رۆژنامەی "تەلەگراف"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەمەریکا و ئیسرائیل تاوتوێی نەخشەیەک دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی زەمینی بەسەر ئێراندا، ئەوەش لە رێگەی داخستن یان سنووردارکردنی دەروازە سنوورییەکانی ئێران بە هاوکاریی وڵاتانی دراوسێ.
بەپێی راپۆرتەکەی تەلەگراف، ئەم پلانە یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ، و بنیامین نەتانیاهۆ و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت بە مەبەستی زیادکردنی گوشارە ئابورییەکان بۆ سەر تاران.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جێبەجێکردنی ئەم نەخشەیە بە ئەگەری زۆرەوە پێویستی بەوە دەبێت، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل گوشار بخەنە سەر دراوسێکان و هاوبەشە هەرێمییەکانی ئێران بۆ توندکردنەوەی رێکارەکان یان داخستنی تەواوەتیی دەروازە سنوورییەکان، تاوەکو رەوتی هاوردەکردن و هەناردەکردنی ئێرانی پێ پەکبخرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، تەلەگراف لە زاری لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیلییەوە دەڵێت؛ئەگەر سنوورە زەمینییەکان دابخەیت چی روودەدات؟ فەرز بکەن ئێران نەتوانێت هیچ شتێک هاوردە یان هەناردە بکات؛ لەو بڕگەدا هەموو شتێک دەگۆڕێت.
ئەو لێپرسراوە جەختیکردوەتەوە، ئەم سیناریۆیە یەکێکە لە بژاردە دیارەکان، کە لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلدا قسەی لەسەر کراوە.
سوپای ئیسرائیل بە 700 تۆن تەقەمەنی، تەقاندنەوەی تونێلەكانی ژێر قەڵای شقیف لە باشوری لوبنانی راگەیاند، کە ماوەیەک لەمەوپێش دەستی بەسەر قەڵاکەدا گرتبوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی هاوبەشی بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆك وەزیران و یسرائیل كاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، سوپاكەیان 700 تۆن مادەی تەقێنەوەی بۆ تەقاندنەوەی ئەم تونیلانە بەكارهێناوە.
ئەم هەنگاوەش وەك وەڵامێك بۆ تێكدانی رێككەوتنی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵاوە وەسفكراوە، پاش ئەوەی هۆكاری زیانگەیشتن بە ئامێرێكی سەربازیی ئیسرائیل گەڕێنرایەوە بۆ هێرشێكی درۆنیی حزبوڵا.
لەلایەكی دیكەوە، سوپای ئیسرائیل جەختی كردەوە لە بەردەوامیی ئۆپراسیۆنەكانی لە بەرزاییەكانی عەلی تەهیر بە مەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەكان، هاوكات هۆشداریشیدا، كە هەر هێرشێك بۆ سەر هێزەكانی بە توندی وەڵام دەدرێتەوە.
بەبێ بەشداری ئیمارات و عومان، سعودیە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی دەریایی نێودەوڵەتی راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاشكرایكرد، بە بەشداریی یەكێتیی ئەوروپا و نوێنەرانی 43 دەوڵەت، كۆبوونەوەیەكیان سەبارەت بە دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی دەریایی بەرگریی فرەنەتەوەیی بەڕێوەبردووە.
دەشڵێت، ئامانج لەم هاوپەیمانێتییە، پاراستنی ئاسایشی گەروی بابولمەندەب و كەنداوی عەدەن و دابینكردنی ئاسایشە بۆ ڕێڕەوەكانی بازرگانیی جیهانی و هێڵەكانی ناردنی وزە لە دەریای سوردا.
ئەم دەستپێشخەرییە دوای ئەوە هات كە حوسییەكانی یەمەن لە 20ی تەمووزدا گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعودیەدا سەپاند و چەندین هێرشیان كردە سەر كەشتییەكانی پەیوەست بەو وڵاتە.
