یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا ئیدانەی شەهیدكردنی شەرڤانەكەی شاری حەسەكە دەكات و دەلێت ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی روداوەكە دەستگیركراون.
سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا لە پەیامێكدا رایگەیاند، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخ مووس حەسۆ) دەكەم كە لە ئەنجامی تاوانێكی دڕندانە شەهید كرا.
ئیدانەی هەر پەیام و وتارێكی میدیاییشی كرد كە هانی توندوتیژی بدات و داوای لە هاووڵاتییان كرد رێگە بە دروستبوونی ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا نەدەن.
یاردەدەری وەزیری بەرگری سوریا راشیگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی سەرەكیی رووداوەكەیان دەستگیركردووە و هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تەواوی تاوانباران.
سامی شێخ مووس حەسۆ شەرڤان بووە لەریزەكانی لیوای حەسەكە، شەوی رابردوو دوای رفاندنی بە شێوازێكی دڕندانە لەلایەن ئەندامانی هۆزێكی عەرەبەوە شەهید كرا.
ئاژانسی ئەکسیوس لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاوە بڵاویانکردەوە، شازادەی جێنشینی سعودییە محەمەد بن سەلمان رۆژی پێنجشەممە، دوو پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ دونالد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامداوە و داوای لێکردووە هێرشی سەربازی بکەنە سەر حوسییەکان.
بەپێی راپۆرتەکە ئەکسیوس، ترەمپ داواکارییەکەی ەەتکردووەتەوە. هاوکات بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئیدارەی کۆشکی سپی لە ئێستادا هیچ پلانێکی نییە بۆ ئەنجامدانی کردەی سەربازیی راستەوخۆ دژی حوسییەکان.
لەلایەکی ترەوە، ئاژانسی ەویترز بڵاویکردەوە کە نەیتوانیوە دەستبەجێ راستی و دروستی ئەو راپۆرتە پشتڕاست بکاتەوە، هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک لەلایەن کۆشکی سپی یان باڵیۆزخانەی سعودییە لە واشنتۆن سەبارەت بەو هەواڵە نەدراوە.
هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەروی هورمزدا بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزی، بەجۆرێک بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی بەدواداچوونی گەشەپێدانی دەریایی کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراونەتەوە، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تەنها 7کەشتی لە گەروەکە پەڕیونەتەوە.
داتاکان دەریانخستووە کە پێنج کەشتی چوونەتە ژوورەوە و دوو کەشتیش لە گەروەکە دەرچوون، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر ١١ کەشتی تۆمارکرابوون.
ئەم دابەزینە بەراورد بە ناوەندی 10 رۆژی رابردوو کە نزیکەی 15 کەشتی بووە لە رۆژێکدا، نیشان دەدات کە هاتوچۆی دەریایی بۆ کەمتر لە نیوە کەمی کردووە.
ئەم ئامارانە ئاماژەن بۆ بەردەوامی ئاڵۆزییەکان لە هاتوچۆی دەریاوانیدا لە رێگەی یەکێک لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا، ئەمەش لە سایەی کاریگەرییەکانی جەنگ و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی دەوروبەری گەروەکە.
بڵاوبوونەوەی ئەم داتایانە لە کاتێکدایە کە گرنگی هاتوچۆی کەشتیوانی لە رێگەی هورمزەوە بۆ بازاڕەکانی وزەی جیهان لە هەڵکشاندایە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی رێڕەوە دەریاییەکانی دیکەی ناوچەکە، لە سەرەتایاندا دەریای سۆر و باب مەندەب.
حوسییەکانی یەمەن بەشێوەیەکی راستەوخۆ هێڵی بۆریی نەوتی خاوی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا"یان لە سعودییە کردە ئامانج.
وێنە مانگە دەستکردەکانی (Sentinel-3) دەریانخستووە کە دووکەڵێکی رەشی چڕ بە درێژایی نزیکەی 100کیلۆمەتر لەسەر رێڕەوی هێڵی بۆرییەکە بەرزبووەتەوە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی دەستەی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (NASA FIRMS)، ئاگرێکی گەورە لە هەمان شوێندا بۆ ماوەی زیاتر لە 8 سەعات بەردەوامە.
هێڵی بۆریی "رۆژهەڵات-رۆژئاوا" نەوتی خاوی سعودییە لە ناوچەی بەقەیقەوە بۆ بەندەری یەنبووع لەسەر دەریای سۆر دەگوازێتەوە، کە تاقە رێگەی ناردنەدەرەوەی نەوتی سعودییەیە کە بە گەروی هورمزدا تێنەپەڕێت.
