سەرۆکی نوێی سوریا و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبونەوەیان ئەنجامدا و چەندین پرسی گرنگی پەیوەندیدار بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و واشنتن یان تاوتوێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبونی ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە دیمەشق باڵیۆزی ئەمەریکا لە دیمەشق بە رەسمی کرایەوە.
دواتر باراک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کۆبووەو دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بەزوترین کات رایدەگەیەنێت کە سوریا دەوڵەتێکە پشتیوانی لە تیرۆر ناکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا لەناوبردنی تیرۆرە، هاوکات کاریش دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنان و بازرگانی لەو وڵاتە بە مەبەستی دەربازبون لە لێکەوتەکانی سزا ئابورییەکانی سەری کە بەم دواییە ترەمپ لەسەر ئەو وڵاتەی هەڵگرت.
سەردانەکەی تۆم باراک یەکەمین سەردانێتی بۆ سوریا لە دوای هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە بە بڕیارێکی دۆناڵد ترەمپ کە لە سعودیەدا رایگەیاندبوو.
پێشتر تۆم باراک رۆژی هەینی 23ـی مانگی مایس 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: "هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا لە لایەن سەرۆکی ئەمەریکاوە، دەبێتە هۆی تێکشکاندنی رێکخراوی داعش بەتایبەتی لەو وڵاتە."
باراک ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هەڵگرتنی سزاکانی سەر دیمەشق، دەرفەتێکە بۆ ئایندەی گەلی سوریا. هەروەها بە پێویستیشی زانیوە دیدگای ترەمپ بۆ سووریا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.
لە روداوێکی تەقەکردنی هەڕەمەکیدا لە شاری تویسەرکان لە پارێزگای هەمەدان لە رۆژئاوای ئێران، کەسێک کوژرا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، کە سێ کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
مەجید شەماعی، پارێزگاری تویسەرکان، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "روداوەکە لەسەر رێگای نێوان پارێزگای کرماشان و تویسەرکان رویداوە، کە کەسێکی چەکدار بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەی لە هاووڵاتییان کردووە."
پارێزگارەکە ئاماژەی بەوەکرد کە روداوەکە لە ناوچەیەکی نزیک لە رێگای سەرەکی ڕویداوە و بەو هۆیەوە "ترس و دڵەڕاوکێ و شۆک لای دانیشتوانی ناوچەکە دروستبووە."
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ناسنامەی ئەنجامدەرەکە دەستنیشان بکەن و دەستبەجێ دوای روداوەکە دەستگیری بکەن.
پارێزگاری تویسەرکان گوتی: "تا ئێستا پاڵنەرەکانی پشت هێرشەکە نادیارن."
شەماعی خستەیە رو کە "لێکۆڵینەوەی بەرفراوان دەستی پێ کردووە، دوای تەواوبوونی دانیشتنەکانی لێپرسینەوە و شیکاری ئەمنی وردەکارییەکان ڕادەگەیەنرێن."
ئەم هێرشە دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە کوژرانی دادوەرێک لە شیراز.
دەم پارتی داوا دەكات ئەو قەیومانەی سەپێندراون بەسەر شارەوانییەكاندا لاببرێن و هاوسەرۆكی شارەوانییەكان بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان.
دەستەی بەڕێوەبەریی خۆجێی دیموكراتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان "دەم پارتی" لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لە هەڵبژاردنەكانی 31ی ئاداری 2024، توانرا 78 شارەوانی بەدەستبهێنن لە سەدان شارەوانی و ئەنجومەنی گشتیی شارەكانیشدا نوێنەرایەتییان بەدەستهێناوە، بەڵام دوای هەڵبژاردن دەسەڵات دەستیبەسەر 10 شارەوانی دەم پارتیدا گرت و قەیومی لە جێگەی هاوسەرۆكی شارەوانییەكان دانا.
