نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە جووڵەی گواستنەوەی دەریایی لە رێگەی گەروی هورمزەوە لە مانگی شوباتەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی نیمچە تەواو وەستاوە.

ستێفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە سەکۆیەکی داتای نوێ کرد کە لەلایەن رێکخراوی (ئۆنکتاد)ەوە دەستپێکراوە بۆ چاودێریکردنی جووڵەی کەشتیوانی، نرخەکانی خۆراک، وزە و بازاڕە داراییەکان کە بەهۆی سنووردارکردنە بەردەوامەکان لە تەنگەکەدا کاریگەر بوون.

دوجاریک رایگەیاند کە داتاکان دەریدەخەن تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانەی پەیوەستن بە گەروی هورمزەوە، لە 28ی شوباتەوە بە رێژەی 95.3٪ دابەزیوە. هەروەها وتیشی: "نرخی کاڵا خۆراکییەکان بە رێژەی 6٪ بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا نرخی نەوتی خاو لە ئەورووپا لەو بەروارەوە تا ئێستا 53٪ زیادیکردووە.

شایەنی باسە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتدا، تاران وەک کاردانەوەیەک تەنگەی هورمزی بە کردەیی داخست، ئەم داخستنەش بووەتە هۆی شڵەژانی گەورە لە بازرگانیی جیهانیدا، بەرزبوونەوەی توندی نرخی وزە و گرتنەبەری رێکاری بەپەلە بۆ رێگریکردن لە کەمیی سووتەمەنی. لە ئێستادا پرسی کردنەوەی گەروەکە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە جێناکۆکەکانی ناو دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.