سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست... هۆزە بەدەوییەکان هێرشێکی نوێیان بۆ سەر سوەیدا ئەنجامدایەوە
راهۆز
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
سەرەڕای راگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدای باشوری سوریا، چەکدارانی هۆزە بەدەوییەکان هێرشێکی نوێیان بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە دەستپێکردەوە و فەرماندەیەکی سەربازیی هۆزەکەش رایگەیاند، ئاگربەستەکە ئەوان ناگرێتەوە.
فەرماندەیەکی سەربازیی بەدەوییەکانی سوریا بە ئاژانسی رۆیتەرزی وتووە، ئاگربەستەکە تەنها هێزەکانی حکومەتی سوریا دەگرێتەوە نەک بەدەوییەکان. وتیشی، چەکدارانی هۆزەکان هەوڵدەدەن ئەو بەدەوییانە ئازاد بکەن کە لە رۆژانی رابردوودا لەلایەن گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
هاوکات، کامێرای کەناڵی "عەرەبیە/حەدەس" دیمەنی هەڵهاتنی خێزانە بەدەوییەکانی لەدەست گروپە چەکدارەکان لە سوەیدا بڵاوکردەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای سوریا لە پارێزگاکە کشاونەتەوە و گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان جێگەیان گرتوونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سوریا (سانا) رایگەیاندووە، "گروپی دەرچوو لە یاسا" هێرشیان کردووەتە سەر گەڕەکی مەقوس لە شاری سوەیدا و پێشێلکارییان بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجامداوە.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سوریا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی 14 خاڵی بۆ ئاگربەست راگەیاندبوو. شێخ یوسف جەربوع، یەکێک لە سێ سەرکردە دیارەکەی دروزییەکان، پشتیوانی لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام شێخ حیکمەت هجیری، داوای "بەردەوامیی بەرگریی رەوا و بەردەوامیی شەڕی" کرد.
پارێزگای سوەیدا لە 13ـی تەمموزەوە گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە، کە بەهۆی پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و هۆزە بەدەوییەکانی لایەنگری حکومەتی سوریاوە سەریهەڵدا و بووە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی و سەربازی.