ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا ،پەنجەی تاوانباری روداوەکانی کەناراوەکانی سوریای ئاراستەی ئەو کەسانە کرد کە بە "دڵسۆز بۆ ئەسەد و وڵاتێکی بیانین" و وتی "ئەوانە لەپشت هێرشەکانی سەر هێزە ئەمنییەکانەوەن کە توندوتیژییەکانیان لێکەوتەوە".
ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تا دەتوانین دۆخەکە دەگەڕێنینەوە، رەتیشیکردەوە، ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکات کە دەستیان لە کوشتنەکاندا هەیە، بە وتەی ئەو "بۆتە دەرفەتێک بۆ تۆڵەسەندنەوە" بۆ ناڕەزایەتییە کۆنەکان.
جگە لەوەش شەرع تۆمەتەکانی ئیسرائیلی رەتکردەوە، کە دەسەڵاتەکەی مەترسی دروست دەکات و ئەوەی دەیڵێت بە "قسەی بەتاڵ" وەسف کرد.
سەرۆکی سوریا لە چاوپێکەوتنەکەدا سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن رایگەیاند: تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا نییە، بەڵام “دەرگای سوریا کراوەیە بۆ پەیوەندیکردن ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە ناتوانین ئاسایش لە وڵاتەکەدا کۆنتڕۆڵ بکەین لەکاتێکدا سزاکانی (ئەمریکی) دژی ئێمەن.
پێوەند بە تاوتووێ کردنی پرسی ئاشتی و درێژەدان بە گفتوگۆکانەوە، توڵای هاتیمۆغوللاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتی گەلان (دەمپارتی) سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) یان کرد و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆبوونەوە، و توڵای هاتیمۆغوللاری لە کۆنگرەیەکدا رایگەیاند: کۆبونەوەیەکی بەرهەمدارمان کرد و بەردەوامدەبین لەمکۆبونەوانە.
لە کۆنگرەکەدا ئاماژەیان بەوەدا، جەختیان لە ئامادەکردنی پاکێجێک کردووەتەوە بۆ گۆرانکاری لە هەندێک خاڵی دەستووری تورکیا و ئامادەکردنی کۆمسیۆنێک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ گفتوگۆکردن و دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ پرسی کورد لە تورکیا.
لای خۆیەوە ئۆزگور ئۆزەل بەرپرسی جەهەپە رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە هەوڵێکن بۆ ئەوەی چیتر دایکانی کورد و تورک بۆ رۆڵە شەهیدەکانیان نەگرین و کاردەکەین بۆ زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەی ئاشتی.
گفتوگۆکان لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە لێدوانێکی دەوڵەت باخچەلییەوە دەستی پێکرد، کە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات، دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات و دواتر،
وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024 لە زیندانی ئیمڕاڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد، و پەیامی ئۆجەلانیان گەیاندە حزبە سیاسییەكانی توركیا، و هەرێمی کوردستان و لە ئێستاشدا لەپاش پەیامی ئۆجەلان بۆ پەکەکە کە تیایدا هاتبوو" چەک دابنێن و کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوە سازبدەن" وەفدەکە بەردەوامە لە سەردانەکانی بۆ لای لایەنەکان.
وەزارەتی بەرگری سوریا کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازیەکانی لە کەناراوەکانی سوریا راگەیاند و دەڵێت: ئەو ئامانجانەی بۆ ئەم قۆناغە دامان نابوون بەدەستمان هێنان.
عەقید حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا، رایگەیاند: " توانیمان سەرکەوتوبین لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی بە گەلەکەمان دابوو بۆ قۆناغی دووەمی ئۆپراسیۆنەکان و سەرکەوتنی پیاوەکانمان رادەگەیەنین.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا وتیشی، " توانیمان هێرشی گروپە چەکدارەکان تێکبشکێنین و لە ناوەندە گرنگەکان دووریان بخەینەوە و زۆربەی ئەو ڕێگا گشتییانە بگرینەوە، کە چەکدارەکانی سەر بە ئەسەد لێیانەوە خەڵکی مەدەنی و بێتاوانیان لێکردە ئامانج".
وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا رایگەیاند، "ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی کە بۆ ئەو ئامانجانەی پێشتر باسمان کرد دەستیپێکردبوو کۆتایی هات، دوای ئەوە دامەزراوە گشتییەکان دەتوانن دەستبکەنەوە بە کارەکانیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەخەڵکی وڵاتەکەمان".
حەسەن عەبدولغەنی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری سوریا جەختیشی کردەوە کە، ئێمە دەرفەتی تەواو دەدەین بەو لیژنانەی کە بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکان راسپێردراون و کاردەکەین بۆهێنانەدی دادپەروەری بۆ ستەملێکراوان.
دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ ئاشتی، وەفدی ئیمراڵی سەردانی لایەنەكانی توركیا دەكاتەوە و ئەمڕۆش لەگەڵ جەهەپە و حزبی زەحمەتكێشان و دەڤا كۆدەبێتەوە.
پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندوە، دوای بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی "پەكەكە" بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئەمڕۆ وەفدی ئیمراڵی جارێكی تر سەردانی لایەنە سیاسییەكانی توركیا دەكاتەوە، تولای حاتیمئۆغلاری و تونجەر باقرخان هاوسەرۆكانی دەم پارتی لەگەڵ حزبی زەحمەتكێشان و پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە"و پارتی دەڤا كۆدەبنەوە.
بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكان، رۆژی چوارشەممەش وەفدی ئیمراڵی لەگەڵ پارتی كرێكارانی توركیا و سەعادەت و پارتی ئایندە كۆدەبێتەوە، رۆژی 17ی مانگیش لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە كۆدەبێتەوە.
پێشتریش وەفدی ئیمراڵی لە 28ی 12ی 2024، كە پێكهاتبوون لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، لە ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان كۆبوونەوە، دواتر وەفدەكە لە 2ی 1ی 2025، كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی پەرلەمانی توركیا دەستپێكرد.

سەرۆكی مەهەپە دەڵێت، دەرفەتێكی زێڕین لەبەردەستدایە و نابێت پشتگوێ بخرێت و پێویستە بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەكدانان یەپەگەش بگرێتەوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی توركیا "مەهەپە" لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كردووە، ئەو شەڕ و وێرانكارییە مەترسیدارانەی كە حكومەت نزیكەی نیو سەدەیە بەڕێوەی دەبات، تیرۆر و جیاكارییە، بە هاوكاری و بە دەرفەتەكانی عەقڵیەتی جەماوەری و بە كردەوەی ڕاستگۆیانە، ڕاستەقینە، ئارامگرتن، وەفادارنە و دڵنیاكەرەوە هەموو ئەوانە دەڕوێننەوە.
دەشڵێت، بۆ رێگرتن لە هەر روداوێك و لێكدانەوەی هەڵە و رێگری لە هەر پێشهاتێكی نەرێنی و هەستیارانە، رێبازێكی بەرپرسیارانە و وریایی پێویستە، لەبەرئەوەی دەرفەتێكی زێڕینیان لەبەردەستدایە كە نابێت پشتگوێ بخرێت و پێشێل بكرێت.
جەختیشیكردوەتەوە، پەكەكە و گروپە سەربەخۆكانی دەبێت دەستبەجێ و بێمەرج چەك دابنێن، راگەیاندنی ئاگربەستی پەكەكە هاوسەنگ و شیاو نییە، بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەك دانان پێویستە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ش بگرێتەوە.
