ دەبێتەوە:
1. رێککەوتنە مردووەکە: لە 10ی ئازاری رابردوو، شەرع و مەزلوم کۆبانێ (فەرماندەی هەسەدە) رێککەوتنێکیان بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر بە دەوڵەتی ناوەندی ئیمزا کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها مەرەکەبی سەر کاغەزە و جێبەجێ نەکراوە و کوردەکانیش وەک هێزێکی گرنگی ناو هاوکێشەکە، بەردەوام هۆشدارییان داوە لە جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە.
2. مەترسیی داهاتوو: کورد ترسی هەیە حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق کە زۆربەیان پاشخانێکی ئیسلامی و نەتەوەیی عەرەبییان هەیە، دوای بەهێزبوونەوەیان پەلاماری رۆژئاوا بدەن و هەوڵی کۆتایی هێنان بەو ئۆتۆنۆمییە بهێنن کە هەیانە.
3. فشاری دەرەکی: تورکیا کە ئێستا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سوریا هەیە، فشار دەکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردەکان لە باکور بهێنرێت و ئەمەش لەلایەن کوردەکانەوە بەردەوام رەتدەدرێتەوە.
چارەنوسی کورد لە دووڕیانێکدایە؛ یان دەبێت لەگەڵ دیمەشق بگەنە رێککەوتنێکی نوێ کە مافەکانیان بپارێزێت، یان ئەوەتا رووبەڕووی شەڕێکی دیکە دەبنەوە و بەپێی سەرجەم بۆچونەکانیش؛ لە ئێستادا ئەحمەد شەرع خاوەنی سوپایەکی بەهێز نییە و بە پێچەوانەوە هەسەدە خاوەنی سوپایەکی رێکخراوتر و تۆکمەترە.
هاوکات؛ بە بۆنەی ساڵیادی کەوتنی ئەسەدەوە لە راگەیەندراوێکدا، ئەمڕۆ 12/8 ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) رایگەیاند: "رێککەوتنی 10ی ئازار لەنێوان حکومەتی کاتی و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەڵام دانوستانەکان پەکخراون و بەندەکانی جێبەجێ نەکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە قەیرانەکان لە کەناراوەکان و سوەیدا قوڵتر بوونەتەوە".
دەشڵێت: "سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لە ساڵی رابردووەوە، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە لە عەقڵییەتی گرووپ و مەزهەبی تەسک دەربچێت و نەبووەتە دەوڵەتێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، نە گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێکردووە و نە دامەزراوەی سەربەخۆی دروستکردووە، بەڵکو بە هەمان عەقڵییەتی ناوەندێتیی رابردوو مەلەفەکان بەڕێوە دەبات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە؛ وادەی رێککەوتنەکەیان لە کۆتایی ئەمساڵدا بەسەر دەچێت.
برینە ساڕێژنەبووەکان: عەلەوی و دروز:
تەنها کورد نییە کە نیگەرانە، کەمینەکانی دیکەش هەست بە پەراوێزخستن دەکەن:
ئیسرائیل وەک "تێکدەر":
لە دەرەوەی سنورەکان، ئیسرائیل گەورەترین سەرئێشەیە بۆ سوریا نوێیەکە. ئەحمەد شەرع لە کۆڕبەندی دەوحە ئاشکرای کرد کە لەم ساڵەدا ئیسرائیل زیاتر لە 1000 هێرشی ئاسمانی و 400 توێژینەوەی سنوریی ئەنجامداوە. ئیسرائیل دەیەوێت ناوچەیەکی دابڕاو لە باشوری سوریا دروست بکات، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.
بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس بۆ یەکەمجار دەرگای گفتوگۆی لەسەر چارەنوسی چەکەکانی حەماس کردەوە و رایگەیاند، ئامادەن لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، چەکەکانیان "سڕ بکەن یان لە کۆگادا دایبنێین".
باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس) وتی: "ئێمە کراوەین بەڕووی گرتنەبەری رێگەیەکی گشتگیر بۆ رێگریکردن لە هەڵکشانی زیاتر و تەقینەوەی دۆخەکە". ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس مافی "موقاوەمە" دەپارێزێت، بەڵام ئامادەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی فەلەستینی چەک دابنێت.
