وەزارەتی جەنگی ئەمریكا: پاككردنەوەی گەروی هورمز لە مینەكان نزیكەی شەش مانگ كاتی پێویستە
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٦
وەزارەتی جەنگی ئەمریكا دەڵێت، پاككردنەوەی گەروی هورمز لە مینە چێندراوەكانی ئێران رەنگە شەش مانگ بخایەنێت .
رۆژنامەی " واشنتۆن پۆست" ئاشكرایكردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریكا لە پەیامێكی نهێنیدا بۆ كۆنگرێس روونیكردووەتەوە، پاككردنەوەی گەروی هورمز لە مینە چێندراوەكانی ئێران رەنگە شەش مانگ بخایەنێت.
ئەوەشی خستووەتەڕو، پێناچێت پاككردنەوەی گەروی هورمز بەر لە رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران دەستپێبكات، بەوپێیە تەنانەت دوایی رێككەوتنیش گەروی هورمز لانیكەم شەش مانگی پێویستە بۆ ئەوەی جوڵەی كەشتیوانی تێیدا ئاسایی ببێتەوە و هاوسەنگی بۆ نرخی سوتەمەنی و وزە لە جیهاندا بگەڕێتەوە، ئەوەش كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی ئەمریكای نیگەران و بێ هیوا كردووە.
ئەو رۆژنامەیە باسیلەوەشكردووە، پێشبیندەكرێت ئێران 20 مین یان زیاتری لە گەروی هورمز چاندبێت و بۆ بەشێك لە چاندنی ئەو مینانەش سوودی لە تەكنەلۆژیای " جی پێ ئێس" وەرگرتووە، ئەوەش دۆزینەوەی مینەكانی بۆ هێزی دەریایی ئەمریكا قورستركردووە.



