سەرۆكایەتی توركیا دەڵێت، بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەكەی لە پرۆسەی ئاشتیدا عەبدوڵا ئۆجەلان دەبیتە ئەندامی لیژنەی چەكدانانی پەكەكە.
محەمەد ئۆجوم راوێژكاری باڵای سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دەبێتە ئەندامی لیژنەیەكی تایبەت بە چەكدانانی پەكەكە.
وتیشی، ئامانج لەو بڕیارە لێی پێدانی رۆڵێكی كارایە بە ئۆجەلان لە پرۆسەی ئاشتی و بۆ دڵنیابوونیش لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هەڵوەشاندنەوەی یەكجاریی پەكەكە.
محەمەد ئۆجوم جەختیشیكردەوە، ئەو هەنگاوە بە مانای ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان نایەت، بەڵكو بە مەبەستی زیاتر بەهێزكردنی پێگەكەیەتی لە پرۆسەی ئاشتیدا.
داتاکانی کەشتیوانی ئاشکرایان کرد، رۆژی چوارشەممە ژمارەی کەشتییە بارهەڵگرەکان کە لە گەروی هورمزەوە تێپەڕیون کەمبووەتەوە بۆ تەنها سێ کەشتی، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر 12 کەشتی تێپەڕیبوون.
ئامارەکان ئاماژە بە دابەزینێکی بەرچاو دەکەن لە جووڵەی کەشتیوانی لە رێگەی یەکێک لە پەیوەندیدارترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ بازرگانیی وزە و کەلوپەل، لە کاتێکدا رێڕەوی دەریایی لە سایەی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکاندا لە ژێر چاودێریدایە.
زانیارییەکان ئەوەشیان خستووەتە روو کە ئەم ژمارانە ئەو کەشتییانە ناگرێتەوە کە ئامێرەکانی پەیوەندییان کوژاندووەتەوە، واتە رەنگە ژمارەی راستەقینەی کەشتییە تێپەڕبووەکان زیاتر بێت.
لە پەراوێزی سەردانە رەسمییەکەیدا بۆ پەکینی پایتەختی چین، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە رێگەی دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیی جیاوازەوە لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وعاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، ئاڵوگۆڕی بیروڕای دەربارەی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و پرسە ستراتیژییە هاوبەشەکان کرد.
بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پەیوەندیەی دیپلۆماسییەی تاران لە کاتێکدایە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و تووشی چەقبەستوویی رەها بووەتەوە و ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بە رێککەوتن بەدی ناکرێت.
لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی هەرێمی و کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان کردووەتەوە.
وتەبێژی رێكخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران رافایل گرۆسی بە جێبەجێكردنی ئەجێندانی ئیسرائیل و دروستكردنی ئاژاوە تۆمەتبار كرد و دەڵێت، وڵاتەكەی رێگەنەدان بە پشكنینی بنكە زیانلێكەوتووەكانی بە هۆكاری ئەمنی بە كارێكی ئاسایی دەزانێت.
بەهرۆز كەمالوەندی وتەبێژی رێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای راگەیاند، لێدوانەكانی رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سیاسین و ئەركە پیشەیییەكەی خۆی بە شێوازی ڕاست و دروست جێبەجێ ناكات.
وتیشی، گرۆسی ئاژانسەكەی خستوەتە خزمەتی ئیسرائیل و ئەمریكا و ناتوانن متمانەی پێبكەن و ئێستاش كە هەڵوسێتی گۆڕاوە جێگەی گومانە.
راشیگەیاند، ئێران رێگە بە پشكنینی بنكە ئەتۆمییە زیانلێكەوتوان نادات بەهۆكاری ئەمنی و بڕیارێكی ئاساییە و بایەخێكی گەورە بە پاراستنی زانیاریی بنكە ئەتۆمییەكانی دەدات لە ترسی ئەوەی لە داهاتوودا نەكرێنە ئامانج و خودی ئاژانسەكە دانی بەوەداناوە ناتوانێت پارێزگاری لە زانیارییەكانی بكات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە تاران کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەفدی باڵای یەکێتی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عیراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە بەهێزکردنی بنەماکانی دۆستایەتیی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و دراوسێیەتیی باش کردەوە و رایگەیاند، پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی هەموواندایە و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ هێورکردنەوەی رەوشەکە، چونکە نائارامی زیان بە ئاسایش و ژیانی هاوڵاتییان دەگەیەنێت.