چەکەکان چییان لێ دێت؟
هەرچەندە باسم نەعیم وردەکاریی میکانیزمەکەی باس نەکرد، بەڵام پێشنیازی ئاگربەستێکی درێژخایەنی کرد کە بۆ 5 تا 10 ساڵ درێژە بکێشێت و وتی: "دەکرێت گفتوگۆ لەسەر سڕکردن، کۆگاکردن یان دانانی چەکەکان بکەین، بەو مەرجەی گەرەنتی فەلەستینی هەبێت کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا بەکارنەهێنرێن".
ئەم پێشنیازە لەکاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ چڕ بوونەتەوە.
سەبارەت بە هاتنی هێزی نێودەوڵەتی، بەرپرسەکەی حەماس رەتیکردەوە هێزێک بۆ "چەککردنی حەماس" بێتە ناوچەکە و وتی: "پێشوازی لە هێزێکی نێودەوڵەتی دەکەین لەسەر سنورەکان بۆ چاودێریکردنی ئاگربەست و تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، بەڵام قبوڵ ناکەین ئەو هێزە دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت لەناو خاکەکەماندا هیچ چالاکییەک بکات".
سەبارەت بە ئیدارەدانی کەرتی غەززە، نەعیم ئاشکرای کرد کە لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی "لیژنەیەکی تەکنۆکرات". بەپێی زانیارییەکان، هەردوولا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی ماجید ئەبو رەمەزان، وەزیری تەندروستی ببێتە سەرۆکی لیژنەکە کە خۆی خەڵکی غەززەیە و لە کەناری رۆژئاوا دەژی.
وەزیری دەرەوەی سوریا دەڵێت: وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ناچێتە هیچ رێککەوتنێکەوە تا هێزەکانی تەلئەبیب لەناو خاکی سوریا نەکشێنەوە.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لەمیانی کۆڕبەندی دەوحە رایگەیاند، سوریا ئاستێک لە ژیری و دیپلۆماسیەتی نیشانداوە بەرانبەر ئیسرائیل نیشانداوە، جەختیشی کردەوە خواستی دیمەشق ئەوەیە ئیسرائیل دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سوریا رابگرێت و کاریگەری لەسەر ئایین و گروپەکانی دانیشتوان نەبێت.
وتیشی، سوریا ناچێتە هیچ رێککەوتنێکەوە لەگەڵ ئیسرائیل، ئەگەر لەو ناوچانە نەکشێتەوە کە دوای 8ی کانوونی یەکەم داگیری کردوون، ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل لە 7ی کانوونی یەکەمەوە جێگەی نیگەرانی سورییەکان بووە.
سەبارەت بە رەوشی ناوخۆی سوریا شەیبانی ئەوەشی خستەڕوو، سوریا پێویستی بە سەقامگیری ئەمنی ناوخۆیی هەیە کە پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمییەوە هەبێت، هەروەها وتی سیاسەتی وڵاتەکەی خۆدوورگرتنە لە ئاڵەنگارییەکان بە پاڵپشتی ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو دەبێت.
"سوریا پێویستی بە پەیوەندییەکی ئارامە لەگەڵ هەمووان و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"، وەزیری دەرەوەی سوریا وادەڵێت.
سبەینێ ساڵێکی تەواو بەسەر روخانی رژێمی ئەسەد لە سوریادا تێپەڕ دەبێت، رژێمێک کە 53 ساڵی لەسەر یەک حوکمی ئەو وڵاتەی کرد و بە رژێمی بەعس ناوی دەهێنرا.
ئەگەرچی روخانی ئەسەد رزگاربوونی هاووڵاتیانی سوری بوو لە رژێمێکی دیکتاتۆر، ئێستاش 365 رۆژ بەسەر نەمانی ئەسەددا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا سوریا ئارامی بەخۆوە نەبینیوە، شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە چاوی بڕیوەتە خاکەکەی و سەدان ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سوریادا ئەنجامداوە.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ کە روانگەیەکی ناڕازیی سوریایە و بنکەی سەرەکی لە بەریتانیایە، راپۆرتێكی لەبارەی سوریا و رەوشی ئەو وڵاتە لەدوای روخانی بەشار ئەسەد بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای روخانی ئەسەدەوە سوریا بووەتە گۆڕەپانێكی كراوە بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل.
