لە نێوان دەستبەسەرداگرتن و رادەستکردندا؛ یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی تاران سەری کێ دەخوات؟
بڵند
٢١ی نیسانی ٢٠٢٦
ململانێی واشنتۆن و تاران لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم و رادەستکردنی خاڵێکی بنەڕەتییە لە ناکۆکییەکان، لە ئێستادا رەوشی نێوان ئێران و ئەمریکا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار کە راستەوخۆ بە پرسی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی تارانەوە بەستراوەتەوە، دۆناڵد ترەمپ چەند جارێک وتویەتی دەبێت بە دەستی بهێنین و لێپرساراوانی ئێرانیش بەردەوام ئەو داوایەیان رەتکردوەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنە نوێیەکانی شارەزایان و بەرپرسانی سەربازی، تاران خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوە و ئەو بڕەش ئەوەندە زۆرە، کە دەتوانێت نزیکەی 10 بۆمبی ئەتۆمی لێ بەرهەم بهێنرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دوای مانگی حوزەیران(شەش)ـی ساڵی رابردووەوە و بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سێ پێگەی ئەتۆمی و بۆردومان کردنی، پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان رێگرییان لێکراوە و نەیانتوانیوە راستی و دروستی بڕی کۆگاکراوی یۆرانیۆم لەو وڵاتەدا بپشکنن و پشتڕاست بکەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ چاوی لە یۆرانیۆم پیتێندراوەکی ئێرانە
دۆناڵد ترەمپ لە میانی گەرمەی ئەم جەنگەدا، چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە ئەمریکا رێگە نادات ئەو مادە ئەتۆمییانە لە دەستی ئێراندا بمێننەوە و ئەو پرسە جێی گفتوگکردن نییە، لە ئێستاشدا یەکێکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان دانوستانەکانی واشنتۆن و تاران.
ستراتیژی واشنتۆن لەم قۆناغەدا لە نێوان دوو بژاردەدایە؛ یان لە رێگەی فشار و ئۆپەراسیۆنی سەربازی راستەوخۆوە دەست بەسەر ئەو ماددانەدا دەگیرێت، یان لە رێگەی فشاری دیپلۆماسییەوە تاران ناچار دەکرێت بە رێککەوتنێک بۆ گواستنەوەی سەرجەم یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە بۆ ناو خاکی ئەمریکا، کە ئەمەی دووەمیان بەردەوام تاران رەتی کردوەتەوە.
هەڵوێستی تاران لە نێوان رادەستکردن و پاراستنی یۆرانیۆمەکە
گەرچی رۆژی یەکشەمەی رابردوو، لە راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیسرائیل هیۆم ئەوەی خستبوەڕوو، ئێران بە مەرجی رادەستکردنی یۆرانیوەمە پیتێندراوەکەی رازی بووە، بەڵام نایەوێت رادەستی ئەمریکای بکا و دەیەویط بیدات بە وڵاتێکی تر.
بەڵام ئەم زانیاریانەی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە، تا ئێستا لەلایەن ئێرانەوە پشتراستنەکراوەتەوە و بەردەوام ئەو لێدوانە زانیاریانە رەتدەکەنەوە.
تا ئێستا تاران ئامادە نییە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە یۆرانیۆمەکەی رادەست بکات و ئەوان پێیان وایە پیتاندنی یۆرانیۆم مافی خۆیانە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆمار، لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند کەس ناتوانێت ئەو مافەیان لێ وەرگرێتەوە و ئەوان ناچنە ژێر فشاری هێزەوە و گەلی ئێران خۆی نادات بەدەستەوە.
لە شکستی دیپلۆماسیدا، لە رێگەی هێزەوە دەتوانرێت دەست بەسەر یۆرانیۆمکەی ئێراندا بگیرێت؟
سەبارەت بە پرسی دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە، جێگری پێشووی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کارێکی پڕ مەترسییە، بەڵام ئەمریکا توانای ئەنجامدانی هەیە، هاوشێوەی ئەزموونی ئەفغانستان کاتێک لە ناو جەرگەی بیاباندا رێگەی فڕینیان دروست کرد بۆ نیشتنەوەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی (C-17) .
ئەزموونی(پڕۆژەی سەفایر) کە بە مانای یاقوتی شین دێت وەک نموونەیەکی مێژویی بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم لە ئێران، ئەمریکا چاوی لە ئەزمونێکی مێژوویی ساڵی 1994ە لە وڵاتی کازاخستان.
ئەندرۆ وبەر، بەرپرسی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە ، کە چۆن دوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت، نیگەران بوون و ترسیان هەبووە، ئێران دەستی بگات بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئەو وڵاتە، کە چوارەم گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی جیهانی تێدابوو ئەو کات.
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا وتویەتی؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا، دیپلۆماتکار و شارەزایانی ئەمریکی توانییان بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆمی پیتێنراو، کە لە کارگەیەکدا شاردرابووەوە، بدۆزنەوە و بیگوازنەوە بۆ ئەمریکا پێش ئەوەی بکەوێتە دەستی وڵاتانی تر.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە، ئەم مۆدێلە لە ئێستادا وەک نەخشەڕێگایەک دەبینرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ئەتۆمی ئێران.
لێدوانە دژبەیەکەکانی دۆناڵد ترەمپ پرۆسەکەی ئاڵۆزتر کردوە
گەرچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رابردودا چەندین جار دوپاتیکردوەتەوە، دەبێت ئێران یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی رادەست بکات و واز لە بەدەسهێنانی چەکی ئەتۆمی بهێنێت، سەرۆکی ئەمریکا ئەو پرسەی لای خۆیەوە یەکلای کردوەتەو ە ودڵنیای داوە ئێران نابێت ببێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە لێدوانێکی تریداوە و دەڵێت؛ بەدەستهێنانی یۆرانیۆمەکەی ئێران ئاسان نییە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا، کە رۆژی سێشەممە، بڵاویکردوەتەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەنداریتی دەکات نوسیویەتی؛ بەدەستهێنان و وەرگرتنی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران پرۆسەیەکی سەخت و و دورودرێژە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، لە دوای هێرشەکانمان بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران و وێرانکردنیان بەدەستهێنانی یۆرانیۆمەکەی ئێران قورسە و کاتی زۆری دەوێت.
کۆتاییەکی نادیار؛ رادەستکردن یان دەستبەسەرداگرتن؟
بڕیارە ئەمرۆ سێشەممە وەفدی هەردوو وڵاتی ئەمریکا و ئێران بگەنە پاکستان و سبیەنێ چوارشەممە گەڕێکی تری دانوستانی واشنتۆن و تران لە ئیسالام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچێت، لە ئێستادا هەموو چاوەکان لەسەر تارانن بۆ ئەوەی بزانرێت کاردانەوەی بەرانبەر ئەم گوشارە چڕانەی واشنتۆن چی دەبێت؟
ئایا ئێران لەژێر فشاری هەڕەشەکاندا مل دەدات و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بە رێککەوتنێکی سیاسی رادەستی ئەمریکا دەکات، یان سوور دەبێت لەسەر هەڵگرتنی و ئەمریکاش پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و ئۆپراسیۆنی راستەوخۆ دەبات بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو مادە مەترسیدارانە؟
لە کۆتایدا، یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە نەک تەنها چارەنوسی جەنگی ئێستا، بەڵکو نەخشەی نوێی هێز لە ناوچەکەدا دیاری دەکات و کاریگەری لەسەر تەواوی جیهانیش دەبێت.



