گیدۆن سەعر: حزبوڵا دوژمنی هاوبەشی ئیسرائیل و لوبنانە و بەربەستە لەبەردەم ئاشتی
محەمەد رزگار
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
بە ئامانجی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە واشنتۆن، ئیسرائیل حزبوڵا وەک رێگر لەبەردەم سەروەریی لوبنان و ئاشتی ناوچەکە ناو دەبات.
گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل "بڕیارێکی مێژوویی" داوە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی لوبنانی، کە ئەمە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا یەکەمین هەنگاوە لەو ئاستەدا بنرێت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل حزبوڵای بە "کۆسپ" لەبەردەم ئاشتی و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان دانا و تۆمەتباری کرد بەوەی سەروەریی لوبنانی تێکداوە و وەک "دەوڵەتێکی تیرۆر" لە ناو خاکی ئەو وڵاتەدا کار دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل هیچ کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ دەوڵەتی لوبنان نییە و ئەو ناکۆکییانەی لەسەر سنوورەکان هەن، زۆر کەمن و دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای لە حکومەتی لوبنان کرد "ئازایەتی" بنوێنێت و وڵاتەکەی لەژێر دەسەڵاتی "داگیرکاریی ئێران" رزگار بکات، جەختیشی کردەوە کە ئەمە لە بەرژەوەندی سەروەری و سەربەخۆیی لوبناندایە.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە، کە بڕیارە لە واشنتۆن وردەکارییەکان بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ.