روانگەی سوری لە راپۆرتەکەیدا ئەوەی خستووەتە روو، لەدوای 8ی مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە، ئیسرائیل ژێرخانی سەربازی سوریای كردووەتە ئامانج و لە بەشێكی پارێزگاكاندا نەخشەی نوێی بۆ بنكە سەربازییەكان كێشاوە.
بەپێی راپۆرتی روانگەکە، لەدوای روخانی ئەسەدەوە ئیسرائیل 813 هێرشی بۆسەر سوریا ئەنجامداوە و لەو هێرشانەدا 860 ئامانجی پێكاوە، كە بەهۆیەوە 76 كەس گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەش 410 داگیركاریی بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی سوریا ئەنجامداوە، هەر لە ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە تا دەستگیركردن و دانانی بنكەی سەربازیی و خاڵی پشكنین.
لە راپۆرتەكەدا ئەوە هاتووە، هێرشەكەی 28ی مانگی رابردوو بۆسەر بەیت جن لە دیمەشق گەورەترین هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بووە، کە تیایدا 15 کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکە برینداربوون.
هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی سوریا و بردنە ناوەوەی هێزی سەربازی بۆ چەند پارێزگایەکی سوریی، لە ئێستادا خاڵی ناکۆکی نێوان سوریا و ئیسرائیلە و سوریا داوا دەکات، ئیسرائیل بۆ ئەو خاڵانە بکشێتەوە، کە بەر لە روخانی رژێمەکەی ئەسەد لێی بووە و دەیەوێت ئەو وڵاتە پابەند بێت بە رێککەوتنەکەی ساڵی 1974ی نێوانیانەوە، کە ئەو رێککەوتنە بوو تیایدا دوای ساڵێک لە شەڕی نێوانیان لەسەر بەرزاییەکانی جۆلان، ئاگربەستێکیان بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ راگرتنی شەڕ راگەیاند و ئەو ناوچانەی شەڕی تێدا بوو، خرایە ژێر چاودێریی هێزیی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
لەدوای 8ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو و دوای روخانی ئەسەد، ئیسرائیل هەنگاو بە هەنگاو دەستیکرد بە زیاتر چوونەناوەوەی خاکی سوریا و ئەوەی خستە روو، چیتر ئەو رێککەوتنەی ساڵی 1974 کاری پێناکرێت.
ئێستاش مەرجی سوریا بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا، جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتننامەیە و کشانەوەی ئیسرائیلە بۆ ئەو سنورانەی کە ساڵێک بەر لە ئێستا لێی بووە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراودا دان بەوەدا دەنێت کە سیاسەتی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست "شکستی هێناوە" و ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاریداوە مامەڵە لەگەڵ سەرۆکی نوێی سوریا (ئەحمەد شەرع) بکات.
باراک رایگەیاند: "هەموو بڕیارەکانی وڵاتانی رۆژئاوا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایکس بیکۆوە تاوەکو ئێستا، هەڵە بوون".
سەبارەت بە دۆخی ئێستای سوریا و گۆڕانکارییەکان، نێردەکەی ئەمریکا وتی: "کارەکان لە سوریا بە ئاڕاستەی راست دەڕۆن و دەبێت رێگەیان پێ بدەین خۆیان پێناسەی خۆیان بکەن. نابێت لەبیری بکەین کە سەرکردایەتی لە سوریا نوێیە و پێویستی بە سەقامگیری هەیە".
وتیشی: "ترەمپ دوای خوێندنەوەی وردی دۆخەکە، بڕیارەکانی داوە و بەباشی زانیوە دەرفەت بداتە ئەحمەد شەرع".
باراک دەستکەوتەکانی ئەم دواییەی سوریای بە "قارەمانانە" وەسفکرد و داوای کرد هاندەر و پاڵپشتی ئەو کەسانە بن کە ئەو گۆڕانکارییانەیان ئەنجامداوە.
سایکس بیکۆ؛ ئەو هێڵە رەشانەی خەونی کوردیان کردە چوار پارچە
ئەو بڕیارەی ئەمڕۆ نێردەی ئەمریکا بە "هەڵە" وەسفی دەکات، بۆ کورد گەورەترین کارەساتی مێژووییە کە تاوەکو ئەمڕۆ باجەکەی دەدات.