سەبارەت بە دەم پارتیش رایگەیاندوە، ئەگەر دەم پارتی بە پەیامەكانی، بە بەرپرسیارێتی و پەیامی درێژە بە هەنگاوە ئاشتیخوازەكانی بدات، دەتوانێت ببێتە حزبێكی سەرەكی توركیا.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون، بۆ نزیکەی 49 هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە راگەیاندراوێکدا دوایین ئاماری لەباری ژمارەی گیانلەدەستدان لە کەرتی غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوەکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 7ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 وە تا ئێستا لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، بۆ 47 ھەزار و 458 کەس بەرزبووەتەوە، هاوکات ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە، 111 ھەزار و 897 کەس.
راشیگەیاند، لە 24 سەعاتی رابردوودا تەرمی پێنج فەلەستینی دیکە لە ئەنجامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون و تەرمەکانیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا دەرھێندراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تەرمی ئەو پێنج کەسە لەگەڵ چەند بریندارێکی دیکە، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە.
ئاژانسی هەواڵیی رەسمی سوریا رایگەیاند، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە پارێزگای ئیدلب-ەوە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دەستگیرکردنی چەکدارەکانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد رەوانەی پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس کراون.
ئاژانسی ھەواڵی رەسمی سوریا "سانا" بڵاویکردەوە، ھێزێکی زۆری ئەمنی لە پارێزگای ئیدلب-ەوە رەوانەی پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس کراون، کە ماوەی چەند رۆژێکە رووبەڕووی گرژیی و ئاڵوزیی بوونەتەوە، ئەوەش بەھۆی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ھێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریا و پاشماوەكانی رژێمی رووخاوی بەشار ئەسەد.
رۆژی ھەینی رابروو، لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێی سوریا و پاشماوەكانی رژێمی بەشار ئەسەد لە پارێزگاکانی لازقییە و تەرتوس، 50 کەس لە ھەردوولا کوژراون.
ئاماری كوژراوانی شەڕ و پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا هەزار كەسی تێپەڕاند، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەكەشەوە هەزاران كەس ئاوارەی لوبنان بوون.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لە دوایین ئاماریدا بڵاویكردەوە، ژمارەی كوژراوانی مەدەنی شەڕ و پێكدادانەكانی ناوچە كەنارییەكانی سوریا گەیشووەتە 745 كەس، هاوكات 148 كەس لە چەكدارانی عەلەوی و 125 كەسیش لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارەكانی سوریا كوژراون.
هاوكات لە ئەنجامی شەڕی نێوان چەكدارە عەلەوییەكان و هێزە ئەمنییەكانی ئیدارەی نوێی سوریا و گروپە چەكدارەكان، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی ناوچە كەنارییەكانی خۆرئاوای سوریا ئاوارەی پارێزگای عەكاری لوبنان بوون كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی عەلەوین، تاكو ئێستاش بەهۆی نەبوونی ئاسایشەوە پێنج گوندی لازقیە چۆڵكراون.
یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند ئیدانەی هەر هەوڵێک دەکەین کە دژ بە سەقامگیری و تێکدانی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتە لە سوریا.
لە نوێترین کاردانەوەیدا یەکێتی ئەوروپا بڵاوی کردەوە، داوا لە هەموو لایەنە دەرەکییەکان دەکەین ڕێز لە سەروەری و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا بگرن.
لە راگەیەندراوەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە: پێویستە خەڵکی مەدەنی لە هەموو بارودۆخێکدا بپارێزرێن و ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەوترێت لەلایەن لایەنگرانی ئەسەدەوە کراوەتە سەر هێزەکانی حکومەتی کاتی لە کەناراوەکانی سوریا.
لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و گرووپە چەکدارە عەلەوییەکان لە پارێزگای لازقییە و ناوچەکانی جەبەلە و قەرداحە و ناوچە کەناراوییەکانی سووریادا روویاندا و لە دواین ئاماریدا روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوێنێ شەممە، وتی، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە 532 هاوڵاتیی عەلەوی مەدەنی، کوژراون.