بەپێی رەشنووسی بەڵگەنامەیەک کە بزووتنەوەی حەماس و لایەنە فەلەستینییەکان لەسەری رێککەوتوون، پرۆسەی سەرژمێریکردن و کۆگاکردنی چەک لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی پلەبەند و بەرنامەڕێژکراو لە چوارچێوەی رێڕەوێکی گشتگیردا بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەی ئاشتی دەست پێدەکات.
بەپێی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکە ئامادەکردنی خشتەی جێبەجێکردنی پرۆسەی سەرژمێریکردنی چەک لە ماوەی چواردە رۆژدا دەبێت و درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەش بەند دەبێت بە بڕیاری کۆمیسیۆنی پشکنینی نێودەوڵەتی و رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان لەسەر نەخشەی رێگا.
تەواوی پرۆسەی بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی چەک لە کەرتی غەززە بە تەنیا دەسپێردرێت بە کۆمیسیۆنی نیشتمانی، لە کاتێکدا لایەنە فەلەستینییەکان بەشداری لە سەرژمێرییەکەدا دەکەن و کۆمیسیۆنی پشکنینی نێودەوڵەتی بە پاڵپشتی هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی چاودێریی بەڕێوەچوونی هەنگاوەکان دەکات.
دەستپێکردنی ئەم رێکارانە مەرجدار کراوە بە چوونی کۆمیسیۆنی نیشتمانی و بڵاوبوونەوەی هێزەکانی سەقامگیری لە کەرتی غەززە لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی پابەندبوونی بڕگەکانی پرۆتۆکۆلی شەرم شێخ، کە لە چەکە قورسەکان و بنکەکانی بەرهەمهێنانی سەربازی و کۆگاکان و تونێلەکانەوە دەست پێدەکات.
رەشنووسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە نابێت هیچ چەکێک رادەستی ئیسرائیل یان هیچ لایەنێکی ناوفەلەستینی بکەرێت، هەروەها هەنگاوەکانی حەسری چەک دەبەستێتەوە بە کشانەوەی پلەبەندی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و دەستەبەرکردنی رێڕەوێکی جێی متمانە بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.
میدیاکانی پاکستان بڵاویانکردەوە، بەهۆی تەقینەوە و داڕمانی کانێکی بەردینی خەڵوز لە پارێزگای بەلوچستانی رۆژئاوای وڵاتەکە، لانیکەم 34 کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەرایەتی کانەکە، روداوەکە بەهۆی تەقینەوەی گازی میسۆنەوە بووە، کە بووەتە هۆی داڕمانی لەپڕی کانەکە و لەو کاتەدا 42 کرێکار لە ژێر زەویدا کاریان دەکرد.
حکومەتی پاکستان، بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، لە ئێستاشدا تیمەکانی فریاکەوتن و رزگارکردن بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بەوانی دیکە.
سوپای ئێران رایگەیاند لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێکی ستراتیژیی سوپای ئهمریکا لە پایگای ئەحمەد ئەلجابری ئاسمانی لە وڵاتی کوەیت.
لەم بارەیەوە، لە بەیاننامەیەکدا سوپای ئێران باسی لەوە کردووە، لە قۆناغی 27ی ئۆپراسیۆنی (بروسکە) و لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای ئهمریکا بۆ سەر خاکی ئێران و بۆردومانکردنی خانووێکی نیشتەجێبوون لە دوورگەی قشم، هێزەکانیان چەندین ئامانجیان پێکاوە.
بەپێی بەیاننامەکە، ئامانجەکان بریتی بوون لە: شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە جەنگییەکان، سیستەمەکانی پەیوەندیی مانگی دەستکرد، وکۆگاکانی کەلوپەل و ئامێری سەربازی
ئەردۆغان ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی باشووری لوبنان و بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی بۆ سوپای ئەو وڵاتە راگەیاند و جۆزێف عۆنیش هەماهەنگی لەگەڵ ئەنقەرە بە پێویستییەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی ناودەبات.