چیرۆکەکە چۆن دەستیپێکرد؟
لە ساڵی 1916، واتە زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر و لە گەرمەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، دوو دیپلۆماتکار بەناوەکانی (مارک سایکس)ی بەریتانی و (فرانسوا جۆرج پیکۆ)ی فەرەنسی، بە نهێنی دانیشتن و نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشا. ئەوان بە پێنووس و راستەهێڵ، سنوری وڵاتانی ناوچەکەیان دیاری کرد بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و جوگرافیا.
کورد چی بەسەر هات؟
پێش ئەم رێککەوتنە، بەشێکی زۆری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا بوو، بەڵام سایکس پیکۆ و دواتر پەیماننامەی لۆزان، خەونی دەوڵەتی کوردییان لەباربرد و خاکی کوردستانیان دابەشکرد.
بەهۆی ئەم نەخشەیەوە، کوردستان بەسەر چوار وڵاتی (تورکیا، عیراق، سوریا و ئێران)دا دابەشکرا و کورد بوو بە گەورەترین نەتەوە لە جیهاندا کە خاوەنی دەوڵەتی خۆی نەبێت
ئەم دابەشکارییە وایکرد کورد لە هەر چوار پارچەکە ببێتە کەمینە و رووبەڕووی چەوساندنەوە، ئەنفال، کیمیاباران و سڕینەوەی ناسنامە ببێتەوە. دانپێدانانی بەرپرسێکی باڵای وەک تۆماس باراک بەوەی "بڕیارەکانی ڕۆژئاوا هەڵە بوون"، پشتڕاستکردنەوەی ئەو راستییەیە کە کورد سەدەیەکە هاواری بۆ دەکات: "ئەو نەخشەیەی ئێوە کێشاتان، گەلێکی کردە قوربانی".
تەنها چەند رۆژێک دوای کودەتاکەی غینیا، ئەفریقا جارێکی دیکە هەژایەوە و بەیانیی ئەمڕۆ گرووپێک لە ئەفسەرانی سوپای (بنین) چوونە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و کۆتاییان بە دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات هێنا.
لە دیمەنێکدا کە لەم ساڵانەی دواییدا لە ئەفریقا زۆر دووبارە دەبێتەوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 7-12-2025، کۆمەڵێک سەرباز لە تەلەفزیۆنی رەسمیی وڵاتەکەوە دەرکەوتن و راگەیەندراوی "لیژنەی سەربازی بۆ بنیاتنانەوە"یان خوێندەوە.
لە بەراگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ کۆبووینەوە و بڕیارماندا بە لابردنی پاتریس تالۆن لە پۆستی سەرۆک کۆمار و هەڵوەشاندنەوەی حکومەت".
سەرەڕای راگەیەندراوی سەربازەکان، دەوروبەری پاتریس تالۆن دەڵێن "سەرۆک لە شوێنێکی پارێزراوە و سوپا کۆنترۆڵی دۆخەکەی کردۆتەوە".
بەڵام باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە (کۆتۆنۆ)ی پایتەخت ئاشکرای کردووە، دەنگی تەقە لە سەربازگەی (گێزۆ) لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی بیستراوە و داوای لە هاووڵاتیانی فەرەنسی کردووە لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە.
پاتریس تالۆن، کە بازرگان و سیاسەتمەدارە، لە ساڵی 2016وە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بڕیار بوو لە مانگی نیسانی داهاتوودا دوای 10 ساڵ لە حوکمڕانی، کورسییەکە جێبهێڵێت، بەڵام سوپا پەلەی کرد.
ئەم روداوە دوای چەند رۆژێک دێت لە کودەتایەکی هاوشێوە لە غینیا بیساو، کاتێک ئەفسەرێکی سوپا سەرۆک (عومەر سیسۆکۆ ئیمبالۆ)ی لەسەر کار لابرد، کە ئەمەش نیشانی دەدات شەپۆلی کودەتا سەربازییەکان لە رۆژئاوای ئەفریقا هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

وتەبێژی دەم پارتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردسات نیوز رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو لایەنەکان راپۆرتی خۆیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەدەنە پەرلەمان، هاوکات لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا کەسایەتییە جیهانییەکان داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەگەرچی پرۆسەی ئاشتی وەک پێویست بەڕێوەناچێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و هەفتەی داهاتوو سەرجەم لایەنە سیاسییەکان راپۆرتی خۆیان لەبارەی پرۆسەکە پێشکەش بە "کۆمسیۆنی برایەتی و ئاشتی" لە پەرلەمانی تورکیا دەکەن.