ئەم هێرشەش لە چوارچێوەی بەردەوامیی هێرشەکانی حوسییەکاندا دێت بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی خاکی سعودییە لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەدیهێنانی ئاسایش لە دەریای سۆر بەبێ رێزگرتن لە ماف و کەرامەتی گەلی یەمەن ئەستەمە، هەروەها داوای کۆتاییهێنان بە گەمارۆکانی سەر یەمەنی کرد.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی تایبەت بە یەمەن، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی تاران کردەوە لەسەر رێزگرتن لە سەربەخۆیی، سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی یەمەن و دووپاتیکردەوە کە پێویستە گەمارۆی سەر ئەو وڵاتە هەڵبگیرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد: ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا و دەریای سۆر بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافە رەواکان و کەرامەتی گەلی یەمەن بەدی ناهێنرێت، جەختیشی کردەوە: چارەسەرکردنی پرسەکانی پەیوەست بە یەمەن لەڕێگەی بەردەوامبوونی گەمارۆ یان هاوپەیمانێتی سەربازییەوە ناکرێت.
لەکۆتاییدا رایگەیاند: چارەسەرکردنی کێشەکانی یەمەن پێویستی بە رێڕەوێکە کە مافەکانی گەلی یەمەن و سەروەری وڵاتەکەیان لەبەرچاو بگرێت، نەەک بەردەوامبوون لەسەر گوشاری سەربازی و گەمارۆدان.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، ئێران دەستیكردووەتەوە بە چالاكی لە چیای قولەنگ لە نزیك بنكەی ئەتۆمی نەتەنز.
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی بلومبێرگ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاندووە، حكومەتی ئێران لە نزیك بنكەی ئەتۆمی نەتەنز لە كێوی قولەنگ دەستیكردووەتەوە بە چالاكی ئەتۆمی.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی هاوكاریان نییە و زانیارییان لەلایەن تارانەوە پێناگات.
گرۆسی دەڵێت، لە ئێستادا بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی و بێ دەنگی ئێران دەست بە پشكنین ناكەنەوە و زانیارییان لە بارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانەوە نییە.
ئەوەش لا کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، تێبینیان كردووە ئێران چالاكیی ئەتۆمی هەیە لە چیای قولەنگ، بەڵام ئەمە دەرەنجامێكی باشی بۆ ئێران نابێت، چونكە بەتوندی هێرشی دەكەنەسەر.
حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە رزگارکردنی سەرجەم دیلەکانیان لە زیندانەکانی ناوچەی کەناراوەکانی رۆژئاوای وڵاتەکە.
عەبدولقادر مەرتەزا، سەرۆکی کۆمێسیۆنی کاروباری ئۆخسیرەکانی حوسییەکان رایگەیاند: دیلەکان لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی طارق ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن ئازادکراون.
ئەم راگەیەندراوە لە کاتێکدایە کە ناوچەی کەناراوەکانی رۆژئاوا رووبەڕووی پێشهاتی مەیدانی خێرا بووەتەوە؛ بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، حوسییەکان کۆنتڕۆڵی شاری ستراتیژی "مەخا"یان لەسەر دەریای سوور و گەروی باب مەندەب کردووە، جگه لە چوونەناوەیان بۆ ناوچەکانی حەیس و خووخە لە باشوری پارێزگای حودەیدە بەهۆی پاشەکشەی تهکتیکی هێزە حکومییەکان.
لە بەرانبەردا، طارق ساڵح فەرمانی بە هێزەکانی حکومەت کردووە بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانیان و دروستکردنی ژووری ئوپەراسیونی جێگرەوە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە دژوارانە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان بەرەو شاری عەدەن و پارێزگاکانی باشور بە مەبەستی پاراستنی گیانیان.
سێ سەرچاوەی حکومی لە یەمەن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایانگەیاند کە چەکدارانی کۆمەڵەی حوسییەکان کۆنترۆڵی شاری مەخای دەریایییان لە رۆژئاوای وڵات کردووە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە سەرچاوە حکومییەکانەوە گواستوویەتیەوە کە هێزەکانی حوسییەکان چوونهتە ناو شاری مەخا و دەستیان بەسەردا گرتووە.
هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکان بۆ مێدیای عەرەبی جەديد ئاشکرایان کردووە: بەهۆی ئەم کۆنترۆڵکردنەوە شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەبوونی دانیشتووانی شارەکە بەرەو شاری عەدەن دەستی پێکردووە.
بەپێی سەرچاوە حکومییەکان، ئەم دەستبەسەرداگرتنە دوای چەند هەفتەیەک لە هێرش و گوشاری بەردەوامی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەخا و بەندەرەکەی هاتوو؛ دوای ئەوەی شارەکە بەر هێرشی چڕی مووشەکی کەوتەوە.
