نێردەی تایبەتی ئەمەریکا گرژییەکانی سوەیدا سەرکۆنە دەکات و داوای گفتوگۆ دەکات
راهۆز
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکۆنەی گرژییەکانی سوریا دەکات و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەست بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆ 16ی تەمموزی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: “ئێمە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەمو توندوتیژییەک دژی دانیشتووانی سوەیدا سەرکۆنە دەکەین. ئەوە بە هیچ شێوەیەک گفتوگۆی لەبارەوە ناکرێت.”
هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هەموو لایەنەکان دەبێت لە توندوتیژی دوور بکەونەوە و دەست بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بکەن کە بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی بیانبات، هەروەها ئاماژەی داوە هەموو تاوانبارێک دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
لە رۆژی یەکشەممەوە، شەڕ لە نێوان هێزی دروزەکان و بەدەوییەکان(دەشتەکیەکان) لە پارێزگای سوەیدای سوریا سەریهەڵداوە و هێشتاش کۆنترۆڵ نەکراوە. پارێزگای سوەیدا گەورەترین مەڵبەندی پێکهاتەی ئاینیی دروزەکانە کە ژمارەیان نزیکەی 700 هەزار کەس دەبێت.