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ بینینی عەبدوڵا ئۆجەلان، ئایشەگوڵ دۆغان بۆ کوردسات نیوز وتی: "سەردانی کۆمسیۆنەکە بۆلای ئۆجەلان هەنگاوێکی زۆر باش و مێژووییە، بەڵام بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆسەکە پێویستمان بە هەنگاوی دەستوریی هەیە".
"ئاشتی بەبێ ئۆجەلان ناکرێت"
لەلایەکی دیکەوە و لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ژمارەیەک لە کەسایەتییە جیهانییەکان و براوەی خەڵاتی نۆبڵ پەیامێکی روونیان دایە حکومەتی تورکیا و رایانگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە دان بە مافی کورددا بنرێت و دەرگای زیندانی ئیمراڵی بکرێتەوە.
ج ودی ویلیامز، چالاکوان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشدار بوو و پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تورکیا کرد. ویلیامز وتی: "حکومەتی تورکیا بۆ گۆڕانکاریی راستەقینە بێمەیلە و ئەمە جێگەی نیگەرانییە. ئۆجەلان سەرەڕای دۆخی سەختی زیندان، پابەندبوونی خۆی بە ئاشتی پاراستووە".
وتیشی: "وەک براوەی خەڵاتی نۆبڵ دان بەم دەستپێشخەرییەدا دەنێین و داوای ئازادکردنی دەکەین. ئەو رێبەری گەلی کوردە و دەبێت ئازاد بێت تاوەکو بتوانێت هاوکاریی پرۆسەکە بکات".
محەمەد بابه، سەرۆکی لیژنەی دەستوریی پەرلەمانی باشوری ئەفریقا، باسی لە ئەزموونی وڵاتەکەی کرد دوای روخانی رژێمی ئاپارتاید و وتی: "بۆ دروستکردنی یاسای ئاشتی، پێویستمان بە سەرکردایەتی هەیە".
لای خۆشیەوە دیکلان کیێرنی، سەرۆکی نیشتمانیی پارت "شین فێن"ی ئیرلەندی، باسی لە دانوستانەکانی ئیرلەندا کرد و وتی: "حکومەتی تورکیا دەبێت ئەو دەرفەتە لەباوەش بگرێت کە گەلی کورد پێشکەشی کردووە. من بڕوام بە (مافی هیوا) هەیە، بەڵام دەبێت باسی ئیرادەی هیواش بکەین. بۆ گەلی کورد ئاشتی و دیموکراسی دەوێت و بۆ عەبدوڵا ئۆجەلانیش ئازادی".
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرۆکی هەرێمی خوێندەوە.
لە پەیامەکەدا هاتبوو: "بۆ گەلانی ناوچەکە دەرکەوتووە توندوتیژی ئەنجامی باشی نییە، بەڵام ئیرادەیەک بۆ ئاشتی هەیە. وەک هەرێمی کوردستان رۆڵمان دەبێت لە بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاشتیدا و پیرۆزبایی لە ئۆجەلان دەکەین بۆ ویستی بنیاتنانی ئاشتی و پێکەوەژیان".
هاوکات؛ ئازاد ئەرۆڵ، ئەندامی وەفدی ئیمراڵی باسی لەوەکرد، ئامانجی دەوڵەت ئەوەیە لە رێگەی ئۆجەلانەوە کورد لە دەرەوەی یاسا بهێڵێتەوە و وتی: "تاوەکو کێشەی یاساییبوونی کورد چارەسەر نەکرێت، ناتوانین باسی هیچ مافێک بکەین".
هاوکات پڕۆفیسۆر جیهانگیر ئیسلام و دکتۆر ئارزو یڵماز، جەختیان لەوە کردەوە کە مۆدێلی "نەتەوە-دەوڵەت" پێویستی بە پێداچوونەوەیە و پێشنیازەکانی ئۆجەلان لەم کاتەدا گرنگیی تایبەتیان هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان.
پێرێ ئاراگۆنێس، سەرۆکی پێشووی کەتەلۆنیا باسی لە دانوستانی رەسمی نێوان کەتەلۆنیا و ئیسپانیا کرد و وتی: "گرنگترین دانوستان ئەوەیە لەگەڵ خەڵکی خۆت دەیکەیت. سەرکردەکەی ئێوە (ئۆجەلان) ئازاری گەلەکەی گۆڕی بۆ هەوڵی ئاشتی".
هەروەها ئیگۆر زولایکا، پەرلەمانتاری باسک رایگەیاند: "بەشداریکردنی ئۆجەلان لەم پرۆسەیەدا زۆر گرنگە و دەبێت ئازاد بکرێت".
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە تووندی وەڵامی بەیاننامەی وڵاتانی کەنداو دەداتەوە و دەڵێت: "ئەو دورگانە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و ئامۆژگاری دراوسێکانمان دەکەین ئیرادەمان تاقی نەکەنەوە".
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، قالیباف لە وتارێکدا باسی لە مانۆڕە سەربازییەکانی سوپای پاسداران و کێشەی سێ دورگەکە (تومبی گەورە، تومبی بچوک و ئەبوموسا) کرد.
قالیباف بە زمانێکی هەڕەشەئامێز وەڵامی بەیاننامەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی دایەوە کە خاوەندارێتی ئەو سێ دورگەیەیان بۆ ئیمارات گەڕاندبووەوە و وتی: "بە تووندی ئیدانەی ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە دەکەین، ئەو سێ دورگەیە پارچەیەکن لە جەستەی ئێران و نابێت هیچ لایەنێک ئیرادەی گەلی ئێران بۆ پاراستنی خاکەکەی تاقی بکاتەوە".
داواشی لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پارەی تایبەت بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو سێ دورگەیە تەرخان بکات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ستایشی مانۆڕە دەریاییەکەی سوپای پاسدارانی کرد لە کەنداو و گەرووی هورمز و رایگەیاند، موشەکەکانیان بە وردی ئامانجەکانیان پێکاوە.
قالیباف وتی: "تەقاندنی موشەکی ورد بە مەودایەک کە لە درێژایی کەنداو زیاترە، جێگەی دڵخۆشییە و پەیامی هێزی ئێران دەگەیەنێت".
نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا دەڵێت، سیستمی لامەركەزی لە هیچ شوێنێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەركەوتوو نەبووە.
تۆم باراك، نێردەی ئەمریكا بۆ سوریا، لە پەراوێزی 23ـیەمین كۆڕبەندی دەوحە 2025 لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سیستمی لامەركەزی لە هیچ شوێنێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەركەوتوو نەبووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی سیستمی لامەركەزییەوە دوورگەی باڵكان بۆ حەوت دەوڵەت دابەشبوو، لە عیراق سێ ترلیۆن دۆلار و سەدان هەزار كوژراوی لێكەوتەوە.
تۆم باراك وتیشی، دەبێت لە سوریا جۆری سیستمی حكومڕانی بە گوێگرتن لە هۆز و پێكهاتەكان و هاوڵاتییان بە گشتی دیاری بكرێت.
ئەحمەد شەرع رایدەگەیەنێت: ئێستا سوریا لە باشترین رەوشەدا دەژی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی بەهێز بووە.
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری دەوحەی 2025 لە پایتەختی قەتەر رایگەیاند، سوریا لە ماوەی 60 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی مەترسیداردا تێپەڕی و لە گۆشەگیرییەکی گەورە و گەمارۆیەکی ئابوری خنکێنەردا دەژیا، سیاسەتەکانی رژێمی پێشوو وایکرد زۆربەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان پشت لە سوریا بکەن، لە رۆژانی ئاوادا خۆمان ئامادە دەکرد بۆ چوونە ناو دیمەشق، پاش ئازادکردن، سوریا زۆرێک لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی خۆی بەدەستهێنایەوە.
وتیشی، هەموو ئەو هەنگاوانەی دەیاننێن لە بەرژەوەندی سوریا و گەڕاندنەوەی رۆڵ و پێگەی گرنگی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکەیەتی، بە شێوەیەک کە لە ناوچەیەکی هەناردەکاری قەیرانەکانەوە گۆڕا بۆ ناوچەیەک کە دەتوانێت نمونەی سەقامگیری ناوچەیی بێت.
شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، جیهان بەڕووی سوریادا کراوەتەوە بۆ سود وەرگرتن لە پێگەی گرنگی و کاریگەری ناوچەییەکەی بۆ چەسپاندنی بناغەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دەشڵێت؛ ئیسرائیل کار بۆ هەناردەکردنی قەیرانەکان بۆ وڵاتانی دیکە دەکات و لەو کۆمەڵکوژییانە رادەکات کە لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات، هەموو شتێکیش بە ترسە ئەمنییەکان پاساو دەدات، لە کاتێکدا سوریا لە پاش ئازادکردنەوە پەیامی ئەرێنی ناردووە بۆ چەسپاندنی بناغەی سەقامگیری.
سەرۆکی سوریا ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل بە توندی وەڵامی سوریای دایەوە و زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەری و 400 جار هاتوەتە ناو خاکی سوریاوە، کۆتا دەستدرێژییەکانیشی ئەو کۆمەڵکوژییە بوو کە لە شارۆچکەی بەیتی جەن لە گوندی دیمەشق ئەنجامی دا و بە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ئاشکراشیکرد، ئەوان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە لە ئاستی جیهاندا کاریگەرن کار دەکەن بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەو خاکانە بکشێتەوە کە دوای 8ی کانوونی دووەمی 2024 داگیری کردوون.
ئەحمەد شەرع سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل وتی، سوریا پێداگیری لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل بە رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لە ساڵی 1974 دەکات، داواکاری ناوچەی چەک داماڵراو دەربارەی چەندین پرسیار دێنێتە ئاراوە، کێ پارێزگاری لەو ناوچەیە دەکات، ئەگەر هێزی سوپای سوریا لەوێ نەبێت، راشیگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، ئەمریکاش بەشدارە لەگەڵ ئەوان لەو گفتوگۆیانەدا، هەموو وڵاتان پشتگیری لە داواکاری ئەوان دەکەن بۆ کشانەوەی بۆ پێش 8ی کانوونی یەکەم.
"خەڵکی لە سوریا هەست بە ترس ناکەن، لەم رۆژانەدا ملیۆنەها کەس دەڕژێنە سەر شەقامەکان وەک دەربڕینی خۆشحاڵییان بە روخانی رژێمی لەناوچوو، سوریا ئەمڕۆ لە باشترین رەوشیدا دەژی، رژێمی لەناوچوو ناکۆکی زۆری بۆ ئەوان بەجێهێشت و تایفەکانی دژی یەکتر بەکاردەهێنا، بەڵام ئەوان لە سەرەتای شەڕی بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەوە باری لێبوردەیی و خۆشبوونیان زاڵ کرد بۆ ئایندەیەکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ گەلی سوریا"، شەرع وا دەڵێت.
لە میانی بەشداریکردنی بە شێوازی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئیلهام ئەحمەد، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، دەیویست راستەوخۆ لە کۆنفڕانسەکەدا بەشداری بکات، بەڵام دیارە تورکیا هێشتا نەگەشتوە بە قبوڵکردنی ئەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت و پێویستە لە سوریای نوێدا مافی هەمووان پارێزراو بێت.
ئەمڕۆ شەممە، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر وتارێکی بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش کرد.
ئیلهام ئەحمەد رایگەیاند، هەموان دەزانن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆڕانکاریدایە، تورکیا و سوریا دەستیان هەیە لە دارشتنەوەی نەخشەی نوێ رۆژهەڵاتدا، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر سوریا دەبێت.
جەختیشیکردەوە، دەبێت هەمووان بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسەیە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کاریگەری لەسەر سوریاش هەبووە و بوەتە هۆی وەستاندی شەڕ و ئازادکردنی ئۆجەلان چارەسەری پرسی کورد خێراتر دەکات.
ئیلهام ئەحمەد باسی لە ئاستەنگییەکان کرد و وتی؛ دەیویست لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبێت، بەڵام دیارە هێشتا تورکیا و ئەوەی قبوڵ نییە و سەرەڕای هەنگاوەکان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام ئاسەتنگ ماوە و پیویستە لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن، هیواشی خواست جارێکیتر خۆی بچێتە تورکیا و روبەڕوو گفتوگۆ بکەن.
داواشیکرد تەواوی پرس و کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، سنورەکان لە نێوان سوریا و تورکیادا کراوەبن، چونکە ئارامی سوریا ئارامی تورکیاشە.