لای خۆیەوە، مەسعود پزیشکیان سوپاسی رۆڵی ئەرێنی و کارای بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد لە هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندا و وتی، لەگەڵ ئێوەدا هاوسنوورین و لامان گرنگە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و رێزگرتنی هاوبەش پەرەی پێبدرێت.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئاسمانی تاران بۆ هێزەکانی کراوەیە و لە سێ ساڵی رابردودا، هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیلیان نەهێشتوە و لە هەموو بەرەکانی جەندا دەسکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە.
ئەیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند کسوپای وڵاتەکەی لە سێ ساڵی رابردوودا لە هەموو بەرەکاندا دەستکەوتی بێوێنەی تۆمارکردووە و توانیوێتی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئیسرائیل دروستببوون لەناو ببات.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم ماوەیەدا رێگەی ئاسمانییان تا تاران بۆ کراوەتەوە و ژێرخانی بەرهەمهێنانی موشەک و کۆگاکانی موشەکی ئێرانیان کردوەتە ئامانج.
ناوبراو ئەوەشیخستوەتەڕوو، لە غەززە و لوبنانیش زیانی گەورەیان لە تۆڕی تۆنێلەکان، فەرماندەکان و سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵی هەردوو گروپی حەماس و حیزبوڵا گەیاندووە.
سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل جەختیشیکردوەتەوە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەئامانجگرتنی دوژمنان و رێگریکردن لە زیانگەیاندن بە هاووڵاتیەکانیان.
حوسییەکانی سعودییە رایانگەیاند، توانیویانە فڕؤکەیەکی جەنگی F-15ـی سعودییە بە موشەک بخەنە خوارەوە، کە لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆندا بووە.
عەمید یەحیى سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان بە بەکارهێنانی مووشەکێک کە دروستکراوی خۆیانە، توانیویانە فڕۆکەیەکی جەنگیی سعودی لە جۆری F-15 لە ئاسمانی پارێزگای مارب بخەنەخوارەوە.
لە راگەیەندراوکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەو فڕۆکەیەی خراوەتە خوارەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکەدا کراوەتە ئامانج.
جەختیشکراوەتەوە، هێزەکانیان روبەڕووی دوو پێکهاتەی دیکەی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە جۆرەکانی "F-15" و "تایفۆن" بوونەتەوە کە لە هەوڵی دۆزینەوەی پاشماوەی ئەو فرؤکەیانداوە کە خراوەتە خوارەوە.
سەبارەت بە هەڵمەتە ئاسمانییەکانی ئەم هەفتەیە، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئاماژەی بەوەکردوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە بنکەکانی خەمیس مشێتی و طائفەوە زیاتر لە 450 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پارێزگا جیاوازەکانی یەمەن ئەنجامداوە، کە بەهۆیەوە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ئەحمەد شەرع رایگەیاند، وڵاتەکەی بەرەو ئاوەدانی هەنگاو دەنێت و دوای هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لە دایکبوەتەوە، جەختیشیکردەوە سوریا لە سەرچاوەی کێشەوە بوەتە دەرفەتی مەزن بۆ ناوچەکە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، لە میانی بەشدارییکردنی لە دانیشتنی سەرەکیی لووتکەی راگەیاندنی عەرەبی لە دوبی رایگەیاند کە وڵاتەکەی دوای هەڵگرتنی سزاکان لەدایکبووتەوە و لە سەرچاوەی کێشە و ناسەقامگیرییەوە بووەتە دەرفەتێکی مەزن لەسەر ئاستی ناوچەکە.
شەرع ئاماژەی بەوە دا، سوریا ئێستا کاری جدی دەکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی خۆی و دامەزراوەکانی، بە تایبەت دوای ئەوەی لە وڵاتێکی دەستپێکەری ئاڵۆزی و ناردنەدەرەوەی کەپتاگۆنەوە گۆڕدراوە بۆ بنکەیەکی سەقامگیری کە بەسوودی تەواوی ناوچەکەیە.
سەرۆکی کاتی سوریا جەختیشیکردەوە، بە راکێشانی وەبەرهێنانی کەنداوی و ئەوروپی هەوڵدەدەن وڵاتەکەیان زیاتر ئاوەدان بکەنەوە و هەنگاوی زیاتر بنێن بەرەوە ئاوەدانی.
