روداوەکانی سویدە کە بە خێرایی دەچنە پێشەوە، وەرچەرخانێکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە، هێزەکانی ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی سوریا پەرەپێداوە بۆ پشتیوانیکردن لە کۆمەڵگەی دروزەکان و لە دواهەمین لێدوانیشیدا یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لە ئێکس نووسیوێتی: پەیامەکانی هۆشداری بۆ دیمەشق کۆتاییان پێهات و دەست دەکەین بە هێرشکردن.

کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل هێرشێکی چڕیان بۆ سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا دەستپێکرد و تیایدا وەزارەتی بەرگری سوریا و کۆشکی سەرۆکایەتی و بارەگای ئەرکانی گشتی ان لە دیمەشق کردە ئامانج.

میدیاکانی ئیسرائیل لە زمانی سوپای وڵاتەکەوە رایانگەیاند: لە شەوی ڕابردووەوە هێرشمان کردووەتە سەر 160ئامانجی رژێمی سوریا کە زۆربەیان لە ناوچەی سویدەدان. 

کەناڵی 12ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، "ئامانجی هەڵمەتەکانی دیمەشق کۆشکی سەرۆکایەتی و بینای ئەرکانی گشتی سوریا بووە".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمنییەوە رایگەیاندووە، دوای هێرشێکی نوێی ئیسرائیل بۆ سەر وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنییەکان لە سوریا، کوژراو و بریندار هەبووە.

وردەکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە:

هێزە دەشتەکییەکان گەنجێکی دروز دەڕفێنن، شەڕ لە سوەیدا بەرپادەبێت،
گەنجە دروزەکە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، رفێنراوە و پارەو ئۆتۆمبێلەکەی لێسەندراوە.
بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەستبەسەر بووە و سوکایەتی پێکراوە و دواتر ئازادکراوە. 
ئەم روداوە بووە هۆی توڕەبونی کۆمەڵگەی دروز، کە لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان داوە.

لە ئەنجامی ئەم تەنگژانەدا، شەڕ لە نێوان هەردوو لایەن سەریهەڵداوە و تا دێت شەڕەکە فراوانتر دەبێت.