جەختیشیكردووەتەوە، دەبێت ئەو قەیومانەی سەپێندراون لە شارەوانییەكان لاببرێن و كەسە هەڵبژێردراوەكان بگەڕێنەوە سەر ئەركەكانیان، ئاماژەی بەوەشكردوە، دەبێت خاڵە پەیوەندیدارەكانی یاسای شارەوانییەكان كە رێگە بە سەپاندنی قەیووم دەدات، هەمووار بكرێتەوە و سەپاندنی قەیووم كۆتایی پێبهێنرێت.
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند کە لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی بۆ ئاگربەست لە غەززە رێککەوتوون.
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا رونی کردەوە کە " لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمەریکا لەسەر چوارچێوەیەکی گشتی کە ئاگربەستێکی هەمیشەیی بهێنێتە ئارا، گەیشتینە رێککەوتن".
ئاماژەی بەوەداوە، کە تیایدا کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئیسرائیک لە کەرتی غەززە، رۆیشتنی یارمەتییەکان، هەروەها لیژنەیەکی تایبەت کە کاروبارەکانی کەرتی غەززە لە پاش ئاگربەست راستەوخۆ بگرێتە دەست.
ئەوەشی خستۆتەروو کە رێککەوتنەکە ئازادکردنی 10 بارمتەی ئیسرائیلی و ژمارەیەک تەرم لەخۆدەگرێت، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەکی زیندانی فەلەستینییەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل پێداگرە لەسەر ئازادکردنی 10 دیل بەسەر یەکەوە لەلایەن حەماسەوە، بەڵام حەماس بە ویتکۆفی وتووە؛ بە دوو وەجبە دیلەکان ئازاد دەکرێن.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان شکست بهێنێت، پلانی جێگرەوەیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەیە.
پزیشکیان وتی: "ئەگەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا شکست بهێنن و ئەمریکا سزاکانی سەریان توند بکاتەوە، ئەوا تاران پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان، هەروەها سەدان رێگاش بۆ خۆراگری و تێپەڕاندنی گەمارۆ و کێشەکان دەدۆزنەوە."
لێدوانەکەی سەرۆکی کۆماری ئێران لەدوای ئەو لێدوانەی ترەمپ هات کە رایگەیاند؛ لە چەند رۆژی داهاتوودا هەواڵێکی باش یاخود خراپ لەبارەی ئێران رادەگەیەنێت، وتیشی ئەمریکا ئاسودەیە لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ تاران.
لە 12ـی مانگی چوارەوەوە واشنتۆن و تاران بە نێوەندگیری عومان پێنج گەڕی دانوستانی ناڕاستەوخۆیان ئەنجام داوە. گەرچی تا ئێستا شاندی هەردوو وڵات بە ئەرێنی وەسفی دانوستانەکانیان دەکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێکی گشتگیر.
سوپای پاسداران هۆشداری داوە بە ئەمریکا و ئیسرائیل و دەڵێت: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە، هەر بێمێشکییەک رووبدات وەڵامێکی لەبیرنەکراومان دەبێت.
حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات بە هەریەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئامادەی هەموو سیناریۆیەکین، پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێران گەلێکی مەزنی هەیە، دەزانێت چۆن لە کاتە سەختەکاندا مەمەڵە بکات، کاریگەریی لەسەر قوڵایی مێشکی دوژمنە شەیتان ئاساکان هەیە، لە رووبەڕووبوونەوەیاندا دەبێت ناوەخنی بیرکردنەوە و مەبەستەکانیان بزانین، جەنگی 'مەعریفی' کە یەکێکە لەو ئامڕازانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بەکاریدەهێنن بۆ چوونە ناو قوڵایی بیری کۆمەڵگە، کە دەبێت کۆمەڵگەی لێ هۆشیار بکرێتەوە".
