ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند کە بڕیاری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کشانەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک، بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە: چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک سەرکەوتنە بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا، رێکخراوەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتەوە سوود لە جیهان وەردەگرێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە ترەمپ پێشتر پەیوەندی دروستکردبوو لە نێوان پشتگیرییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو و ئاستی نرخی نەوت، کاتێک وتبووی: لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە ئەندامانی ئۆپێک دەکات، ئەوانیش سوود لەوە وەردەگرن و نرخی بەرز بۆ نەوت دەسەپێنن.

چاودێران بەپێی ئاژانسەکە پێیان وایە کە کشانەوەی بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی وەک ئیمارات لە ئۆپێک، توانای رێکخراوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە جیهانییەکان لاواز دەکات، ئەمەش لەگەڵ خواستی ئیدارەی ئەمریکا دەگونجێت بۆ دابەزاندنی نرخی وزە.

شایەنی باسە، ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام) بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە رایگەیاند کە دەوڵەتی ئیمارات بە رەسمی لە یەکی ئایاری ساڵی داهاتووەوە (٢٠٢٦) کۆتایی بە ئەندامێتی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەهێنێت.