رۆژهەڵاتی ناوەڕاسترۆژهەڵاتی ناوەڕاست

بڕیاری دەستگیركردن بۆ 47 كەسی تر لە شارەوانی ئیستەنبوڵ دەركرا كە بەشێكیان سەرۆكی شارەوانی قەزاكانی سەر بە گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵن.

لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی، پێنجەم ئۆپراسیۆن بۆسەر گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامدرا، بڕیاری دەستگیركردنیش بۆ 47 كەس دەركرا، كە پێنجیان سەرۆكی شارەوانی قەزاكان و یەكێكیشیان پەرلەمانتارێكی پێشووی جەهەپەیە.

داواكاری گشتی ئیستەنبوڵ بەبیانووی بەرتیل وەرگرتن و تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی، لە ماوەكانی رابردوودا چەند هەڵمەتێكی بۆ دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەركردووە كە تێوەگلاون لە دۆسیەكە لەگەڵ ئەو كەسانەی نزیكن لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی پێشووی شارەوانی ئیستەنبوڵ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند کە ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو لا.

کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی لەگەڵ کەناڵی شەمس ئاشکرای کرد: "دەمانەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکەینەوە و ئامادەم لەگەڵ ئەردۆغان کۆببمەوە."

ئەم لێدوانە لە کاتێکدا دێت کە تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمەریکا رێککەوتن.

فەرماندەی هەسەدە رونی کردەوە کە ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لە پەیوەندیی راستەوخۆی سیاسیدان.

"بە نێوەندگیریی لایەنێک، پەیوەندیی راستەوخۆمان لەگەڵ کەناڵە جیاوازەکانی سیاسیی تورکیا هەیە،" مەزڵوم کۆبانێ وتیشی؛ ئومێد دەکەم پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بەرەو باشتر بچن.

پێشتر تورکیا رونی کردبووەوە کە ناتوانێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) جیا بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و دانانی چەکی بەرانبەر تورکیا داوە دوای 40 ساڵ ململانێ.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ پابەندین بە مافی پیتاندنی یۆرانیۆم کە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ وڵاتەکەمان و کەس مافی ئەوەی نییە گەلی ئێران لە مافەکانیان بێبەش بکەن".

وەزیری دەرەوەی ئێران رونی کردەوە کە هەڵوێستی ئێران لەسەر پرسی ناوەکی بە تەواوی رونە و وتی: "ئەگەر باسی چەکی ناوکی بێت، بەڵێ لە روانگەی ئێمەوە پەیوەندیدارە و ئێمە خۆمان خاوەن دروشمی رەتکردنەوەی چەکی ناوەکی بووین و هەرواشدەبین."

عراقچی خۆی و کارمەندانی وەزارەتی دەرەوەی وەک "سەربازانی ئیمام خومەینی" ناساند و وتی: "ئێمە هەمیشە هەوڵمان داوە سەربازی دڵسۆزی ئیمام و رابەر بمێنینەوە." و  وەک "دارێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئێران" ناوی هێنا.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد: "لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا لە یەکەم بڕگەدا هاتووە کە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، سیستەمێکە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی ستەمکاری و زاڵبون بەسەریدا دامەزراوە". 

عراقچی وتیشی کە لە گفتوگۆکانی ئێستادا، رەتکردنەوەی خۆ زاڵکردن بەسەر ئێراندا ئامانجی سەرەکیمانە و بەردەوام دەبین لەمە.

ئەم وتانەی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئێران، بە نێوەندگیری عومان لە دانوستاندان بۆ رێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیسرائیل لە رێگەی فرۆکەی جەنگیەوە چەند سەربازگەیەکی لە سوریا کردە ئامانج، میدیاکانی سوریاش بڵاویانکردەوەتەوە، ئیسرائیل باشوری پارێزگای لازقییەی بۆردومان کردووە.

میدیاکانی سوریا رایانگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل شوێنە سەربازییەکانی لە باشوری پارێزگای لازقییە بۆردومان کردووە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەندین کوژراو و بریندار هەیە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لیوای 107 لە لازقییە و بارەگای وەحیبە و لیوای 56  لە تەرتوس بە ئامانج گیراون.

