حکومەتی ئیسرائیل کشانەوەی هێزەکانی لە ناوچە سنورییەکانی لوبنان بە بوونی دەسەڵاتێکی کردەیی و خاوەن بڕیار لە لایەن سوپای ئەو وڵاتەوە دەبەستێتەوە.

لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و مەیدانییەکانی دژی حزبوڵا لە لوبنان، گیدۆن سەعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند؛ وڵاتەکەی تەنها ئەو کاتە لە لوبنان دەکشێتەوە کە "دەسەڵاتێکی کردەیی و راستەقینە بۆ حکومەت و سوپای لوبنان لە ئارادا بێت".

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەختی لەوەکردەوە، ئیسرائیل "هیچ بەرژەوەندییەکی خاکی لە لوبناندا نییە"، بەڵام حزبوڵا بە پێچەوانەی ویستی حکومەتی لوبنانەوە کار دەکات، وتیشی: "ئیسرائیل بەو شێوەیەی کە بە گونجاوی دەبینێت، وەڵامی هەر هێرشێکی حزبوڵا دەداتەوە".

سەبارەت بە تاران، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی دەرفەت دەداتە رێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، بەڵام هۆشداری دا کە ئەگەر دانوستانەکانی ئەمریکا شکستی هێنا، ئیسرائیل جارێکی تر پێداچوونەوە بە بژاردەی سەربازیدا دەکاتەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بوونی موشەک و درۆن لای حزبوڵا وادەکات کارە سەربازییەکانیان لە لوبنان بەردەوام بێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێنجشەممەی رابردوو درێژکردنەوەی ئاگربەستی راگەیاند کە لە 17ـی نیسانی 2026ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێشێلکارییەکان لە هەردوولا بەردەوامییان هەیە.