لەندەن باڵیۆزی تاران بانگێشت دەکات: لێدوانەکانتان هاندەرن بۆ توندوتیژی
سەوسەن سەید
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٦
حکومەتی بەریتانیا بە رەسمی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە لەندەن بانگێشت کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی توند بەرامبەر بەو زنجیرە پۆست و لێدوانانەی کە باڵیۆزخانەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە و بەریتانیا بە "هاندەر بۆ توندوتیژی" وەسفیان دەکات.
هامیش فالکۆنەر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رایگەیاند کە لێدوانەکانی باڵیۆزخانەی ئێران "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".
ناوبراو هۆشداریی دایە دیپلۆماتکارانی ئێرانی و جەختی کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو جۆرە گوتارانە بهێنن کە دەکرێت وەک هاندان بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لە ناوخۆی خاکی بەریتانیا یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکبدرێتەوە.
ئەم گرژییە نوێیەی نێوان لەندەن و تاران لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، و بەریتانیا هۆشداری دەدات کە رێگە نادات هیچ لایەنێکی بیانی لە رێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە.