ئەم قسانەی ئەحمەد شەرع لە دوای زنجیرەیەک هەنگاوی نێودەوڵەتی دێن؛ لەوانە کۆتاییپێهێنانی بەرنامەی سزاکانی ئەمریکا لە تەمموزی 2025، سڕینەوەی ناوی سوریا لە لیستی وڵاتانی پشتیوانیکاری تیرۆر لە ئابی رابردوو و هەروەها بڕیاری کۆمکاری عەرەبی لە ئەیلولدا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر دەوڵەت و دامەزراوەکانی سوریا.
حوسیەكان یەمەن رایانگەیاند، 54 هێرشی نوێیان بۆ سەر سعودیە ئەنجامداوە و ژێرخان و بنكەی سەربازی ئەو وڵاتەیان كردوەتە ئامانج.
یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەكانی یەمەن لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 54 هێرشیان لە ناو خاكی سعودیە ئەنجامداوە و بنكەی سەربازی خەمیس لە باشوری وڵاتەكە و سیستمی رادار و بەرگری و تەقەمەنی ئەو وڵاتەیان كردوەتە ئامانج لە بەرانبەر هێرشی سعودیە بۆ سەر ئەو گروپە لە یەمەن.
دەسەڵاتدارانی سعودیە رایانگەیاند، حوسییەكان ژێرخانی مەدەنی وڵاتەكەیان كردوەتە ئامانج و سێ كەس كوژراون و چەند كەسێكیش برینداربوون.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، بە توندی وەڵامی ئەو هێرشانەی حوسییەكان دەدەنەوە و بێ دەنگ نابن.
مۆحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، تاوەکو مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێن، هیچ دانوستانێک لەگەڵ واشنتۆن ناکرێت.
رەزایی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" وەڵامی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و هۆشداری دا لە سەرگەرمبوون بە دژایەتیی ئاماژەکانی ترەمپ کە لە نێوان رەتکردنەوەی دانوستان و ئامادەیی بۆ دیالۆگدا دەهات و دەچوو.
رەزایی جەختی لەسەر گۆڕانی هاوکێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گەروەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە سەرگەردانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێکەوتەکان رێگری لە روداوەکانی داهاتوو ناکات، هەروەها دووپاتی کردەوە کە بێ جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران هیچ دانوستانێک لە ئارادا نییە.
ئەم وەڵامەی ئێران دوای ئەوە هات کە دوێنێ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو ئێران دەستبەجێ و بەپەلە دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن ئیمزا بکات، ئاماژەی بەوەش کردبوو کە خۆی بڕیار دەدات ئایا ئەمریکا بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکات یاخود نا.
زیان و تێچوی جەنگی ئەمریکا ئاشکرا دەکرێت، زۆربەی بنکەکانی ئەمریکا زیانیان پێگەیشتوە و جەنگەکەش زیاتر لە 33 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوتوە.
کەناڵی فۆکس نیوز بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی نوێی پشکنەری گشتیی پێنتاگۆن بڵاویکردەوە، تێچووی جەنگی ئێران زیاتر لە 33 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوتوە.
لە راپۆرتەکەی فۆکس نیوزدا هاتووە؛ تێچوی جەنگی ئێران 33.4 ملیار دۆلارە و 22.3 ملیاری تەنها بۆ بەکارهێننای چەک و 3.7 ملیاریش زیانی تێکشکاندنی ئامێڕ و فڕۆکەکانی ئەمریکایە.
ئەمە جگە لە زیانی 184 ملیۆن دۆلاری کە بەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عراق، کوێت، عەرەبستانی سعودی و ئیمارات کەوتووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هێرشەکانی ئێران زیانی گەورەی بە بنکەکانی ئەمریکا لە هەشت وڵاتی ناوچەکە گەیاندووە و دەیان فڕۆکەی تێکشکاندووە یان زیانپێگەیاندوون.