ئاژانی ئەنادۆڵ رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا لوبنانییەکەی جۆزێف عۆن کۆبووەوە و جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ سوپای لوبنان و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی باشوری ئەو وڵاتە کردەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا ئامادەیە بۆ ئاساییکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان بەیروت و دیمەشق و بەشداریکردن لە هەر هێزێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
لای خۆشییەوە جۆزێف عۆن، هەماهەنگی لەگەڵ تورکیای بە پێویستییەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی سەروەریی لوبنان و نۆژەنکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ناوبرد.
ئەم هەماهەنگییە نوێیەی نێوان هەردوو وڵات لە کاتێکدایە، کە لوبنان بە قۆناغێکی هەستیاری ئەمنی و ئابووریدا تێدەپەڕێت و تورکیاش هەوڵدەدات لە رێگەی دابینکردنی هاوکاریی سەربازی و پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە، پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر بکات.
دوای ئەوەی مووشەکێکی روسی کایەی ئاسمانی پۆڵەندای پێشێل کرد و لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا کەوتە خوارەوە، هاوپەیمانی ناتۆ هێزە ئاسمانییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشی و چەندین فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی ئاسمان کرد.
مارتن ئۆدۆنێل، وتەبێژی بارەگای ناتۆ لە ئەوروپا رایگەیاند، لە وەڵامی تێپەڕبوونی موشەکێکی روسی کە جۆرەکەی هێشتا بە تەواوی روون نییە، ناتۆ و پۆڵەندا سیستەمە بەرگرییە ئاسمانی و زەمینییەکانیان چالاک کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، دوو فڕۆکەی جەنگیی F-16 و چەند فڕۆکەیەکی چاودێری و سووتەمەنی و هێلیکۆپتەرێکی جەنگیی پۆڵەندی بەپەلە رەوانەی ئاسمان کراون.
لای خۆشییەوە دۆناڵد توسک، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا جەختی کردەوە کە پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوەکە نیشانی دەدەن کە لە جۆری (Kh-101)ی روسی بووە و چاڵێکی گەورەی لە شوێنی کەوتنەکەیدا دروست کردووە.
لە لایەکی دیکەشەوە، فەرماندەی باڵای هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەوروپا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای پۆڵەندا ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکاریی پێشێلکارییەکە.
ناتۆش دەڵێت، لە پەیوەندییەکی بەردەوام و نزیکدایە لەگەڵ وارشۆ و هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتانی ئەندام بێ وەڵام نامێنێتەوە.
ئەم روداوە کە لە ناوچەیەکی رۆژهەڵاتی پۆڵەندا و تەنها 80 کیلۆمەتر دوور لە سنوورەکانی ئۆکراین روویداوە، ترسی دروستبوونی پێکدادانی راستەوخۆی لە نێوان روسیا و وڵاتانی رۆژئاوا زیاتر کردووە.
سوپای پاسدارانی ئێران بە ئامانج گرتنی بنکەیەکی ئەمریکای لە ئوردن راگەیاند و دەڵێت؛ سێ فڕۆکەی جەنگی F35 یان تێکشکاندوە.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، لە بەرانبەر هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دورگەی قشم و هاوکارییەکانی ئوردن بنکەیەکی سەربازیان کردوەتە ئامانج.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە بەئامانجگرتنی بنکەی ئاسمانی ئەزراق لە ئەنجامدا سێ فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 بەتەواوی لەناوچون و زیانی زۆریش بە سێ فڕۆکەی دیکەش گەیشتوە و سێ سەربازی ئەمریکاش کوژراون.
سوپای پاسداران جەختیکردوەتەوە، تا هەژمونی ئەمریکا لە ناوچەکە بمێنێت هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.
میدیای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، حەماس بە مەرج رازی بووە رەزامەندی دەربڕیوە چەك دابنێت و رادەستی لایەنی سێیەمی بكات.
كەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، دانوستانی ناڕاستەوخۆی قاهیرەی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بزوتنەوەی حەماس رازیبووە بە چەكدانان و دەستبەرداربوونی سەرجەم گروپەكانی لە كەرتی غەززە و چەكەكانی رادەستی لایەنی سێیەم بكات جگە لە دەسەڵاتی فەلەستینی.