یەکێتی ئەوروپا لە 27 وڵاتی ئەندام پێکدێت کە بریتین لە:
1. ئەڵمانیا
2. فەرەنسا
3. ئیتاڵیا
4. ئیسپانیا
5. پۆڵەندا
6. ڕۆمانیا
7. هۆڵەندا
8. بەلجیکا
9. یۆنان
10. چیک
11. پورتوگال
12. سوید
13. هەنگاریا
14. نەمسا
15. بولگاریا
16. دانیمارک
17. فینلەندا
18. سلۆڤاکیا
19. ئیرلەندا
20. کرواتیا
21. لیتوانیا
22. سلۆڤینیا
23. لاتڤیا
24. ئیستۆنیا
25. قوبرس
26. لوکسەمبۆرگ
27. ماڵتا
بەریتانیا پێشتر ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بوو، بەڵام لە ساڵی 2020 بە فەرمی لە یەکێتی ئەوروپا کشایەوە (برێکسیت)
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە میانی "ئۆپراسیۆنی پاکتاوکردن و تۆڵەکردنەوە"دا لە ناوچە عەلەویی نشینەکان، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرعەوە 532 هاوڵاتیی عەلەوی مەدەنی، کوژراون.
لە چەند رۆژی رابردوودا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع و گرووپە چەکدارە عەلەوییەکان لە پارێزگای لازقییە و ناوچەکانی جەبەلە و قەرداحە و ناوچە کەناراوییەکانی سووریادا روویاندا ووەزارەتی بەرگریی سووریاش رایگەیاند، لەپێناو رێگەگرتن لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە عەلەوییەکان، سەرجەم رێگەکانی چوونیان بۆ ناوچە کەناراوەکان داخستووە و هەوڵی بەرقەراربوونی ئاسایش دەدەن.
روانگەی سوریش ئاماژەی بەوەداوە، 29 کۆمەڵکوژی دیکۆمێنت کراوە و ئەوەی رویداوە جینۆساید بووە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: پێداگریی هەندێک لە حکوومەتە داگیرکەرەکان بۆ دانوستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە، بەڵکو بۆ زاڵبوون و سەپاندنی ویستی خۆیانە. کۆماری ئیسلامی ئێران، بە دڵنیاییەوە داواکارییەکانیان قبوڵ ناکات.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە تیایدا خامنەیی وتار دەدات بۆ بەشێک لە بەرپرسانی سوپاو حکومەت، دەڵێ: هەرسێ وڵاتی ئەوروپایی رایدەگەیەنن کە ئێران بەڵێنە ئەتۆمییەکانی خۆی لە ڕێکخراوی JCPOA جێبەجێ نەکردووە. لەم روەوە، پێویستە یەکێکیان بپرسێت، ئایا ئێمە بەڵێنەکانمان لە JCPOA جێبەجێ کردووە؟ نەخێر بێ بەڵێن بوون.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمریکا لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە دوا ساتەکانی خۆی، رایگەیاندووە، کە بەم زووانە شتێک لەگەڵ ئێران رودەدات.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکردووە کە رۆژی چوارشەممە نامەیەکی بۆ ئایەتوڵڵا خامنەیی نووسیوە و بانگهێشتی کردووە بۆ دانوستان.
ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لە ئێکس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: " بەهاوکاری و رێنمایی هێزەکانمان، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەد) توانیان لە هەڵمەتێکدا سەرکردەیەکی رێکخراوی داعش لە سوریا دەستگیربکەن.
لە راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم دا هاتووە: لە میانی ئۆپراسیۆنەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیانگرتووە بەسەر چەندین جۆری چەکدا، کە بریتین لە ژمارەیەک قەناس و 47 نارنجۆکی دەستی و چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر.
ئاماژەش بەوەدراوە: ئەم ئۆپراسیۆنە بە هاوکاری (هەسەدە) بەشێکە لە هەڵمەتی شکست هێنان بە داعش و تێکدانی تۆڕەکانیان و پێشگرتن لە سەرهەڵدانەوەی ئەو تاقمە تیرۆریستییە لە ناوچەکەدا.