لەلای خۆشیەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، کۆگایەکی چەکمان لە لازقییە بە ئامانج گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانی بوو بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ماوەی مانگی رابردوودا و دوای ئەوەی سوریا دانوستانی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: لە کەرتی رۆژئاوا دەوڵەتی جولەکەی ئیسرائیل فراوانتر دەکەین، راشیگەیاند سەرۆکی فەرەنسا و هاوڕێکانی لەسەر کاغەز دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێنن.

یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندووە، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە هەوڵدەدەن زیانمان پێ بگەیەنن و بەربەستمان بۆ دروست بکەن لەسەر ئەو 22 شارۆچکە نوێیەی کە لەم دواییە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ فراونکردنی شوێنی نیشتەجێبوون پەسەندکراوە . 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامێکی روونمان بۆ ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و هاوڕێکانی هەیە و دەڵێت، ئەوان لەسەر کاغەز دان بە دەوڵەتێکی فەلەستینیدا دەنێن، ئێمەش دەوڵەتی جولەکەی ئیسرائیل لێرە لەسەر زەوی دادەمەزرێنین.

ئەم قسانەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە میانی سەردانێکیدا بوو بۆ شارۆچکەی شانور وەک وەڵامێک بۆ ئەو کەس و لایەنانەی کە دەڵێن دان بە دەوڵەتی فەلەستینیدا دەنێن.

لەلای خۆشیەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندووە، داننان بە دەوڵەتی فەلەستین تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو داواکارییەکی سیاسییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان یاریی تۆپی پێی ئەلیکترۆنی "ئەتاری" و تۆپی  سەرمێز "فیشە"ی قەدەغە کردووە و بە "پێچەوانەی یاسای ئیسلامی" دەزانێت.

هاوکات پۆلیسی ئەفغانستان دەیان شوێنی یاریی ئەلیکترۆنی لە ویلایەتەکانی هەرات، بەڵخ و دایکوندی داخستووە.

حکومەتی تاڵیبان جەختی کردووەتەوە کە ئەم یارییانە گەنجان لە ئەرکە ئایینییەکانیان دوور دەخاتەوە. هەندێک لە بەرپرسانی تاڵیبان یاریزانە پلاستیکەکانی یاری "فیشە"یان بە "بت" چوواندووە.

گەنجان و خاوەنی شوێنی یارییە ئەلیکترۆنییەکان داوایان لە وەزارەتی فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە کردووە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێتەوە.

لە هەمان کاتدا، یاری شەترەنجیش خراوەتە لیستی چالاکییە قەدەغەکراوەکان بەهۆی "پێچەوانەی یاسای فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"ەوە.

ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی "یاسای نوێی ڕەوشت"ی 35بڕگەیی دێن کە مانگی ئابی 2024 ڕاگەیەندرا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 حوسییەکان رایانگەیاند فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیلیان بە موشەکی بالیستی هایپەرسۆنیک کردە ئامانج

هێزە چەکدارەکانی یەمەنی سەر بە حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن؛ کە بە موشەکی بالیستی هایپەرسۆنیک هێرشێکی سەربازیان کردە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیل.

یەحیا سەریع وتەبێژی حوسیەکان، لە تۆامرێکی ڤیدیۆیدا وتی: "هێزی موشەکی هێزە چەکدارەکانی یەمەن هێرشێکی سەربازی بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن ئەنجامدا". و ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمەش لە تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات.

یەحیا سەریع وتیشی؛ کە هێرشەکە بە موشەکی بالیستی هایپەرسۆنیک ئەنجام دراوە.

هاوکات میدیا ئیسرائیلیەکان بڵاویانکردەوە بەهۆی هێرشەکەوە یارییەکی گەورەی تۆپی پێ وەستێنرا و فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیش بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا، سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند: هێرشە موشەکییەکەیان تێکشکاندووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
حکومەتی ئیسرائیل پێشنیارەکەی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکای قبوڵکرد، لەکاتێکدا حەماس دەڵێت لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە پێشنیازەکەو بەرپرسێکی ئەمنی ئیسرائیلیش دەڵێت؛ حەماس رازی نابێت بە ئاگر بەستەکە.

