ناتانیاهۆ: بەهێز سوپای سوریامان لە سوەیدا ناچار بە کشانەوە کرد نەک پاڕانەوە
راهۆز
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە شێخ موەفەق تەریف، سەرۆکی رۆحیی تائیفەی موەحیدینی دروزی لە ئیسرائیل، داوای لە تەلئەبیب کردووە کە هاوکاریی دروزییەکانی سوریا بکات.
ناتانیاهۆ لە وتارێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "ئێمە سیاسەتێکی رونمان داڕشتووە، یەکەم: چەککردنی ناوچەکانی باشوری دیمەشق، لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە تا ناوچەی جەبەل دروز. دووەم: پاراستنی برا دروزەکانمان لە جەبەل دروز."
وتیشی: "رژێمی دیمەشق هەردوو خاڵەکەی پێشێل کرد. سوپای ناردە باشوری دیمەشق، بۆ ئەو ناوچەیەی کە دەبوو چەکی لێنەبێت، و دەستی کرد بە کۆمەڵکوژیکردنی دروزییەکان. ئێمە بە هیچ شێوەیەک ئەمەمان قبوڵ نەدەکرد."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی کردەوە: "بۆیە، من رێنماییم دایە سوپای ئیسرائیل کە بە توندی بجوڵێت. هێزی ئاسمانی هێرشی کردە سەر سەربازان و زرێپۆشەکانی گواستنەوەی سەرباز. هەروەها ئامانجێکی دیکەم زیاد کرد کە هێرشکردنە سەر وەزارەتی بەرگری بوو لە دیمەشق."
نەتەنیاهو ئاماژەی بەوەشکرد کە "لە ئەنجامی ئەم چالاکییە چڕانەدا، ئاگربەستێک بەدیهات و هێزەکانی سوریا کشانەوە بۆ دیمەشق. ئەمە شتێکی گرنگە."
رونیشیکردەوە کە ئەم ئاگربەستە بەهێز بەدیهاتووە، "نەک بە داواکاری، نەک بە پاڕانەوە، بەڵکو بەهێز. ئێمە ئاشتی بەهێز، ئارامی بەهێز، و ئاسایش بەهێز لە حەوت بەرەدا بەدیدەهێنین."
لە درێژەی پەیامەکەیدا ناتانیاهۆ باسی لە پەیوەندییەکی شێخ موەفەق تەریف کرد و وتی: "شێخ موەفەق تەریف، سەرکردەی دروزییەکانی ئیسرائیل، پەیوەندی پێوەکردم و پێی وتم: 'لەکاتی کۆمەڵکوژیی هۆلۆکۆستدا، کاتێک ئێوەی جولەکە سەردەبڕدران، هاوارتان کرد و کەس بە هاناتانەوە نەهات. ئەمڕۆش ئێمەی دروزی سەردەبڕدرێین و هاوار بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەین'."
لە کۆتاییدا ناتانیاهۆ وتی: "منیش وتم – ئەو راست دەکات... ئێمە جوڵەمان کردووە، و بەپێی پێویست بەردەوامیش دەبین لە جوڵەکردن."