وتیشی؛ لە سەردەمی رژێمی پێشوتری سوریادا، ئەوان وەک کورد و تورک و پێکهاتەکانی دیکەش لە مافەکانیان بێبەش بوون، لە ئێستادا دەرفەتێکی نوێ هەیە، دەتوانن سوریایەکی نوێی دیموکرات ئاوەدان بکەنەوە، کە مافی هەمووان بپارێزێت لە چوارچێوەی یاسادا و ئاماژەی بەوەکرد سوریای نوێ بە بێ مافی نەتەوەکان سەرکەوتوو نابێت.
لێپرسراوەکەی ئیدارەی خۆسەر دوپاتیکردەوە، ئەوان لە هەوڵی دابەشکردنی وڵاتدا نین، نە لە سوریا و نە لە تورکیاش، ئەوان دەیانەوێت ژیانێکی هاوبەشی پێکەوەییان هەبێت، کە مافی تەواوی نەتەوەکان پارێزراوبێت.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ کاروباری سوریا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی نیشتمانی ئیمارات رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ بەدوای چارەسەرەوەیە بۆ پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆرینی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لە بەرژەوەندی ئیدارەکەی ترەمپدا نییە، بەڵکو ئامانی بەرەنگربونەوەی تیرۆرە.
باراک لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە شەڕی 12 رۆژەی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاندوە 93 جار هەوڵی گۆڕینی دەسەڵات یان کودەتا لەلایەن ئەمریکاوە دراوە و هەموویان شکستیان هێناوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پرسێکە بۆ ئیسرائیل نەک ئەمریکا و جێهێشتنی ئەم بابەتە بۆ ناوچەکە مانای خۆی هەیە، بەڵام ئەو پێیوایە چیرۆکی ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران کۆتایی نەهاتوە.
لەبەرەی هەنگاوەکانی ترەمپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 12ڕۆژەش، بە "مێژوویی و سەرسوڕهێنەر" وەسفی کردوە، جەختیکردوەتەوە لەوەی سەرۆکی ئەمریکا ئامانجی "گۆڕینی ڕژێم" نەبووە.
تۆم باراک دەشڵێت؛ ترەمپ پێشوازی لە دانوستانەکانی "راستەقینە" لەگەڵ ئێران دەکات بەو مەرجەی تاران گوێ لە نیگەرانییەکانی واشنتۆن بگرێت سەبارەت بە دەوڵەمەندکردن و دەستبەرداربون لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی بە وەکالەت.
باراک جەختیشیکردوەتەوە، تاران ناتوانێت سەرۆکی ئەمریکا رابکێشێت بۆ دانوستانێکی درێژخایەن و بێ ئەنجام، ترەمپ زۆر لەوە زیرەکتر و هۆشیارترە، کە رێگە بە تاران بدات بە کەڵک وەرگرتن لە تاکتیکی دواخستن یان دروستکردنی گفتوگۆی ساختە بۆ درێژەدا بە سووڕی توندوتیژی بە وەکالەت.
بە وتەی ناوبراو، حکومەتی ئەمریکا بەدوای چارەسەری خێرای قەیرانی ناوچەکەدا دەگەڕێت، بەڵام ئەم رێگایە تەنیا کاتێک دێتە دی، کە تاران دەستبەرداری پشتیوانییەکانی بێت بۆ گروپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا و بچێتە ناو وتووێژی جددی و پابەند بێت پێیەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، شێخ نەعیم قاسم ئەمڕۆ هەینی دووپاتی کردەوە کە رازینابن بە چەکدانان و ئەو پێشنیازەیان قبوڵ نییە، جەختیشیکردەوە لەوەی لەگەڵ حکومەتی لوبناندان بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێبازە دیپلۆماسییەی کە هەڵیبژاردووە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵا لە وتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندوە، حکومەتی لوبنان دەبێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لە پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی و ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر وڵاتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە رابگرێت.
دەشڵێت؛ ناردنی نوێنەری مەدەنی بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست ئیمتیازێکە بۆ ئیسرائیل و جیی قبوڵ نییە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی بە چەک و ستراتیجی بەرگری و ناکۆکی لوبنانیەکانەوە نییە و لەبارەی پرسی چەکدانانی حزبوڵاشەوە، کە یەکێکە لە داواکارییەکانی ئەمریکا و حکومەتی ئێستای لوبنان، ئەوان چەکدانانێن و پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی لوبنان کرد و هۆشداریدا لەوەی هەموان پێکەوە نوقوم دەبن.