راشیگەیاندووە، نیكۆلای ملادینۆف نوێنەری ئەنجومەنی ئاشتی غەززە پێشنیازێكی پێشكەشكردووە لە كاتی دانوستانەكان بۆ چەكدانان و چەسپاندنی ئاشتی و بەڕێوەبردنی كەرتی غەززە و حەماس نەرمی نواندووە.
بە گوێرەی زانیاریەکانیش، واشنتۆن رازییە بە پێشنیاری حەماس بۆ رادەستکردنی چەکەکانی بە لیژنەی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی (ABC News) رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، هەوڵی نەداوە بڕوایپێبهێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران.
ناتانیاهۆ رونی کردەوە، کە گفتوگۆکانیان تەرخان کرابوو بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک بژاردەی جیاواز لەسەر پرسی ئێران، لەوانە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرفراوانتر.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردوە، کە بەردەوامبوونی گەمارۆدان لەسەر گەروی هورمز یان گرتنەبەری رێکاری سەربازیی نوێ، لە نێو ئەو بژاردانەدا بوون، کە لەگەڵ ترەمپ تاوتوێیان کردووە.
نەتەنیاهۆ جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو کەسی چەواشە نەکردووە و هیچ کەسێکیش ناتوانێت فەرمان بەسەر دۆناڵد ترەمپدا بسەپێنێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەدا، کە پێشبینیکردنی ئەوەی تا چ ئاستێک ئێران دەتوانێت جوڵەی بازرگانی لە گەروی هورمز بکاتە کارتی گوشار یان چەک، کارێکی ئاسان نەبووە و جەختی کردوە ناتوانێت کاتەکەی بزانیط، بەڵام لە کۆتایدا دەسەڵاتی ئێران دەڕوخێت.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشی چڕیان بەسەركەوتوویی كردووەتە سەر چەندین ئامانج لە ناوخۆی ئێراندا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە موشەکییانەی کە کرابوونە سەر هێزەکانی ئەمریکا.
دوای ئەوەی ئێران بە موشەک چەند پێگەیەکی ئەمریکای لە ناويکە کردە ئامانج، ئەمەریکا وەڵامی دایەوە و فەرماندەیی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دەیان ئامانجی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان پێکاوە، کە چەندین سەنتەری فەرماندەیی سەربازی و بنکەکانی موشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان (درۆن)یان تێدا بووە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانج لەم هێرشانە کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانییەتی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، کەشتیوانی بازرگانی و وڵاتانی کەنداو.
سێنتکۆم راشیگەیاندوە، لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکراونەتەوە و لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان.
لای خۆشیەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ لە زاری لێپرسراوێکی ئەمریکییەوە گواستوویەتییەوە، کە قەبارەی ئەم هێرشانەی ئەمجارەی سەر ئێران زۆر بەرفراوانتر دەبێت بەراورد بەو ئۆپراسیۆنانەی لە هەفتەکانی رابردوودا ئەرنجام درابوون.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە، لە پەیامێکدا لە ژێر ناونیشانی "لە پێناو تورکیای سبەینێ" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە رەسمی کشانەوەی خۆی لە کاری حزبی و کۆتاییهێنانی بە چالاکییەکانی پارتەکەی راگەیاند.
داودئۆغڵو لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، دوای راوێژکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حزبەکەیدا، گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی، کە پارتەکەیان دابخەن.
ئەم هەنگاوەی داودئۆغڵو دوای ئەوە دێت کە پارتەکەی لە دوا هەڵبژاردنەکاندا تووشی شکستی سیاسی بووەوە و نەیتوانی ئەنجامێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت.
تا ئێستاش چارەنووسی سیاسیی ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکە بە نادیاری ماوەتەوە و ئەحمەد داودئۆغڵو، یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە سیاسییەکانی دەیەکانی دوایی تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە.
میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێکی باڵاوە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگیان سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە و ئامادەکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بڵاوکردەوە و دەڵێن؛ ئێران تا ئێستاش زیاتر لە 1500 موشەکی بالیستیکی ماوە.
میدیاکانی ئێراسئیل ئاماژەیان بەوەکردوە، ڕێگەچارەکانی بەردەم ئیسرائیل بەرانبەر ئێران خۆی لە رێککەوتن، گوشاری ئابوری، یان هێرشی سەربازیی بەربڵاودا دەبینێتەوە؛ سەرەڕای زۆری گوشارە ئابورییەکان ، بەڵام بژارەی سەربازی هێشتا وەک بژارەیەکی سەرەکی لەسەر مێز ماوەتەوە.
هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە، تاران لە دامەزراوەی جەبەل ئەلفەس سەرقاڵی پیتاندنی یۆرانیۆمە و هێشتا خاوەنی پێگه و توانایەکی بەرچاوە بە هەبونی 1500 بۆ 1600 موشەکی باڵیستیکی.
لە لایەکی دیکەوە و لەسەر ئاستی پەیوەندییە هەرێمییەکان و ناوخۆییەکان، لێپرسراوە ئیسرائیلییەکە ئاشکرای کردوە، بنیامین نەتانیاهۆ بە دۆناڵد ترەمپی راگەیاندوە، ئامادەیی ئیسرائیل لە سوریا سنوردارە و تەنها بەپێی پێداویستییە ئەمنییەکان دەبێت.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا خولێکی نوێی سزاکانی پەیوەندیدار بە ئێران راگەیاند، کە تێیدا 10 کۆمپانیا و دامەزراوە هەروەها هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر خرایە ناو لیستی سزاکانی نوسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە دەرەکییەکان (OFAC).
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، شەش کۆمپانیا لە کۆی ئەو 10 کۆمپانیایەی خراونەتە ناو لیستی سزاکانەوە، بنکەکانیان لە چین و هۆنگ کۆنگە؛ لەوانە کۆمپانیای بەڕێوەبردنی کەشتیوانیی کیهانگ، هەروەها چەندین کۆمپانیای بازرگانی و گواستنەوەی دەریایی لە هۆنگ کۆنگ و دورگەکانی مارشاڵ.
هاوکات دوو دامەزراوەی ئێرانی بە ناوەکانی (مەرجەعی خزمەتگوزارییە دەریاییەکانی هورمز سەیف) و کۆمپانیای (بیمەی دەریایی کەنداو) سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
جگە لەمەش، ئامانجگرتنی هەشت کەشتیی نەوتهەڵگر و هەڵگری بەرهەمە کیمیاییەکان بە ئاڵای وڵاتانی جیاوازەوە وەک باربادۆس و ڤانواتو بەشێکی دیکەی ئەم بڕیارە بووە.
ئەم سزایانەی واشنتۆن لە کاتێکدا دێن، کە پێشتر سوپای ئەمریکا رایگەیاندبوو چەندین موشەکی باڵیستیکی لە ئاسامانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەناو بردووە کە ئاڕاستەی بنکە و هێزەکانی کراون و دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند بوو، وەڵآمی تاران دەداتەوە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەرەشەی توند لە ئێران دەكات و دەڵێت ، بە توندی هێرشیان دەكەنە سەر .
ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران رایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ عیراق هێرشیان كردووەتە سەر گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران و دوپاتیشیكردوەتەوە كە باجێكی قورس بە ئێران دەدەن و بە توندی هێرش دەكەنە سەریان ئەوەش وەك وەلامێك بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە ئوردن ، ترەمپ دەشڵێت تاوتوێی هێرشكردنە سەر هاوپەیمانەكانی ئێران دەكەن.
ئەوە لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر ترەمپ هێرشەكانی بۆ سەر ئێران راگرت، بەڵام بەپێی میدیكانی ئێران، ئەمرۆ هێرشەكان دەستیانپێكردوەتەوە و سوپای ئەمریكا بۆردومانی ناوچەیەكی ئێرانی كردوە لە باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە كە هاوسنوری عیراقە .