پێشتر و لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوودا، ئیدارەی بەندەری مەخا رایگەیاندبوو: سەرجەم چالاکییە بازرگانی و دەریاییەکانی راگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی بەندەرەکە بەر زیاتر لە 25 مووشەکی حوسییەکان کەوت.
بەپێی ئامارەکان، ئەو هێرشانە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی مەدەنی و زیانگەیشتن بە دامەزراوەکان، کە زیانە مادییەکانی بە نزیکەی 16 ملیۆن دۆلار مەزەندە کرابوون.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی تاران دەکات و رایدەگەیەنێت، هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتەکەی وەڵامێکی وێرانکەری بەدوادادێت.
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل لە حاڵەتی ئامادەباشییدایە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی بەهێزترین وەڵامدانەوە، ئەگەر بێت و ئێران بە هەر هۆکارێک یان لە هەر شوێنێکەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو گۆشەگیرییە ئابورییە و فشارە زۆرانەی لەسەر ئێرانن، ئەگەری هەیە تاران دەستپێشخەری بکات، بەڵام هەر وەڵامدانەوەیەکی ئیسرائیل، زەبرێکی وا لە ژێرخانی وزە و ئابوریی ئەو وڵاتە دەدات کە ئێران بە دەیان ساڵ بۆ دواوە بباتەوە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیشی کردەوە، لێدان لە دامەزراوەکانی وزەی ئێران کە سەرچاوەی دارایی ئامێری جەنگیی ئەو وڵاتەن، وێراندەکرێن و پایەکانی دەسەڵاتی تاران بەرەو لاوازی دەچێت.
لە پارێزگای حەسەکە، هەوڵێکی دزینی بڕێک پارە لە بەرانبەر بینای باڵەخانەی بانکی کشتوکاڵی شکست پێهێنرا، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوەبەری بانکەکە دەستبەجێ تەقەی لە تۆمەتباران کرد.
بەپێی زانیارییەکان، دوو کەس کە سواری ماتۆڕسکیلێک بووبوون، هەوڵیان دا کارتۆنێک بڕفێنن کە بڕی 10ملیۆن لیرەی سوری تێدا بووە، کە بڕیار بوو بگوازرێتەوە بۆ ناو بانکەکە.
لە کاتی روداوەکەدا، بەڕێوەبەری بانکی کشتوکاڵی بە خێرایی هاتە دەست و راستەوخۆ تەقەی لە دوو تۆمەتبارەکە کرد، ئەوەش بووە هۆی تێکدانی پلانەکەیان و راکردنی هەردوو دزەکە بۆ شوێنێکی نادیار بێ ئەوەی بتوانن پارەکە ببەن.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی ئاشكرایكردووە، راوێژكارەكانی ترەمپ و كۆشكی سپی هۆشدارییان داوە لەوەی جەنگی دژ بە ئێران تا ساڵی 2029 بخایەنێت.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی بڵاویكردەوە، گەورە راوێژكارانی كۆشكی سپی، لەوانە جەی دی ڤانس جێگری ترەمپ و ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە لە كۆبوونەوەیەكی داخراودا هۆشدارییان بە دۆناڵد ترۆمپ سەرۆكی ئەمریكا داوە كە ئەگەر هەیە جەنگ لەگەڵ ئێران تا كۆتایی خولی سەرۆكایەتییەكەی واتە تا مانگی یەكی ساڵی 2029 درێژە بكێشێت.
لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، راوێژكاران جەختیان لەوە كردووەتەوە، تاران سەرەڕای گەمارۆ و گورزە سەربازییەكان، دەتوانێت بەردەوام بێت لە بەرنگاربوونەوەی فشارەكانی واشنتۆن.
هاوكات، دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە كۆشكی سپی رەتیكردەوە لێدوان لەسەر ئەو پرسە بدات، لە بەرامبەردا ترەمپ رایگەیاند، پێشبینی دەكات جەنگەكە تا دوای هەڵبژاردنەكانی نیوەی خول لە مانگی 10ی ئەمساڵدا كۆتایی پێبێت و تاران نەتوانێت خۆڕاگر بێت.

سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت، کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەندە بە راگرتنی هەڕەشەکانی واشنتۆن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تاران.
حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئەمریکا راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە واشنتۆن لەگەڵ راگرتنی تەواوەتیی شەڕدا، دەست لە هەڕەشە بەردەوامەکانی هەڵبگرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجەکان بریتین ئازادکردنی 24 ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران و راگرتنی هەرجۆرە دەستوەردانێک لە بەرنامەی ئەتۆمی و توانای موشەکیی وڵاتەکەیان، هەروەها کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان.