کەناڵی 12 لە زاری بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، "ئێمە پلانە نوێیەکەی ویتکۆف قبوڵ دەکەین".

نەتانیاهۆ بە بنەماڵەی دیلەکانی غەززەی وتووە، پلانی ویتکۆف کە ئەمشەو پێمان گەیشتووە قبوڵ دەکەین، حەماس هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە و باوەڕیشمان بەوە نییە کە حەماس دوایین بارمتە ئازاد بکات، بەڵام بەبێ وەرگرتنی هەموو بارمتەکان لە غەززە ناکشێینەوە.

کەناڵی 15ـی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، حەماس هەست دەکات ئیدارەی ئەمریکا "فریوی" داوە و پێشنیازێکی داڕشتووە کە لە بەرژەوەندی ئیسرائیلەو گەرەنتی کۆتایی هاتنی شەڕەکە ناکات. 

وردەکاری پلانەکەی ویتکۆف بۆ وەستاندنی شەڕ:

 

میدیا ئیسرائیلییەکان ئەمڕۆ وردەکاری پلانەکەی ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ئاشکرا کرد کە مەبەست لێی چارەسەرکردنی قەیرانی غەززە و وەستاندنی شەڕەکەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە شەوی رابردوو خراونەتە بەردەم ئیسرائیل، قۆناغی یەکەمی پێشنیازەکە بریتییە لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی 60رۆژی لە کەرتی غەززە. لەم ماوەیەدا 9 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و 18تەرمیش بۆ ئیسرائیل دەنێردرێنەوە.

لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانەکە، ئیسرائیل لە رۆژی یەکەمدا لەو ناوچانە دەکشێتەوە کە بەم دواییە لە باکووری رێڕەوی نەتساریمەوە داگیری کردبوون، هەروەها لە رۆژی حەوتەمیشدا لەو خاکانەی باشوری رێڕەوی نەتساریم.

پێشنیازەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژانە هاوکاریە مرۆییەکان لە کەرتی غەززەدا دابەش دەکرێت.

بەڵام ویتکۆف تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست، ئەگەر هیچ رێککەوتنێکی بەردەوام لەنێوان لایەنەکان نەکرێت، ئەوا ئیسرائیل مافی دەستپێکردنەوەی شەڕی دەبێت.

ستیڤ ویتکۆف پێشتر سەبارەت بە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان ئیسرائیل و حەماس، هەروەها ئاماژەی بە کارکردن لەسەر دوو ئاڕاستە کردبوو: یەکەمیان دانانی ئاگربەستێکی کاتی، دووەمیشیان گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی نوێی سوریا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوەیان ئەنجامدا و چەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن یان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە دیمەشق باڵیۆزی ئەمەریکا لە دیمەشق بە رەسمی کرایەوە.  

دواتر باراک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەو دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەزوترین کات رایدەگەیەنێت کە سوریا دەوڵەتێکە پشتیوانی لە تیرۆر ناکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا لەناوبردنی تیرۆرە، هاوکات کاریش دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنان و بازرگانی لەو وڵاتە بە مەبەستی دەربازبون لە لێکەوتەکانی سزا ئابورییەکانی سەری کە بەم دواییە ترەمپ لەسەر ئەو وڵاتەی هەڵگرت.

سەردانەکەی تۆم باراک یەکەمین سەردانێتی بۆ سوریا لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ کە لە سعودیەدا رایگەیاندبوو. 

پێشتر تۆم باراک رۆژی هەینی 23ـی مانگی مایس 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: "هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش بەتایبەتی لەو وڵاتە."

باراک ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق، دەرفەتێکە بۆ ئایندەی گەلی سوریا. هەروەها بە پێویستیشی زانیوە دیدگای ترەمپ بۆ سووریا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی تەقەکردنی هەڕەمەکیدا لە شاری تویسەرکان لە پارێزگای هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران، کەسێک کوژرا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، کە سێ کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

مەجید شەماعی، پارێزگاری تویسەرکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "روداوەکە لەسەر رێگای نێوان پارێزگای کرماشان و تویسەرکان رویداوە، کە کەسێکی چەکدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە هاووڵاتییان کردووە."