وابڕیارە رۆژی دووشەممە 17ـی ئازار، وەفدی دەمپارتی سەردانی ئاک پارتی(حزبەکەی ئەردۆغان) بکەن و پێوەند بە پرسی ئاشتی و گفتوگۆکردن لەسەر پەیامەکەی ئۆجەلان کۆببنەوە.
توڵای هاتیمۆغوللاری و تونجەر باکرهان هاوسەرۆکانی دەمپارتی، سەرۆکایەتی وەفدەکە دەکەن و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەرچاو نییە سەبارەت بە وردەکارییەکان.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی ئانکا بڵاوی کردووەتەوە، 17ـی ئازار، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و وەفدی هاوڕێیان، لەگەڵ ئاک پارتی و مەهەپە(حزبەکەی دەوڵەت باخچەلی) کۆدەبنەوە و تاوتوێی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکەن، سەبارەت بە پرسی ئاشتی لە تورکیا و چەکدانانی پەکەکە.
شایەنی ئاماژە پێدانە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11 ی 2024 وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت." دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە و دوا بەدوای ئەوەش دیدار و پەیامەکان درێژەیان کێشا تا رۆژی 27ـی 2ـی 2025، وەفدی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نوێترین پەیامی ئۆجەلانیان خوێندەوە کە تیایدا داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکات و دەڵێت: سەردەمی ئاشتی و دیموکراتیە.
ئیسرائیل نیگەرانە لە دانوستانی راستەوخۆی حەماس و ئەمریكا و لەسەر ئەو بابەتەش دەمەقاڵێ لە نێوان نوێنەری ئەمریكا و كەسێكی نزیك لە ناتانیاهۆ دروستبووە.
ماڵپەری ئەكسیۆسی ئەمریكی رایگەیاند، دانوستانی راستەوخۆی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە تەواوی نیگەرانكردووە و پێیان وایە پێویستە بە مەرج دانوستان بكرێت.
دەشڵێت، رۆن دێرمیر كە كەسێكی نزیكی بنیامین ناتانیاهۆیە لەگەڵ ئادام بۆیلەر نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری بارمتەكان بە تەلەفۆن گفتوگۆیان لەسەر ئەو بابەتە كردووە و دەمەقاڵێ لە نێوانیان دروستبووە.
وتیشی، ئەمریكا لە بەرانبەر گەڕاندنەوەی تەرمی یەكێك لە بارمتەكان بە حەماسی راگەیاندووە چەند بەندكراوێكی فەلەستنی ئازاد دەكات و ئیسرائیلیش بەو بەڵێنەی ئەمریكا رازی نییە و ناتانیاهۆ نیگەرانە لەوەی پشتگوێ بخرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەمریكا و حەماس دانوستانیان كردووە و گتوگۆكانیشیان ئەرێنی بوون.
وەفدێكی حەماس بۆ گفتوگۆكردن لەسەر قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە گەیشتە قاهیرە و بڕیارە سبەینێ لەوبارەیەوە، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای میسر زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجام بدات.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، وەفدەكەی بزووتنەوەی حەماس بە سەرۆكایەتی محەمەد دەروێش كە یەكێكە لە سەركردە باڵاكانی حەماس گەیشتوونەتە قاهیرە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم قۆناغی دووەمی ئاگربەست لە غەززە.
رۆژی 1ـی ئەم مانگە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی غەززە كۆتاییهات، ئیسرائیلیش لەو كاتەوە تا ئێستا رێگری دەكات هاوكارییە مرۆییەكان بگاتە خەڵكی غەززە، هەروەها رەتی دەكاتەوە قۆناغی دووەمی ئاگربەست دەستپێبكات و زیاتر لە جارێكیش هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی شەڕی كردووە.
لەبەرانبەردا حەماسیش هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵیان رێكنەكەوێت، شەڕ دەستپێدەكەنەوە و ئەگەری كوشتنی بارمتەكانیش دەهێننە ئاراوە.