بە گوێرەی زانیارییەکان؛زیانەکانی ئەمریکا بەم شێوەیەیە؛
-چوار فڕۆکەی F-15E
-حەوت فڕۆکەی سووتەمەنیبەخشی KC-135
-یەک فڕۆکەی F-35A
-یەک فڕۆکەی A-10
-30روبەری بێفڕۆکەوانی MQ-9
پێنتاگۆنیش هۆشیاری داوە کە بەکارهێنانی زۆری موشەک بووەتە هۆی کورتهێنانی ستراتیژی لە کۆگاکان و دەرکەوتنی کەموکوڕی لە زنجیرەی بەرهەمهێنانی چەکی وڵاتەکەدا.
دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، ئەمڕۆ ناوی حوسییەکان بەشێوەیەکی بەهێز بە موشەک، درۆن، دەریای سوور و گەروی بابولمەندەبەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەم گروپەی کە ئێستا بونەتە سەردێری میدیا جیهانییەکان، لە سەرەتادا نەک وەک هێزێکی هەرێمی، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی ئایینی و ناوخۆیی لە چیاکانی باکوری یەمەن دروست بوو.
گروپە چەکدارەکە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، خاوەنی هەزاران چەکدارە و هەرەشي لە وزەی جیاهن دەکات، ئەمریکاش بە ناچاری دەڵێت پەوەندی راستەوخۆمان لەگەڵیاندا هەیە و چاودێری رەوشەکەدەکەین.
مێژوی حوسییەکان
حوسییەکان ناوەکەیان لە بنەماڵەی "حوسی"یەوە وەرگرتووە و بە "ئەنساڕوڵڵا"ش دەناسرێن،لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردودا لەناو زەییدییەکانی باکوری رۆژئاوای یەمەن دروستبوون، زەییدییەکان لقێکن لە مەزهەبی شیعه کە بەشێکی گرنگی دانیشتووانی باکووری یەمەن پێکدەهێنن.
ئامانجی سەرەتایی بزووتنەوەکە نوێکردنەوە و گەڕاندنەوەی ناسنامە و نەریتەکانی زەییدی بوو، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی رەوتی سەلەفی لە ناوچەکەیاندا، بەڵام ئێستا بونەتە گروپێکی دەسەڵاتدار کە کاریگەریان لەسەر جیهان هەیە.

لە بزوتنەوەیەکی بانگخوازەوە، بۆ گروپێکی چەکداری..
لە ساڵی 2004، حکومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی ئەو کاتی یەمەن، هەوڵیدا حوسێن بەدرەدین حوسی، یەکێک لە رێبەرە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکە دەستگیر بکات، ئەم هەوڵە دەرئەنجامەکەی، یاخیبونی چەکداری لێکەوتەوە و لە هەمان ساڵدا حوسێن حوسی کوژرا.
حوسییەکان، کوشتنی رابەرەکەیان نەک هەر نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی گروپەکە، بەڵکو عەبدولمەلیک حوسی رابەرایەتی گرتە دەست و چوونە ناو زنجیرەیەک جەنگ لەگەڵ سوپای یەمە، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی ماوە.
لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2010، شيش جەنگ لە لە نێوان دەسەڵات و حوسییەکان رویدا، ئەم جەنگانە زیانی زۆریان بە گروپەکە گەیاند، بەڵام هاوكات ئەزمونی سەربازی، رێکخستن و توانای جەنگییان زۆر زیادی کرد.
بەهاری عەرەبی؛ بوە پایزێک بۆ دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەر حوسییەکان
لە ساڵی 2011، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن دەستیپێکرد و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی، پاشان عەبدڕەبە مەنسور هادی جێگەی گرتەوە. خۆپێشاندانەکان و شکستی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی حکومەت، کەلێنێکی دەسەڵاتی گەورەیان دروستکرد و حووسییەکان کەڵکیان لێوەرگرت بۆ بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆیان.
یەکێک لە وەرچەرخانە سەیرەکانی ئەم بزوتنەوەیە، هاوپەیمانیی کاتییان بوو لەگەڵ عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ئەو کەسەی ساڵانێک جەنگیان لەگەڵدا کردبوو.
ساڵح کە تۆڕێکی بەهێزی لە سوپا و کەسایەتییە سیاسییەکاندا مابووەوە، لەگەڵ حووسییەکاندا دژی حکومەتی عەبدڕەبە مەنسور هادی بوونە هاوپەیمان.
ئەم هاوپەیمانییە رێگەی خۆشکرد تا حووسییەکان لە ساڵی 2014دا بە بەرگرییەکی زۆر کەمەوە بچنە ناو پایتەختی وڵاتەکە کە شاری سەنعایە.

