ئەمڕۆ دانوستانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت و میدیاكانیش ئاشكرایان كردووە، بەیروت دەیەوێت ئاگربەست بۆ مانگێكی تریش درێژ بكرێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بەڕێوەبچێت و دانوستانەكەش لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەبێت لە واشنتۆن.

میدیاكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، بەیروت خواستی ئەوەی هەیە ئاگربەستەكە بۆماوەی یەك مانگی تر درێژ بكرێتەوە و ئیسرائیلیش داوای لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتە كردووە، هاوكارییان بكەن لە رووبەڕووبوونەوەی حزبوڵا و چەكداماڵینیاندا.

ئیسرائیل ئەوەی نەشاردووەتەوە كە ناكۆكیان لەبارەی پرسەكانەوە لەگەڵ لوبناندا زۆر نییە و گەیشتن بە رێككەوتن قورس نابێت.

هاوكات، ئەنتۆنیۆ گۆرتێرێسی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش جەختی لەوەكردووەتەوە، پێویستە سنورێك بۆ هێرشەكانی چەكدارانی سەر بە حزبوڵا بۆسەر هێزەكانی یونیفێل لە لوبنان دابنرێت.

لەلایەكی ترەوە میدیاكانی ئیسرائیل ئەوەیان خستووەتەڕوو، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران چەند راوێژێكی لەگەڵ راوێژكارییە ئەمنییەكانیدا ئەنجامداوە بۆ لەبەرچاوگرتنی هەر ئەگەرێكی هەڵكشانەوەی گرژییەكان چ لەگەڵ لایەنی ئێران بێت یان لایەنی لوبنانی.