مەزڵوم کۆبانێ پەیامێکی بڵاوکردەوە
راهۆز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە لە ئێکس پەیامێکی لەسەر گرژییەکانی سوریا بڵاوکردەوە و نووسیوێتی؛ پرسی گەلی دروز پرسێکی نیشتیمانییە.
لە پەیامەکەیدا هاتووە؛ داواکاریمان لە خەڵکی سوەیدا پێگەیشتووە بۆ دابینکردنی رێڕەوی ئاسایش بۆ هاوڵاتیان و راگرتنی ئەو هێرشانەی کە تیایدا ئەوان بە ئامانج گیراون.
تیایدا هاتووە؛ کوشتنی ژن و منداڵان و سوکایەتی بە بەها ئایینییەکان تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی و بەهاکانی سوریا. پێویستە ئەم کردەوە توندوتیژییانە یەکسەر رابگیردرێن و بەرپرسیارانی بخرێنە ژێر لێپرسینەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە؛ دوای 14 ساڵ جەنگ، کاتی راگرتنی لێشاوی خوێن هاتووە. سوریا بە تۆڵەسەندنەوە هەڵناستێتەوە، بەڵکو بە گفتوگۆ و رەوشتی عەقڵانە.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەسەدە ئاماژەی بەوەداوە؛ کێشەی هاووڵاتیانی دروز کێشەیەکی نیشتیمانییە و چارەسەرکردنی دەبێت بە شێوەیەکی دەستوری بێت و لە رێگای گفتوگۆوە بێت.
وردەکاری سەرهەڵدانی شەڕەکە:
هێزە دەشتەکییەکان گەنجێکی دروز دەڕفێنن، شەڕ لە سوەیدا بەرپادەبێت، گەنجە دروزەکە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، رۆژی شەممە لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا، رفێنراوە و پارەو ئۆتۆمبێلەکەی لێسەندراوە.
بە پێی لێدوانی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاتژمێرێک دەستبەسەر بووە و سوکایەتی پێکراوە و دواتر ئازادکراوە.
ئەم روداوە بووە هۆی توڕەبونی کۆمەڵگەی دروز، کە لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان داوە.
لە ئەنجامی ئەم تەنگژانەدا، شەڕ لە نێوان هەردوو لایەن سەریهەڵداوە و تا دێت شەڕەکە فراوانتر دەبێت.