کەوتنی سەنعا و هاتنی سعودییە بۆ ناو جەنگ
لە ئەیلوولی 2014، حوسییەکان چونە ناو سەنعا و لە کانوونی دووەمی 2015دا کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنتڕۆڵ کرد. عەبدڕەبە مەنسور هادی هەڵهات بۆ عەدەن و دواتریش چوە سعودییە.
دەستبەسەرداگرتنی پایتەخت مەترسیی زۆری بۆ ریاز دروستکرد، بەتایبەت بەهۆی سنوری هاوبەشی نێوان سعودییە و یەمەن، کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە، لە ئاداری 2015 سعودیە هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا و هاتە ناو جەنگەکەوە.دژی حوسییەکان، ئەگەرچی جەنگەکە ساڵانێک درێژەی کێشا و زیانی گەورەی گەیاند، بەڵام نەیتوانی پایتەخت لە حوسییەکان وەرگرنەوە.

رۆڵی ئێران لەم بەهێزبوونەدا
حووسییەکان بە تەواوی دروستکراوی ئێران نین، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هاوکارییەکانی تاران بۆیان لە روی چەک، مەشق، زانیاری هەواڵگری و توانای موشەکی و درۆن زیاتر بوو. زۆرێک لە شیکەرەوان حووسییەکان بە هاوپەیمان یان هاوبەشێکی سەربەخۆی ئێران دەزانن، کە لە زۆر روەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام ئامانج و بڕیاری سەربەخۆی خۆشیان هەیە بە تایبەت کاتێک ئێران کەوتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا حوسییەکان هیچ جۆرە هێرشیکیان ئەنجام نەدا، بە پیجەوانەوە بۆ شيری سعودییە بێدەنگ نەبون و ئیسرائیلیان کردە ئامانج.
لە کاتێکدا ئێران ستایشی حوسییەکان دەکات وەکو بەشێک لە " بەرەی بەرهەڵستکاران"، بەڵام شارەزایانی یەمەن دەڵێن؛ حوسییەکان بەپێی ئەجێندایەکی ناوخۆیی ئیش دەکەن.

لە جەنگی ناوخۆوە بۆ مەترسی لەسەر بازرگانیی جیهانی
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ساڵی 2023، حووسییەکان هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان، جێگیربوونیان لە نزیک گەروی بابولمەندەب بوە هۆی ئەوەی لە گروپێکی چەکداری ناوخۆییەوە ببنە هێزێک، کە دەتوانێت ئاستەنگ بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی دروست بکات و لە ئێسدادا دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چاودێری روداوەکانی یەمەن دەکەن و لەگەڵ حوسییەکان پەیوەندییان هەیە و ئەوەی رودەدات لە ژێر چاودێری ئەواندایە و نیگەرانن لە دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب و دورگەی پەریم لەلایەن حوسییەکانەوە.

بۆچی حوسییەکان تا ئێستا بەهێزن؟
حوسییەکان، کە مێژویەکی زۆریان لەگەڵ جەنگدا هەیە جەماوەرێکی راستەقینەیان هەیە لە باکوری یەمەن و خاوەنی چەندین ساڵ ئەزمونی جەنگی چڕ و ژێرخانی سەربازیی شاراوەن لە ناوچە شاخاوییەکاندا. هەروەها هاوکاری دەرەکی دەکرێن بە تایبەتی پشتبەستن بە هاوکاریی تەکنیکی، موشەکی و درۆنیی ئێران و لاوازبونی رکابەرەکانیان لە یەمەندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەهێزی ئەو گروپە چەکدارە لە ئێستادا.
2026 خاڵی وەرچەرخانی حوسیەکان.
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ساڵی 2026 نیشانیدەدات، کە حوسییەکان لە پێشڕەویی بەردەوامدان؛ بە کۆنتڕۆڵکردنی شاری بەندەریی "مەخا" و دورگەی "پریم" لە دەروازەی بابولمەندەب، لە ئێستادا ئەو چەکدارانەی بە جوتێک ناعل و چەکەکانی دەستیانەوە هەرەشەدەکەن، دەسەڵاتی تەواویان بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهاندا هەیە و تا ئێستاش لە دوای چەند رۆژێک لە پێشرەوییەکەیان وڵاتانی زلهێزی وەک سعودییە و ئەمریکا دەستەوەستانن بەرانبەریان.
