ئەكسیۆس: گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران زیانی 4.8 ملیار دۆلاری لەو وڵاتە داوە
ئاکام
٢ی ئایاری ٢٠٢٦
ئەم وێنەیە بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە
پێگەی ئەكسیۆس رایگەیاند، گەمارۆی ئەمریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران زیانی چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری بە تاران گەیاندووە.
پێگەی ئەكەسیۆس ئەمریكی بڵاویكردووە، گەمارۆی ئەمریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران وای كردووە تاران بێبەشبێت لە داهاتی نەوت و كۆگاكانی نەوتی پڕبوون و ناتوانێت هەناردەی بكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، 31 كەشتی ئێران 53 ملیۆن لیتر نەوتیان هەڵگرتووە و ناتوانن بجوڵێن و بەهای نەوتەكەش چوار ملیار و 800 ملیۆن دۆلارە.
حكومەتی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو رایگەیاند، هەڵسەنگاندنی بەرایی بۆ زیانەكان بەهۆی شەڕەوە گەیشتووەتە 270 ملیار دۆلار و ئاماژەی بەوەش كردووە، ئەگەری گۆڕانی ئەم ژمارەیە هەیە.
نەتەوە یەكگرتووەكانیش رایگەیاندووە، گرژی و ئاڵۆزییەكان و گەمارۆی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە بە رێژەی %18 لە جیهاندا بە تایبەت چێن و هیندستان و پاكستان.



