سەرۆکایەتی رۆحانی دروزەکان ئاگربەست رەتدەکاتەوە
راهۆز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥

سەرۆکایەتی رۆحانی دروزەکان داوای لە چەکدارەکانی سەر بەو پێکهاتەیە کردووە بەردەوام بن لە بەرەنگاربوونەوە، دوای ئەوەی جەختی لەسەر کردەوە هیچ رێککەوتن و دانوستاندنێکیان لەگەڵ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا نییە.
سەرۆکایەتی رۆحانی دروزەکان چوارشەممە پەیامێکی لەبارەی روداوەکانی چەند ڕۆژی رابردووی پارێزگای سوەیدا بڵاوکردەوە، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن.
بانگەواز بۆ بەردەوامبوون:
سەرۆکایەتی رۆحانی دروزەکان داوای لە شوێنکەوتووانی ئەو پێکهاتەیە کردووە بەردەوام بن لە روبەروبوونەوەی ئەو گروپانەی بە "تیرۆریست و تاوانکار" ناوی بردوون و دەڵێت: هاتوون بۆ لە ناوبردنی دروزەکان و سڕینەوەیان بە یەکجاری.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "ئێمە لە سەرۆکایەتی رۆحانییەوە جەخت لە پێویستی بەردەوامبوون لەسەر بەرگریی رەوا و بەردەوامبوون لە شەڕکردن دەکەینەوە، تاوەکو رزگارکردنی تەواوی خاکی پارێزگاکەمان لەم گرووپانە، بەبێ هیچ مەرج و بەربەستێک."
پێکدادان لە سوەیدا
لە 13ـی مانگەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا و چەکدارانی دروز لە پارێزگای سوەیدای باشووری ئەو وڵاتە دەستی پێکردووە و زیاتر لە 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
سەرۆکایەتی رۆحانی دروزەکان داوای لەو گرووپە چەکدارانە کردووە کە لە سوەیدا ماون چەک دابنێن و خۆیان رادەستی چەکدارەکانی سەر بە دروزەکان بکەن. هاتووە: "هەرکەسێک چەکەکەی دابنێت، لە ئەستۆی ئێمەدایە و نابێت سووکایەتی پێبکرێت."