پارێزگارەکە ئاماژەی بەوەکرد کە روداوەکە لە ناوچەیەکی نزیک لە رێگای سەرەکی ڕویداوە و بەو هۆیەوە "ترس و دڵەڕاوکێ و شۆک لای دانیشتوانی ناوچەکە دروستبووە."

بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشان بکەن و دەستبەجێ دوای روداوەکە دەستگیری بکەن.

پارێزگاری تویسەرکان گوتی: "تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە نادیارن."

شەماعی خستەیە رو کە "لێکۆڵینەوەی بەرفراوان دەستی پێ کردووە، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی لێپرسینەوە و شیکاری ئەمنی وردەکارییەکان ڕادەگەیەنرێن."

ئەم هێرشە دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە کوژرانی دادوەرێک لە شیراز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەم پارتی داوا دەكات ئەو قەیومانەی سەپێندراون بەسەر شارەوانییەكاندا لاببرێن و هاوسەرۆكی شارەوانییەكان بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان.

دەستەی بەڕێوەبەریی خۆجێی دیموكراتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لە هەڵبژاردنەكانی 31ی ئاداری 2024، توانرا 78 شارەوانی بەدەستبهێنن لە سەدان شارەوانی و ئەنجومەنی گشتیی شارەكانیشدا نوێنەرایەتییان بەدەستهێناوە، بەڵام دوای هەڵبژاردن دەسەڵات دەستیبەسەر 10 شارەوانی دەم پارتیدا گرت و قەیومی لە جێگەی هاوسەرۆكی شارەوانییەكان دانا.

جەختیشیكردووەتەوە، دەبێت ئەو قەیومانەی سەپێندراون لە شارەوانییەكان لاببرێن و كەسە هەڵبژێردراوەكان بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان، ئاماژەی بەوەشكردوە، دەبێت خاڵە پەیوەندیدارەكانی یاسای شارەوانییەكان كە رێگە بە سەپاندنی قەیووم دەدات، هەمووار بكرێتەوە و سەپاندنی قەیووم كۆتایی پێبهێنرێت.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەست لە غەززە رێککەوتوون.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا رونی کردەوە کە " لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بهێنێتە ئارا، گەیشتینە رێککەوتن".

ئاماژەی بەوەداوە، کە تیایدا کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیک لە کەرتی غەززە، رۆیشتنی یارمەتییەکان، هەروەها لیژنەیەکی تایبەت کە  کاروبارەکانی کەرتی غەززە لە پاش ئاگربەست راستەوخۆ بگرێتە دەست.

ئەوەشی خستۆتەروو کە رێککەوتنەکە ئازادکردنی 10 بارمتەی ئیسرائیلی و ژمارەیەک تەرم لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەکی زیندانی فەلەستینییەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئازادکردنی 10 دیل بەسەر یەکەوە لەلایەن حەماسەوە، بەڵام حەماس بە ویتکۆفی وتووە؛ بە دوو وەجبە دیلەکان ئازاد دەکرێن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان شکست بهێنێت، پلانی جێگرەوەیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە.

پزیشکیان وتی: "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا شکست بهێنن و ئەمریکا سزاکانی سەریان توند بکاتەوە، ئەوا تاران پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەروەها سەدان رێگاش بۆ خۆراگری و تێپەڕاندنی گەمارۆ و کێشەکان دەدۆزنەوە."

لێدوانەکەی سەرۆکی کۆماری ئێران لەدوای ئەو لێدوانەی ترەمپ هات کە رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەواڵێکی باش یاخود خراپ لەبارەی ئێران رادەگەیەنێت، وتیشی ئەمریکا ئاسودەیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تاران.

لە 12ـی مانگی چوارەوەوە واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری عومان پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام داوە. گەرچی تا ئێستا شاندی هەردوو وڵات بە ئەرێنی وەسفی دانوستانەکانیان دەکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی گشتگیر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای پاسداران هۆشداری داوە بە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە، هەر بێمێشکییەک رووبدات وەڵامێکی لەبیرنەکراومان دەبێت.

حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات بە هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئامادەی هەموو سیناریۆیەکین، پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران گەلێکی مەزنی هەیە، دەزانێت چۆن لە کاتە سەختەکاندا مەمەڵە بکات، کاریگەریی لەسەر قوڵایی مێشکی دوژمنە شەیتان ئاساکان هەیە، لە رووبەڕووبوونەوەیاندا دەبێت ناوەخنی بیرکردنەوە و مەبەستەکانیان بزانین، جەنگی 'مەعریفی' کە یەکێکە لەو ئامڕازانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بەکاریدەهێنن بۆ چوونە ناو قوڵایی بیری کۆمەڵگە، کە دەبێت کۆمەڵگەی لێ هۆشیار بکرێتەوە".

دەشڵێت: سوپاکەمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، ئێمە لە جەنگێکی سەرتاسەریداین، رووبەڕووی شەڕی ئابووری، سزاکان، فشارە سیاسییە جیهانییەکان، جەنگی میدیایی ماوە درێژ، پڕوپاگەندەی میدیایی، داگیرکاریی کولتووری و دەیان هەڕەشەی جۆراوجۆری بووینەتەوە، کە دوژمنانمان دوور و نزیک بەسەر گەلەکەماندا دەیسەپێنن، لەسەروو هەموو ئەوانەوە ئێران خۆڕاگرە.

 

دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەتان بە روودا دەکەینەوە

 

راشیگەیاندووە، "ئیسرائیل هێرشەکانیان دژی وڵات و خەڵکەکەمان درێژە پێدەدەن، بۆیە هۆشدارییان پێدەدەین، کە ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بن ئەوا دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەیان بە روودا دەکەینەوە".

 

ئێران بۆ ئەمریکا: رابردووتان بیر دەبەینەوە 

 

فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران روو دەمی کردووەتە ئەمریکا و دەڵێت، "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین، هەر هەڵەیەک ئەنجام بدەن، وەڵامێکی خێرای واتان دەدەینەوە کە رابردووتان بیربچێتەوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەدوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەستی پێکردووەتەوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسان و خودی دۆناڵد ترەمپیش، گفتوگۆکان لە قۆناغێکی باشدان و نزیکن لە رێککەوتن.

لەلایەکی دیکەوە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و ئەمڕۆ ئیسرائیل لەدوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئاماژەی بەوەکرد، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نین، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت: ئەوەی بە هێز تێنەگات، هێزی زیاتری پیشان دەدەین.

ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئەنجامدا و رایگەیاند، لە رێگەی 10 فڕۆکەوە هێرشەکەیان ئەنجام داوە و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە.

لەو بارەیەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، یەک تەقەکردن بە رووی ئەواندا باجەکەی بە قورسترین شێواز دەبێت.

لەبارەی هێرشەکانیشەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نییە، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".

ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەوەی بەهێز تێنەگات هێزی زیاتری پیشان دەدەین، ئەوەی ئازارمان بدات ئازاری دەدەینەوە".

میدیاکانی یەمەنیش لەسەر هێرشەکە دەڵێن، ئیسرائیل چوار هێرشی بۆسەر فڕۆکەخانەکە و فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی ئاسمانی یەمەنی ئەنجام داوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هەنگاوێكدا بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی سنورەكانی باشوری سوریا، بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل بە نهێنی كۆبوونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، لە كەشێكی نهێنیدا و بە چاودێری توركیا و نێوەندگیری ئازەربایجان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل لە پایتەختی ئازەربایجان كۆبوونەتەوە و كۆبوونەوەكەش بە ئامانجی رێگریكردن بووە لە پەرەسەندنی گرژییەاکانی سنورەكانی باشوری سوریا.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەش، لایەنی ئیسرائیلی نەرمی بەرامبەر سوریا نواندووە و جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق بكاتەوە، بەڵام تا ئیستا لێپرسراوانی سوریا هیچ لێدوانێكیان لەوبارەیەوە نەداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...143144145146147...175