دەشڵێت: سوپاکەمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، ئێمە لە جەنگێکی سەرتاسەریداین، رووبەڕووی شەڕی ئابووری، سزاکان، فشارە سیاسییە جیهانییەکان، جەنگی میدیایی ماوە درێژ، پڕوپاگەندەی میدیایی، داگیرکاریی کولتووری و دەیان هەڕەشەی جۆراوجۆری بووینەتەوە، کە دوژمنانمان دوور و نزیک بەسەر گەلەکەماندا دەیسەپێنن، لەسەروو هەموو ئەوانەوە ئێران خۆڕاگرە.
دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەتان بە روودا دەکەینەوە
راشیگەیاندووە، "ئیسرائیل هێرشەکانیان دژی وڵات و خەڵکەکەمان درێژە پێدەدەن، بۆیە هۆشدارییان پێدەدەین، کە ئەگەر بەوجۆرە بەردەوام بن ئەوا دەرگای دۆزەخێکی نەبڕاوەیان بە روودا دەکەینەوە".
ئێران بۆ ئەمریکا: رابردووتان بیر دەبەینەوە
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران روو دەمی کردووەتە ئەمریکا و دەڵێت، "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگەکانمانە و چاوەڕێین، هەر هەڵەیەک ئەنجام بدەن، وەڵامێکی خێرای واتان دەدەینەوە کە رابردووتان بیربچێتەوە".
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لەدوای دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەستی پێکردووەتەوە و بەپێی لێدوانی بەرپرسان و خودی دۆناڵد ترەمپیش، گفتوگۆکان لە قۆناغێکی باشدان و نزیکن لە رێککەوتن.
لەلایەکی دیکەوە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و ئەمڕۆ ئیسرائیل لەدوای بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئاماژەی بەوەکرد، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نین، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".
وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت: ئەوەی بە هێز تێنەگات، هێزی زیاتری پیشان دەدەین.
ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر فڕۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن ئەنجامدا و رایگەیاند، لە رێگەی 10 فڕۆکەوە هێرشەکەیان ئەنجام داوە و دوایین فڕۆکەی حوسییەکانیان تێکشکاندووە.
لەو بارەیەوە یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، یەک تەقەکردن بە رووی ئەواندا باجەکەی بە قورسترین شێواز دەبێت.
لەبارەی هێرشەکانیشەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، "حوسییەکان جگە لە قۆڵێکی پشت ئێران هیچی دیکە نییە، ئەوانیش بەرپرسیارن لەو "دەستدرێژییە" کە لە یەمەنەوە سەرچاوە دەگرێت".
ئەوەشی خستووەتە روو، "ئەوەی بەهێز تێنەگات هێزی زیاتری پیشان دەدەین، ئەوەی ئازارمان بدات ئازاری دەدەینەوە".
میدیاکانی یەمەنیش لەسەر هێرشەکە دەڵێن، ئیسرائیل چوار هێرشی بۆسەر فڕۆکەخانەکە و فڕۆکەیەکی سەر بە هێڵی ئاسمانی یەمەنی ئەنجام داوە.
لە هەنگاوێكدا بۆ رێگریكردن لە پەرەسەندنی گرژییەکانی سنورەكانی باشوری سوریا، بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل بە نهێنی كۆبوونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، لە كەشێكی نهێنیدا و بە چاودێری توركیا و نێوەندگیری ئازەربایجان، ژمارەیەك لە بەرپرسانی سوریا و ئیسرائیل لە پایتەختی ئازەربایجان كۆبوونەتەوە و كۆبوونەوەكەش بە ئامانجی رێگریكردن بووە لە پەرەسەندنی گرژییەاکانی سنورەكانی باشوری سوریا.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانەش، لایەنی ئیسرائیلی نەرمی بەرامبەر سوریا نواندووە و جەدعون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیە كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق بكاتەوە، بەڵام تا ئیستا لێپرسراوانی سوریا هیچ لێدوانێكیان لەوبارەیەوە نەداوە.
ئێران لەسێدارەدانی كەسێكی بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل راگەیاند و دەزگای دادی وڵاتەكەش دەڵێت، دوای چوار ساڵ لێكۆڵینەوە سێ جار جێبەجێكردنی سزاكەی دواخراوە.
دەزگای دادی ئێران لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، گەنجێكی تەمەن 41 ساڵ بە ناوی پێدرام مەدەنی دوای ساغبوونەوەی تۆمەتی كاری سیخوڕیی بۆ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل 'مۆساد' بەسەریدا؛ لەسێدارە دراوە.
مەدەنی ساڵی 2020 لە تارانی پایتەختی ئێران دەستگیر كراوە و دەزگای داد ئاماژەی بەوە كردووە، لە رێگەی وڵاتانی ئەوروپا و بە تایبەت ئەڵمانیا پەیوەندیی بە مۆسادەوە كردووە و زانیارییە نهێنی و گرنگەكانی ئێرانی بۆ ئەو دەزگا هەواڵگرییە گواستووەتەوە.
لە راگەیەنراوی دەزگای دادی ئێراندا هاتووە، پێدرام مەدەنی دوای زیاتر لە چوار ساڵ زیندانیی سێ جار سزای لەسێدارەدانی دواخراوە و دواجار رۆژی چوارشەممە لەسێدارە درا.
وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكانی سوریا هێزەكانی سوریای دیموكرات ناگرێتەوە.
مورهیف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریا رایگەیاند، پێویستە سەرجەم گروپە چەكدارەكان خۆیان هەڵبوەشێننەوە و بچنە ناو كۆلێژی سەربازی و بڕوانامە بەدەستبهێنن، ئەوانەشی پلەدارن لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە پلەیان لە سوپا پێدەدرێت.
دەشڵێت، ئەو كەسانەشی لە سوپای رژێمی ئەسەد پلەدار بوون لێكۆڵینەوەیان لێدەكرێت و دواتر بڕیاری پێویستیان لەبارەوە لێدەدرێت.
وتیشیم قۆناغی یەكەمی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان كۆتایی هاتووە و قۆناغی دووەم دەستپێدەكات، بەڵام بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان هێزەكانی سوریای دیموكرات ناسراو بە هەسەدە ناگرێتەوە.
گوڵستان کیلیچ کۆچیغیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی لە پەرلەمانی تورکیا، داوای کرد دەستبەجێ هەنگاوی یاسایی بۆ سارێژکردنی برینە کۆمەڵایەتییەکان بنرێت و جەختی کردەوە لەوەی دەبێت بە تەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە.
کیلیچ لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: "سەرەڕای بانگەوازەکەی ئۆجەلان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان هەنگاوێکی یاسایی لەو بارەیەوە نەناوە."
ئەو وتیشی: "کاتێک باسی ئایندەی دیموکراتی تورکیا دەکەین، دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ ئەوەی ستەمەکان کۆتایی بێت و بەتەواوەتی چاو بە سیستەمی دادوەرییدا بخشێنرێتەوە و برینە کۆمەڵایەتییەکان سارێژ بکرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی دەمپارتی تیشکی خستەسەر بانگەوازەکەی باخچەلی بۆ پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان و ڕایگەیاند: "پێویستە ئەم کۆمیسیۆنە لەنێو پەرلەمان پێکبهێنرێت، و دەبێت هەموو ئەم گفتوگۆیانە لەبەرچاوی کۆمەڵگە بەڕێوەبچن و پەرلەمان دەسپێشخەریی بکات و ئۆپۆزیسیۆنیش ببێتە بەشێک لەم دەسپێشخەرییانە."
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئیحسان باغری دادوەری دادگای تاوانەکانی شیراز لەلایەن دوو کەسەوە هێرش کراوەتە سەری و کوژراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم دادوەرەی لقی 102ی دادگای تاوانەکانی شیراز بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە کاتی جێهێشتنی ماڵەوە بۆ چونە سەر کار بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەری و کوژراوە.
سەدروڵا ڕەجایی نەساب، سەرۆکی دادوەری پارێزگای فارس، هێرشەکەی سەر ئەو دادوەرە بە "کارێکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو کەس لە رێگەی رۆیشتنی بۆ شوێنی کارەکەی، هێرشیان کردە سەر دادوەر ئیحسان باقری، بەرپرسی لقی 102ـی دادگای تاوانەکانی شیراز و تیرۆریان کرد".
