عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی تایبەت لە سۆشیال میدیا لەسەر دۆخی سوریا دوا بۆچوونەکانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت؛ روداوەکانی ئێستای سوریا چاوەڕوانکراو بووە و ئیدانەی ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشەکانی.

عراقچی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە روداوەکانی ئێستای سوریا “بە تەواوی پێشبینیکراو بوو” و پرسیاری لەسەر “پایتەختی داهاتوو” کردووە و دەڵێت؛ شوێنی داهاتوو و پایتەختی داهاتوو کوێیە؟

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەردەوامی پەیامەکەیدا رەخنەی توندی لە ئیسرائیل گرتووە و دەڵێت: ئیسرائیل هیچ سنوورێک ناناسێت و تەنیا یەک زمان تێدەگات.”

عراقچی جەختی لەسەر پێویستی یەکگرتنی جیهان کردەوە و وتی: “بۆ کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژییە شێتانەیە دەبێت جیهان بە ناوچەکەشەوە یەکبگرن.”

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند کە ئێران پشتیوانی لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات و تەکیدی لەسەر ئەوە کردووە کە “هەمیشە لە تەنیشت گەلی سوریا دەوەستێت.”