رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئەو وڵاتە بە "قبوڵنەکراو" وەسفکرد و جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەنقەرە بۆ سوریا کردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە کە "شەڕەنگێزییەکانی" ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ سەر هەموو ناوچەکە.

سەرۆک کۆماری تورکیا هەروەها خۆشحاڵیی وڵاتەکەی بە ئاگربەستەکەی پارێزگای سوەیدا دەربڕیوە و دووپاتیکردووەتەوە: "تورکیا وەک هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی گەلی سوریا."

لەلایەن خۆیەوە، ئەحمەد شەرع سوپاسی هەڵوێست و پشتیوانییەکانی ئەردۆغانی کردووە لەپێناو "پاراستنی یەک گرتویی سیاسی، یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سوریا."

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر دیمەشقی پایتەختی سوریا، و دواتریش ناتانیاهۆ رایگەیاند؛ کە "لە ئەنجامی ئەم چالاکییانەدا، ئاگربەست بەدیهات و هێزەکانی سوریا کشانەوە بۆ دیمەشق، وتیشی؛ ئەم ئاگربەستە بەهێز بەدیهاتووە، "نەک بە داواکاری، نەک بە پاڕانەوە، بەڵکو بەهێز. ئێمە ئاشتی بەهێز، ئارامی بەهێز، و ئاسایش بەهێز لە حەوت بەرەدا بەدیدەهێنین."