پێشتریش لە 2024، عەلی رەزینی و محەمەد موغیسە، دوو دادوەری دادگای باڵا لە بەردەم دادگە بە فیشەک کوژران.
نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەو هەواڵانە بەدرۆدەخاتەوە كە باس لە ئامادەیی حەماس بۆقبوڵكردنی ئاگربەست دەكەن
ستیڤ ویتكۆف نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست بە مالپەری ئاكسیۆسی راگەیاند، ئەوەی لە بزوتنەوەی حەماسی بینیوە، مایەی نائومێدیە و بەهیچ جۆرێك قبوڵكراو نییە.
ویتكۆف ئاماژەی بەوەش كردووە، پێشنیازەكە كراوەیە و وا باشترە بۆ حەماس كە قبوڵی بكات.
ئەوەش پێچەوانەی لێدوانی چەند سەرچاوەیەكی فەڵەستینیە كە بڵاویانكرەوە، حەماس ئامادەیی دەربڕیوە پێشنیازەكەی ویكتۆف بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە قبوڵ بكات، بە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی غەززە و راگرتنی كۆمەڵكوژی بەردەوام.
ویتكۆف پێشنیازی كردووە، ئاگربەستێكی كاتیی بۆ ماوەی 40 بۆ 60 رۆژ رابگەیەنرێت و ژمارەیەك زیندانیی فەڵەستینی ئازاد بكرێن، لە بەرانبەر 10 بارمتەی زیندوو و تەرمی 19 بارمتەی تر.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حەماس بە پێشنیاری نوێنەری ئەمریکا رازی بووە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بەبێ هیچ مەرجێک.
لێپرسراوێکی فەڵەستینی نزیک لە بزوتنەوەی حەماس بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، حەماس پێشنیاری ستیڤ ویکتۆف نوێنەری تایبەتی ئەمریکای بۆ ئاگربەست لەغەززە قبوڵ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ویکتۆڤ بۆ ئاکسیۆس ئاشکرایکردووە، پێشنیارەکە ئاگربەستێکی کاتی لە خۆ دەگرێت و ئیسرائیلیش پێی رازی بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە پێشتر پێشنیارمان کردووە و دەبێت حەماس پەسەندی بکات.
ویکتۆڤ راشیگەیاند: ئاگربەست دەبێتە هۆی دانوستانێکی مانادار بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، حەماس ئەو پێشنیارە نوێیەی پێگەیشتووە، کە داوای ئازادکردنی 10 بارمتە و ئاگربەستی بۆ ماوەی 70 رۆژ دەکرێت لە رێگەی نێوەندگیرانەوە، لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک بە کەناڵی ئەقسا-ی راگەیاندووە، حەماس رازی بووە بە پێشنیارەکەی ستیڤ ویتکۆف، کە جەخت لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی لە کەرتی غەززە دەکاتەوە.
راگەیاندنەکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاندووە؛ ئیسرائیل "بە تەواوی رەتی دەکاتەوە" پێشنیازی بازرگانی ئەمریکی "بەشارە بحبح" سەبارەت بە وەستاندنی شەڕ لە غەززە قبوڵبکات.
کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند کە پێشنیازەکە بریتییە لە ئازادکردنی 10 دیل لە بریندارانی زیندوو بەرامبەر بە وەستاندنی هەمیشەیی شەڕ و گفتوگۆ سەبارەت بە "رۆژانی داهاتوو" لە غەزە.
وردەکارییەکانی پێشنیازە نوێیەکە:
سەرچاوە ناوخۆییەکان ئاشکرایانکرد کە پێشنیازە نوێیەکە ئەمانەش لە خۆ دەگرێت:
- ئازادکردنی 5 دیل لە یەکەم رۆژدا
- گفتوگۆ سەبارەت بە دیلە مردووەکان
بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە راگەیاندنەکانی وت: "پێشنیازە نوێکە رەتکراوەتەوە و ئیسرائیل قبوڵی ناکات، ئێمە دەستمان بە پێشنیازی ویتکۆفەوە گرتووە" (ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی ترەمپ).