ئەم پێشرەویە کتوپڕەی حوسییەکان لە یەمەن و شکانی دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەریان، گەرچی گومانی رێککەوت و هاوکێشەی نێودەوڵەتی لێدەکرێت، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆرێت، کە ئەو گروپە چەکدارە توانیان بەرانبەر بە تەکنەلۆژیا و بەهێزی سعودیە و هاوپەیەمانەکانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش خۆیان بسەلمێنن.
لە هەواڵێکی بێپێشینەدا، دەسەڵاتدارانی سعودییە ئاشکرایانکرد، توانیویانە نزیکەی 110 ملیۆن تۆن مادەی خاوی یۆرانیۆم لە نزیک شاری مەدینە بدۆزنەوە.
لە میانەی بەشدارییکردنی لە کۆنفرانسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ڤییەننا، عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعود، وەزیری وزەی عەرەبستانی سعودیە ئەم هەواڵەی راگەیاند.
ناوبراو جەختیکردەوە، ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کەرتی وزەی وڵاتەکەیان و میدیای وڵاتەکەش پشتڕاستی هەواڵەکەی کردوەتەوە و بوەتە رۆژەڤی وڵاتەکە.
دوابەدوای ئاشکراکردنی ئەو بڕە زۆرە لە مادەی خاوی یۆرانیۆم وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، تا ئێستا هیچ بەرنامە و پلانێک بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە ناوخۆی خاکی عەرەبستانی سعودیەدا لە ئارادا نییە.
بریارە ئەمرۆ رێورەسمی بەخاكسپاردنی 10 شەهیدەكەی گرتووخانەكەی شاری كۆبانێ لە گۆرستانی شەهید دجلە بەرێوەبچێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیارە سەعات پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ئەو 10 كەسی بە هۆی كەوتنەوەی ئاگر لە گرتوخانەی شاری كۆبانی شەهیدبوون لە گۆڕستانی شەهید دیجلە بەخاكبسپێردرێن.
رۆژی 12ی ئەم مانگە، چەند هاووڵاتیەكی رۆژئاوای كوردستان، بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزاییەوە دژی شەهیدكردنی شەڕڤانێك لەلایەن چەند چەكدارێكی عەرەبەوە، دەستبەسەركران و رەوانەی گرتوخانەی كۆبانێ كران، پاشان لە ئەنجامی كەوتنەوەی ئاگر لە گرتووخانەكە، 10كەس شەهیدبوون و 19 كەسی تریش بەهۆی دووكەڵی ئاگرەكەوە و سووتانەوە برینداربوون.
رۆژنامەی "هارتس"ی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، هێرشی جرج و مشک سەربازانی سوپای ئیسرائیل و پێگە سەربازییەکانی هاوسنووری کەرتی غەززە و ناوچەکانی دەوروبەری کەرتەکەی گرتووەتەوە.
بەپێی خەمڵاندنەکان سەرچاوەی ئەو دیاردەیە بۆ وێرانکارییە بەرفراوانەکە و کەڵەکەبوونی داروپەردووی ناو غەززە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چڕەکانەوە دروست بووە.
دیاردەکە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا بە دروستکردنی بێزاری بۆ سەربازانی ئیسرائیل لە ناو پێگە و خاڵە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی کەرتەکەوە دەستیپێکرد، پاشان تەشەنەی سەند بۆ ناوچەکانی دەوروبەری غەززە.
جرج و مشکەکان زیانی ئابووری و کشتوکاڵیی زۆریان هەبووە، بەتایبەت لە کێڵگەکانی فستقی سودانی کە رێژەی زەرەر و زیان تیایاندا گەیشتووەتە 70٪ی کۆی بەرهەمەکە.
لە رووی تەندروستی و مەیدانییەوە، لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا بەلانیکەمەوە 10 کەس بەهۆی گەستنی جرجەوە چارەسەریان وەرگرتووە.
هاوکات دانیشتووانی ناوچەکە رایانگەیاندووە کە دەیان مشکیان لە ناو ماڵەکانیان دەرهێناوە، بە جۆرێک لە هەندێک حاڵەتدا ژمارەیان لە ناو یەک ماڵدا گەیشتووەتە نێوان 50 بۆ 100 مشک.