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران راشیگەیاند، هاتوچۆی هەر کەشتییەک بێ هەماهەنگی لە گەروی هورمز، روبەڕووی سزادان و بێبەشکردن لە خزمەتگوزارییە دەریاوانییەکان دەبێتەوە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە روبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە گەروی هورمز بەردەوامە.
سوپای پاسداران لە چەند رۆژی رابردوو هێرشیکردەسەر چەند کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکا و لە بەرانبەریشدا چەندین کەشتیی بازرگانیی خۆی نوقمی دەریا کران.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی رابردوو سوپای پاسداران چەند کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکایان بە موشەکی بالستیکی کردە ئامانج و ئەمریکاش رایگەیاند کە هیچ سەربازێکیان زیانی بەر نەکەوتووە.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ئێران بۆسەر کەشتییە جەنگییەکانیان ئەنجامیداوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج کەشتیی بازرگانیی ئێرانیان بەئامانج گرتووە و زیانێکی مادی گەورەیان لە تاران داوە.
لەلایەکی دیکەشەوە، چەند لێپرسراوێکی باڵای عیراق بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کەشتییەکی نەوتهەڵگری عیراق کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو، لەلایەن درۆنێکی ئێرانەوە بەئامانجگیرا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

ئیسرائیل کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە قودس داخست و چەند سزایەکی بەسەردا سەپاند
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە رەسمی داخستنی کۆنسوڵخانەی بەریتانیای لە قودس راگەیاند و چەند رێوشوێنێکی توندی دژی دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرتەبەر.
ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە بڕیاری پێشووی ئێد مێلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، کە تیایدا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی لە جوونشینە نایاساییەکانی کەناری رۆژئاوا راگەیاندبوو. ساعر لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوەکەی بەریتانیا قبوڵنەکراوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە، لەچوارچێوەی رێوشوێنەکانیاندا، نوێنەرانی بەریتانیا لە ناوەندی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەرتی غەززە لە باشوری ئیسرائیل دەردەکرێن، ھەروەھا کۆتایی بە چالاکییە تایبەتییەکانی بەریتانیا بۆ مەشقکردن بە ھێزەکانی فەڵەستین لە کەناری رۆژئاوا، دەھێنن.
ھەروەھا جەدعون ساعر، راشیگەیاندووە کە سەردانیکردنی بۆ ئیسرائیل لە 12 بەرپرسی بەریتانیا و ژمارەیەک ھاووڵاتیی دیکەی بەریتانیا بەھۆی بەشداریکردنیان لە چالاکییەکانی "دژە جوو"، قەدەغە کردووە.
سوپای ئەمریكا دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیك دوورگەی خارك بۆردومان كرد و لێپرسراوێكی ئەمریكاش دەلێت هێرشەكە بۆ خنكاندنی ئابوریی ئێرانە.
میدیایاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، هێزەكانی ئەمریكا بە موشەك دوو كەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانییان لە لە نزیك دوورگەی خارك و بەندەری جاسك كردووەتە ئامانج.
دوابەدوای تەقینەوەكان لێپرسراوێكی ئەمریكی بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاند، سوپای ئەمریكا كەشتییەكی نەوتهەڵگری ئێرانی پێكاوە.
ئاشكراشیكرد، هێرشەكان بەشێكن لە هەوڵە بەردەوامەكانی واشنتۆن بۆ خنكاندنی ئابوریی ئێران، نەك دەستپێكی قۆناغێكی نوێی جەنگ.
لە بەرانبەردا بارەگای خاتەم وئەلئەنبیا رایگەیاند، سوپای ئەمریكا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر سێ نەوتهەڵگری كردووە و هۆشداریشی دا لە ئەگەری هەر هێرشێكدا راستەوخۆ بنكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە تەواوی ناوچەكەدا دەكەنە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، ئێران لە پشتی هێرشەکانی ئەم دواییەی حوسییەکانەوەیە بۆ سەر خاکی سعودیە.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حوسییەکان دارودەستەی ئێرانییەکانن، دەشڵێت؛ زۆر بە روونی دیارە ئێران لەپشتی بەشێک لەم روداوانەوەیە.
ئاشکراشیکرد، پەیوەندییەکی سەربازیی بەرگریی بەهێز لە نێوان ئەمریکا و سعودیەدا هەیە و واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێریی ئەم پێشهاتانە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای یەمەن کرد و وتی، باوەڕی وایە هەندێک ئۆپەراسیۆنی زەمینیش هەیە، کە هێزەکانی یەمەن رووبەڕووی حوسییەکان دەبنەوە و بەرپەرچی بەشێک لە هەوڵەکانیان بۆ پێشڕەوی دەدەنەوە.