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "پێشنیازە نوێکە زۆر دوورە لەو شێوازەی کە ئیسرائیل دەتوانێت قبوڵی بکات، لە راستیدا قبوڵکردنی وەک خۆسپاردن بە حەماس دەبینرێت."
پشتیوانی ترەمپ:
ترەمپ پێشتر وتبووی وای دەزانی "هەواڵەکان لەگەڵ حەماس باش دەبن و هەواڵی خۆش دەبیستین سەبارەت بە غەززە".
وتیشی: "لەگەڵ ئیسرائیل قسەمان کردووە و دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین ئەم دۆخە بە تەواوی لە کاتێکی نزیکدا رابگرین."
کەناڵە دیپلۆماسییەکان
سەرچاوەکان لە لای ترەمپەوە دەڵێن:
- ترەمپ فشار لەسەر حکومەتی نەتانیاهۆ دەکات بۆ وەستاندنی شەڕ.
- سەرۆکی ئەمریکا لە بەردەوامبونی شەڕ تووڕەیە
- پەیوەندی لەگەڵ حەماس کردۆتەوە لە رێگەی بەشارە بحبحەوە.
دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان:
لایەنە پەیوەندیدارەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دوبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و حەماس سەبارەت بە:
- گۆڕینەوەی دیلەکان
- وەستاندنی شەڕ
ئەمە لە چوارچێوەی دەستپێشخەری ئەمریکیەکاندایە لە رێگەی نێردراوی تایبەت کە ستیڤ ویتکۆفە.
مەرجە دیپلۆماسییەکان بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییە ئاگادارەکان:
- داوا لە ئیسرائیل کراوە کە هێرشی مەیدانیی دوابخات
- رێگە بە فراوانکردنی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بدرێت
- کەش و هەوایەک دروستبکرێت کە تیایدا گفتوگۆ بکرێت.
پلانی ویتکۆف- نێردەی تایبەتی ترەمپ - ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن بگەن بە رێکەوتنێکی گشتگیر هەنگاو بە هەنگاو:
- دەست بکرێت بە ئازادکردنی بەشێک لە دیلەکان
- لە قۆناغەکانی داهاتوودا کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت
- ئازادکردنی هەموو دیلەکان کە لەلای حەماسن.
بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەکە:
حەماس هێشتا داوا و مەرجی ئیسرائیلییەکان بەتایبەت ئەوانەی نەتانیاهۆ پێداگریان لەسەر دەکات رەتدەکاتەوە، کە بریتین لە:
- ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، زیندوو و مردوو
- رادەستکردنی هەموو چەکەکانی حەماس
- دەرچونی بەرپرسانی حەماس لە غەززە
- کۆتاییهێنان بە هەر رۆڵێکی حەماس لە حوکمڕانی غەززە لە داهاتوودا
"بەشارە بحبح" بازرگانێکی ئەکادیمی و سیاسی ئەمریکییە و بەڕەچەڵەک فەلەستینییە، لە ساڵی 1958 لە قودس لەدایک بووە، خوێندنی بەکالۆریۆسی لە ئەمریکا تەواو کردووە و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێناوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەیان ئامادە نییە تەنانەت بەشێوەی کاتی؛ بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا، پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت.
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، تاران ئامادە نییە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەگەرچی بەشێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان داوایان کردووە، بەڵام ئەوە "هێڵی سورە" لە دانوستانەکاندا.
وتیشی، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ خولی شەشەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانەوە دیاری نەکراوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەکرد، "پێشکەوتن هەیە لەگەڵ ئێراندا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەری هەیە لە دوو رۆژی داهاتوودا هەواڵێک رابگەیەنین".